$لەدایکبوونی ڕێکخراوێکی نوێی ئەوروپی و دەرفەتێک بۆ وڵاتانی دیکە$
د. #دلاوەر خالید ئاژگەیی#
هەر لە دوای قەیرانی دیپلۆماسی لەنێوان یەکێتیی ئەوروپا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە کاتی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپ، پرسی پتەوکردنی هەماهەنگی لە بوارەکانی سیاسی و ئاساییش لەنێوان وڵاتانی ئەوروپی زیاتر لە جاران سەری هەڵدا. شەڕی ڕووسیا و ئۆکراینا گرنگی ئەو پرسەی گەیاندە ئاستێکی باڵاتر و درووستکردنی سیاسەتێکی هاوبەش لە سەرجەم بوارەکانی سیاسی، ئاساییش و ئابووری گەیشتە لووتکە و ڕۆژەڤی بەرپرسانی باڵای ئەوروپا.
لە 9ی ئایاری 2022، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا وتارێکی لە پەڕڵەمانی ئەوروپا پێشکێشکرد و پێشنیازی دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی سیاسیی ئەوروپی نوێی خستەڕوو. ماکرۆن ئەم دامەزراوە نوێیە ئەوروپییەی وەکوو هەنگاوێک پێناسە کرد بە مەبەستی دابینکردنی دەرفەتێکی نوێ بۆ گەلانی ئەوروپا کە بەها سەرەکییە هاوبەشەکان کۆیان دەکاتەوە بۆ درووستکردنی هاوکاری و هەماهەنگی لەنێوان خۆیان. بەگوتەی ماکرۆن، بوارەکانی هاوکاری بریتی دەبن لە هەماهەنگی سیاسی، هاوکاریی ئەمنی و ئاساییش، وزە و جووڵەی ئازادی خەڵک. ئەم هەوڵەی ماکرۆن وەکوو دەرفەتێک سەیر دەکرێت بۆ وڵاتانی وەکوو ئۆکراینا و بالکان کە بەنیازن بچنە نێو یەکێتیی ئەوروپا، بەڵام لەبەر ڕێکارە ئاستەمەکانی وەرگرتنیان، میکانیزم و کاتی زۆریان پێویست دەبێت.
ئەوەی جێگەی سەرنجە، پێشنیازەکەی سەرۆک ماکرۆن وڵاتانی نا ئەوروپیش لەخۆدەگرێت کە لەڕووی بەهاکان لەگەڵ ئەوروپا هاوبەشن، بەڵام ئەم هەوڵەی ماکرۆن نیگەرانی لای هەندێک لەو وڵاتانە درووستکردووە کە هەوڵیان دەدا بچنە ناو یەکێتیی ئەوروپا و پێیانوایە کە ئەو کۆمەڵگە سیاسییە پێشنیازکراوەی ئەوروپا ڕێگەیەک دەبێت بۆ ئەوەی ئەندامێتیی تەواوی یەکێتیی ئەوروپایان لێ ڕەتبکرێتەوە، بۆیە ئەم پڕۆژەیە لەلایەن ئۆکراینا و ماکادۆنیا ڕەتکرایەوە. ئەو وڵاتانە بە مەرجێک پڕۆژەکە بە پەسەند دەزانن کە وەکوو جێگرەوەی ئەندامێتی لە یەکێتیی ئەوروپا سەیر نەکرێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە پڕۆسەی پەیوەستبوون بە یەکێتیی ئەوروپا بۆ وڵاتانی وەک ئۆکراینا و ماکدۆنیا ڕەنگە دەیان ساڵ بخایێنێت.
لە لایەکی دیکەوە، ئەم پێشنیازەی ماکرۆن لەلایەن بەشێک لە ئەندامانی ئێستای یەکێتیی ئەوروپا بە وریاییەوە سەیرکرا و وەک ڕێگەیەک بۆ ڕێگریکردن لە گەورەبوون و فراوانبوونی یەکێتیی ئەوروپا سەیر دەکرێت. پێشنیازەکە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئەوروپا (سەرۆکی دەوڵەتان یان حکومەتەکانی یەکێتیی ئەوروپا) لە 23-24ی حوزەیرانی 2022 تاوتوێکرا. ئەنجامەکانی کۆبوونەوەکە ئاماژەیان بەوە کرد کە ئامانجی سەرەکیی پڕۆژەکە بریتی دەبن لە پەرەپێدانی گفتوگۆی سیاسی و هاوکاری بۆ چارەسەرکردنی پرسەکانی بەرژەوەندیی هاوبەش، بە جۆرێک کە ئاساییش و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی کیشوەری ئەوروپا بەهێزتر بکرێن و جەخت لەوە کرایەوە کە ئەم چوارچێوەیە جێگەی سیاسەت و ئامرازەکانی ئێستای یەکێتیی ئەوروپا ناگرێتەوە، بەتایبەتی پرسی فراوانکردنی یەکێتیی ئەوروپا و بە تەواوی ڕێز لە سەربەخۆیی بڕیاردانی یەکێتیی ئەوروپا دەگرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە کە بەڕیتانیا لە دەستپێک، پشتگیری لە پێشنیازی درووستکردنی کۆمەڵگەی ئەوروپی نەکرد و ناتۆ وەک گەرەنتی سەرەکیی ئاساییش لە ئەوروپا سەیری دەکرد، بەڵام چەند هەفتەیەک دوای ئەوەی لیز ترەس بووە سەرۆکوەزیران، لە ئەیلوولی 2022 ئاماژەی بەوەدا، بەڕیتانیا بەشداری لە کۆمەڵگەی ئەوروپی دەکات. پێشنیازی ئەوەشی کرد کە کۆبوونەوەی داهاتوو لە بەڕیتانیا بکرێت و ناوی ڕێکخراوەکە بۆ کۆڕبەندی سیاسیی ئەوروپی بگۆڕدرێت.
ئەم دامەزراوە ئەوروپییە دەبێتە دەرفەتێکی گرنگ بۆ وڵاتانی دیکەی ئەوروپی کە ئەندام نین لە یەکێتیی ئەوروپا بە مەبەستی بەشداریکردن و تاوتۆێکردن و درووستکردنی هەماهەنگی لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپا لەسەر بابەتەکان ئەمنی، وزە، گۆڕانی کەشوهەوا و دۆخی ئابووری لە ئەوروپا. [1]