$سفر ئیدارە$
#هێڤیدار ئەحمەد#
نە پارتی خۆی بە دوژمنی یەکێتی دەزانێت و نە یەکێتی بە نەیاری خۆی دادەنێت، بەڵکوو دوو هێزی سیاسین و ڕکابەری یەکدین. گەورەترین ئەرکیان، پاراستنی قەوارەی سیاسی، یاسایی و دەستووری هەرێمی کوردستانە، لەبەر ئەوەی دوو هێزی سەرەکیی دەسەڵاتدارن، ئەرکیان بەدیهێنانی سەقامگیریی (سیاسی، ئابووری، ئاساییش و کۆمەڵایەتی) بۆ تاک بە تاکی خەڵکی کوردستانە.
کەس لەم هەرێمە زیاد نییە، نابێ هیچ هێز و لایەنێک ئەو جورئەتە بەخۆی بدات، باسی دوو ئیدارەیی بکات. بەڕێز #نێچیرڤان بارزانی#، سەرۆکی هەرێمی کوردستان زۆر بەوردی وەسفی دوو ئیدارەیی کردووە سفر ئیدارە. ئەوەتا پارتی و یەکێتی شەڕی ناوخۆیان کرد، ئەنجامەکە چی بوو؟ یەکخستنی ئەم قەوارەیە بوو، یان لەتکردنی؟
کێ خێری لە شەڕی ناوخۆی بینیوە؟ کێ خێری لە دوو ئیدارەیی بینیوە؟ کێ خێری لە گرژی بینیوە؟
بۆ بیر لە ئاشتی ناکرێتەوە! بۆ بیر لە قسەی خێر ناکرێتەوە! بۆ بیر لەوە ناکرێتەوە کاتێ قسە بکەین، ئومێد ببەخشین بە خەڵکی خۆمان!
نەوت و غاز و هەرچی سامانی سرووشتی و داهاتی ئەم هەرێمەیە، نە هیی پارتییە و نە هیی یەکێتییە، هیی خەڵکی هەرێمی کوردستانە و دەبێ بە دادپەروەرانە دابەشبکرێت و ببێتە پڕۆژە بۆ خەڵکی کوردستان.
کاکە نە #هەولێر# بەبێ #سلێمانی# بەهێزە و نە سلێمانی بەبێ هەولێر حاکمە.
پارتی و یەکێتی و هەموو حیزبەکانی دیکە، ئامرازن بۆ گەیشتن بە دەسەڵات، تاوەکو خزمەتی خەڵک بکرێت. خزمەتی خەڵک بە درووستکردنی گرژی ناکرێت، نا.
بەڕاست لەبیرمان چووە، ئەرکی وەرگرتنی دەسەڵات چییە؟
سەردەمی هەڕەشەکردن لە یەکدی بەسەرچووە، سەردەمی ئەوەیە، کێ زیاتر خزمەتی خەڵکی خۆی دەکات. کێ دەرفەتی کار بۆ گەنجەکانی هەرێمی کوردستان درووست دەکات. ساڵانە 35 هەزار دەرچووی زانکۆ لە هەرێمی کوردستان هەن، چۆن کەڵک لە توانای ئەوان ببینرێت و دەرفەتی کاریان بۆ بدۆزرێنەوە.
هەموو دنیا باسی ئاساییشی ئاو، خۆراک و گۆڕانی کەشوهەوا دەکەن و باسی ئەوە دەکەن کە چی بکەن بۆ 2030. مەترسییەکان ئەوەندە جیددین لە کۆنفراسی زانکۆی ئەمریکی لە #دهۆک#، دوو ڕۆژە خەڵکی ئەکادیمی ئەمریکی و ڕۆژاوای بەگشتی گفتوگۆ لەسەر مەترسییەکانی کەشوهەوا و خۆراک دەکەن. کەچی تازە بە تازە ئێمە باسی دوو ئیدارە و هەڕەشە لەیەکدی بکەین!
ئەوەی چاکەی میللەتەکەی بوێت، بەهێمنی بیر دەکاتەوە، بەهێمنی قسە دەکات، بیر دەکاتەوە چۆن دەستپێشخەر بێ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، ئەوەی ناوی بەباشی دەهێنرێت، ئەوە نییە کە خۆی گرژ دەکات و قسەی تووند دەکات، یان بەرانبەرەکەی بشکێنێت، بەڵکوو ئەوەیە کاتێ دەمی دەکاتەوە، برایەتی و ئاشتی و خێری بۆ خۆی و دەوروبەر و میللەتەکەی بوێت.
واز لەوە بهێنن کێ بە توانایە و کێ نا، کێ دەباتەوە و کێ ماسوولکەی چەند بەهێزە. پێویستە لەم دۆخە ناسکەدا، هەموو لایەک زۆر بە بەرپرسیارێتییەوە ڕەفتار و مامەڵە بکات، ئەگەر قسەی خێریش نەکەن، قسەی شەڕ مەکەن. [1]