$هەرێمی کوردستان، پرسی کورد و سەرنجێک لەسەر خەباتی چەکداری$
د. #زوبێر ڕەسوڵ#
هەرێمی کوردستان ئەگەرچی لە پەیوەندیێکی تاڕادەیەک هاوسەنگ دایە لەگەڵ دراوسێکانی، بەتایبەتیش تورکیا و ئێران کە هەر یەکەیان بەرژەوەندیی سیاسی و ئابووریی زۆرییان لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەیە. بۆ نموونە نزیکەی 1400 کۆمپانیای تورکی و500 کۆمپانیای ئێرانی لە هەرێمی کوردستان بە فەرمی کاردەکەن. قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا ساڵانە نزیکەی 11 ملیار دۆلارە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پەیوەندیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هەر یەکە لەم دوو وڵاتەدا هێشتا سەقامگیر و جێگەی متمانە نییە. بەو مانایەی کە فاکتەری ئابووری (کە لیبراڵیستەکان وەک هۆکارێک بۆ ئاشتی و تەبایی لەنێوان دوو وڵاتدا دەیبینن) بە تەنیا بەس نییە بۆ پەیوەندیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا و ئێراندا. ئەمەش لە بنەڕەتدا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە پەیوەندیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هەر یەکە لە ئێران و تورکیا پەیوەندیێکە فاکتەرە ئەمنی و سیاسییەکان (هێزیی ڕەق) ئاڕاستەی دەکەن نەک فاکتەری ئابووری و کولتووری (هێزی نەرم) .
ئەم پەیوەندییە لە چەندین وێستگەی سیاسیدا تاقیکراوەتەوە بە تایبەت لە کاتی گشتپرسیی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2017، بەڵام هەر یەکە لە تورکیا و ئێران پرسە نەتەوەیی و سیاسی و ئاساییشەکانیان خستە پێش بەرژەوەندییە ئابوورییەکان، بە تایبەتیش لە ڕوانگەی پرسی کورد و لێکەوتەی لەسەر وڵاتانی خۆیان سەیری پرسی گشتپرسییان کرد. هەر یەکە لە تورکیا و ئێران (ئێراق و سووریاش) وای دەیبینن کە سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان کاریگەریی ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر پرسی کورد و جوڵاندنی کێشەی کورد لە تەواوی ناوچەکەدا. ئەم ترسەش لە بنەڕەتدا زیاتر پەیوەستە بەو بیرۆکەیەی کە کورد ئەگەر دەوڵەتێکی هەبێت دەتوانێت لە پێگەیەکی بەهێزتر نوێنەرایەتیی پرسی کورد بکات، ئەمە چ لەسەر ئاستی ناوچەیی بێت، یان لە ئاستی نێودەوڵەتی. ئەگەر هەرێمی کوردستان جیدیش نەبێت لەم بابەتە، بەڵام دەتوانێت وەک کارتێکی سیاسی پرسی کورد بەکاربهێنێت لە کاتی پێویستیدا. لە ڕاستیدا یەکێک لەو فاکتەرە هەرە بەهێزانەی وایکردووە کێشەی فەڵەستین پاڵپشتیێکی بەهێزی هەبێت ئەوەیە کە چەندین دەوڵەتی عەرەبی و ئیسلامی لە پشتە، خۆ ئەگەر نوخبە سیاسییەکانی عەرەبیش لە پشت کێشەی فەڵەستین نەبن، بەڵام لەسەر ئاستی جەماوەری لە گشت وڵاتانی عەرەبیدا پرسی فەڵەستین پاڵپشتیی زۆری هەیە.
لەم سۆنگەیەوە یەکێک لەو فاکتەرانەی کە وایکردووە پرسی کورد پرسێکی لاواز بێت و تەنیا لە کاتی پرسە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکاندا وەک کارتێکی سیاسی یان گوشار بەکاربێت، نەبوونی دەوڵەتێکی کوردییە لە ناوچەکەدا. هەرچەندە ئەگەری ئەوە هەیە کە ئەوکات هەرێمی کوردستان پاڵپشتی لە کێشەی کورد نەکات لەو وڵاتانەدا؛ بەڵام ئەوە ڕایەکی لاوازە، چونکە ئێستا هەرێمی کوردستان پێگەی سیاسیی خۆی لاوازە و هەمیشە لە مەترسیدایە، واتا خودی هەرێمی کوردستان جێپێی خۆی لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا قایم نەکردووە تا بێت بەرگری لە پرسی کورد بکات لە وڵاتێکی دیکە.
دووەم، ئەگەر نوخبەی حوکمڕانیش نەتوانێت بەرگری لە پرسی کورد بکات، بەڵام لەبەر گوشاری شەقام و بەرژەوەندیی سیاسی لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکان، ناتوانن پشت لە پرسی کورد بکەن. ئەوەی وایکرد ئێستا ئەم گفتوگۆیە بکەینەوە ئەوەیە کە ئێستا لە سەروبەندی تۆپباران و لەشکرکێشییەکانی تورکیا و ئێران و بەهانەگرتنیان بە هەرێمی کوردستان ئەم ئەرگیومێنت و دیمەنە زیاتر ڕووندەبێتەوە. هەر یەکە لە تورکیا و ئێران ئێستا وەک مەیدانی ململانێ و شەڕ لەگەڵ نەیارەکانیان سەیری هەرێمی کوردستان دەکەن، بە تایبەت لە گواستنەوەی کێشەکانی تایبەت بە پرسی کورد لە ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستان بۆ هەرێمی کوردستان. هەڵبەتە ئەمە لە کاتێکدایە کە هەرێمی کوردستان تائێستا پەیڕەوی لەو سیاسەتە نەکردووە کە پشتگیری لە پرسی کورد بکات لە ئێران و تورکیا. هەرچەندە درەنگ یان زوو پرسی کورد دواجار هەر دەبێتە کارتێکی بەهێزی سیاسی لە دەست هەرێمی کوردستان، تا ئەو دوو وڵاتە بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکەن، کە پرسی کورد وەک کارتێکی سیاسی ڕژێمەکانیان بۆ مانەوە لەسەر دەسەڵات و سەرنجلادانی خەڵکی لە شکستەکانیان وێنا بکەن.
لە ڕاستیدا هەرێمی کوردستان کارتی سیاسی کەمی، بەدەستە بۆ گوشارکردن لە تورکیا و ئێران، یەکێکیان ئێراقە کە بەداخەوە ئێستا ئێراق ناتوانێت پارێزگاری لە خۆشی بکات، بەڵام لەبەرئەوەی ئێراق دەوڵەتە باشتر دەتوانێت مافە نێودەوڵەتییەکانی بەکاربهێنێت بە بەراورد قەوارەیەکی نا دەوڵەتی وەک هەرێمی کوردستان. کارتەکەی دیکەش پرسی کوردە کە تائێستاش هەرێمی کوردستان نەیتوانیوە بەکاری بهێنێت، بەڵام وەختێک هەر دێت بتوانێت. ترسی سەرەکیی ڕژێمەکانی ئێستای ئێران و تورکیا لە هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان ببێتە بزوێنەر و ئیلهامبەخشی پرسی کورد لە ناوچەکەدا. ئەم کاریگەرییە لە ڕاستیدا درووست بووە. بۆ نموونە، لە کاتی هێرشی داعش بۆ سەر کۆبانێ و عەفرین، لە کاتی هێرشی حەشدی شەعبی و هێزەکانی ئێراق بۆ سەر هەرێمی کوردستان. ئەم هەماهەنگییە ئەگەرچی لەسەر ئاستی نوخبەی سیاسی لاوازە، بەڵام لەسەر ئاستی جەماوەر بەهێزە. بۆیە درووستبوونی هەر هێزێکی کوردی، ئینجا دەوڵەت بێت یان دەوڵەت نەبێت وەک پاڵپشتییەک بۆ پرسی کورد لە ناوچەکەدا وایە، بەڵام دەبێت ئەوەش بزانین کە قەوارەیەکی وەک هەرێمی کوردستان ناکرێت وەک سەرزەمینی شۆڕش و شەڕی چەکداری دژی دراوسێکانی هەرێمی کوردستان سەیری بکەین، چونکە هەرێمی کوردستان ئیلتیزاماتی سیاسی و یاسایی هەیە بەرانبەر هاووڵاتییانی خۆیی و بەرانبەر دراوسێکانیشی کە وا دەکات نەتوانێت بە ئاشکرا پاڵپشتی لەو جووڵانەوە کۆمەڵایەتی و سیاسییانە بکات کە لە بەشەکانی دیکەی کوردستان ڕوو دەدەن. خاڵێکی دیکە ئەوەیە کە بزاڤە چەکدارییەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستان خەریکە دەبنە مەترسی و بارگرانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان، چونکە هەر یەکە لە تورکیا و ئێران سوودی زۆریان لێ دەبینن بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ (استهلاک داخلي) و لەشکرکێشی بۆ سەر هەرێمی کوردستان. بە تایبەت لە ئێستادا بزاڤە چەکدارییەکان چی دیکە فاکتەری پاراستنی پرسی کورد نین بەقەد ئەوەی بوونەتە پاساوێک بۆ مانەوەی ڕژێمە دیکتاتۆرەکانی وەک ڕژێمی کۆماری ئیسلامی و ئاکپارتیی ئەردۆغان، کە سوودێکی زۆریان بینیوە لەو هێزە چەکدارییە کوردییانە. هەر یەکە لە جووڵانەوەی مەدەنییەکانی ئێستای ئێران و هەدەپە لە تورکیا کاریگەرییان زۆر زیاترە لە بەرەوپێشچوونی پرسی کورد لەو وڵاتانەدا لەو هێزە چەکدارانەی کە لە شاخەکاندا شەڕی دەوڵەتی تورکیا و ئێران دەکەن. ئەمە جگە لەوەی بزووتنەوە چەکدارییەکانی دژی دەوڵەت لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا بە ئاسانی دەخرێنە لیستی تیرۆر و هەمیشە دەبنە پاساوێکیش بە دەستی ئەو ڕژێمە دەوڵەتییانە بۆ داپڵۆسینی جووڵانەوە مەدەنییەکان.
بەداخەوە ئێستاش بوونەتە پاساوێک بۆ هێرش و لەشکرکێشییەکانی تورکیا و ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان. لەم سۆنگەیەوە، بە تایبەت دوای ئەو گۆڕانە خێرایەی لە هێرشە ئاسمانییەکاندا ڕوویداوە کە مەبەستم بەکارهێنانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانە (درۆنەکان) لەلایەن هەر یەکە لە تورکیا و ئێران، بزووتنەوە چەکدارییەکان زیانی زۆریان بەردەکەوێت و بەرەو لاوازی دەچن، بۆیە سەرکردایەتی کورد بە تایبەت لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبێت تازووە پێداچوونەوە بە جووڵانەوە و خەباتی چەکداریدا بکەن. [1]