$بەرپرسیارێتیی سەرمایەداری نیشتمانی$
#عارف قوربانی#
ماوەیەکە بەشێک لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و بە دیاریکراویش تۆڕی میدیایی ڕووداو، وەک ئەرکێکی نیشتمانی دەستیان بە هەڵمەتێکی فراوان کردووە دەربارەی ئاساییشی خۆراک. لە ڕێگەی ئەو وتار و بەرنامە و ڕاپۆرتانەی بڵاوی دەکەنەوە بە خستنەڕووی خراپیی کوالێتیی بەرهەمە هاوردەکراوەکان، تائەندازەیەک هۆشیارییەک بۆ هاووڵاتیان درووستبووە لە ناسینی کاڵا و بەروبوومە خراپەکان.
ئێستا هاووڵاتیان دەزانن ئەو بەرهەمە خۆراکییانەی ڕۆژانە لە بازاڕەکان دەیکڕن، لە چپسی پەتاتەی منداڵانەوە بۆ زۆربەی ماددە خۆراکییەکان و تەنانەت ئاوی خواردنەوەش، نەک تەندرووست نین، بەڵکوو زۆر مەترسیداریشن. دەزانن سەرچاوەی زۆربەی ئەو نەخۆشی و مردنە کتوپڕانەیە کە ڕۆژانە ڕووبەڕووی هاووڵاتیان دەبێتەوە؛ ڕاستە پێویستە حکومەت و دامودەزگە پەیوەندیدارەکان بخرێنە بەردەم بەرپرسیارێتی، گرنگە ئەوانەی لە پشتی هێنانی خواردن و دەرمان و کاڵای خراپەوەن بخرێنە بەردەم ئازاری ویژدانییەوە و ڕسوا و شەرمەزار بکرێن، گرنگە بایەخ بەوە بدرێت خەڵک هۆشیار بکرێنەوە لەوەی لەناو چی (زەلکاوێکدان) و دەبێت هانبدرێت بۆ دورکەوتنەوە لە و ژەهرە، بەڵام ئەمە دیوێکی کێشەکەیە، دیوەکەی دیکەی ئەوەیە هاووڵاتیان چی بکەن، چارەیەکی دیکەیان نییە؛ چونکە مرۆڤ ناتوانێ بەبێ بەکاربردنی ئەو ماددە خۆراکییانە بەردەوامی بە ژیان بدات.
پێویستە لەگەڵ ناسینی کاڵا و بەروبوومی خراپ، بەدیلی باش بخرێتەڕوو، ئەوکات خەڵک لەنێوان ناسینی باش و خراپدا، بێگومان باشەکە هەڵدەبژێرێت. گرفتەکە لێرەدایە، خەڵک دەزانن ئەوەی دەیکڕن خراپە، بەڵام نازانن ئەی بەرهەمە باشەکە لەکوێیە؟ بێگومان ئەگەر هەبێت، خەڵک دەیدۆزێتەوە، کێشەکە ئەوەیە لە بازاڕەکاندا ئەوەی هەیە زۆرینەی خراپەکەیە. بۆ ئەمڕۆی کوردستان ئەشێ بڵێین، ئەمە گەورەترین هەڕەشە و مەترسییە لەسەر ژیانی تاک بە تاکی ئێستای کورد و کاریگەریی و لێکەوتەکانی بۆ سەر نەوەکانی داهاتووش بەردەوام دەبێت.
ئەگەر خۆمان نەخەڵەتێنین و بەچاوێکی واقیعی لە و دۆخە تایبەتییەی حوکمڕانی کوردستان بڕوانین، دەگەینە ئەو قەناعەتەی ئەم کێشەیە چارەسەر ناکرێت و حکومەت ناتوانێ ڕێگە لە هاوردەکردنی ئەو ژەهرە بگرێت کە ڕۆژانە دەڕژێنرێتە ناو بازاڕەکانی کوردستانەوە. دوو ساڵ پێش ئێستا سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی و چەند وەزیرێک چوونە پەڕڵەمان و لە بەردەم نوێنەرانی خەڵک و حیزبەکاندا سەبارەت بەم کێشەیە سەرۆکی حکومەت وتی، (ئەگەر لەوەزیاتر ڕێکار بگرینەبەر بۆ کۆنترۆڵکردن و ڕێگری لە قاچاخچێتی دەروازە سنوورییەکان، شەڕی ناوخۆ درووست دەبێت.)
بۆ کەسانی بەئاگاو خاوەن عەقڵ ئەوەندە بەسە بۆ ئەوەی چیتر ئومێد لەسەر ئەوە هەڵنەچنیت کە ئەو سیستمە سیاسی و حوکمڕانییەی هەرێم کە زادەی پاشخانی ململانێ و ناکۆکیی زیاتر لە نیو سەدەیەی نێوان پارتی و یەکێتییە، لەمە باشتر دەبێت کە هەیە، بۆیە پێویستە بۆ هەندێ پرس و بابەت بەدوای چارەسەری دیکەدا بگەڕێن لەدەرەوەی ئەو گرێدراوانەی بەستراونەتە ململانێ و ناکۆکی نێوان ئەم دوو حیزبەوە.
بۆ پرس و بابەتێکی وا گرنگ کە پەیوەندی بە ژیانی تەواوی کۆمەڵگەی کوردییەوە هەیە، بە ڕەچاوکردنی ئەو واقیعە تاڵەی بەسەر حوکمڕانیی کوردیدا زاڵە، دەبێت ڕوو بکرێتە سەرمایەدارانی نیشتمانی و ئەوان بخرێنە بەردەم بەرپرسیارێتی ئەوەی یارمەتیدەربن کۆمەڵگە لە و مەینەتییە ڕزگار بکرێت. لە کوردستان دەوڵەمەند و خاوەن سەرمایەی زۆر هەن؛ ڕاستە بەشێکیان سەرمایەداری هەڵتۆقیو دەرهاویشتەی ئەو دۆخە خراپەن؛ بەڵام کەسانی بەویژدان و خاوەن هەستی مرۆیی زۆریش هەن لەناو سەرمایەدارەکانی کوردستاندا کە شانبەشانی ژیان و سەروەت و سامانی خۆیان، خەڵکیشیان بەلاوە گرنگە.
پێویستە ڕوو لە و سەرمایەدارانە بکرێت کە ڕێگەچارەیەک بدۆزنەوە بۆ خستنەڕووی بژارەی دیکە لە بەردەم هاووڵاتیاندا. هیچ نکوڵی لەوە ناکرێت لەلایەک بەهۆی ناکۆکیی سیاسی و لەلایەک لەپێناو بەدەستهێنانی زۆرترین داهات، حکومەت دەروازەکانی کراوەن بۆ هاوردەکردنی بەرهەمی بێ کوالێتی. ئەوەش بۆ هەمووان ڕوونە کە تورکیا و ئێرانیش بەمەبەست و بۆ ئامانجی دورمەوداتر ژەهر دەڕژێننە ناو بازاڕی کوردستانەوە؛ ڕۆژانە گوێبیستی ئەوە دەبیت کە دەگوترێت ئەو جۆرە لە برنج و ڕۆن و دۆشاوی تەماتە و تا دەیان جۆر بەرهەمی دیکەی خۆراکی، لە کوالێتیی جۆری دەرناچن و لە ڕووی زانستییەوە سەلمێنراوە دەبنە سەرچاوەی نەخۆشی و مەترسی ڕاستەوخۆیان بۆ سەر تەندرووستی هەیە؛ هاووڵاتیانیش وەک بەکار بەر لەم ڕاستیانە گەیشتوون، بەڵام وەک پێشتر ئاماژەم پێدا چارەی دیکەیان نییە.
دەبێت سەرمایەدارانی نیشتمانی کە خۆشبەختانە هێشتا لەناو کورددا چەند بنەماڵەیەکی دەوڵەمەند ماون و نەبوونە بە بەشێک لە و گەندەڵییەی هەیە، ئەم بەرپرسیارێتییە بگرنە ئەستۆ چی بەوەی بیر لە درووستکردنی ئەو پڕۆژە ئابوورییانە بکەنەوە کە دەتوانرێت بەرهەمی خۆراکی ناوخۆی پێ زیادبکرێت. بۆ ئەوەشی کە ناتوانرێت لە ناوخۆ بەرهەم بهێندرێت، حکومەت لەپێناوی بەدەستهێنانی داهاتی زیاتر ڕێگە لەوە ناگرێت چەند سەرمایەدارێک کۆمپانیایەکی پشکداری فراوانی هاوردەکردن دابمەزرێنن و بەرهەم و کاڵای بەکوالێتی بهێننە کوردستانەوە؛ ئەگەر لە هەر شارێکدا لانی کەم یەک بازاڕێکی گەورە دابمەزرێنن و هەموو کاڵا و بەرهەمەکانیان لەسەر بنەمای کوالێتی جۆری بن، لەپاڵ ئەو هۆشیارییەی میدیا درووستی کردووە بۆ مەترسییەکانی مەوادی خۆراکی خراپ و بەسەرچوو، ئەگەر لە ڕووی نرخەوە گرانتریش لەسەر خەڵک بکەوێت، هاووڵاتی بەدوای باشەکەدا دەگەڕێت.
ئەمڕۆ لە وڵاتانی پێشکەوتووی جیهاندا نموونەی زنجیرە مارکێت زۆرن کە وەک براندێکی جیهانی بەرهەم و کاڵاکانیان جێی متمانەن، دەکرێت سەرمایەدارانی کوردستان یان چاویان لێبکەن لە درووستکردنی کۆمپانیای هاوشێوە یا لەگەڵ چەند کۆمپانیایەکی لەم جۆرەدا هەماهەنگی بکەن بۆ کردنەوەی چەند لقێکی ئەم بازاڕانە لە شارەکانی کوردستان. ئەوان لەپێناو متمانە و ناوبانگی خۆیان و ویژدانی مرۆڤانەی خۆیان چاودێرن بەسەر کاڵا و بەرهەمەکانیانەوە و چاویان لە چاودێریی حکومەت نییە بۆ ئەوەی لە بەرهەمی خراپ بیان پارێزێت.
لە مێژووی گەلاندا نموونە زۆرن کە سەرمایەداران ڕۆڵی گەورەیان بینیوە لە تێپەڕاندنی قۆناخ و دۆخێکی سەختی ژیانی میللەتەکانیان و بوونەتە فریادڕەس. خۆخستنە بەردەم ئەو هەستی بەرپرسیارێتییە لەلایەن چەند سەرمایەدارێکی کوردستانەوە کە لە هەمانکاتدا بەشێکە لە کار و بازرگانیکردنی خۆشیان و سوود و داهاتی زۆریشیان دەست دەکەوێت، بەڵام بۆ خۆیان و نەوەکانیان دەبێتە شانازی کە لە ڕۆژگارێکی سەختدا شانیان داوەتەبەر هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی بۆ پاراستنی تەندرووستی و سەلامەتیی میللەتەکەیان. [1]