ناونیشانی بابەت: #ئیبن ئادەمی باڵەکایەتی#، زانا و دانا و شاعیر و گەردوونناسی کورد
ئامادەکردنی: #محەمەد هەسنانی#
دوای چەندین سەدە تا ئێستا پەڕتووک و دەستنووسەکانی زانایەکی کورد لە #دەڤەری باڵەکایەتی# پارێزراون، دەستنووسەکانیش لە بوارەکانی وەک: زمانەوانی، مێژوو، زانستی گفتوگۆ، زانستی وشە، ڕێزمان، ڕەوانبێژی بیرکاری، لۆجیک، ئەستێرەناسی، شیعر و چەندانی ترن.
مەلا #محەمەد کوڕی مەلا ئادەم# ناسراو بە (#ئیبن ئادەم#ی، یان ئیبنو ئادەمی باڵەک) ، یەکێک بووە لە زانا ناسراوەکانی کوردستان، لە ساڵی (1747 ز) لە گوندی ڕووستی سەربە شارۆچکەی چۆمان، لە ناوچەی باڵەکایەتی لە خێزانێکی خوێندەوار و مەلازادەدا لە دایک بووە. باوکی زانایەکی خاوەن خوێندنگە و پەڕتووکخانە بووە. سەرەتای خوێندنی ئیبنو ئادەم لای باوکی بووە، لە کۆتاییدا لای مامۆستا عەبدوڵڵای بایەزید، کە قوتابی زانای گەورە سیبغەتوڵڵای حەیدەری بووە، مۆڵەتی مەلایەتی وەرگرتووە.
لە دوای تەواوکردنی خوێندن، لەلایەن میر محەمەد، میری ڕواندز، ڕێزی لێگیراوە و مزگەوت و خوێندنگەی بۆ دابینکراوە، کراوەتە مامۆستا و موفتی میرنشینەکە، بەهۆی ناوبانگی زانستی و بلیمەتییەوە ژمارەیەکی زۆر قوتابی و فەقێ لە دەوری کۆبوونەتەوە و لەلای ئەو درێژەیان بە خوێندنداوە. دوترێت دوای ماوەیەک مانەوەی لە ڕواندز، بەهۆی ئەوەی لە ئاستی ستەم و نادادیدا بێدەنگ نەبووە، بۆیە لەگەڵ میری سۆران نێوانیان تێکچووە و ناچار بووە ڕواندز بەجێبهێڵێ و ڕووی کردووەتە گوندی وەڵزە لە باڵەکایەتیی و لەوێ بەردەوام بووە لەسەر وانە وتنەوە و نووسین.
ئیبنو ئادەم، بە دەیان پەڕتووک و نووسراوی هەبووە، دەربارەی زۆربەی زانستەکانی وەک زمانەوانی، مێژوو، زانستی گفتوگۆ، زانستی وشە، ڕێزمان، ڕەوانبێژی بیرکاری، لۆجیک، ئەستێرەناسی، شیعر و چەندانی تر. بەشێک لە پەڕتووکەکانی ئەو زانایە تا ئێستا لە پەڕتووکخانەی دکتۆر عەبدوڵڵا مەلا سەعید مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایانی کوردستان پارێزراون، کە یەکێکە لە نەوەکانی ئەم زانایە.
ئیبن ئادەمی باڵەک، ئەم زانا بەهرەمەندە لە دوای ساڵانێک لە خزمەتی خوێندن و نووسین و لێکۆڵینەوەی جۆراوجۆر، لە ساڵی 1822ز کۆچی دوایی کردووە، لە گۆڕستانێکی دەڤەری باڵەکایەتیی لە سنووری شارۆچکەی چۆمان بەخاکسپێردراوە.
وەک ڕێزگرتنێک لە مێژووی زانست و تێکۆشانی ئەدەبیی ئەو زانا بەناوبانگە کوردە، چەندین جار دیبەیت و سیمینار و کۆنگرە لەبارەی ژیان و بەرهەمەکانی کراوە، هەروەها لە ڕۆژانی (24-25/ 8/ 2019) کۆنگرەی زانستی ئیبنو ئادەمی باڵەکی لە زانکۆی سۆران بەڕێوەچوو، کە چەندین پسپۆڕ و زانایانی کورد و ئێراق و بیانی بەشداریان تێدا کرد و ڕۆڵی ئەو زانایە بەرزنرخێندرا لە خزمەتکردن بە زانست و نەتەوە، هەروەها ڕۆڵ و پێگەی بەرچاوی لە مێژووی کورد و دەڤەرەکە بەتایبەتی.
حسێن حوزنی مورکریانی لە یەکێک لە نووسینەکانی لەسەر کەسایەتی و لێهاتوویی ئیبنو ئادەم دەڵێت: ئیبنو ئادەم ئەو زانایەیە ئەگەر لەنێو هەر نەتەوە و گەلێکی تر هەڵبکەوێ شانازی زۆری پێوەدەکەن، هەروەها چەندین نووسەری بەناوبانگ ژیاننامەی ئەو کەسایەتییەیان نووسیوەتەوە، ساڵانێکیشە وەک ڕێزلێنانێک بۆ ئەم کەسایەتییە لە شاری سۆران قوتابخانەیەک بەناوی ئیبن ئادەم کراوەتەوە. [1]