$لە مەهاتیر محەمەدەوە بۆ کوردستان$
#هێڤیدار ئەحمەد#
کاژێر 11:32 خولەکی پێش نیوەڕۆ، لە ئوفیسی تایبەتی ئیشکردنی خۆی لە پایتەختی سیاسی وڵاتی مالیزیا (بوتراجایی) چاوەڕێبوو، تاوەکو ماوەی 40 خولەک لەگەڵ ئێمە دابنیشێت. زۆرترین ماوەی حوکمڕانی ئەو وڵاتە لە دەست ئەو دابووە. 22 ساڵ سەرۆکوەزیرانی مالیزیا بووە، ئەمە د.مەهاتیر محەمەدە.
پزیشکێک بۆ دەرمانکردنی میللەت و وڵاتەکەی لە ساڵی 1981 تاوەکو 2003 دەسەڵاتی گرتە دەست، وڵاتەکەی لە هەژارترین وڵاتەوە کردە یەکێک لە بەهێزترین و دەوڵەمەندترین وڵاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، لەبەرئەوەش بەقارەمانی وڵاتەکەی ناودەبرێت. ئەو وڵاتەی لە 31/8/1957 سەربەخۆیی خۆی لەدەست بەڕیتانیا وەرگرت.
لەو دانیشتنەدا کە لیژنەی دەستپاکی پەڕڵەمانی کوردستان تێیدا ئامادەبوون، منیش ئەندامی لیژنەکە بووم، بە کوورتی باسی چیرۆکی مالیزیای کرد کە چۆن گەیشتە ئەوەی داهاتی تاک لە مالیزیا لە ساڵی 1980 لە 350 دۆلارەوە بەرزبکاتەوە بۆ 10 هەزار دۆلار لە 2004 دا و، ئێستا گەیشتووەتە سەرووی 17 هەزار دۆلار لە ساڵێک دا.
مەهاتیر محەمەد لەو دانیشتنەدا کە دواتر بووە یەک کاژێر و نیو، 90٪ی لە قسەکانی باسی: پێکەوەژیان و خۆبەدوورگرتن بوو لە شەڕ، هەروەها لە ناکۆکی ئاژاوەدار و چۆنیەتی پێکەوە کارکردن. وتی لەشەڕکردن دا کەس براوە نییە و هەردوو لایەنی شەڕ دۆڕاون.
ئەم پیاوە سەری سپی مەیلەو ڕەساسییە، لەسەرەخۆ قسەی دەکرد، تەمەنی 98 ساڵە، بەڵام هێشتا توانای کارکردنی هەیە، ڕۆژانە کاژێر 9ی بەیانی دەگاتە ئوفیسەکەی تاوەکو 5:30ی ئێوارە کار دەکات (8 کاژێر و نیو) .
لە وڵاتی مالیزیا دەوامی فەرمی حکومی و کەرتی تایبەت لە 9ی بەیانی دەست پێدەکات تاوەکو 5:30ی ئێوارە.
مالیزیا وڵاتێکی فرە نەتەوە و فرە ئایینە کە 60٪ی خەڵکەکەی مەلاوین، 28٪ چینی، 10٪ هندۆسن، 2٪ی کەمینەکانی دیکەن. ئەو وڵاتە تووشی شەڕی ناوخۆ بووە، ڕۆژگارێک خوێن لە شەقامەکانی کوالالامپوور و هەرێمەکانی دیکەدا دەڕۆیشت، شەڕەکە لەنێوان مەلاوی و چینییەکان بوو لەسەر دەسەڵات.
دواتر حکومەتێکی کاتی پێکهات بۆ کۆتایهێنان بەو شەڕە، هەموو لایەنەکان تێیدا بەشداربوون کە چۆن وڵات ڕزگار بکەن.
مەهاتیر محەمەد وتی لەو حکومەتەدا پڕۆژەی کاری ئابووری و چاکسازی بۆ ئاییندەی مالیزیا دانرا و ئامادەکاری کران بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان، هەموو یاسایەک بۆ ڕێکخستنی وڵات لە پەڕڵەمان هەموارکران بۆ کۆتایهێنان بە شەڕی ناوخۆ بوو بە یەکجاری و حیزبەکانی ئۆپۆزیسیۆنیش بوونە بەشێک لەو حکومەتە، تاوەکو هەموو لایەک پێکەوە وڵاتی خۆیان ئاوەدان بکەن و سەرکەوتن.
لە ماوەی ئەم دوو ساڵەدا لەبەرئەوەی ئیرادە هەبوو، هەموو کێشەکان چارەسەرکران و ئەو بەرنامەیەی پلانی هاوبەشی بۆ دانرا، جێبەجێکرا، ئەمەش بە عەقڵێکی هێمن کرا، لەوکاتەوە تووندووتیژی لە وڵاتی مالیزیا نەماوە. بۆیە گرنگترین شت بۆ چارەسەرکردنی هەر کێشەیەک، پەنابردنە بۆ ئاشتی و گفتوگۆکردن. ئەمە قسەی مەهاتیر محەمەدە.
مەهاتیر محەمەد لە ساڵی 1981 دەسەڵاتی گرتە دەست و بووە چوارەم سەرۆکوەزیرانی مالیزیا. لەو وڵاتەدا یەکترقبووڵکردنی هەموو پێکهاتەی تایفی، نەتەوەیی و ئایینییەکان هەیە و هەموویان مافییان هەیە حیزبی سیاسی درووست بکەن و بەشداربن لە پڕۆسەی هەڵبژاردن و دەنگ بدەن. حیزبی مەلاوی، چینی، هندۆسی و حیزبی تێکەڵاویش هەن.
د.مەهاتیر وتی ئەگەر خۆت لە هەموویان باشتر بزانی، ئەوە ئەم خاڵە لەبەرژەوەندی تۆ نابێت، لە ئەزموونەوە ئەم قسەیە دەکەم، بەڵام کاتێک یەکگرتووبین، سەرباری ئەوەی هەندێ شتی ئازاربەخش و بڕیاری ئازار بەخشیش هەبن، دەبێ قبووڵی بکەین، چونکە دەرئەنجام کاری باش و هەنگاوی باش بەدەستدێن و دڵنیابن بەوشێوەیە سەردەکەون.
سەرباری ئەوەی مالیزیا دەوڵەتێکی نەوتییە، بەڵام بودجەی 2023ی وڵاتەکە ، تەنیا 20٪ پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت، 80٪ی پشت بە داهاتی نانەوتی دەبەستێت.
بودجەی 2023 ی وڵاتی مالیزیا کە پەڕڵەمان پەسەندی کردووە نزیکەی 89 ملیار دۆلارە، تەنیا 17 ملیار دۆلار داهاتی نەوتە. بۆ ئەمساڵ 22 ملیار دۆلار بۆ پەرەپێیدانی مرۆیی و وڵات دانراوە. واتە درووستکردنی مرۆڤ لە پێش هەموو کارێکی دیکەیە لەو وڵاتەدا.
مەهاتیر محەمەد بە ئێمەی گوت ئەوکاتەی دەسەڵاتم گرتە دەست، زۆربەی خەڵک سەرقاڵی کشتوکاڵ بوون، مالیزیا پشتی بە کشتوکاڵ دەبەست، سوودمان لە خەڵکی دەرەوەی مالیزیا وەرگرت و کەرتی پیشەسازی پێشخرا، خەڵکی مالیزیا بەخێرایی فێربوون کە چۆن بەروبوومی کشتوکاڵی بکرێتە پیشەسازی، ئێستا 80٪ی هەناردەکردنی کاڵاکانی مالیزیا لە بەرهەمی خۆماڵییە.
ئەم پیاوە بە ئەزموونە لە حکومڕانی ڕەشید دا باسی خەرجکردنی بودجەی وڵاتی خۆی کرد کە گرنگی بە چ دەدەن و وتی یەکەم: خوێندن و پێشخستنی خوێندن. دووەم، بو تەندرووستی خەڵکی ئێمەیە. لەبەرئەوەی مالیزیا هیچ نیازێکی شەڕی نییە لەگەڵ هیچ دەوڵەتێک و نابینە دەوڵەتێکی عەسکەری و پارە لە کڕینی چەک خەرج ناکەین، بەڵکوو لە درووستکردنی مرۆڤ و پێشخستنی وڵات دا خەرجی دەکەین ، ئێمە لایەنداری تووندووتیژی و شەڕ نین. پشوودرێژی ئێمە سەرچاوەی سەرکەوتنی ئێمەیە.
$لە ئەنجوومەنی وەزیرانی مالیزیا چۆن گفتوگۆ دەکرێت؟$
لەو وڵاتە ئۆپۆزیسیۆنی بەهێز هەیە وەک مەهاتیر محەمەد باسی دەکات ئازادی ڕادەربڕین هەیە، بەڵام مانای ئەوە نییە ئیستیغلالی ئەو ئازادییە بکرێت بۆ ئاژاوەنانەوە، کەس لە مالیزیا و هیچ لایەنێک بۆی نییە لە میدیادا بەشێوەیەکی خراپ قسە بکات و کەشوهەوایەکی ناتەندرووست درووست بکات، چونکە هەموو لایەک زیانی بەر دەکەوێت، ئەگەر ئۆپۆزیسیۆن بەرنامەشی هەبێت بۆ چاککردنی حکومەت، ئەوا پێشکێشی دەکات و جێبەجێدەکرێت.
فراوانتر باسی چۆنیەتی هەبوونی ململانێ و جیاوازی بیروڕای لایەنە سیاسییەکانی کرد، تەنانەت ئەگەر لەنێو حکومەتیش دا هەبێت، چۆن چارەسەریان کردووە و لەسەر ئەو ڕێچکەیە بەردەوامن قسەی شەڕانگێزانە لە میدیادا ناکەین، چونکە ئەنجامی خراپی دەبێ لەسەر کۆمەڵگە، ئەگەر جیاوازی بۆچوونیش هەبێت ئەوا لە ئەنجوومەنی وەزیران قسە دەکرێت نەک لە میدیاوە کێشە درووست بکرێت و خۆیان بەشێک بن لە حکومەت، چونکە ئەنجوومەنی وەزیران جێگەی گفتوگۆ و چارەسەرکردنی هەموو کێشەکانە.
$بەڵام ئەگەر کێشەکە هەر لە ئەنجوومەنی وەزیران چارەسەر نەکرا، چ دەکرێت؟$
ئەو ئەزموونی پێکەوە کارکردن و یەکڕیزی و قبووڵکردنی بۆچوونە جیاوزەکان لە مالیزیا هەیە، مەهاتیر محەمەد دەڵێت ئەگەر جیاوازییەکان زۆر بوون و کێشەکە هەر چارەسەر نەکرا ئەوا دەتوانرێت لە ڕێگەی خوپێشاندانێکی هێمنانەی دوور لە تووندوتیژی و بەکارهێنانی قسەی زبر، ئەنجام بدرێت و پەیامەکەی بگەیێنێت، چونکە لە مالیزیا تووندوتیژی لەنێوان لایەنەکان نییە و هەر ئەمەش وایکردووە ئەم وڵاتە بەردەوام پێشبکەوێت. ئێمە دەڵێین هەموومان یەکین، ئەگەر تووندوتیژی ڕوویدا ئەوکات واتای ئەوەیە هەموومان دەدۆڕێین. بۆیە دەبێت پەنا نەبردن بۆ زبری و تووندوتیژی، درووشمی هەموو لایەک بێت.
کاتێک ئەو ئاخافتنانەی کرد، دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان و ناکۆکی و بایکۆتی نێو ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانم هاتە پێش چاو، گوتم بۆ ئێمەش ئەو ڕێگانە ناگرینە بەر!
ئەمە چیرۆکی ئێمەیە لە مالیزیا ئەمە دوا قسەی ئەو پیاوە بوو، مالیزییەکان دەڵێن نە لە پێش ئەو و نە لە دوای ئەو کەس وەک ئەو نابێت، چونکە پڕۆژە و بناخەیەکی تۆکمەی بۆ ئەم وڵاتە دانا کە کۆرۆناش نەیتوانی لاوازی بکات.
ئەزموونی ئەم وڵاتە ئیلهام بەخش بووە بۆ چەندین وڵاتی تازە پێگەیشتوو کە چۆن کاربکەن و بگەنە ئاستی ئەو وڵاتە. کرۆکی ئەم پێشکەوتنە کە دەکرێت لە هەرێمی کوردستانیش دەستی پێ بکەین، دوو خاڵی سەرەکین مرۆڤسازی و خوبەدوورگرتن لە تووندوتیژی و یەکدی قبووڵکردن ئەگەر ئازار بەخشیش بێت. [1]