بابەت: وتار
ناونیشان: $پرۆفیسۆر #کەمال خۆشناو#، دڵسۆز و بوێر و خۆڕاگر$
نووسین: پ.د.#زاهیر لەتیف کەریم#
گەرچی پێشتر، وەک مامۆستا و دامەزرێنەری #زانکۆی سلێمانی#، 1968، تێکۆشەرێک، ناو و ناوبانگی کەمال خۆشناوم بیستبوو، بەڵام لەدوای ڕاپەڕینەوە کاتێک لە #هەولێر# و #زانکۆی سەڵاحەدین# مامۆستا بووم، بۆ یەکەم جار و لە نزیکەوە برادەرایەتی و ئاشنایەتیم لەگەڵ ئەم بەڕێزەدا درووست کرد. ماڵەکەی، کە لە گوندی زانکۆ بوو، ببوو بە جێگەی دایەڵۆگ و ئارگیومێنتە زانستی و فیکری و سیاسییەکان. وەک کەسێکی سرووشتی لە خزمەت میوانەکانیدا بوو، تەنانەت گەلێک جار خۆی بەکاری خزمەتکردن و خزمەتگوزاری هەڵدەسا. ڕۆژێک پێم وت: مامۆستا گیان تۆ، بەهەموو پێوەرێکی تەمەنی و زانستی و سیاسی و فیکرییەوە پێویستە دابنیشت و ئێمە خزمەتی خۆمان بکەین. لەوەڵامدا وتی: گەرچی من لەدایکبووی ئاغا و بەگەکان بووم، بەڵام ئەمڕۆ ئەو زەمەنی خۆبەزلزانین و گەورەزانین، بەسەر چووە و ژیانی پێشمەرگایەتی، وەک کێڵگەیەکی ڕاهێنانی، فێری زۆر شتی کرووم لەوانە ڕێزگرتن لە چینە هەژار و مامناوەند و نووسەر و شاعیر و ڕۆشنبیرانە. کاتێکیش وەک مامۆستا لە کۆلێژی پەروەردەی زانکۆی سەڵاحەدین، و دوای دابڕانێکی زۆری زانستی و ئەکادیمی، بۆ جارێکی تر دامەزرایەوە، ژوورە بچووکەکەی کە بۆی تەرخان کرابوو، ببوو بە ژووری کۆبوونەوەکان.
پۆلێک لە مامۆستایان ڕۆژانە یان هەفتەی دوو، تا سێ ڕۆژ لەو ژوورەدا یەکمان دەگرتەوە بە نموونەی بەندە و مامۆستایان حەمە نوری عارف، کاوس عەزیز، دارا جاف، ئەحمەد حەمە ئەمین، دڵشاد عەبدولڕەحمان و ڕۆستەم عیزەت و هتد. لەو سەردان و کۆبوونەوانەدا هەر زوو بۆم دەرکەوت کە مامۆستا خۆشناو خاوەن کەسێتییەکی تایبەتی خۆیەتی و گەر ئاستی بەرانبەرەکان لە ئاستێکی ڕۆشنبیری بەرزدا نەبوایە ئەوا بەئاسانی لە ستراتیژیەت و بۆچوونەکانی نەدەگەیشتن. خاک و نیشتمان و زانست نزیکترین هاوڕێی بوون بەڵکوو حەزەکانی لەم خاڵانەدا کۆکردبۆوە. هەمیشە لەخولیای ئەوەدا بوو کە چۆن بتوانێت سەرکەوتن بۆ حەزەکانی بەدەست بهێنێت. بەچاکیش دەیزانی ئەو حەزانە بەخودی تاکی خۆی بەدەست نایەت. هەر لەبەر ئەمەش بوو کە حەزی بە هاوڕێیەتی ئێمە بوو، بەڵکوو زۆریش نزیک دەبوەوە لە نموونەکانی وەک ئێمە. لە هەموو حاڵەتەکانیشدا دڵسۆزی بۆ حەزەکانی بەدەردەکەوتن وەک ئەوەی بەشێک بێت لەو حەزانە. جەنگی براکوژی زۆر کاری تێکرد و هیچ کات حەزی بەو جۆرە جەنگانە نەدەکرد، چونکە دەیوت وتاری کوردی بە جەنگی براکوژی بەرهەم نایەت و درووست نابێت. جەنگەکە زۆر شتی گۆڕی بەتایبەتی لەئاستێکی ئایدیاڵزمییەوە بۆ ئاستێکی ڕووخاوی تێکدەر. شیرازەی زانست و ئەکادیمیا بەرەو هەرەس دەڕۆشت وململانێی لایەنگرانی هەر دوو حیزبی دەسەڵاتی نێو جەنگەکە هۆکار و فاکتەری سەرەکی ئەم تێکشاندنە بوو.ئەمە مۆتیڤێکی و زەبەخش بوو بۆ مامۆستا خۆشناو تا بیربکاتەوە لە چارەسەرێکی گونجاو. لە ماڵەکەی خۆی و بە ئامادەبوونی چەند برادەرێکی ئەکادیمی بیر لەوە کرایەوە کەکۆمەڵەیەکی ئەکادیمیای کوردستانی دامەزرێنین. بیرۆکەکە دەگەڕایەوە بۆ مامۆستا خۆشناو، بەڵام داوای لە بەندە کرد کەسەردانی کاک کۆسرەت بکەم ، کە ئەو کات سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان بوو، تا ڕەزامەندی فەڕمی لەسەر بدات. لە سەردانەکەدا کاک کۆسرەت بەخۆشحاڵییەوە ڕەزامەندی لەسەر دامەزراندنی کۆمەڵەکە دا. سەرەتا مامۆستا خۆشناو و ئێمەش داوامان لە پڕۆفیسۆر #مارف خەزنەدار# کرد کە ئەرکی سەرۆکی کۆمەڵەکە بگرێتە ئەستۆ تا ئەو کاتەی هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت. بەڵام مامۆستا خەزنەدار قایل نەبوو، لە ئەنجامدا کارەکەمان ڕووبەڕوی مامۆستا خۆشناو خۆی کردەوە. ئەو ماوەیە تا دەگاتە نەهامەتییەکەی 31 ئاب کۆمەڵەکە بە هاوکاری و هەماهەنگی هەموو مامۆستایەک بە جیاوازی فیکر و ئایدیا ڕۆڵێکی بەرچاوی بینی لە ڕاگرتنی ئاستی کارگێڕیی و زانستی لە زانکۆکانی کوردستان بەگشتی و زانکۆی سەڵاحەدین بەتایبەتی. کۆمەڵەکە ڕۆڵی ناوەندگیری و ڕەوینەوەی گرژییەکانی بینی بەتایبەتی لەنێوان ئەندامانی مامۆستایانی هەر دوو حیزبی ناکۆک. ئاڕاستەی بۆچوونەکان بەیارمەتیی مامۆستا خۆشناو دەچووبەڕێوە. ڕۆژانە وەک ئەرکێکی نیشتمانی و زانستی سەرجەم ئەندامان بەتایبەتی ئەندامانی دامەزرێنەر لەجووڵەیەکی بێ وێنەدا بوون و بەبەردەوامی سەردانی سەرکردایەتی هەر دوو حیزبی ناکۆکی دەکرد. جووڵێنەری کارەکە، جارێکی تر، دەگەڕایەوە بۆ مامۆستا خۆشناو بەو پێیەی خاوەن ئەزموونێکی سیاسی دوورودرێژ بوو. لەهەمان کاتدا هاوڕێتی نزیکی لەگەڵ سەرکردەکاندا هەبوو. لەکۆبوونەوەکاندا تەواو ڕێزی لەئامادەبووان و ئەندامانی دامەزرێنەر دەگرت و بۆچوونی خۆی بەزۆرەملێی نەدەچەسپاند بەسەر ئەوانی تردا. لەگەڵ گەورەدا گەورە بوو، لەگەڵ بچووکیشدا بچووک بوو. هەمیشە هانی ئێمەی دەدا کە کۆڵ نەدەین بەرانبەر بە بۆچوون و بڕیارە نالۆژیکەکان. دوای نەهامەتییەکەی 31 ئاب مامۆستا خۆشناو هات بۆ زانکۆی سلێمانی کە ئەو کات بەندە ڕاگری کۆلێژی زمان بوو. مامۆستاش دوای ماوەیەکی کوورت ئەرکی ڕاگرایەتی کۆلێژی کشتوکاڵی گرتە ئەستۆ. ماوەی چەند ساڵێک پێکەوە وەک ڕاگر کارمان پێکەوە کرد. لەو ماوەیەدا نموونەی بوێری و دڵسۆزی بوو بۆ زانکۆ و زانست. ڕووبەڕوی چەندین بڕیاری کتوپڕی لادەرانەی دەسەڵات بوو. بۆچوونەکانی کاریگەریی لەسەر بەشێک لەڕاگرەکان درووست کرد بەوەی کەپێویستە شەڕ بکەن لەپێناو بەرزڕاگرتنی کەسێتی زانکۆ و زانست. بە بەردەوامی خۆی لەنێو گرژی و ململانێکاندا دەبینییەوە. کە بوو بە سەرۆکی زانکۆی سلێمانیش بە هەمان ڕۆح و خولیاوە کاری دەکرد. لە بەردەم دەسەڵاتدا کەسێکی بوێر و خۆڕاگر بوو. شتە نامۆکانی بە زانست و ئەکادیمیا پێ قبووڵ نەدەکرا. ڕۆژانە خۆی لەجەنگێکی سایکۆڵۆژی سەختدا دەبینییەوە. بە بەردەوامی چاودێری سرووشت و پڕۆسەی خوێندنی دەکرد. لە دایەڵۆگەکاندا ڕاشکاوانە و بێ ترس مامەڵەی لەگەڵ بەرانبەرەکاندا دەکرد. هەر لەو زەمەنەدا ڕۆژێک بانگی بەندەی کردوو وتی: $باشتر وایە کە زانکۆ ڕێکخراوێکی خۆبەخشی دامەزرێنێت کە سوود و قازانجەکەی بگەڕێتەوە بۆ زانکۆ$
ئەم جارەش داوای لەبەندە کرد کە بچێت بۆ لای کاک کۆسرەت بە مەبەستی ڕەزامەند وەرگرتنی ئەو ڕێکخراوە. بەندەش بەکارەکەی هەڵسا و بەسوپاسەوە کاک کۆسرەتیش بەدەنگ داواکارییەکەمانەوە هات و بڕیاری فەڕمی بۆ ڕێکخراوەکە دەرکرد. لەماوەیەکی کەمدا ڕێکخراوەکە کە بەنێوی (کارۆ)وە بوو چەند کارێکی ئەنجام داو لەئەنجامیشدا خزمەتێکی باشی زانکۆی کرد. مامۆستا خۆشناو کە وەک سەرۆک کاری دەکرد نموونەی دەست پاکی و دڵسۆزی بوو. هیچ شتێکی بەبێ ئەندامانی ڕێکخراوەکە ئەنجام نەدەدا، کە بەندە یەکێک بوو لەوانە.گەرچی لەدوا ساتەکانی ژیانیدا و بەهۆی گواستنەوەی چەند هەواڵێکی نادرووست لەلایەن کەسە خۆپەرستەکانەوە پەیوەندی نێوانمان بەرەو گرژی ڕۆیشت بەڵام لە نەخۆشییە کوشندەکەیدا، کە بەرەو ئەمریکا ڕۆیشت بە مەبەستی چارەسەر، چەند جارێک لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندیم پێوە دەکرد و لە هەواڵی تەندرووستیم دەپرسی. لەبەرانبەردا زۆر دۆستانە و لە جاران زیاتر خۆشەویستی خۆی بۆ من و خێزانەکەم دەردەبڕی. بەداخەوە، مەرگ ڕێگەی نەدا جارێکی تر پێکەوە کاربکەین بەڵام بۆچوون و یادەوەرییەکانی بۆ من گەورەترین ئەزموونە و هەمیشە لە هزر و هۆشمدا پارێزراوە. [1]