$هەڕەشەی سوپای پاسداران بۆ سەر هەرێمی کوردستان و هەڵگێڕانەوەی هاوکێشەکە$
#عارف قوربانی#
ڕاپۆرتێکی (ئاژانسی هەواڵی ئەسۆشیەیتد پرێس) پەیوەست بە هەرێمی کوردستان بڵاوکرایەوە، بەپێی لێدوان و زانیاریی ئەوانەی لە ناوەندەکانی حوکمڕانیی بەغداوە قسەیان بۆ ئاژانسە ئەمریکییەکە کردووه، ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران، بە سەردانێکی ڕانەگەیێندراو هاتووەتە بەغدا و پەیام و هەڕەشەی ئێرانی گەیاندووەتە بەرپرسانی ئێراق بۆ ئەنجامدانی هێرشی وشکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان.
وەکو ڕاپۆرتە میدیاییەکە ئاماژەی پێداوە، قائانی دوو مەرجی بۆ بەرپرسانی بەغدا دیاریکردووە، کە دەکرێت بەهۆی جێبەجێکردنی ئەو دوو مەرجەوە هێرشەکەیان ئەنجام نەدەن، مەرجەکانیش ئەوەیە: یەکەم دەبێت پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان چەک بکرێن و دووەمیش پێویستە سوپای ئێراق لە سنوورەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران جێگیر بکرێن.
هەرچەندە چەند ساڵێکە لە ئاستی جیاجیای فەرماندەکانی سوپای پاسداران، گوێبیستی هەڕەشەی جۆراوجۆر دەبین بۆ سەر هەرێمی کوردستان، بە کرداریش لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا لە ڕێگەی مووشەکی زیرەکی دوورهاوێژ و درۆنەوە چەند جارێک هێرشیان ئەنجامداوە. بەڵام ئەمە یەکەمجارە لە و ئاستە باڵایەدا و لە ڕێگەی ناردنی پەیامەوە بۆ بەغدا، هەڕەشەی هێرشی وشکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەکەن.
لە ڕاستیدا ئەمە ئاماژەی دۆخێکی مەترسیدارە بۆ کوردستان، تەنیا پەیوەست نییە بەوەی کە ئێران ئەو خەسڵەتەی هەیە هەرکات تووشی کێشە و قەیرانی ناوخۆیی هات، بە درووستکردنی کێشە و قەیران لەدەرەوەی سنوورەکانی، دەیەوێت کێشەکانی فڕێبداتە دەرەوە. هەروەها ئەوەش ڕاست نییە کە ئێران پارتە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات (حیزبی دیموکرات و کۆمەڵە) بە هاندانی خۆپێشاندەران و ناردنی چەک بۆ ناو ڕۆژهەڵات تۆمەتبار دەکات و ئێمە پێمان وابێت هەڕەشەکانی ئێران لەوەوە سەرچاوەی گرتووە. ئەمەی ئێستا ئێران دەیکات و تورکیا چەند ساڵێکە دەستیپێکردووە، پلانێکی هاوبەشی هەرێمایەتییە دژ بە ئەزموونی باشووری کوردستان و نایانەوێت لە هیچ بەشێکی کوردستان کورد لەسەر پێی خۆی ڕابوەستێت.
ئەگەر بابەتەکە پەیوەست بە قەوارەی کوردییەوە نەبێت لە باشوور، بۆچی بە و جۆرە پەلاماری هەرێمی کوردستان دەدەن، لە کاتێکدا بە درێژایی 30 ساڵی تەمەنی ئەم هەرێمە، نەک نەبووەتە سەرچاوەی هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر ئاساییش و سەقامگیری لە وڵاتانی تورکیا و ئێران، بەڵکوو هەرێمی کوردستان هۆکاری سەرەکی بووە بۆ ڕاگرتنی خەباتی چەکداری لە هەریەک لە و پارچانەی کوردستان دژ بە حکومەتەکانی ئەو دوو وڵاتە.
لەدوای ڕاپەڕینی ساڵی 1991، بەهۆی ئەو هەلومەرجەی بۆ کورد درووستبوو لە دەستەبەری پشتیوانیی نێودەوڵەتی بۆ پارێزگاری لە جوگرافیایەکی دیاریکراو بۆ کوردەکان، سەرکردەکانی بەرەی کوردستانی داوایان لە پارتە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات و پەکەکە کرد بۆ موراعاتی ئەو هەلومەرجەی لە باشوور درووستبووە، دەستبەرداری خەباتی چەکداری بن دژ بە داگیرکەری ئەو دوو بەشەی کوردستان، بۆئەوەی تورکیا و ئێران، ئەو واقیعەی باشووری کوردستان قبووڵ بکەن.
پەکەکە ڕاستەوخۆ ئەو داوایەی ڕەتکردەوە، بەڵام دوای زیاتر لە دوو دەیە بە هۆکارێکی دیکە و هەر بە ناوبژیوانی و ڕۆڵی هەرێمی کوردستان، شەڕی چەکداریی لەناو تورکیا ڕاگرت و پاشەکشێی بە گەریلاکانی کرد لە باکووری کوردستانەوە بۆ باشوور و دواتر بۆ ڕۆژاوای کوردستان. ئێستاش ئەوە پەکەکە نییە شەڕی بردبێتەوە ناو سنوورەکانی تورکیا، بەڵکوو تورکیایە شەڕی هێناوەتە ناو قوڵایی باشوور و ڕۆژاوای کوردستان و چاوی لە داگیرکردنی ئەم دوو بەشەی کوردستانە.
حیزبی دیموکرات و کۆمەڵە وەکوو دوو هێزی سەرەکیی چەکداریی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەدەنگ سەرکردەکانی باشوورەوە هاتن و لەوکاتەوە چالاکیی پێشمەرگانەیان ڕاگرتووە، کە ئەگەر ئەوانیش هاوشێوەی پەکەکە داوای بەرەی کوردستانییان ڕەتبکردایەتەوە و ماوەی زیاتر لەم 30 ساڵە خەباتی چەکداریی لە ڕۆژهەڵات دژ بە ئێران بەردەوام بوایا، دوور نەبوو بەهۆی کێشەی ئێران لەگەڵ دونیا و دەوروبەر، دەرفەتی زۆر بۆ پارتە کوردییەکان درووستبووایە بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانیی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی، بە دڵنیاییەوە زیانی گەورەیان بە ئێران دەگەیاند. خۆ ئەگەر چاویان لە پشتیوانیی دەرەکییش نەبوایا و وەکوو پێشتر لە چالاکیی پارتیزانی بەردەوام بووبان و بە هەموو پێشمەرگەکانی دیموکرات و کۆمەڵە و لە سەرتاسەری ئەو وڵاتە ئەگەر ڕۆژی یەک پاسدار یان بەسیجیان بکوشتبایە، لەم 31 ساڵەدا زیاتر لە 10 هەزار پاسداریان کوشتبوو؛ بەڵام ئێران هیچ ڕێزێکی لەمە نەگرت، لەم 31 ساڵەدا بە سەتان کادیر و دۆست و ئەندامی ئەو دوو حیزبەی ڕۆژهەڵاتی لەناو باشووری کوردستان تیرۆر کردووە. ئێستاش ئەوانی کردووە بە پاساو بۆ پاداشتدانەوەی ئەوەی هەرێمی کوردستان بۆی کرد، دەیەوێت هەرێمی کوردستانیش لەناوببات.
ئەم پیلانگێڕی و ڕووداوانە پێویستە کورد بەئاگا بهێنێتەوە، باوەڕ بە و ڕاستییە بهێنێت، کە هیچکام لە دوژمن و داگیرکەرانی کوردستان جیاوازییان نییە و لە ستراتیژ و بیرکردنەوەیاندا یەک تێڕوانینیان هەیە بەرانبەر بە کورد وەکوو نەتەوە، لە هەر بستە خاکێکیشدا کورد هەنگاوێک بۆ پێشەوە بنێت، دەیان پیلانی لێدەگێڕن چۆن ڕایبگرن و بیگێڕنە دواوە. بۆیە دەبێت کوردیش بە هەمان ئەو تێڕوانینەوە لەوان بڕوانێت و لە کوێدا دەرفەتی بۆ درووستبوو، بیقۆزێتەوە.
سەرەتای ڕووداوەکانی ناوخۆی ئێران بۆ پارتە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وا پێویست بوو کە هەندێک خۆیان دوور بگرن، ئەویش لەبەر ئەوەی سەرەتای کاردانەوەکانی کوشتنی کچە کورد (ژینا ئەمینی) هاوسۆزییەکی زۆر لەناو گەل و نەتەوە جیاوازەکانی ئێران بۆ پشتیوانی لە کورد درووستبوو، لە و دۆخە سەرەتاییەدا گرنگ بوو کێشەکە نەبێتە کێشەی کورد و حکومەتی ئێران، تاوەکو ئەو یەکڕیزییەی گەلە چەوساوەکان بەردەوام بێت و ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکان زیاتر پەرە بسێنن و سەرتاسەری وڵات بگرێتەوە.
ئێستا ڕووداوەکانی ناوخۆی ئێران گەیشتووەتە قۆناخێکی دیکە، لە هەندێک لە شار و ناوچەکان شەڕی چەکداری سەریهەڵداوە و سوپای پاسداران و بەسیج ڕەشەکوژی دەکەن. ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ژمارەی کوشتنی ژن و منداڵ لەسەر شەقامەکان زیاتر دەبن، پێویستە لەم قۆناخەیاندا شێوازی پشتیوانیکردن لە خۆپێشاندانەکان بگۆڕدرێن. لێرەوە ئەرک و بەرپرسیارێتیی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات، بەتایبەتی دیموکرات و کۆمەڵە، دەبێت شێوازی خەباتیان بگۆڕن، چونکە سەرەڕای ئەوەی گرووپ و مەفرەزەی چەکداریی پژاک و کۆدار لەناو ڕۆژهەڵات هەن، بەڵام خەڵکی ڕاپەڕیوی شارەکانی ڕۆژهەڵات چاویان لە پشتیوانیی پێشمەرگەی دیموکرات و کۆمەڵەیە. ئەم دوو هێزە دەبێت هەڵوەستە لەوە بکەن، کە لە کاتێکدا لە کەمپەکانی دوور لە سەتان کیلۆمەتر دوور لە سنوورەکانی ئێران لەژێر هەڕەشەی درۆن و مووشەکی زیرەکدا دانیشتوون و ئێران لەوێش لێیان ناگەڕێت و سوپای پاسداران دەیەوێت هێرش بکاتە سەریان، کاتی ئەوە هاتووە ئەو هەلومەرجەی ناوخۆی ئێران بقۆزرێتەوە بۆ هەڵگێڕانەوەی هاوکێشەکان. [1]