دیمانەیەک لەگەڵ مامۆستا ئەحمەدى قامیشی لەبارەی: ئیسلام و دیموکراسی خاڵی هاوبەش و جیاوازی نێوانیان
دیمانەساز: کرێکار قادر ڕووستایی
دیموکراسیەت ئیسلام قبووڵ ناکات و حەڵاڵ و حەڕام نییە لە سیستەمى دیموکراسیەت!
بەناوى خواى گەورە و میهرەبان..
$مامۆستا مەلا ئەحمەدى قامیشى کێیە؟$
مامۆستا ئەحمەدی قامیشی، وتاربێژی مزگەوتی گەورەی هەواری شار لە سلێمانی، ئەندامی ئەنجوومەنی زانستی لەوەزارەتی ئەوقاف، ئەندامی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان لقی سلێمانی.
ئاستی خوێندن، بەکالۆرێوس کۆلێژی شەریعەی بەغدا (1989) ، نووسەر لە بواری فکری ئیسلامی کە (16) پەڕتووکی چاپکراوه.
$دیموکراسیەت چییە و ئامانج و مەبەستى سەرەکى چییە لە کۆمەڵگەدا؟$
دیموکراسی بیردۆزە و ئەزموونێکی مرۆڤە لە بواری فەرمانڕەواییدا و لایەنی چاک و خراپیشی هەیە، کە بەمانای حوکمی گەل دێت.
بەداخەوە ئێستا وەک دروشمێک بەکار دەهێنرێت بۆ خزمەتی زلهێزەکان و دۆستەکانیان! کاتێ دیموکراسیان قبووڵە کەخۆیان سەرکەون! وەک لە جەزائیر و میسر.. بینرا.
$سیستەمى دیموکراسى ئیسلام قبووڵ ئەکات، ئایا ئیسلامیش دیموکراسیەتى قبووڵە وەک سیستەمێک کاربکات لە کۆمەڵگەدا؟$
دیموکراسی لەناو ئیسلامدا جێگەی دەبێتەوە بەڵام ئیسلام لەناو دیموکراسی جێگەی نابێتەوە، چونکە ئیسلام گەورەترە و تەواوە لای خوا دانراوە، وەک چۆن دۆلکەیەک لەناو پەرداخدا جێگای نابێتەوە، واقیعیش ئەم ڕۆژگارە سەلماندی کە دیموکراسی هەموو شتێکی قبووڵە، جگە لەو ئیسلامەی کە خوا دەیەوێ، نەک ئەو ئیسلامەی کەخۆت دەتەوێ.
$خاڵە هاوبەش و جیاوازیەکانى نێوان دیموکراسى و ئیسلام چین؟$
سەبارەت بە خاڵە هاوبەشەکان، دیارە بەهەر کەس بڵێی دیموکراسیم قبووڵ نییە دەڵێ کەواتە دیکتاتۆریت قبووڵە، نا بەڵکوو شەریعەتی خوام قبووڵە وەک سیستەم، چونکە هەموو ئەو شتە جوانانەی کە لەدیموکراسیدا هەیە لەئیسلامدا زیاتر و چاکتر تیایەتی، لەسەروەری یاسا و ماف و ئازادیەکان و جیاکردنەوەی دەسەلاتەکان، دیارە سەرچاوەی دەسەڵات لەئیسلامدا لای خوایە، بەڵام لەدیموکراسیدا لای مرۆڤە. بۆیە هەرشتێ لای مرۆڤەکانەوە بێت، بێ کەم و کوورتی نابێ، تەنیا ئەوەی لای خواوە بێت تەواوە.
$لایەنە خراپەکانى دیموکراسیەت چین کە دژى ئایینى پیرۆز ئیسلام بێت؟$
لایەنە خراپەکان لەدیموکراسیدا، حیساب بۆ ئەو دینە ناکرێت کە خودا ناردویەتی، خوا و پێغەمبەر و قیامەت لەبەرچاو ناگیرێ، ئیسلام سەرجەم خاڵە بەهێز و ئیجابیەکانی دیموکراسی گرتووەتە نێو خۆی، بەشێوەی چاکتر و تەواوتر دوور لە کەم و کوورتی.
بنەما سەرەکییەکانی سیستمی ئیسلام ئەمانەن:
1- حکومڕانی باڵا تەنیا هی خوایە.
2- سەروەری بۆ شەریعەتی خوایە.
3- دەسەڵات هی خەڵکه.
4- پرسکردن و ڕاوێژ بنەمای بەڕێوەبردنی کارەکانە.
5- گوێڕایەڵی تەنیا لە سنووری شەرعدایە.
6- هەموو لایەک بەرپرسیارن لەفەرمان بەچاکە و ڕێگری لەخراپه.
$زۆر سوپاس مامۆستای بە ڕێز و خۆشەویست، ماندوو نەبیت و خوا جەزاى خێرتان بداتەوە$
زۆر سوپاس بۆ تۆش من لە خزمەتتاندام.[1]