$لێدوانی ڕۆژاواییەکان و لێکەوتەکانی لە ئێران$
#عارف قوربانی#
بۆ کەسانێک ئەگەر چاودێریی ڕەوشی سیاسیی ئێرانیان کردبێت، بەئاسانی دەتوانرێت کوشتنی کەنیشکە کوردی سەقز (ژینا ئەمینی) وەک خاڵی جیاکردنەوەی دوو قۆناخ دەستنیشان بکرێت. ئێرانی پێش کوشتنی ژینا و دەستپێکردنی قۆناخی دوای مەرگی ژینا. نەک تەنیا لە ئاستی ناوخۆ، تەنانەت ئەمە بۆ هەڵوێست و کاردانەوەی وڵاتانی جیهانیش بەرانبەر بە ئێران هەر ڕاستە.
لە مێژووی حوکمی مەلاکاندا لە 43 ساڵی ڕابردوو تاوانگەلی جۆراوجۆر ئەنجامدراون، کوشتنی پیر و لاوی بێتاوان، تەنانەت بە کۆمەڵکوشتنی ژن و منداڵیش وەک نموونەی (قاڕنێ) . هەزاران تاوانی هاوشێوەی کوشتنی ژینا، لە لاپەڕە ڕەشەکانی مێژووی ئەم چوار دەیەیەی ڕابردوو تۆمار کراون، بەڵام نە لە ئاستی ناوخۆ و نە لە ئاستی نێودەوڵەتی، هیچ تاوانێکیان هاوشێوەی مەرگی ژینا کاردانەوەی لێنەکەوتووەتەوە. هیچ تاوانێکیان هێندەی کوشتنی ژینا یەکڕیزیی لەنێوان نەتەوەکانی ئێراندا درووستنەکردووە. خوێنی ژینا بوو بە وزەی هەڵگیرساندنی شۆڕشێکی نوێ لە ئێران، جا ئیدی ئەگەر ئەمڕۆ بە ئامانج بگات یا سبەی کوێر بکرێتەوە، هیچ لەوە ناگۆڕێت کە ژینا دەبێتە خاڵی وەرچەرخان لە مێژووی گەلانی ئێراندا.
ئەوەی لێرەدا جێی هەڵوەستەکردن و جێی تێڕامانە ئەوەیه، ئەگەر ڕۆژگار و ساڵانێک گەلانی ئێران لە ترسی سزای مەرگ، بێدەنگیان هەڵبژاردبوو بەرانبەر بە و تاوانانەی ئەنجام دەدران، بەڵام کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ترسی لە چی هەبوو کە بێهەڵوێست بوون لە زوڵم و ستەمی چوار دەیەی دەسەڵاتدارانی ئێران؟ لە ماوەی نێوان هاتنە سەر حوکمی کۆماری ئیسلامی بۆ ئێستا، بەهۆی کۆتاییهاتنی دووجەمسەری، لانی کەم ماوەی 20 ساڵ (1991 بۆ 2011) ئەمریکا و هاوپەیمانە ڕۆژاواییەکانی بیانویستایا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەر بڕیارێک دژ بە ئێران بدات، بەئاسانی دەیانتوانی پشتیوانی بۆ دەستەبەر بکەن. بەڵام ئەوەی باسکی دەسەڵاتدارانی ئێران و هەموو ڕژێمە سەرکوتکارەکانی ڕۆژهەڵاتی بەهێزکردووە، خودی ئەمریکا و هاوپەیمانە ڕۆژاواییەکانی بوون.
پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە، وا کورد واتەنی (جام کە پڕ بوو لێی دەڕژێت) ، گەلانی ئێران بە بلوچ و عەرەب و فارس و ئازەرییەوە، ئازار و سوێی برینی کوردیان کردە دەرفەت بۆ تەقینەوەی ئازار و مەینەتی پەنگخواردوویان و بەگژ جەور و ستەمی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا تەقینەوە، هۆکاری هاتنە دەنگی وڵاتانی ڕۆژاوا چییە لە کوشتنی کچە کوردێکی بێ پشت و پەنا؟ ئایا هەر بەڕاست ناوەندە گرنگەکانی وەک نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەوروپا، ڕۆژاواییەکان و لە سەرووی هەمووشیانەوە ئەمریکا، بە و ئەندازەیە دژی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانن، وا لە زاری جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکاوە مژدەی ئەوە بە ناڕازییەکانی ئێران دەدات کە ئێران ڕزگار دەکەین.
ئێران بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەک، بەردەوام تۆمەتی دەستی دەرەکی داوەتە پاڵ هەر دەنگێک لەژێر زوڵم و چەوسانەوەدا نوزەیەکی لێوە هاتبێت. هەرکاتێک پێکهاتەیەکی نەتەوەیی، یان هەر گرووپێکی مەزهەبی، تەنانەت سەندیکا و چین و توێژێکی کۆمەڵایەتیش ناڕەزایەتییان دەربڕیبێت یاخود داوای مافە سەرەتاییەکانی ژیان و پێویستییەکانی ڕۆژانەشیان کردبێت، دەسەڵات بەدیاریکراویی بەستویەتییەوە بە سیاسەتی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە. کەوتووەتە تۆمەتبارکردنی جەماوەرەکەی کە بە پیلان و دەستی نەیارەکانی کۆماری ئیسلامی دەیانەوێ ئاساییش و ئارامی ئێران تێک بدەن. بێئەوەی نە ئەو دەستانەی دەرەوە و نە ئەمریکا و نە ئیسرائیلیش هیچ کۆمەکێکیان بە خەڵکی ناڕازی ئێران کردبێت.
ئەوەی ئێستا لە ناوخۆی ئێران دەگوزەرێت، بەتەواوەتی تەقینەوەیەکی خۆڕسکانەی ناوخۆیی گەلانی ئێرانە، پەیوەندیی بە و زوڵم و ستەمکارییانەی چل ساڵی ڕابردووی دەسەڵاتەوە هەیه، کە کەڵەکە بووە لەسەر خەڵکی ئێران و چیدی بەرگەی ناگرن. بەڵام لە یەکەم چرکەساتی کڵپەسەندنی ئاگر و بڵێسەی ئەم شۆڕشەوە، دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە تۆمەتی ئەوەی داونەتەپاڵ کە دەستی ئەمریکا و نەیارانی کۆماری ئیسلامین. بە شێوەیەکی دڕندانە کەوتووەتە سەرکوتکردنی خەڵک و ڕۆژانە چەندین کەسی بێتاوان خوێنیان دەڕژێندرێت، بەپێی ڕاپۆرتە مەیدانییەکان لەماوەی 45 ڕۆژدا زیاتر لە 300 هاووڵاتی لە ژن و منداڵ و لاو و تەنانەت پیر و کەنەفت کراونەتە قوربانی. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکانیش بە لێدوان و ڕاگەیێندراوەکانیان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زەوینەی داپڵۆسین و سەرکوتکردنی خۆپێشاندەران خۆش دەکەن، بێ ئەوەی هیچ کاردانەوەیەک یاخود هەڵوێستێکی کردارییان هەبێت.
ئەو لێدوانەی (بایدن) یش کە موژدەی ڕزگارکردنی ئێرانمان بەگوێدا دەدات، بۆ گەلانی ئێران هیچ دەستکەوتێکی نابێت، چونکە هەر قسەی ڕووتە و ئەحمەد موختار جاف واتەنیش قسە ناچێتە گیرفانەوە. پاساوی زیاتر دەداتە دەسەڵاتدارانی ئێران کە شارەکان بکەن بە قەسابخانە و شەقامەکان بەخوێنی لاوەکان سوور بکەن و بڵێن (ئەها نەمانگووت دەستی ئەمریکایە بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی) . ئەمریکا و ڕۆژاوا ئەگەر ڕاست دەکەن و دەیانەوێ ئێران ڕزگار بکەن، دەزانن ئێران بە و جۆرە ناڕووخێت کە تەنیا لەناوەوە پەرە بە ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکان بدرێت، بێ ئەوەی هیچ کاردانەوەیەکی نێودەوڵەتی هەبێت لانی کەم بۆ ترساندنی ئێران کە خوێنی زیاتر نەڕێژێت.
هیچ گومان لەوەدا نییە و ئەوە حوکمی مێژووە کە هیچ دەسەڵاتێکی ستەمکار ناتوانێت بەردەوام بێت، زوو یان درەنگ هەر دەڕووخێت. زوڵم لە دونیادا تاسەر بۆ کەس نەچووەتە سەر تا بۆ مەلاکانی ئێران بچێتە سەر. ڕۆژێک دێت هاوشێوەی ستەمکارەکانی دیکەی ناوچەکە، ئەم دەسەڵاتەی ئێرانیش دەڕووخێت. بەڵام ڕۆژاواییەکان لە هەموو کەس باشتر دەزانن هاوکێشە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتییەکانی ئێستای جیهان چۆنن و دەزانن هەلومەرجێکی ڕەخساو، جارێ بەردەست نییە بۆ ئەوەی هاوپەیمانێتییەکی نێودەوڵەتی دژ بە ئێران درووستبکرێت و هاوشێوەی ڕژێمەکەی سەدام بیڕووخێنن. ئێران تەنیا بە خۆپێشاندان و هەڵپەڕکێ و گۆرانی، بە داخستنی دووکان و بازاڕەکان ناڕووخێت. ڕژێمی ئێران ڕژێمێک نییە ڕێز لە هاووڵاتییەکانی بگرێت تا تەنیا بە خرۆشانی جەماوەر لە دەسەڵات بێتە خوارەوە.
ئەگەر دەیانەوێ خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکان کاریگەرییان زیاتر بێت و زەوینەی گۆڕانکاری بێنێتە ئاراوە، با وڵاتانی ڕۆژاوا لانی کەم دەرگەی نێودەوڵەتی بە ڕوودا دابخەن و هەر وڵاتەی پشتیوانیی گەلانی ئێران دەکات، هیچ نا تەنیا با دەرگەی باڵیۆزخانەکانی ئێران لە وڵاتەکانیان دابخەن وەک ئاماژەیەک و ناڕەزایەتییەک بەرانبەر بە و دەسەڵاتەی ئێستای ئێران. با ئەگەر نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمریکا بە ڕاستیانە ڕاگەیێندراوێکی فەرمی بڵاوبکەنەوە و لیژنە پێکبهێنن بۆ کۆکردنەوەی زانیاری و بەڵگە لەسەر تاوانەکانی ئێران و بڕیار بدەن کە دەسەڵاتدارانی ئێران دەدرێنە دادگەی دادی نێودەوڵەتی لەسەر ئەنجامدانی تاوانەکانیان.
با ڕایبگەیێنن لەهەر ئاستێکدا بێت ئەوەی لە پشتی بڕیار و کرداری کوشتنی خۆپێشاندەران بێت، پەلکێشی بەردەم دادگە دەکرێت. ئایا هەر بەڕاستی ئەو هەموو تاوان و کوشت و بڕەی ئێران کردوویەتی و دەیکات، بەشی ئەوە نییە دادگەیەکی نێودەوڵەتی بۆ دادگاییکردنی دەسەڵاتدارانی پێکبهێندرێت؟ ئایا هەر بەڕاستی ئێران نەبووەتە سەرچاوەی کێشە و مەترسی بۆ سەر ئاساییشی جیهان؟ درۆن و مووشەکی بالیستی و چەکە پێشکەوتووەکانی، پەرەپێدانی و هەنگاوەکانی بۆ دەستڕاگەیشتنی بە ئەتۆم، هی ئەوە نین ڕابوەستێندرێت؟ ئەگەر لەبەرانبەر ستەمکاری و مەترسییەکانی ئێران هەڵوێستی ئەمریکا و ڕۆژاوا هەر بریتی بێت لە و ڕاگەیێندراوانە و لەو قسانەی بایدن کردی، ئەوە کاردانەوە و لێکەوتەکانی زۆر ڕوونن، کە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ژمارەی قوربانییەکان زیاتر دەبن و هەر بە و زمانەی ئیبراهیم ڕەئیسی وەڵام دەدرێنەوە، کە وتی بایدن خەڵەفاوە. [1]