ناونیشانی بابەت: کچە بەهرەمەندێکی سۆران زیاتر لە 50 وێنەی دەستیی کێشاوە
ئامادەکردنی: #محەمەد هەسنانی#
هونەری وێنەکێشانی کچە قوتابییەکی بەشی شێوەکاریی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی ڕواندز، لە چەندین تابلۆی کاری دەستی خۆی دەبینێتەوە و دەشڵێت: “پڕۆژەی زیاتری هونەرییم لەبەردەستە و کاریان لەسەردەکەم.“
مینا عەبدوڵڵا محەمەد، لەدایکبووی 2003، دانیشتووی شاری سۆران، قوتابیی قۆناغی پێنجەمی بەشی شێوەکاریی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی ڕواندز، بە (باسکورد) ی ڕاگەیاند: هەر لە تەمەنی منداڵییەوە حەز و خولیایەکی زۆرم بۆ هونەری وێنەکێشان هەبووە، کاتێ چووشم بۆ قوتابخانە، لەسەر کاری هونەری بەردەوام بووم و تا کۆتا قۆناغی پەیمانگەش لەسەری بەردەوامم و حەز و خولیای زۆرم بۆ ئەم هونەرە هەیە.
وتیشی: دەست خۆشی لە مامۆستاکانم و ئەندامانی خێزانەکەمان و گشت ئەو کەسانە دەکەم، کە هاوکارم بوونە بۆ ئەوەی لەم بوارەدا سەرکەوتوو بم و لەسەر کاری وێنەکێشانم بەردەوام بم.
مینا ئاشکراشی کرد: تا ئێستا توانیومە زیاتر لە 50 تابلۆ و وێنەی جۆراوجۆری دەستی بکێشم، کە ببنە جێگەی دەست خۆشی و سەرسامیی مامۆستایان و شێوەکاران، بەردەوامیش دەبم لەسەر کارە هونەرییەکانم و بۆ داهاتوو خولیا و ئاواتی زۆرم هەیە، ئەو تابلۆیانەش بەشێکیان لای خۆمن، ئەوانی دیکەش موڵکی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی ڕواندزن.
ئاماژەی بەوەش دا: “شانازییە بۆ من، کە وەک کچە پێشمەرگەیەک، کە باوکم خزمەتی وڵات و نیشتمان دەکات، منیش لە ڕێگەی هونەرەکەمەوە خزمەتی وڵاتەکەم بکەم و لەو ڕووەوە ڕۆڵی خۆمی تێداببینم.[1]