ڕوانگەیەکی مێژوویی بۆ مەسەلەی کورد لە ئێراق 02
#تەحسین وسو عەبدوڵڵا#
#14-07-1958# وەرچەرخانێکی گەورە بوو بۆ ئێراق، سەرەتا ئومێدی زۆر ھەبوو بەوەی ئەم شۆڕشە شۆڕشی گشت گەلانی ئێراقە و کوردیش یەکێک دەبێت لەو نەتەوانەی بێبەش نابێت لە مافە ڕەواکانی.
$دووەم: سەردەمی کۆماری (1958 – 20003)$
شۆڕشی 14ی تەموزی ساڵی 1958کەبەسەرکردایەتی زەعیم (عەبدولکەریم قاسم) بەرپاکرا، ئێراق لەژێر دەسەڵاتی پاشایەتی و ھەژموونی بەریتانیا ڕزگاری بوو و لەسیستمی پاشایەتییەوە گۆڕا بوو بە سیستمێکی کۆماری، شۆڕشی 14ی تەمموزی 1958 کە وەرچەرخانێکی گەورە بوو بۆ ئێراق، سەرەتا ئومێدی زۆر ھەبوو بەوەی ئەم شۆڕشە، شۆڕشی گشت گەلانی ئێراقە و ھەموو گەلانی ئێراق لە سایەی ئەم شۆڕشە بە مافە ڕەواکانیان دەگەن، کوردیش یەکێک دەبێت لەو نەتەوانەی کە بێبەش نابێت لە مافە ڕەواکانی خۆی لەژێر سایەی ڕژیمی کۆماری، لەم بارەوە زەعیم (عەبدلکەریم قاسم) زۆر جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە دەبێت لە دەستوور ئاماژە بکرێت بەوەی کە نەتەوەیی کورد و عەرەب پێکھاتەی دەوڵەت پێکدێنن، ئەگەر چی ئەمە سەرەتایەکی باش بوو، بەڵام ئەمەش بەکردەوە نەچووە بواری جێبەجێ کردنەوە، تەنیا بۆ ماوەیەکی کاتی کورد لە ئێراق لەژێر سایەی شۆڕشی 14ی تەمموزی 1958 لە دەربەدەری ڕزگاری بوو، وەکوو گەڕانەوەی (بارزانی نەمر) و پێشمەرگەکانی لە ئاوارەیی یەکێتی سۆڤییەتدا و ڕێگەدان کە #پارتی دیموکراتی کوردستان# بەئاشکرا کار و چالاکی خۆی ئەنجامبدات، ھەروەھا لە بواری ڕۆشنبیری و ئەدەبیشدا کۆمەڵێک گۆڕانکاری ھاتنە کایەوە، بەڵام بەھۆی ھەبوونی ھەندێک کەسایەتی لەناو سەرکردایەتی شۆڕش بەتایبەت “بەعسییەکان”و لاوازی سەرکردایەتی شۆڕش نەیانھێشت کورد ببێتە شەریکێکی ڕاستەقینە لە دەسەڵات، بۆیە دوای چەند ساڵێک ھەموو کردارەکان پێچەوانە بوونەوە، کورد لە #11-09-1961# دوای ئەوەی حکومەتی ئێراقی لە بەڵێنەکانی خۆی کە دایبوو بە کورد پاشگەز بوویەوە بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد لە باشووری کوردستان دەستی کرد بە ھەڵگیرسانی شۆڕش، ئەم شۆڕشە، بە شۆڕشی ئەیلوول ناسرا، دوای دوو ساڵ لە #08-02-1963# بەکودەتایەک شۆڕشی 14ی تەمموزیان ئیفلاسکرد و سەردەمی کودەتای سەربازی لە ئێراق دەستی پێ کرد، بەعسییەکان پێگەیان لە ئێراقدا قایم کرد، حیزبی بەعسیش دانی بەھیچ نەتەوەیەک جگە لەنەتەوەی عەرەب نەدەنا لە چوارچێوەی ئێراق، بەمەش دۆخەکە ھێندەی تر بەرەو ئاڵۆزی ڕۆیشت، کوردیش دوای ئەوەی شۆڕشی پەرپاکرد تووانی کاریگەریی بکاتە سەر حکومەتی ئێراق، شۆڕشی لەناو ڕاستی شەستەکانی چەندین جار حکومەتی بەعسییەکانی لە ئێراق ناچار دەکرد کە دانووستاندن و گفتوگۆ لەگەڵ بزووتنەوەی نەتەوەی کورد ئەنجام بدەن، کەچی ھەمیشە حکومەتی ناوەندی ئێراق مەبەستی ئەوە نەبووە کە کێشەکانی لەگەڵ نەتەوەیی کورد چارەسەر بکات، بەڵکوو ھەمیشە ویستوویەتی لۆژیکی خۆی بسەپێنێت بەسەر تەواوی پێکھاتە جیاوازەکان لە ئێراق، بەڵام کورد ھیچ ئامادە نەبوو متمانەی تەواو بە حکومەتی بەعسییەکان بکات، لەبەر ئەوەی سەرکردایەتی شۆڕشی ڕزگاریخوازی نەتەوەیی لە باشووری کوردستان دەیزانی حکومەتی ئێراق دەگەرێت بەدوای دەرفەت بۆ شۆڕش کوردی بتوێنێتەوە لە پێناو بەدیھێنانی مەرام و ئامانجە تاک لایەنەکانی خۆی، دوای ئەوەی لە 1968 حیزبی بەعس بەتەواوەتی دەسەڵاتی گرتە دەست لە ئێراق کەتا 2003 بەردەوام بوو. دوای دوو ساڵ حکومەتی ئێراقی بەناچاری لەگەڵ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد گەیشتە ڕێککەوتن، لە #11-03-1970#، ئەم ڕێککەوتنە لە کۆمەڵێک خاڵ پێکھاتبوو، لە گرنگترین خاڵەکانی ئەم ڕێککەوتنە دانان بەوەی کە باشووری کوردستان بکرێتە ھەرێمی ئۆتۆنۆمی لە ئێراق، ئەمە وەرچەرخانێکی گرنگ بوو لە مێژووی بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد لەو بەشەی کوردستان، سەرەڕایی ئەوەی ئەم بارودۆخەی لە ئاکامی ڕێککەوتنامەی 11ی ئازار ھاتەوە کایەو کاریگەریی ئەرێنی کردە پارچەکانی تری کوردستانیش، بە پێی خاڵەکانی نێو ڕێککەوتنامەکە دەبوایە حکومەتی ئێراقی لە ماوەی چوار ساڵی داھاتوو تەواوی بەندەکانی ڕێککەوتنامەکە جێبەجێ بکات، کەچی بە پێچەوانەوە ھەر لە سەرەتاوە حکومەت نیازی باش نەبوو، لە ماوەی چوار ساڵ چەندین ڕووداو ڕوویاندان، کە کاریگەرییان کردە سەر ڕێککەوتنامەکە، وەکوو ھەوڵی تیرۆرکردنی “بارزانی نەمر” و ھێرش کردنە سەر بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری موسڵ و ھەوڵی تیرۆرکردنی “#ئیدریس بارزانی#”، ئەمانە ئاماژەیەک بوون بەوەی کە حکومەتی ئێراق نیازی باش نییە و نایەوێت ئیەم ڕێککەوتانەمەیە جێبەجێ بکات، پاش ئەوەی گرژی درووستبوو، بارودۆخە ڕۆژ دوای ڕۆژ بەرەو شەڕ دەڕۆیشت، ئەمەش وای کورد متمانەی بە حکومەتی ئێراق نەمێنێت و ڕوو بکاتە شۆڕشی چەکداری، ئەوەی چاوەڕوان نەکراو بوو لەو ماوەیەدا ئەوەبوو کە حکومەتی ئێراقی لەگەڵ ئێران ڕێککەوت لە #06-03-1975#، ئەم ڕێککەوتنە شای ئێران ھەموو ھاوکارییەکانی بۆ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی باشووری کوردستان ڕاگرت، بەمەش بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردی تووشی نسکۆیەکی گەورە بوو.
لەم ماوەیەدا؛ چەندین پارتی سیاسی دیکە ھاتنە دامەزراندن لە دیارترینیان #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# بوو، دوای ئەوەی لە ساڵی 1979 بارودۆخ لە ئێران و ئێراق گۆڕانکاریی بەسەر داھات، لە ئێران ڕژێمی ڕووخێنرا و کۆماری ئیسلامی ئێران درووستکرا لە ڕێگەی شۆڕشەوە، لە ئێراقیش سەدام حسێن، حەسەن بەکری ناچار کرد واز لە سەرکردایەتی شۆڕش بێنێت، ئیدی دۆخەکە کەوتە ئاستێک کە شەڕ لەنێوان ھەردوو دەستی پێ کرد، کە ماوەی ھەشت ساڵی خایاند، لەم ماوەیەدا و دانووساندن و کفتوگۆی نێوان بەعس و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەنجامدرا، وەک گفتووگۆکانی ماوەی نێوان ساڵانی 1984بۆ 1988، بەڵام ھەموو ئەمانە تەنیا بۆ ئەوەبووە کە کورد بێ دەنگ بکرێت و ھیچ ئاکامێکی لە بواری واقیعییەوە لێ بەدی نەھات، بگرە حکوومەتی ئێراقی لە ماوەی نێوان ساڵنی 1980 و 1988 پڕۆسەیەکی دڕاندانەی لە کوردستانی باشوور ئەنجامدا بەناوی پڕۆسەی ئەنفاڵ، ھەروەھا لە #16-03-1988# چەکی کیمیایی بەرانبەر بە کورد بەکارھێنرا لە شاری #ھەڵەبجە#، سەڕەڕای سووتاندنی لەناوبردنی ھەزارەھا گووند لە کوردستانی باشوور، ئەم کردەوە دڕندانەی حکومەتی بەعسییەکان لە ئێراق بەڕامبەر بە نەتەوەی کورد، ئەوەی پشت ڕاست کردەوە کە لە ناخەوە بەعسییەکان باوەڕیان بەوە نەبووە جگە لە نەتەوەی عەرەب ھیچ نەتەوەیەکی تر لە ئێراق بوونی ھەبێت، بەم شێوەیە دەکرێت حکومەتی ئێراق لە سەردەمی بەعسییەکان بە خراپترین شێوە مامەڵەی لەگەڵ کورد کردووە، ھەر لە بەعەرەبکردن و تەھجیر و تەبعیس و تەرحلیل تادەگاتە پڕۆسەی ئەنفاڵ و کووشتنی بەکۆمەڵ و بەکارھێنانی چەکی کیمیایی و بێ سەروشوێن کردنی کورد لە ئێراق.
گومانی تێدا نییە لەژێر سایەی ھەلومەرجێکی ئاوەھا نالەبار و نابەرانبەردا کوردیش لەسەر مافی خۆی دێتە گۆ و بەوەڵام دێت و داوای مافەکانی خۆی دەکات، ھەرکاتێکیش ھیچ ڕێگەیەکی ھێمنانەیان بۆ نەھێشتبێتەوە، بەناچاری پەنای بردۆتە بەر زەبر و زەنگ و شۆڕش، ئەوەش مافێکی سەرەتایی و سرووشتی ھەموو نەتەوە و گەل و تاقم و دەستەیەکی زوڵم لێکراوە لە سەرتاسەری دونیا، ھەر ئەم زوڵمەش بووە پاڵی بە گەلی کوردەوە ناوە ڕاپەڕێ و شۆڕش بکات، ھەر ئەمەش وای کردووە لەوەتەی دەوڵەتی ئێراق درووستکراوە، کورد لە حاڵەتی ڕووبەڕووبوونەوە و بەرەنگاری دابێت، لەگەڵ دەسەڵات و حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی ئێراق. سەرەڕای ھەموو ئەو شێوازە ستەمکارەی حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی ئێراق لە ھەمبەر پرسی کورد کردوویەتی، ناکرێت مەسەلەی ناوخۆی کورد لە ئێراق، کە پەیوەندی یەکگرتووی یەک ھەلوێستی و یەک دەنگی کورد، کاریگەریی زۆری بەسەر دۆزی کورد ھەبووە لە ئێراق، لەلایەک و ھەروەھا کاریگەریی سیاسەتی نێودەوڵەتیش یەکێک بووە لە ھۆکارە نێگەتیڤەکانی دۆزی کورد لە ئێراق، کەبەردەوام پەیوەندی لەنێوان بەرژەوەندی دەوڵەتە زڵھێزەکان و دۆزی کورد پەیوەندییەکی پێچەوانە بووە نەک پەیوەندییەکی ڕاستەوانە.
دوای ھەشت ساڵ شەڕ کردن لەنێوان دەوڵەتی ئێراق و کۆماری ئیسلامی ئێران، سەرەئەنجام شەڕەکە کۆتایی پێھات کە ئەم شەڕە بە شەڕی یەکەمی کەنداو ناسراوە، بەڵام کۆتایی پێ ھاتنی شەڕ نەبووە ھۆی ئەوەی کە حکومەتی ئێراقی سیاسەتێکی ئەقلانی لە پێش بگرێت، لەلایەکی تریشەوە ئێراق لە شەڕی ھەشت ساڵەی تووشی داڕمان و زیانێکی زۆر ھاتبوو، بۆ شاردنەوەی مافیقەتی بارودۆخی ناوخۆیی ئێراق دەست بە ھەڕەشەکردن کرد لەسەر کوەیت، دوای ماوەیەکی بەھێزێکی سەربازی زۆرەوە داخڵی سنووری دەوڵەتی کوەیت بوو و داگیری کرد، ئەمە بووە ھۆی ئەوەی کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەتایبەتیی ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا ھێرشێکی گەورە بکەنە سەر سوپای ئێراق لە کوەیت، ئەمە جەنگە بەجەنگی گەردەلوولی بیابان یان جەنگی ڕزگار کردنی کوەیت ناسرا کە لە ساڵی 1990 بوو، بۆ ئەوەی کوەیت لەژێر دەسەڵاتی سوپای ئێراق ڕزگار بکەن، لەم کاتەدا بەرەی کوردستانی کە پێکھاتبوو لە حیزب و لایەنە سیاسییە کوردییەکانی باشووری کوردستان کەوتە خۆ ئامادەکردن بۆ ئەوەی ئەو دەرفەتە بقۆزێتەوە کە دەوڵەتی بەرەو ڕووی ببوویەوە، بە جۆرێک کە ئێراق لە بارودۆخێکی سیاسی و سەربازی زۆر شلۆق دابوو، لەبەر ئەوەی ھاوپەیمانان سوپا زەبەڵاحەکەی ڕژێمی بەعسیان تێکشکاندبوو لە کوەیت، بەرەی کوردستانی ئامادەکاری تەواوی کردبوو بۆ ئەوەی خەڵکی باشووری کوردستان ھەڵسنەوە لە بەرانبەر ڕژێمی بەعس لە کوردستان، ئەوەبوو لە #05-03-1991# یەکەم بڵێسەی ڕاپەڕین و بەگژداچوونەوەی خەڵکی باشووری کوردستان لە بەرانبەر دامودەزگاکانی حکومەتی ئێراقی دەستی پێ کرد، لە ماوەیەکی کەمدا توانرا تەواوی خاکی باشووری کوردستان پاک بکرێتەوە لە دام و دەزگا سەرکوت کەرەوەکانی ڕژێمی دیکتاتۆری سەدام حسێن، ئەمە وەرچەخانێکی گەورە بوو لە مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان، ھاوکات لەگەڵ ڕاپەڕێنەکەی باشووری کوردستان خەڵکی باشووری ئێراق ڕاپەڕینیان دەستپێکرد لە دژی حکومەتی بەعسییەکان لە ئێراق، بەڵام حکومەت کەوتە وێزەی خەڵک و ڕاپەڕینی لە باشووری وڵات سەرکوت کرد، کاتێک حکومەتی ئێراقی ویتسی لە باشووری کوردستانیش بەرەنگاری خەڵک بێتەوە ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیارێکی لەبارەی باشووری کوردستان دەرکرد بە مەبەستی درووستکردنی ناوچەی دژە فڕین (No Fly Zone) ، ئەم بڕیارە بە بڕیاری (688) ی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناسراوە، ڕاپەڕین دەستکەوتی گەورەی گەلی کوردە لە باشووری کوردستان بە جۆرێک کە ڕاپەڕین فاکتەری سەرەکی بوو بۆ ئەوەی حیزب و لایەنە کوردستان حکومەت و پەڕڵەمان لە باشووری کوردستان درووست بکەن، لەھەمان کاتدا بوونی بۆشایەکی سیاسی و ئیداری لە ئاکامی وەدەرنانی دامودەزگاکانی حکومەتی ئێراقی فاکتەرێکی تر بووو بۆ ئەوەی لە باشووری کوردستان دام و دەزگای ئیداری خۆجێی درووست بکرێن، ئەم بڕیارەی ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی درووستکردنی ناوچەی دژە فڕین لە باشووری کوردستان گۆڕانێکی مەزن لە سیاسەتی نێودەوڵەتی و چۆنییەتی دەست وەردان لەکاروباری ناوخۆی دەوڵەتان لە کاتی تەنگژە جۆراجۆرەکان، بەم شێوەیە سەروەری دەوڵەتان لەو کاتەوە نەبووە ڕێگر لە دەست وەردانی دەرەکی لە کاتی پێشێلکارییەکانی دەوڵەتان لە بەرانبەر گەڵ و نەتەوە جیاوازەکان، بەم شێوەیە لە دوای جەنگی ئازاد کردنی کوەیت و ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان لە دژی حکومەتی بەعس باشووری کوردستان بەشێوەیەکی ئیداری جیاواز لە ئێراق کاروباری خۆی بەڕێوەبردووە، بە جۆرێک کە ھیچ کات لە ماوەی دوای نێوان ھەردوو جەنگی دووەم و سێیەمی کەنداو باشووری کوردستان نەگەڕاوەتەوە بۆ حکومەتی ناوەندی بەڵکوو کارەکانی خۆی بەڕێوەبردووە، بەمەش بوو بە دیفکاتۆ و ئەمری واقیع بۆ ئەوەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش بەجیاواز لە دەوڵەتی ئێراق مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.[1]