$شەڕی تیرۆر و هەڕەشەکانی تورکیا$
#عارف قوربانی#
هەرچەندە هەر یەک لە ئەمریکا و ڕووسیا کە هێز و بنکەی سەربازییان لە ڕۆژاوای کوردستان (باکووری سووریا) هەیە، هەروەها یەکێتیی ئەوروپا و تەنانەت چینیش، لە ئاستی جیاجیادا هۆشدارییان داوەتە تورکیا، کە نابێت هێرش بکاتە سەر ئەو ناوچانەی ڕۆژاوای کوردستان لە باکووری سووریا کە لەژێر کۆنترۆڵی (پەیەدە) دان، بەڵام تائێستا تورکیا هەر موکوڕیی خۆی دووبارە دەکاتەوە لە و پلانەی بۆ هێرشی زەوینی دایڕشتووە و پاشگەزنابێتەوە.
لە تازەترین لێدوانیشیدا ڕۆژی (03-12-2022) ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا لە شاری ڕووهای باکووری کوردستان جەختی لەوەکردەوه، کە بە قوڵایی 30 کیلۆمەتر دەچینە ئەودیوی سنوورەکانمانەوە. لەڕووی کرداریشەوە تورکیا لە (20-11-2022)ەوە هێرشی ئاسمانی لە ڕێگەی فڕۆکە و درۆن و مووشەکەوە بۆ سەر بەشێک لە و ناوچانە دەستپێکرد وە و زیانی زۆری بە ژێرخانی ئابووری و سەرچاوەکانی وزە و ئاو و کارەبای ناوچەکە گەیاندووە، سەرەڕای ئەوەی لە ئاستی نێودەوڵەتی نەیاری زۆری بۆ پەیدابووە، بەڵام تورکیا بێگوێدانە لێکەوتەکانی، بەشێکی زۆر لە سوپای وڵاتەکەشی بردووەتە ناوچە سنوورییەکان و ئامادەی دەستپێکردنی هێرشە.
هەندێک لە چاودێران بۆچوونیان وایە لەبەرئەوەی تورکیا لە 6 مانگی داهاتوودا دەچێتە ناو پڕۆسەیەکی هەڵبژاردنەوه، کە بۆ ئەردۆغان و پارتەکەی هەڵبژاردنێکی چارەنووسسازە، بە دۆڕاندنی هەڵبژاردن کۆتایی بە دەسەڵات و تەمەنی سیاسی ئەردۆغان دێت و بردنەوەشی شانسی ئەوەی پێدەدات تاوەکو کۆتایی تەمەنی لە دەسەڵات بمێنێتەوە، ئەم خواستی هێرش و پەلاماردانە بۆ سەر باشوور و ڕۆژاوای کوردستان دەبەستنەوە بە هەڵبژاردنەوە و پێیان وایە ئەردۆغان و پارتەکەی دەیانەوێ لەم ڕێگەیەوە هەست و سۆزی زۆرینەی تورکە ڕەگەزپەرستەکان بۆخۆیان ڕابکێشن.
دەشێ ئەمە دیوێکی ڕاستی تێدابێت، ڕابردوو ئەوەی سەلماندووە ئەردۆغان بۆ مانەوەی لە دەسەڵات پەنا بۆ مەحاڵیش دەبات، بەڵام ئەمە هەموو ڕاستییەکە نییە. چونکە ئەم پرسە بۆ پارتی داد و گەشەپێدان دوو لایەنەیە، بە شەڕی دژ بە کورد چەند جەماوەر دەنگ بۆ خۆی زیاد دەکات، لەبەرانبەردا لە و ڕێژەیە زیاتر دەنگ لە ناو کورد لە دەست دەدات. ئەوەشی وایکرد لەسەرەتای هاتنە سەر حوکمی ئاکپارتییەوە پێگەیەکی بەهێزی لەناو دەنگدەری باکووری کوردستاندا هەبێت، تەنیا دیوە ئایینییەکەی و بیروباوەڕ نەبوو، بەڵکوو پەیوەندی بە پڕۆسەی ئاشتی و کردنەوەی دەرگە بەڕووی کوردەوە هەبوو.
شەڕ و ناسەقامگیریی و دوژمنایەتیکردنی کورد، بۆ ئەردۆغان و پارتەکەی زیانی لەوە زیاترە کە بیەوێ بەهۆی شەڕەوە پێگەی لەناو تورکە نەتەوەپەرستەکان بەهێز بکات. بۆیە ناتوانرێت ئەم پڕۆسەیە تەنیا وابەستە بکرێت بە هەڵبژاردنەوە. ئامانج و ستراتیژی تورکیا لە چاوتێبڕینی بۆ سەر باشوور و ڕۆژاوای کوردستان چەندین دەیەیە لە خەیاڵدانی ئەو دەوڵەتە و کارەکتەرە سیاسییەکانیدا گینگڵ دەدات. خۆیشیان ئەمەیان نەشاردووەتەوە و لە ئاستی جیاجیا و لە قۆناخی جیاوازدا خستوویانەتەڕوو. هەر لە بنەڕەتیشدا بە تیرۆر نیشاندانی پرسی کورد و بزاوتە سیاسییەکانی لەوەوە سەرچاوەی گرتووە.
چەمک و دەستەواژەی شەڕی تیرۆر کە لەلایەن تورکیاوە بەسەر کورددا سەپێنراوە، لەژێر پرسیاردایە. ئەوەی سەبارەت شەڕی تیرۆر لە ڕۆژاوای کوردستان وێنای دەکات، نەک هەر کورد، هەموو دونیا دەزانن کورد تیرۆریست نین، هەموو دونیا گەواهی ئەوەن کە لە سنوورەکانی ڕۆژاوای کوردستانەوە مەترسی بۆ سەر ئارامی و سەقامگیری تورکیا درووست نەبووە. ئەمریکا و ڕووسیا و وڵاتانی ئەوروپاش باش دەزانن ئەو گرووپانەی ناو سووریا کە ڕەفتار و کرداریان هاوشێوەی داعشە و هەرێمی عەفرین، سەرێکانی، گرێسپی و تاوەکو جەرابلوسیان لەژێر دەستدایە کێ یارمەتیان دەدات. وڵاتانی جیهان هێشتا درووستبوون و سەرهەڵدانی داعش و شەڕی داعشیان بیر نەچووەتەوە. ئەو بەراوردە دەبینن کاتێک داعش دەیویست کۆبانی داگیربکات، فڕۆکەکانی تورکیا سنووری ئاسمانی سووریایان نەدەبەزاند بۆ لێدانی داعش، بەڵام ئێستا گوێ بە ناڕەزایی جیهان نادات و هێرشی ئاسمانی دەکاتە سەر ژن و منداڵی کورد لە کۆبانێ.
لە مێژوودا تاوەکو ئێستا هیچ گرووپ و ڕێکخراوێک بە ئەندازەی داعش کۆدەنگی جیهانی لەسەر درووستنەبووە لە ناساندنیان وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی مەترسیدار، دژ بە هیچ گرووپێکیش هێندەی داعش بەرەیەکی فراوانی نێودەوڵەتی درووست نەبووە، بەڵام تورکیا تاکە دەوڵەتی ناو ناتۆ و ناوچەکەیە کە شەڕی داعشی نەکرد، هەرچەندە خۆی دەڵێت شەڕی داعشی کردووە و 450 چەکداری داعشی کوشتووە. ئەگەر بڕیاربێت تورکیا خۆی لە بەرەی شەڕی تیرۆردا ببینێتەوە، وەڵامی چییە بۆ ئەو ڕاپۆرتە ڕۆژاواییانەی دەیانگوت تورکیا بووەتە هایوەی داعشییەکان کە لە وڵاتانی ڕۆژاواوە لەڕێی فڕۆکەخانەکانی تورکیاوە خۆیان دەگەیاندە ڕیزەکانی داعش و شەڕی مرۆڤایەتیان دەکرد.
تەکنەلۆجیای سەربازیی تورکیا بەتایبەت لە بەرهەمهێنانی (درۆن) ئاستێکی زۆر پێشکەوتووی هەیە. شەڕی ئازەربایجان و ئەرمینیا بەهۆی درۆنەکانی تورکیاوە بە قازانجی ئازەربایجان کۆتایی هات. لە شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکرایندا، هەموو ئەو کەشتییە جەنگی و پرد و ناوەندە سەربازیانەی ڕووسیا لەلایەن ئۆکراینەوە کراونەتە ئامانج، لە ڕێگەی درۆنەکانی تورکیاوەیە، بەڵام تورکیا لە درێژەی 4 ساڵی شەڕی بەردەوامی داعش بۆ یەک جاریش ئەم درۆنانەی نەناردە شەڕی داعش، نەک هەر ئەوە تەنانەت ئامادەنەبوو چەک بە و هێزانەش بدات کە شەڕی داعشیان دەکرد. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەموو ئەمە دەبینن. بۆیە باسکردنی شەڕی تیرۆر لەلایەن تورکیاوە کە کردوویەتی بە پەرچەمی دوژمنایەتیکردنی کورد.
هەموو دەوڵەتە دۆست و نەیارەکانی تورکیا ئەم ڕاستیانە دەزانن، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ بە داعش و دامەزراوەکانی وەک نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتی لە ئێمەی کورد باشتر ئاگاداری تورکیان. نیگەرانی و ناڕەزایی هەمووشیان بەرانبەر بە تورکیا لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، بەڵام دەبێت ئەو ڕاستییەش لەبەرچاو بگیرێت کە بەرژەوەندی و دۆستایەتی نێوان وڵاتان لەوە زیاتر چاوەڕوانی لێناکرێت کە هەڵوێست دژی تورکیا بگرنەبەر. پێویستە ئێمەی کورد خۆمان لە و ڕاستیانە بەباشی تێبگەین و پشت بەخۆمان ببەستین بۆ بەرگریکردن لە مانەوەمان. [1]