ناونیشانی پەڕتووک: لە کۆدگۆڕینی کانتەوە بۆ تیۆری فیلم
ناوی نووسەر: #پێشڕەو محەمەد#
شوێنی چاپ: #سلێمانی#
دەزگای پەخش: ناوەندی ڕەهەند
ساڵی چاپ: 2020
ژمارەی چاپ: یەکەم
دەروازەیەکە بۆ فینۆمینۆلۆژیای ماتریالیستی زیگفرید کراکاوەر.
زیگفرید کراکاوەر (1889-1966)، تەلارساز، فەیلەسوف، ڕەخنەگری کولتووریی، کۆمەڵناس، ڕۆماننووس، ڕەخنەگری ئەدەبیی، مێژوونووسی سینەما، تیۆریزەکەری فیلم و دواجار تیۆریزەکەری فەلسەفەی مێژوو بە قوڵیی لەژێر کاریگەریی ڕووداوە سەرەکییەکانی سەدەی بیستدا بوو. یەکێک لە سەرەکییترین ڕووخسارەکانی ناو هزری سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و کولتووریی کۆماری ڤایمار، کە بۆ ماوەی 10 ساڵ بەڕێوەبەری بەشی هونەریی و کولتووریی و ئەدەبیی ڕۆژنامەی فرانکفورت (فرانکفورتە تسایتونگ) بوو، لەگەڵ هاتنی هیتلەر بۆ دەسەڵات لە 1933دا هاوشانی جوولەکەکانی دیکە ملی تاراوگەی پاریس دەگرێت و تا ئەوکاتەی هیتلەر پەلاماری پاریس دەدات، لە 1941 لە کەناراوەکانی نیویۆرک دەگیرسێتەوە، نەک تەنیا لە سەردەمی پێش نازیزمدا، بەڵکوو وەک ڕۆشنبیر و فەیلەسوفێکی تاراوگەنشینیش، لە نووسین و خەبات دژی فاشیزم ناکەوێت و لەو سەروبەندەدا پەڕتووکە بەناوبانگەکانی دەنووسێت. بەرهەمەکانی ئەمڕۆ وەک نیشانەی بیر و هزرێکی دەوڵەمەند و ڕادیکاڵ دەبینرێت کە کاریگەریی لەسەر نەوەیەکی نوێی بیری ڕادیکاڵ هەبووە و ئەمەش هاوشانی واڵتەر بنیامین، بێرتۆلت برێشت، گیۆرگ لۆکاچ، تیۆدۆر ئادۆرنۆ، ئێرنست بلۆخ و هتد کراکاوەر دەکات بە بیرمەند و ڕۆشنبیرێکی زیندوو و ڕەسەن. جارێک ڕۆماننووس و ڕەخنەگری فیلم، فەیلەسوف و مێژوونووس، ڕۆژنامەنووس و وتارنووس، دانەری یەکەم لێکۆڵینەوەی ڕەسەن و بنچینەیی دەربارەی ڕۆمانی پۆلیسیی و کۆمەڵە بەرهەمێکی زیندوو و لەبیرنەکراو دەربارەی کولتووری شارنشینیی بەرلین و کۆماری ڤایمار، لێکۆڵینەوەی جددیی و داهێنەرانە دەربارەی فاشیزم و لێکدانەوەی زیرەکانە بۆ ژیانی پاریسیی لەسەردەمی ئیمپراتۆریەتی دووەم لە 1852دا، هەموو ئەمانە کراکاوەر دەکەنە بیرمەندێکی «سەرووهەرێمیی» کە لەم میتۆد و مۆدێلەی بیرکردنەوە و نووسین و خەباتدا ڕوانگە و ڕوانینی فزوڵانەی ئەو بۆ سەرجەمی ڕەهەندەکانی مۆدێرنیتە بۆ ئێمە ئاشکرا دەکەن. لەم پەڕتووکەدا، پێشڕەو محەمەد وێنە و پۆرترێتی ڕۆشنبیریی و هزریی کراکاوەر و ڕێگای لە فرانکفورتەوە بەرەو بەرلین و لەوێوە بەرەو پاریس و پاشان بەرەو نیویۆرک، دەکێشێت. نووسەر هەوڵی داوە ژیان و بەرهەمی کراکاوەر بخاتەوە ناو سیاقە مێژووییەکەیان، لە هەمانکاتدا هەوڵدەدات بیرمەندەکە لەگەڵ بیرمەندانی دیکەی ئەو قۆناغەدا بەراورد بکات و ئایدیا و بیرۆکەکانیان بخاتە ناو سیاقێکی فراوانترەوە بۆ بەدەستەوەدانی وێنەیەکی گشتییتر و فراوانتر نەک تەنیا بۆ کراکاوەر بەڵکوو هەروەها بۆ سەرجەمی قۆناغەکە لە تیۆدۆر ئادۆرنۆوە تا واڵتەر بنیامین، لە فریتز لانگی سینەماکارەوە بۆ گیۆرگ زیمیل، لە گیۆرگ لۆکاچەوە بۆ ئێرنست بلۆخ، لە فرانتز کافکاوە بۆ بێرتۆلت برێشت. لەم ڕێگایەوە نووسەری ئەم پەڕتووکە هەوڵی داوە چەند ئامانجێک بپێکێت: زیندووکردنەوەی یەکێک لە بەرجەستەترین پاڵەوانەکانی مۆدێرنیتە، دامەزراندنی فەلسەفەیەکی ماتریالیستیی بەناوی فینۆمینۆلۆژیای ماتریالیستیی و دواجار بەکارهێنانی ئەم ئایدیایانە بۆ بینینی خۆمان لەسەردەمی نوێدا.[1]