ناونیشانی بابەت: پەروەردە؛ زەنگیک لە یادی ڕاپەڕیندا
ناوی نووسەر: #ڕەئوف ئالانی#
ئەمڕۆژانە یادی ڕۆژە پڕشکۆکان و سەروەرییەکانی گەلەکەمانە، لەباشووری نیشتمان بیرەوەری خۆش بۆ هەستی پڕ جۆش و خرۆشی گەلەکەمان، کە بەگژ داگیرکاری و ستەمی زۆرداریدا وەستایەوە، ئەویش بە ڕاپەڕین و وەدەرنانی دوژمن، لەم پارچەیەی کوردستان کۆتایی هات.
لەیادی ڕاپەڕیندا، هەموومان ئاگامان لەهەستە پڕحەماسی و توڕەییەکانی خەڵکە، کە چۆن خەون و خواستەکانیان لەباربراوە و کەوتوونەتە دەریای بێ بنی بێ ئاگایی و خۆخوازیەتی چەند کەس و بنەماڵەیەک، کۆی پڕۆسەی ژیان لەدوای ڕاپەڕین ئەوەندە بەئاقاری خراپدا براوە، خەریکە مرۆڤ دەگاتە ئاستی شەرمکردن لەباسکردنی.
کۆی سێکتەر و بوارەجیاوازەکان تووشی شکست و پاشەکشە هاتوون لەئابووری و کۆمەڵایەتی و زانستی و ژینگەیی و پەروەردەیی.
لەمجارەدا باس لەمەترسییەکانی پەروەردە دەکەم، دوای سی و دوو ساڵ لەتێپەڕبوون بەسەر ڕاپەڕیندا، ئەکرێ وەڵامی ئەوپرسیارە، وەربگرین کە خەڵک لەسەر پەروەردە هەیانە، دەڵێن: بۆچی ئاستی ئەوکەسانەی لەپێش ڕاپەڕین قوتابی و خوێندکاربوون ئاستی زانستی و پەروەردەییان باشترە، لە نەوەی دوای ڕاپەڕین؟
هەموو مرۆڤێک لەخۆیەوە دەبێ لەوپرسیارە بنواڕێ، وڵامەکە لای ئەوان بەرجەستەترە، چونکە ڕوونە ئەوان چۆنن و ئەوانەی ئێستا بڕوانامەیان هەیە، ئاستیان چۆنە؟
وەڵامەکەی دیارە، کە ئەوکات ئاست باشتر بووە، ئەمە ئەوەناگەیەنێ من بەرگری لە ڕژێمی بەعسی داگیرکاربکەم، بڕوات و ئەولاترچێ، مەبەست لەوخەمەیە کە من و سەدانی وەک من هەمانە، لەمەڕخەمی نیشتمان بۆنەوەکانی داهاتوو، زمان و مێژوو کولتووری نەتەوەکەمان، جاران خوێندن ئەرک بوو تا لە ڕێگەیەوە زانین و فێربوون ببنە شوورای پاراستنی نیشتمان، دەکرا لەو ڕێگەیەوە خۆشگوزەرانی و ئاوەدانی و جوانییەکانی خاک و خەڵک ببینین.
ئەحمەد موختاربەگی جاف، زۆر بەجوانی و بەباشی، بەهەموو منداڵانی کوردی ئەوت:
بخوێنن چونکە خوێندن بۆ دیفاعی تیغی دوژمنتان
هەموو ئان و زەمانێ عەینی قەڵغان و سوپەرتانە
ئەوشیعرە لەسەردەمێکدا وتراوە، کە شاعیر، لەبڕوابوونی تەواوەتی خۆی بە خوێندن سەرچاوەی گرتووە، بۆ هەموو ڕۆڵەکانی گەلی کورد ئاڕاستەکراوە و هانی نەوەکانی گەلی کورد ئەدات، بۆ ڕزگاری و شادبوون بە سەربەخۆیی، تاکە ڕێگە هەرخوێندنە، چونکە دەبێتە قەڵغان و سوپەر، لەڕووی دوژمنان و ناحەزانی نەتەوەکەمان.
ئەگەرچاوێک بگێڕینەوە بۆ سەرەتاکانی ڕۆژانی ڕاپەڕین، جۆش و خرۆشی کوردایەتی و ڕوانین بۆ ئاسۆیەکی گەشتر، لەوەی کە ئەم گەلە لەژێر جەور و ستەمی بەعسی دوژمندا، بیتەدەر و هەناسەیەکی ئازادی هەڵمژێ، خەڵک وەها سەرگەرمی خۆشنودی ببوو، چاوی لە هەموو خراپیەکانی شۆڕش داخست و خۆی لەگەڵ دۆخەکە ڕاهێنا تا سێ دەیەی تێپەڕاند.
ڕاپەڕین و شۆڕش هەمیشە بۆگۆڕانکاری و باشترکردنی ژیانە، بەڵام شۆڕش و ڕاپەڕین پێویستی بە فکر و پلان و بەرنامەڕێژی زانستی هاوچەرخ هەیە، لەوبارەوە (ئیما گۆڵدمان) دەڵێت: (هیچ گۆڕانکارییەکی کۆمەڵایەتی ڕاستەقینە بەبێ شۆڕش ڕوو نادات، شۆڕش تەنیا بیرۆکەیەکە کە کراوە بە کردار) .
بۆیە دەکرێ لەم وتەیەوە، گومان بخرێتە سەر ڕاپەڕین کە ئایا بیرۆکەکەی بۆ ئەم ئەنجامەبوو کە ئێستا هەیە؟
هەمووخەڵک و دونیاش ئەزانن ئەم ئەزموونەی دوای ڕاپەڕین، چ ئاڕاستەیەکی خراپی وەرگرتووە، بەڵام ئەم دەسەڵاتە، مێش میوانی نییە و گوێ بەهیچ نادات.
سەبارەت بەپەروەردە، سەرەتاکانی بەخراپی دەستی پێکرد و لە ڕێگە ڕاستەکە لایدا، بەوەی نەتوانرا دامەزراوەکانی پەروەردە بپارێزرێت، ئەوانیش وەک شوێنەکانیتر بەرشاڵاوی پەلاماردان و سووتان و وێرانبوون کەوتن، دوای ئەوە، زۆربەی قوتابخانەکان کرانە باراگای حیزبەکان، ئەتوانم ئەوە بڵێم لەوکاتەوە، حیزب خۆی خزاندە ناوپەروەردەوە و تا ئەم چرکە ساتەی نووسینی ئەم وتارە، بۆتە گرفتێکی گەورەی پڕۆسەی پەروەردە، بەڵام لەئێستادا زۆر بە چڕی و خراپتر کاری تێدا دەکات.
لەو سەروبەندانەدا، حیزبەکان هاتن ناوی قوتابخانە و خوێندنگەکانیان بەناوی شەهیدەکان و سەرکردەکان ناونا، دڵنیام لەوەی شەهیدان شایستەی ئەوەن ناویان بەبەرزی و ڕێز ڕابگیرێت و ئەوان باشترینەکانی ڕۆڵە دڵسۆزەکانی ئەم گەلەن، ئەکرێ زۆر بایەخیان پێبدرێ، بەوەی مۆزەخانەی تایبەت بەئەوان بکرێتەوە و وینەو ژیاننامەیان بپارێزرێت و ژیانی شایستە بۆ کەسوکاریان دابینبکرێت، نەک ناوی قوتابخانە و خوێندنگەیان بەناوەوە بکرێت، پەروەردە پێویستە لەهەستی منداڵانەوە لێی بڕوانرێت، نموونەیەک باسدەکەم کە ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە، چ کاریگەریەکی دەروونی خراپ لای منداڵ جێدەهێڵێت،
لە یەکێک لەو قوتابخانانەی بەناوی شەهیدێکەوە ناونراوە، منداڵەکە لە باوکی دەپرسێت: باوکە شەهید چییە؟ باوکەکە دەڵێ: ئەوکەسەیە خۆی بەکوشت دەدا بۆ گەل و نیشتمانەکەی، منداڵەکە دەڵێ: کەواتە ئەوکەسە مردووە؟ باوکی دەڵێ بەڵێ وایە، باوکەکە، هەستی بە نامۆیی منداڵەکەی کردووە، هەرجارێک ناوی قوتابخانەکەی بهێنرایا، ترس و دڵەڕاوکێ منداڵەکەی داگیردەکرد.
لەمەوە بۆمان دەردەکەوێت، پەروەردە ناکرێت تێکەڵ بە هیچ کایەیەکیتر بکرێت.
پەروەردە بۆ ئامانجی گەورەی پەروەردەیی، هیچ ئامانجێکی بەدی نەهێناوە، زۆرجار باسی دەستی حیزبەکان دەکرێت لەناو پەروەردەدا، لەئێستادا وەک سەراتاکانی ڕاپەڕین پەروەردە زۆرخراپتر ئاڕاستە دەکرێت.
لە هەموو پەروەردەکان و قوتابخانە و خوێندنگەکانی کوردستان ژمارە وەربگرین، زۆربەی بەڕێوەبەرەکان سەر بەحیزبە دەسەڵاتدارەکانن.
ئەوە دەرخەری ئەوەیە پەروەردە، لەسەربنەما و بنچینەیەکی پتەو داڕێژراو دانەنراوە، لەماوەی ئەم سی و دوو ساڵەدا، پەروەردە لەدەستی حیزبەکاندا خراوەتە تونێلێکی تاریک، وەک توونی بابا و خەریکە ئومێد و هیواکان دەخنکێنرێن.
وتارەکەم بە وتەیەکی (عەلی عیزەت بیکۆڤیچ) کۆتایی پێدەهێنم، کەدەڵێت: (شۆڕش لەگەڵ فیکردا بناغەکانی گۆڕانکاری پێکدەهێنێت، بەڵام سامان بەبێ هزر، وێرانکارییەکی دڵنیایە) . [1]