بەگوێرەی بابەتێکی گۆڤاری زانستیی نەیچەر، زاناکانی پەیمانگای پزیشکیی هاری پێرکنز لە ڕۆژاوای ئوسترالیا گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی، یپێکهاتەیەک لەناو هەنگویندا هەیە کە دەتوانێت لەماوەی 60 خولەکەدا خانەکانی شێرپەنجەی مەمک لەناوبەرێت.
زانا ئوسترالییەکان باسیان لەوەکردووە، هەنگوینی زیاتر لە300 هەنگ و شەهەنگیان لە دژی دوو جۆر شێرپەنجەی مەمک تاقیکردەوە کە ئەوانیش بریتین لە سیانەی نێگەتیڤ و وەرگری فاکتەری گەشەی سەر پێستی مرۆڤ2 (HER2) .
ئەوەش باس کراوە، لەئەنجامدا دەرکەوتووە کە پێکهاتەیەکی ناو هەنگوین کە پێیدەوترێت میلیتین لە ماوەی تەنیا کاتژمێرێکدا دەتوانێت خانەکانی شێرپەنجەی مەمک لەناوبەرێت، بێ ئەوەی هیچ زیانێکیش بۆ خانە ساغەکان هەبێت.
میلیتین پێکهاتەیەکی کارای هەنگوینە، پیپتایدێک کە 26 ترشی ئامینەی بە ئەرێنی بارکراوە لەخۆ دەگرێت.
توێژەران ئاماژەیان بەوەکردووە، ئەم پێکهاتەیە توانای ئەوەی هەیە خانە شێرپەنجەییەکان بکاتە ئامانج، دەشڵێن، کاتێک لەگەڵ دەرمانی چارەسەری کیمیاییدا بەکاردەهێنرێت، مێلیتین یارمەتیی درووستبوونی کونیلەکانی پەردەی خانە شێرپەنجەییەکان دەدات، کە ڕەنگە ڕێگەبدات چارەسەرەکان باشتر بچنە ناو خانە شێرپەنجەییەکانەوە.
لەوبارەیەوە ماریلێنا تاورۆ خانمە توێژەری بواری شێرپەنجەی مەمک لە سەنتەری شێرپەنجەی مۆفیت لە ئەمریکا وتویەتی: هەرچەندە ئەم دۆزینەوە سەرنجڕاکێشە، بەڵام پێویستە لێکۆڵینەوەی زیاتری لەبارەوە بکرێت پێش ئەوەی وەک چارەسەرێکی بەردەوام بەکاربهێنرێت. [1]