ناونیشانی بابەت: مزگەوتی کەلەپووری زەڵمیی درووستدەکرێت
$لە گوندی زەڵم، لە جێگەی مزگەوتە کۆنەکەی گوندەکە کە بەر جادەکەی ناو گوند کەوتبوو، مزگەوتی کەلەپووری زەڵمیی درووستدەکرێت$
ڕۆژی دووشەممە، #حەمەی حەمەسەعید# وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەی مزگەوتە کەلوپوورییەکەی زەڵمیی بەسەرکردەوە و سوپاسی خەڵکی گوند و لایەنە پەیوەندیدارەکانی کرد بۆ ئەنجامدانی ئەم پڕۆژەیە.
ڕۆشنبیرانی گوندی زەڵم، پڕۆژەکەیان پێشکەشی لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە و لە ئێستادا درووستکردنی مزگەوتە کەلەپوورییەکە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
لەسەر بڕیاری بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی پارێزگای #هەڵەبجە# و بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزار و پارێزگار و قایمقامییەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان، لە جێگەی مزگەوت کۆنەکەی گوندی زەڵم کە بەر جادە کەوتووە و بەشێکی ڕووخاوە (مزگەوتی کەلەپووری زەڵمیی) درووست دەکرێت.
بە پێی بەیاننامەی ڕۆشنبیرانی گوندی زەڵم، مزگەوتی کەلەپووری زەڵمیی، دەبێتە ناوەندێکی گرنگی کەلەپووری و کلتوری و ڕۆشنگەری لە ناوچەکەدا و دەستنووس و کەلوپەلی قەدیمی و مێژووی گوندەکە و ناو و کەسایەتی و کتیب و بەرهەمە زانستیی و ڕۆشنبیرییەکانی ڕۆشنبیرانی گوندەکەی تێدا کۆدەکرێتەوە.
گوندی زەڵم، سەربە شارەدێی خورماڵە و دەکەوێتە بناری چیاکانی هەورامان لە پارێزگای هەڵەبجە، گوندەکە لە ئێستادا 20 ماڵی تێدا نیشتەجێیە و دوو مزگەوتی تێدایە، مزگەوتی نوێ کە ساڵی 2017 بە شێوازێکی کلتوری ناوازەی هەورامان درووستکراوە و مزگەوتی کۆن کە ساڵی 1991 کراوەتەوە دەکرێتە مزگەوتی کەلەپووری زەڵمیی.[1]