$زمانی ئادەم، تێنەگەیشتن یان بوختان بە خودا!$
#شاسوار هەرشەمی#
وەک دەزانین، زانست بەوە لە ئایدیا و بۆچوونی دی جیا دەکرێتەوە دەبێت سەلماندنی لەگەڵ دابێت. ھەروەک لە زانست دا، زانایان ھەرگیز ناڵێن بە دوا بار و کۆتایی بیردۆزەکەیان گەیشتوون و، ئیدی ھەرچییەک لە دوای وان بگوترێت ناڕاست و نازانستیە. واتا زانست کاری لێکۆڵینەوە پیرۆز ناکات و دەرگاشی لەسەر داناخات. دەشێت ئەوەی زانایان زووتر پێیگەیشتوون، پشت ڕاست بکرێتەوە و بەڵگەی تازەی بخرێتە سەر، یان ھەر بە ھەمان ڕێبازی شیکردنەوەی زانستی، ناڕاستیی بسەلمێندرێت و توڕ ھەڵدرێتە ناو سەرانوێڵک.
جاران، لە خوێندنی مەلایەتیدا، وانەیەک دەگوترایەوە بە ناوی زانستی (المنطق، لۆژیک) . بە داخەوە، کۆلکە مەلای ئەمڕۆ، بە لای ئەو زانستە بە بنەڕەت گرێکیەدا ناچن. زانستی مەنتیق، مرۆڤ فیری ئەوە دەکات تا بە لۆژیکی پەسەندکراو لای بەرانبەرەکەت، لە گژ پرسی فەلسەفیی وەک، بوون و ژیان و مردن و تاد... ڕابچی. من بۆ وەڵامدانەوەی ئەوەی کە ئایا ئادەم ھەموو زمانێکی زانیوە و خودا فێری کردووە، یان ئەو یەک زمانی ھەبووە و زمانەکانی دی ھەموویان بەرەباب و وەچەی زمانی ئادەمن، پەنا بۆ لۆژیکی مەلایان دەبەم. ناچم بە بەڵگەی ئەو کەسانەوە لە پرسەکە بکۆڵمەوە، کە ئەوان لە بنەڕەتدا باوەڕیان بەو چیرۆکە ئایینیانە نییە. بەڵکوو ڕووی دەمم دەکەمە باوەڕداران، تا بە ئەسپایی بابەتەکە تاو وتوێ بکەین.
ئادەم کێ بووە؟ ئادەم: وشەیەکی عیبریە و واتا مرۆڤ. بە گوێرەی گێڕانەوەکانی تەورات و پەڕتووکە ئاسمانییە.انی دیش، ئادەم یەکەمین مرۆڤی سەر زەوی بووە، کە لە بەھەشتی ئێدن یان عەدەن، لە باکووری ڕووباری فرات ژیاوە. بە گوێرەی دەقی تەورات، ئادەم، وەک باوە، ناوی یەکەم مرۆڤ نەبووە، بەڵکوو ناوی ئەو یەکەم مرۆڤە دیارنییە.و ھەر پێیگوتراوە مرۆڤ، یان ئادەم، یان ئادەمیزاد. واتا وشەی ئادەم، ناوێکی گشتی بووە بە واتای مرۆڤ، نەوەک ناوی کەسێکی دیار و تایبەتی بووبێت. وشەکە دواتر، لە گەشەی باوەڕی یەھودی و لە ئایینەکانی دیش، گەشەی پێدراوە و بۆتە ناوی کەسی و ناوی پێغەمبەرێکیش. بیرۆکەی دەرکەوتنی یەکەم مرۆڤ، لە داستانەکانی ئافراندنی ژیانی میزۆپۆتامی، بە شێوەی جۆراوجۆر نووسراوەتەوە. بابەتی ئێمە نییە.کە چۆن دواتر کەوتۆتە ناو تەوراتەوە.
بیرۆکەی ئەوەی کە ھەموو مرۆڤایەتی بە یەک زمان دەدوان، زۆر پێش تەورات و دەرکەوتنی ئادەم، یان یەکەمین مرۆڤ، دیسان لە فەرھەنگی میزۆپۆتامیاوە سەرچاوەی ھەڵبەستووە. یەکێک لە چیرۆکە ھەرە ناسراوەکانی (یەک زمانی) مرۆڤ، بۆ چیرۆکی باخچە ھەڵواسراوەکانی بابل دەگەڕێتەوە، کە پاشای بابل، نابۆ کادناسێر، بۆ ژنە چیاییەکەی، ئامیتی خوشکی کەیخوسرەوی میدی درووست کردبوو. لە دەقەکانی تەوراتدا، ئەو باخچەو کۆشک و تەلارە بەرزەی بابل، بۆتە بورجی زۆر بەرزی بابل. گوایا چونکە ھەموو مرۆڤەکانی سەر ڕووی گۆی زەوی، بە یەک زمان دەدوان و تێکدەگەیشتن، مرۆڤایەتی بەم لێک تێکگەیشتنە زۆرزۆر پێشکەوتن. ھیچ نەما نەیکەن، تا ئەوەیان بە خەیاڵ داھات بورجێکی زۆر بەرز درووست بکەن و بگەنە ماڵی خودا لەو بەرزیەدا. ئەوان زۆری نەمابوو پڕۆژەکەیان سەربگرێت، بەڵام خودا بورجەکەی لێ ڕووخاندن. لەوەش خراپتر، تۆوی ھەزاران زمانی بەناو وەرکردن، تا جارێکی دی تێکنەگەن و نەتوانن بە یەکەوە ھەڕەشە لە عەرشی خودا بکەن.
ھەر لە دەقە درەنگترەکانی تەوراتدا، زمانی عیبریی، بە دایکی گشت زمانەکانی دی داندراوە، کە ڕاستەوخۆ لەلایەن خوداوەندەوە دابەزیوە. ھەروەک کۆنترین پەڕتووکیش ھەر بەو زمانەی خوداوەند نووسراوە.
قورئان، بە پێچەوانەی تەورات، نەچۆتە ناو وردەکاریەکانی ئەو چیرۆکانەی، کە وەک ئامۆژگاری بۆ مرۆڤ، لێیان دواوە. لانی کەم، لە سێ جێگای قورئاندا، ئاماژە بۆ زمان کراوە. ئەوەی زۆر زەق کراوەتەوە، بریتییە لە ئایەتی 31 ی سوورەتی (البقرة) کە تێیدا هاتووە:
وَعَلَّمَ آدَمَ الأَسْمَاء کُلَّهَا ثُمَّ عَرَضَهُمْ عَلَى الْمَلائِکَةِ فَقَالَ أَنبِئُونِي بِأَسْمَاء هَؤُلاء إِن کُنتُمْ صَادِقِينَ. واتا خودای گەورە ئادەمی فێری هەموو (ناوەکان) کرد، پاشان پیشانی فریشتەکانی دا و پێی گوتن ناوی ئەو شتانەم پێ بڵێن گەر ئێوە ڕاست دەکەن.
دیارە لێکدەرەوانی بەرایی قورئان، لەژێر کاریگەریی بۆچوونەکانی تەورات دابوون، کە لەوێ وا داندراوە ئادەم یەکەم مرۆڤ بووە و یەکەم زمانیش هی ئەو بووە کە لە خوداوە بۆی هاتووە. کاتێک کە لە قورئان بەڵگەیەکی باشتر لە و ئایەتە نەبووە، ئەوان (ناوەکان) یان بە زمانەکان لێکداوەتەوە. هەموومان دەزانین کە ناوی (شت) زمان نییە. ڕەنگە ناوی ئەو شتانەی دەوروبەر، بەشێکی کەم بن لە زمان، بەڵام ناکرێت بە زمان دابندرێت.
لە قورئاندا دەقی دی هەن، کە ڕێک پێچەوانەی (یەک زمانی) دەردەخەن. واتا بە ئاشکرا دیارە کە خودا (یەک زمان) ی بۆ ئادەم، یان چ کەسێکی دی دانەبەزاندووە. فەرموون سەیر بکەن، لە سوورەتی ئیبراهیم، ئایەتی چوارەمدا وا هاتووە:
وَمَا أَرْسَلْنَا مِن ڕَّسُولٍ إِلاَّ بِلِسَانِ قَوْمِهِ لِيُبَيِّنَ لَهُمْ.
واتا هیچ پێغەمبەرێکمان نەناردووە، بەبێ زمانی نەتەوەکەی خۆی، تا بۆیان ڕوون بکاتەوە. ئەمە بە ئاشکرا بۆمان دەردەخات کە هەر لەسەرەتاوە زمانی جۆراوجۆر هەبوون. هەر پێغەمبەرێکیش، بە ئادەمیشەوە، بە زمانی نەتەوەکەی خۆی، پەیامی خودای گەیاندووە.
هەروەک لە سوورەتی (الروم) ئایەتی 22 دا هاتووە:
وَمِنْ آيَاتِهِ خَلْقُ السَّمَاوَاتِ وَالأَرْضِ وَاخْتِلافُ أَلْسِنَتِکُمْ وَأَلْوَانِکُمْ إِنَّ فِي ذَلِکَ لَآيَاتٍ لِّلْعَالِمِينَ .
واتا، لە نیشانەکانی، ئافراندنی ئاسمانەکان و زەوی و هەروەک جیاوازیە لەنێوان زمان و ڕەنگ و ڕووتان. دەبینین لێرەشدا خودا، وەک بابەتێکی سەرمەد و ئەزەلی، ئاماژە بۆ جیاوازیەکانی زمان و ڕەنگ و ڕوو دەکات. واتا جەختی لە بوونی هەمیشەیی زمانی جۆراوجۆر و لێک نەچوو کردۆتەوە.
پوختەی مەبەست: لە قورئاندا، ئاماژەیەک نییە. کە ئادەم زمانێکی تایبەتی لە خوداوە بە دیاری بۆ هاتووە و هەموو زمانەکانی دی سەر گۆی زەویش، هەر لە و زمانەوە هاتوون. ئەمە تەنیا گوتەیەکی باوە، کە نەک هەر خۆی لە بەردەم ڕاستیەکاندا ناگرێت، بەڵکوو لەبەرانبەر گوتەکانی خوداشدا دەستەوستانە. واتا بە پێچەوانەوە، خودا جەختی لە بوونی زمانانی لێکجیاواز کردۆتەوە و ئەمەشی بە یەکێک لە نیشانەکانی بوونی خۆی داناوە. [1]