$بە هەڵەتێگەیشتن لە دۆستایەتیی وڵاتان$
#عارف قوربانی#
نەک هەر لە دید و تێڕوانینی هاووڵاتیی ئاسایی کوردستاندا، زۆرجار لە وتار و لێدوانی سیاسییەکانیشدا هەست بەوە دەکرێت، کە ئێمەی کورد بە هەڵە لە دۆستایەتیی وڵاتان تێگەیشتووین. وادەزانین ئەو وڵاتانەی دۆستی ئێمەن، ئیدی پێویستە بە دڵی ئێمە و بۆ بەرژەوەندیی ئێمە سیاسەت بکەن. چاومان لەوەیە هەموو هەڵوێست و هەنگاوێکیان لە بەرژەوەندیی ئێمە بێت. کاتێک هەڵوێستێکی پێچەوانەیان لێ ببینین، بە بێوەفا ناویان دەبەین، یان ئەگەر بەرژەوەندیی ئەوان لەگەڵ بەرژەوەندیی نەیارێکی ئێمە یەکیگرتەوە، دەڵێن کارێکی نائەخلاقییان کردووە، یان دەڵێین ئێمەیان فرۆشت.
لە کاتێکدا هەموومان دەزانین سیاسەت لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە، هەڵە تێگەیشتنەکەمان ئەوەیە، چاومان لەوەیە ئەو وڵاتانە بەرژەوەندیی ئێمە بخەنە سەرووی بەرژەوەندیی خۆیانەوە. کاتێک پێچەوانەی ئەمەیان کرد و دوای بەرژەوەندیی خۆیان کەوتن، بە کاری نائاکاریی دەزانین و دۆستایەتییان دەخەینە ژێر پرسیار و گومانەوە.
لە ڕابردووی دوور و نزیکماندا نموونەی ئەم وێناکردنە بۆ وڵاتان ئێجگار زۆرن و لە یادەوەریی باو و باپیرانمانەوە بۆ نەوەکانی ئێستا تۆمار کراون، فڵان وڵات کوردی فرۆشت، فیسار وڵات کوردی دا بە (شوو) ، پشتیان تێمان کرد، بێ وەفا بوون، بەجێمانیان هێشت.
تازەترین گلەیی و گازندە و نیگەرانیی کورد لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا ئەوەیە مامەڵەی دۆستانە لەگەڵ تورکیا دەکەن، لە کاتێکدا تورکیا دوژمنی کوردە. بێئەوەی ڕەچاوی ئەوە بکەین ئەمریکا و ئەوروپا بەدوای بەرژەوەندیی خۆیانەوەن، بە درێژایی زیاتر لە نیو سەدەیە لەگەڵ تورکیا لە هاوپەیمانێتیی ناتۆدا پێکەوەن، پێگەی تورکیا و جوگرافیاکەی لە هاوکێشە و ململانێکانی جیهان و ناوچەکەدا بایەخی بۆ ئەوروپا و ئەمریکا زۆر لەوە گرنگترە، کە ئێمەی کورد لێی دەڕوانین.
لەدوای هێرشی ڕووسیاوە بۆ سەر ئۆکراینا، ئەمریکا و ئەوروپا زۆرترین سەرنجیان لەسەر فراوانکردنەوەی ناتۆیە، سوید و فینلاند وەکوو دوو وڵاتی ئەوروپی کە پێشتر مەیلی چوونە ناو ناتۆیان نەبوو، لەترسی خەونەکانی پووتین بۆ فراوانکردنی هەژموونی ڕووسیا بەسەر دەوروبەرەکەیدا، داوایان پێشکێش بە ناتۆ کرد بۆ ئەندامێتی لە و هاوپەیمانێتییەدا، بەپێی ڕێساکانی هاوپەیمانێتییەکە پێویستە وڵاتانی ئەندام ڕەزامەندی لەسەر وەرگرتنی ئەندامی تازە بدەن. تورکیا لەلایەک بۆ ڕازیکردنی ڕووسیا و لەلایەکی دیکەشەوە وەکوو نیگەرانییەک لە هەڵوێستی ئەو دوو وڵاتە ئەوروپییە لە پشتیوانیی کورد بەتایبەتیش لە کوردی ڕۆژاوای کوردستان و داڵدەدانی نەیارەکانی تورکیا، هەڕەشەی ئەوەی کرد ڕێگە لە ئەندامبوونی ئەو دوو وڵاتە دەگرێت بچنە ناتۆوە، ئەگەر مەرجەکانی تورکیا جێبەجێ نەکەن. هەردوو وڵات وەکوو پاکانە بۆ تورکیا تاوەکو ئەندازەی پێچەوانەی بەها مرۆیی و یاسا و ڕێسا دیموکراسییەکانیان ئامادەی سازشکردن بوون بۆ تورکیا، تاوەکو تەگەرەی ئەندامبوونیان لە ناتۆ لەسەر هەڵبگرێت. لە بەرانبەر سازشەکانی سوید و سەرکردایەتیی ناتۆ بۆ تورکیا، بە ئەندازەیەک ڕەخنەمان لە سوید هەبوو، وەکوو ئەوەی خوا ئەو وڵاتەی بۆ خزمەتی ئێمە درووستکردبێت و ئێستا لێمان هەڵگەڕابنەوە.
یاخود ئەوەی ئێستا تورکیا هێرشی سەربازی دەکاتە سەر باشوور و ڕۆژاوای کوردستان و هەڕەشەی داگیرکردنیان دەکات، نیگەرانی بەرانبەر بە ئەمریکا دەردەبڕین و دەڵێین، نابێت ئەمریکا ڕێگە بەوە بدات تورکیا پەلامارمان بدات، لە کاتێکدا ئەمریکا لە هەموو ئاستەکاندا نیگەرانیی خۆی بۆ تورکیا دەربڕیوە. کەوتوینەتە گومانەوە چۆن تورکیا دەتوانێت گوێ بە قسەی ئەمریکا نەدات و موکوڕبێت لەسەر لەشکرکێشییەکانی، بەڵام ماوەی 20 ساڵە ئەمریکا داوا لە پارتی و یەکێتیی دەکات لە باشوور هێزی پێشمەرگە یەکبخەین و بە قسەی ناکەین. ماوەی 10 ساڵە ئەمریکا و ئەوروپا داوا لە (پەیەدە) دەکەن سێبەری (پەکەکە) لەسەر خۆتان لابەرن و پەیەدە بە قسەیان ناکات، بەڵام دەمانەوێت تورکیا بە قسەی ئەمریکا بکات.
بەتایبەتی لە سەرهەڵدانی داعشەوە بۆ ئێستا، ئەمریکا بە بەهای ملیاران دۆلار چەک و کەلوپەلی سەربازیی داوە بە کورد لە ڕۆژاوای کوردستان، هەروەها بە هەمان قەبارە و بگرە زیاتریش کۆمەکی بە هێزی پێشمەرگە کردووە لە باشوور، کە تورکیا هێرشمان دەکاتەسەر، چاوەڕوانیمان لە ئەمریکا تاوەکو ئەو ئاستەیە سەربازەکانی بنێرێت بۆ پێش سوپای تورکیا و ڕێگری لە لەشکرکێشییەکانی بکات؛ کە ئەمە ناکات، پێمانوایە ئەمریکا خیانەتی لێمان کردووە.
هەر بەڕاستی ئەمریکا چی بکات لەوە زیاتر، جگە لە و شەڕە ناوخۆییانەی هێزە چەکدارەکانی کورد کردوومانەتە سەر یەکدی، هەرکات مەترسی لەسەر هەرێمی کوردستان و ڕۆژاوای کوردستان درووست بووبێت، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بەهانای کوردەوە هاتوون، لە پەیدابوونی (ئەنسار ئیسلامەوە بۆ داعش) ئەگەر ئەمریکا بە مووشەک و فڕۆکە و چەک و تەقەمەنی پشتیوانی کورد نەبوایا، مومکین نەبوو کورد بتوانێت بە و ئەندازەیە ڕووبەڕووی ئەو مەترسییانە ببێتەوە.
لە هەلومەرجێکی وەکوو ئێستادا، کە جیهان و ناوچەکەی ئێمەش گیرۆدەی کۆمەڵێک هاوکێشە و ململانێ بوون، پێویستە ئەوە لەبەرچاو بگرین کە بەرژەوەندیی دەوڵەتەکان لەپێشترە لە دۆستایەتی یاخود بەرژەوەندییان لەگەڵ گەل و نەتەوە بێدەوڵەتەکاندا. بۆیە لەبری ئەوەی چاوەڕوانی هەڵوێستی وڵاتان بین، دەبێت خۆمان بخەینە بەردەم بەرپرسیارێتیی ئەوەی ئەی خۆمان چین؟ توانای خۆمان کامەیە بۆ بەرگریکردن و مانەوەمان؟ لەبەرانبەر شەڕی تورکیا دژ بە پەکەکە و لەشکرکێشیی تورکیا بۆ ناو قوڵایی باشوور، هەروەها ئامانجی تورکیا بۆ هەمان سیناریۆ بۆ ناو قوڵایی ڕۆژاوا، پێویستە پرسیار لە هەڵوێست و توانای پەکەکە بکەین، پێش ئەوەی ڕووی ڕەخنەمان بکەینە ئەوروپا و ئەمریکا، تورکیا کاتێک نائارامی و شەڕ دەخاتە ناو باشوور و ڕۆژاواوە، دەبێت بپرسین پەکەکە بۆچی هاوکێشەکە هەڵناگێڕێتەوە بۆئەوەی نائارامییەکە بگوێزێتەوە بۆ ناو قوڵایی تورکیا. ئایا توانای ڕێکخراوەیی و ڕێکخستن و جەماوەریی پەکەکە ئێستا هێندە لاواز بووە وەکوو لەناو تورکیا هەستی پێدەکرێت؟ ئەگەر ئەوە ڕاستیی سەنگ و قوورسایی پەکەکە بێت، دەبێت دان بەوەدا بنێین ڕۆڵی بەرەو کۆتایی دەچێت؛ بەڵام پێناچێت پەکەکە هێندە بێکاریگەر بووبێت و ئەوە ڕاست نییە کە ڕێکخستن و جەماوەری بە و ئەندازەیە کەم بووبێتەوە، ڕاستییەکە ئەوەیە لە بازنەی سەرکردایەتیکردنی پەکەکەوە بە درووستی ئاڕاستەی ئەو ڕێکخستن و جەماوەرە ناکرێت. ئەمە نەک بۆ ناوخۆی تورکیا، تەنانەت لەناو ڕەوەندی کوردی لە وڵاتانی ئەوروپاش هەستی پێدەکرێت. ڕۆژگارێک کە ژمارەی کورد لە و وڵاتانە نیوەی ئەوەی ئێستاش نەدەبوو، پەکەکە دەیتوانی بە سەتان هەزار کەس بخاتە سەر شەقامەکانی ئەوروپا و گوشار بخاتە سەر ئەو وڵاتانە بۆ هەڵوێست نواندن دژ بە تورکیا، بەڵام ئێستا لە بەرانبەر گواستنەوەی شەڕ دژی پەکەکە بۆ ناو قوڵایی دەیان کیلۆمەتر بۆ پشتی سنوورە نێودەوڵەتییەکان و تەنانەت لە بەکاربردنی چەکی یاساغی نێودەوڵەتی بەرانبەر بە گەریلا، هیچ کاردانەوەیەکی جەماوەرەکەی پەکەکە نابینین، کە ئەمە جێی پرسیارە.
کورد لە ڕابردوودا هیچکات بە ئەندازەی ئێستا لەڕووی توانای سەربازی و چەک و کەرەستەی جەنگییەوە بەهێز نەبووە، لەڕووی ژمارە و توانای مرۆییشەوە هیچ کات بە ئەندازەی ئێستا ڕەوەندی کوردی زۆر و بەرفراوان نەبووە لە ئەمریکا و ئەوروپا، کە ئەگەر ڕێکبخرێن توانای درووستکردنی کاریگەرییان لە ئاستێکدایە بڕیاری نێودەوڵەتی بگۆڕن. ڕێکخستنی ناو ماڵی کورد و درووستکردنی هەماهەنگی لەنێوان خۆمان بۆ بە درووستی بەکارهێنانی ئەو توانایانەی هەمانە دەمانپارێزێت، نەک چاوەڕوانکردنی قەدەر و هەڵوێستی وڵاتان. [1]