پەیماننامەی سیڤەر، کورد نەیتوانی ئەو هەلە بقۆزێتەوە
ئامادەکردنی: زاهیر سدیق
سیڤەر شارۆچکەیەکی نزیک پاریسی پایتەختی فەرەنسایە، سەرانی چەندین دەوڵەتی زلهێزی جیهانی ئەو کاتەی لەخۆی کۆکردەوە، تا ڕێگە چارەیەک بۆ دەرئەنجام و دەستکەوتەکانی چوار ساڵی جەنگی یەکەم بدۆزنەوە، ئەو شارۆچکەیەش بووە پێگەی ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتی، کە هەر بەو ناوەوە ناونرا پەیمانی سیڤەر. بەمەش نەک هەر شارۆچکەی سیڤەر بەڵکوو پەیمانی سیڤەریش چووە لاپەڕەکانی مێژووەوە، کە یەکێک بووە لەو پەیماننامانەی لە لای کورد بیرەوەرییەکی خۆشی درووست کردووە، بێ ئەوەی هیچ لەبەرهەمەکانی بخوات، پەیمانی سیڤەر خۆی لەخۆیدا ڕێککەوتننامەیەک بوو، لە10 ئابی 1920 لە لایەن دەوڵەتانی بەریتانیا و فەرەنسا و ئیتاڵیا و ژاپۆن و ئەرمەنستان و بەلجیکا و یۆنان و پۆڵەندا و پرتوگال و ڕۆمانیا و سیبریا و کرواتیا و سلۆڤینیا و چیکسلۆڤاکیا و تورکیای عوسمانی و ویلایەتەیەگرتووەکانی ئەمریکا وەک چاودێر واژۆکرا، لە کاتی کۆبوونەوەی سەران و نوێنەرانی ئەو وڵاتانەش، نوێنەرانی هەر یەک لەعەرەبەکانی حیجاز بەسەرۆکایەتی فەیسەڵی کوڕی حسێن و کوردەکانیش بەسەرۆکایەتی ژەنەراڵ شەریف پاشای خەندان ئامادەبوون و هەر یەکەیان ڕاپۆرتێکیان لەسەر بارودۆخی نەتەوە و وڵاتەکەیان و داواکاری لەسەرانی وڵاتان بۆ دەستەبەرکردنی مافە ڕەواکانیان پێشکەش کرد. لەو پەیمانەدا کە چوار سەد و سی و دوو بەندی لەخۆ گرتبوو زۆربەی خواست و داواکاری و بەرنامەی کاری دەوڵەتانی هاوپەیمانانی تێدا بەدی کرا، لەسەر ئەو بڕوایەی دوای چوار ساڵ شەڕ لەجەنگی جیهانی یەکەمدا 1914 تا1918 بەسەرکەوتوویی کۆتاییان بەدەسەڵاتدارێتی ئیمبراتۆریەتی ئەڵمانیا و ئیمبراتۆریەتی نەمسا و مەجڕ و ئیمبراتۆری عوسمانی هێنا و خۆیان پێکەوە بوونە تاکە زلهێزی و میراتگری زەوی و سامانی ئەو دەوڵەتە تێکشکاوانەی جەنگ، کۆبوونەوە و کێشە و خواستی دەوڵەتانی هاوپەیمان لە چوارسەد و سی مادەدا زۆرزۆر دەهێنێ قسەی لەسەر بکرێ، بەڵام ئەوەی جێگای خواست و مەبەستی ئەم بەرنامەیەیە کە تا چەند پەیمانی سیڤەر خواستەکانی کوردی جێبەجێ کرد یان تا چەند ئاوڕی لەکورد دایەوە و خاکە دابەشکراو و داگیرکراوەکانی بۆ ئازاد کرد، لەپەیمانی سیڤەردا سێ مادە تایبەت بوو بە کوردستان و گەلی کورد، ئەوانەش مادەکانی شەست و دوو و شەست و سێ و شەست و چوار بوون بریتین لەمادەی شەست و دوو، لیژنەیەک لەسێ ئەندام پێک دەهێنرێ لەبەریتانییەک و فەڕەنساییەک و ئیتاڵییەک کە حکومەتەکانیان دیارییان دەکەن، مەڵبەندی لیژنەکەش شاری ئەستەنبوڵ بوو، کە لە ماوەی شەش مانگدا کۆبوونەوە ئەنجام دەدەن، تا ڕاپۆرتێک سەبارەت بەمافی فەرمانڕەوایەتی ئۆتۆنۆمی بۆ ئەو ناوچانەی زۆرترین دانیشتووانی کوردن ئامادە بکەن، ئەویش ناوچەیەکە کەوتووەتە خۆرهەڵاتی فورات و باشووری ئەرمینیا و باکووری سنووری ئێراق و سووریا، کە لەبەندی بیستوحەوتی مادەکانی سێ سەد و بیست و دوودا هاتووە، هەروەها ئەگەر هەریەک لەئەندامانی لیژنەکە بڕیاریان لەسەر کێشەیەک لەکێشەکان نەدا، ئەوە بۆیان هەیە کێشەکە بەرەو ڕووی حکومەتەکەیان بکەنەوە، هەر لەم پڕۆژەیەشدا پێویستە مافی پاراستی ئاشووری و کلدانییەکان وکەمە نەتەوەکان و ئایینە کەمینەکان زامن بکرێت، کە لەخاکی کوردستاندا دەژین، هەروەها لیژنەیەکیش لە بەریتانییەک و فەرەنسایەک و ئیتاڵی و ئێرانی و کوردێک دەنێردرێنە ناوچەکە بۆ مەبەستی پێشوو، ئەو لیژنەیەش لەتوانایاندایە گۆڕانکاری لە سنووری تورکیادا بکەن، بە مەرجێک لەگەڵ بەندەکەکانی پەیماننامەکە و سنووری ئێراندا بگونجێ، مادەی شەست و سێ دەوڵەتی عوسمانی پەیمان دەدا لە ماوەی سێ مانگدا سەرجەم بڕیارەکانی مادەی شەست و دوو لەبەرنامەی کاری لیژنەکان دوای دەرچوونی بڕیارەکانی لیژنەی تایبەت بەمادەکە جێبەجێ بکات. مادەی شەست وچوار ئەگەر گەلی کورد کە لەمادەی شەست ودوو دا دیاری کراوە لە ماوەی ساڵێکدا ڕووی کردە کۆمەڵەی گەلان و زۆرترین دانیشتووانی ناوچەکە ئارەزووی جیابوونەوەیان لە تورکیا کرد و ئەگەر کۆمەڵەی گەلان زانیان ئەو گەلە شایەنی ئەو سەربەخۆییەن، ئەوا ئامۆژگاری تورکیا دەکەن و تورکیاش پەیمان دەدا واز لە هەموو مافەکان لە ناوچەی ناوبراودا بهێنێ و لە هەمان کاتدا هێزە هاوپەیامانەکان هیچ کۆسپێک نەخەنە بەردەمیان، تەنانەت ئەگەر ئەو دەوڵەتە کوردییە ئارەزوومەندی یەکگرتنی کرد لە بەشی ویلایەتی موسڵ یان بەپێچەوانەوە لە کاتێکدا کۆمەڵێک هیوا و ئامانج وخواستی کورد لەخاکە داگیرکرا و دابەشکراوەکەی هاتەدی، بەڵام تا ڕۆژگاری ئەمڕۆش نهێنی جێبەجێ نەکردنی ئەو مادانە پرسیارن، ئەگەرچی پەیمانی سیڤەر تا ڕۆژگاری ئەمڕۆش بووە خەونی کورد و بەدی نەهات، بەڵام بێگومان ئەگەر ئەو کات ئەو پەیمانە و بەندەکانی بۆ کورد بچوایەتە بواری جێبەجێ کردنەوە، ئێستا واقیعی کورد و کوردستان شتێکی تر دەبوو.
$لایەنی دۆڕاو ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بوو$
د. پێشڕەو حەمە جان: بێگومان لە ئەنجامی ململانێیەک چەندین ڕێککەوتننامەی نێوان ئیمبراتۆریەتی عوسمانی و سەفەوییەکان دواجار بەشێکی زۆری کوردستان کەوتە ژێر دەسەڵاتی عوسمانییەوە، بەم شێوەیە کوردستان بەشێکی زۆری لەژێر دەسەڵاتی ئەواندا مایەوە تاوەکوو هەڵگیرساندنی جەنگی جیهانی یەکەم، لەجەنگی جیهانی یەکەمدا ئیمبراتۆریەتی عوسمانی چووە پاڵ ئەڵمانیا و ڕووبەڕووی هاوپەیمانان بووە، ساڵی 1914 کاتێ کە جەنگی جیهانی دەستی پێ کرد، یەکێک لە لایەنەکانی جەنگی جیهانی ئیمبراتۆریەتی عوسمانی بوو، لە کۆتاییدا بێگومان لایەنی دۆڕاو ئیمبراتۆریەتی عوسمانی بوو، بەتایبەت بەریتانیا و فەرەنسا و ئیتاڵیا و ڕووسیا ئەمانە براوەی جەنگی جیهانی یەکەم بوون و لەئەنجامدا کۆمەڵێک ڕێککەوتننامەی ئاشتیان بەست کە لە ڕێگەی ڕێکەوتننامەکانی ئاشتییەوە ئیرادە و ستراتیژی خۆیان بەسەر دەوڵەتانی دۆڕاودا فەرزکرد، بەسەر ئیمبراتۆریەتی عوسمانیدا، بۆیە لەئەنجامدا یەکێک لەو ڕێککەوتننامانەی ئاشتی بریتی بوو لەرێکەوتننامەی سیڤەر کە بەسترا لەنێوان ئیمبراتۆریەتی عوسمانی و دەوڵەتانی تر، بەتایبەت بەریتانیا و فەرەنسا و ئیتاڵیا.
$کورد نەیتوانی ئەو هەلە بقۆزێتەوە$
مامۆستا گۆران برایم: بێگومان پەیمانی سیڤەر یەکێک لەئەنجامەکانی جەنگی یەکەمی جیهانی، کە لەو کاتەدا دوای سیلسیلەیەک پەیمان، دوای کۆنگرەی ئاشتی پاریس، دوای پەیمانی سانڕیمۆ، یەکێک لەو پەیمانە گرنگانەی دوای جەنگی یەکەمی جیهانی هاتەکیایەوە مەسەلەی پەیمانی سیڤەرە، بێگومان پەیمانی سیڤەر وەرچەرخانێکی بڕیارە نێودەوڵەتییەکان بوو سەبارەت بە کورد، چونکە یەکەم جاربوو لەسەر ئاستی جیهان بڕیارێکی نێودەوڵەتی ئاوا دەرچێت سەبارەت بەمافی کورد و درووستکردنی دەوڵەتێک کیانێک لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بێگومان ئەم بڕیارە لە ڕووی یاسایی هێزێکی گەورەی هەبوو، ئەو کاتە کورد نەیتوانی ئەو هەلە بۆ خۆی بقۆزێتەوە، هەر وەکوو جوویەکان مەسەلەی بڕیاری بەلفۆریان بۆ خۆیان قۆستەوە، بەڵام کورد لەو کاتەدا نەیتوانی ئەو هەلە بۆخۆی بقۆزێتەوە و دەوڵەتێکی نەتەوەیی لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بۆخۆی درووست بکات.
$قسە لەسەر بچووکبوونەوەی هێزی چەکداری دەوڵەتی عوسمانی دەکرا$
د. پێشڕەو حەمە جان: بێگومان کۆمەڵێک خاڵی جەوهەری و گرنگی لەخۆگرتبوو، تەنیا پەیوەندیدار نەبوو بە کوردەوە، بەڵکوو قسە لەسەر سەربەخۆیی ئێراق وسووریا ئەکرا تا بخرێتە ژێر ئینتیدابی بەریتانیا و فەرەنسا، قسە لەسەر سەربەخۆیی ئەرمەنەکان دەکرا، قسە لەسەر بچووکبوونەوەی هێزی چەکداری دەوڵەتی عوسمانی دەکرا، قسە لەسەر هەندێک ناوچەی وەک جەزیرە و دەریاچەکانی نێوانی یۆنان و تورکیا دەکرا کە بدرێتە دەست یۆنان، و هەندێک ناوچە لەچەک دابماڵێ، شتێک کە گرنگی خۆی هەبوو بەنیسبەت کوردەوە لەم ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەدا داننرابوو بەدرووستبوونی دەوڵەتێکی نەتەوەیی کورد کە لە هەندێک لەبڕگەکانیدا، بەتایبەت لەمادەکانی شەست و دوو و شەست و سێ و شەست وچواردا جەخت لەسەر ئەوە دەکرایەوە کە بەریتانیا و فەرەنسا و ئیتاڵیا پێکەوە لیژنەیەک درووستبکەن، ئەم لیژنەیە جۆرێک لەحوکمی زاتی بە کوردەکان بدات، تاوەکوو بگاتە ئاستێک کوردەکان بتوانن مومارەسەی جۆرێک لەسەربەخۆیی بکەن، دواجار ئەگەر هاتوو زۆرینەی ئەو ناوچانەی کە کورد تێیدا نیشتەجێ بووە، بەتایبەتیی کوردستانی باکوور، ئەگەر زۆرینە بڕیاریان لەسەر دەوڵەتێکی کوردیدا لە ڕێگەی لیژنەکەوە بدرێتە دەست کۆمەڵەی گەلان کە ئەو کاتە عوسبەتوئومەم بوو، ئەوانیش ڕاسپاردەی خۆیان بدەن بەدرووستبوونی دەوڵەتێکی کوردی ولەرێککەوتننامەدا لە ڕێگەی ئەم مادانەوە جەخت لەسەر ئەوە کرابووەوە دواجار ئەبێ ئیمبراتۆریەتی عوسمانی بەدەرئەنجامی ڕاپرسییەکەی خەڵکی کوردستان ڕازی بێت ئەگەر داوای سەربەخۆیان کرد ئەبێ ئیمبراتۆریەتی عوسمانی دان بەدەوڵەتی سەربەخۆیی کوردا بنێ، لە ڕێگەی ڕێکەوتننامەی سیڤەرەوە و پاشان تەنازول لە مافەکانی خۆی بکات، لە ناوچە کوردنشین دانرابوو بەتایبەت ناوچەی کوردستانی باکووری بەتەواوەتی ئەگەرتەوە، لە ڕێگەی ئەو ڕێکەوتننامەیەوە جەخت لەسەر ئەوە کرابووە کە ئەگەر هاتوو ویلایەتی موسڵ کە کوردستانی باشوور یان کوردستانی ئێراق دەگرێتەوە ئەگەر ئەمانیش مەبەستیان بوو ئارەزوومەندان بچنە پاڵ دەوڵەتەکە. واتە دواجار ئەوەی کە بەنیسبەت ئێمەوە گرنگە لەرێکەوتننامەی سیڤەردا بەتەواوەتی جەخت لەسەر ئەوە کرابووەوە کورد مافی ئەوەی هەیە دەوڵەتێکی کوردی بۆ درووستبکەن، لەژێر چاودێری عوسبەت وئومەمدا.
مامۆستا گۆران برایم: ئەوە بۆ کەمالییەکان وەک پەتی سێدارە لە قەڵەمیان ئەدا، دوابە دوای ئەوە سەیر دەکەیت تورکەکان کەوتنە گڕ بۆ ئەوەی ئەو پەیماننامەیە شکست پێبهێنن، بەفیعەلی شکستی هێنا و سەرکەوتووش بوون تێیدا. دوای سەرکوت کردنی کوردەکان و دوای ڕازی کردنی بەشێکی تریان سەیر دەکەیت ئەرمەنەکانیشیان سەرکوت کرد، لە لایەکی دیکەوە هەموو هەوڵەکانیان خستە گڕ بۆ ڕازی کردنی وڵاتانی ڕۆژاوا ئیتر بەرێکەتن بێت لەگەڵیاندا بەبەڵێنی دوای پەیماننامەکە بێت، یاخود بەئاگر بەست بێت، هەر چۆنێ بوو هەموو وڵاتانی ڕۆژاواشیان ڕازی کرد بۆ ئەوەی ئەو پەیمانە شکست پێ بێنێنن، و بەفیعەلی توانییان شکستی پێبهێنێ.
د. پێشڕەو حەمە جان: ئەگەر ئێمە لەڕوانگەی یاسایی و دوور لەهەستی نەتەوایەتی سەیری بکەین پێمان وایە کاتێ ڕێکەوتننامەیەکی نێودەوڵەتی لەبەینی ژمارەیەک دەوڵەتدا دەبەسترێ وەکوو ڕێکەوتننامەی سیڤەر، تەنیا ئیمزاکردن ئەم ڕێکەوتننامەیە ناخاتە بواری جێبەجێ کردنەوە، بۆیە ڕێکەوتننامەکان لە ڕووی یاساییەوە بۆ ئەوەی بتوانن جۆرێک لەسیفەتی میزانی لەسەر دەوڵەتانی ئەندام درووستبکەن و دەوڵەتانی ئەندام ناچار بکرێ بە پابەند بوونیان بەم ڕێکەوتننامە نێودەوڵەتیدانەوە، بێگومان ئەبێ ڕێکەوتننامەکان پاش ئیمزاکردنیان ببرێنەوە لە وڵاتەکانی خۆیان پەسەند بکرێن، بێگومان بەڵگە یاسایی و مێژووییەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە تەنیا دەوڵەتێک تەسدیقی ئەم پەیماننامەیەی کردبوو دەوڵەتی ئیتاڵیا بوو، بەڵام دواجار ئیتاڵیاش تەسدیقەکەی کێشایەوە کردەوە، بۆیە دەتوانین بڵێین هیچ دەوڵەتێک نەمایەوە لەئەندامانی ناو ڕێککەوتننامەکە پەسەندی کردبێ و کە پەسەندیش نەکرێ لەڕوانگەی یاسایی و نێودەوڵەتییەوە هیچ ئیلتیزامێک لەسەر دەوڵەتانی ئەندام درووست ناکات، بۆیە من پێم وایە بەتەواوەتی نەبوو بەرێککەوتننامەیەکی نێودەوڵەتی وا کە بتوانێت لە ڕووی یاساییەوە ئیلتیزام لەسەر دەوڵەتانی ئەندام درووست بکات، تاوەکوو پابەند بن بەو ڕێکەوتننامەوە، لەبەر ئەوە تەنیا وەکوو شتێکی سیاسی مایەوە لەنێوانیاندا بۆ ئەوەی ئەو سیفەتی ئیلتیزمی وەربگرتایە پێویستی بەپڕۆسەیەکی تر هەبوو کە بێگومان نەچوو بواری جێبەجێ کردنەوە، بۆیە من باوەڕم وایە لەڕوانگە یاساییەکەوە بەتەواوی نەبووە ڕێکەوتننامەیەکی مولزەم تاوەکوو قسە لەسەر ئەوە بکەین کە هەڵوەشاوەتەوە.
$دەوڵەتی تورکیا ناچار دەکات دان بەو کیانە کوردییەدا بنێ$
مامۆستا گۆران برایم: مەسەلەکە یەک لایی بووبووەوە بە شێوەیەکی یاسایی بڕیارەکە درابوو، لەمادەی شەست ودوو وشەست و سێ و شەست و چوار کە دەوڵەتێک بۆ کورد درووست بکرێ، سەرەتا بەپێی مادەی شەست و دوو درووستکردنی کیانێکی ئۆتۆنۆمییە بۆ کوردەکان، بەشێکی زۆری ئەو ناوچە کوردییانەی دەگرتەوە کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی کوردن، بێگومان ئەمە بڕیارێک بوو لە لایەن دەوڵەتە زلهێزەکانەوە دەرچووبوو بۆ ئەو ناوچانەی زۆرینەی دانیشتووانەکەی کوردن، دوای ئەوە مادەی شەست و دوو دەوڵەتی تورکیای ئەو کاتە ناچار دەکات دان بنێت بەو کیانە ئۆتۆنۆمییەی کە بۆ کوردەکان دادەمەزرێت، مادەی شەست و چوار جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئەو کیانەی دامەزراوە لە لایەن کوردەکان خۆیانەوە ئەگەر دوای ساڵێک بەزۆرینەی دەنگ ڕازی بوون بەجیابوونەوە لە تورکیا ئەو کاتە عوسبەت و ئومەم پشتگیریان دەکات بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردی لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
$گومانی تێدا نییە بەڵگەنامەیەکی مێژووی گرنگە$
د. پێشڕەو حەمە جان: ئەگەر بە مووچەرەد نەڵێین لە ڕووی یاساییەوە بەتەواوەتی نەبووە ڕێکەوتننامەیەکی مولزەم، بەڵام گومانی تێدا نییە بەڵگەنامەیەکی مێژووی و سیاسی گرنگە، جۆرێک لەدانپێدانانی نێودەوڵەتییە کە ناوچەیەک هەیە دەکەوێتە نێوان تورکیا و ئێراق و سووریا و ئێرانەوە پێی ئەوترێ کوردستان و خەڵکێکی تێدا نیشتەجێن پێیان ئەوترێ گەلی کورد. دانپێدانانێکی تری تێدایە کە ئەم خەڵکە لە ڕووی مێژووییەوە لە دوای جەنگی جیهانی یەکەمەوە دانی پێدا نراوەو مافی چارەی خۆنووسینیان هەیە، بۆیە دەتوانین ئەم مافانە لە ڕێگەی ئەم ڕێککەوتننامانەوە کە نەچووە بواری جێبەجێکردنەوە هەڵهینجانێکی تێدا بکەین و سوودی لێ ببینین وەک بەڵگە نامەیەکی مێژوویی و سیاسی بەوەی گەلێک هەبووە پێیان وتراوە کورد و لە کوردستاندا نیشتەجێ بوون و مافی چارەی خۆنووسینیان هەیە، ئێمە لەو ڕوانگەیەوە و لەرووانگەی سیاسییەوە دەتوانین سوودیان لێ ببینین.
$ئەمریکا ڕۆڵی هەبوو لەهەموارکردنەوەی ئەو بەندانە$
مامۆستا گۆران برایم: واژۆکردنی پەیماننامەی سیڤەر لە لایەن گەلێک لە دەوڵەتانی تری وەک فەرەنسا و ئیتاڵیا و یەکێتی سۆڤیەت و بێگومان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش کە لەو کاتەدا چاودێڕێک بوو، بەڵام دواتر ڕۆڵێکی گەورەی هەبوو لەهەموارکردنەوەی ئەو بەندانەی کە تایبەتن بەدرووستکردنی دەوڵەتێکی نەتەوەیی بۆ کورد. بێگومان تورکیای کەمالی وەک هێزێکی ناسیۆنالیستی گەورە لە گۆڕەپانەکەدا دەرکەوتبوو، سەرەتا تورکیا یەکێک لەو هەلانەی قۆستییەوە ئەوەبوو پاش چەند مانگێک لەواژۆکردنی بەندەکانی پەیماننامەکە هەمووارکرایەوە لە لایەن وڵاتە زلهێزەکانەوە، چونکە ئێمە دەبێ ئەو حەقیقەتەش بڵێن هێشتا موسادەقە نەکرابوو، بواری دەستکاری کردنی تێدا بوو، دوای ئەوە وڵاتێکی وەک یەکێتی سۆڤیەت بەلای خۆیدا ڕاکێشێ بۆ ئەوەی بەکاری بهێنێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەیماننامەی سیڤەر، چونکە لەو کاتەدا تورکیا وای لەیەکێتی سۆڤیەت گەیاندبوو کە ئەمە پلانێکی ئیمپریالیستی وڵاتە ڕۆژاواییەکانە دژ بەتورکیا، هەر لەبەر ئەوە بوو یەکێتی سۆڤیەت پشتگیرییەکی گەورەی تورکیای کرد، لە لایەکی دیکەوە و ساڵانێک پێشتر تورکیا بەڵێنی بەویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دابوو تورکیا بکەوێتە ژێر مانداتی ئەمریکاوە، لەپاڵ ئەوە دا چەندین بەڵێنی تری بەویلایەتە یەکگرتووەکان دابوو. ئەمانەش پاڵی بەویلایەتە یەکگرتووەکانەوە نا بۆ ئەوەی پشتگیری لە تورکیا بکات، بێجگە لەو بەڵێنانەی بەکۆمپانیا پترۆڵییەکانی ئەمریکای دابوو، لە لایەکی دیکەوە فەرەنسا لەگەڵ تورکیا ڕێککەوت و دوای ئاگر بەستێک پاشەکشێی لەو خاکانە کرد کە لە تورکیایە داگیری کردووبوو، ئیتاڵیاش لە لایەن خۆیەوە ئاگربەستی لەگەڵ تورکیادا واژۆ کرد، دوای ئەمە بەریتانیا کاتێ بە هەموو ئەمانەی زانی ئەویش بەناچاری لە تورکیا چووە پێشەوە بۆ ئەوەی لەگەڵیدا ڕێکبکەوێت و ڕێکیشکەوت، بەڵام ڕێکەوتنەکە لەسەر حیسابی کوردبوو، ئەوەشمان بیرنەچێ تورکیا توانی لەسەر ئاستی ناوخۆشدا کوردەکان بەکار بهێنێ چ بۆ بەرژەوەندی خۆی، چ دژ بەداواکارییەکانی بەریتانیا لەناو خاکی تورکیادا، چونکە لەو کاتەدا کوردەکان بەشێک بوون لەئەنجوومەنی نەتەوەیی تورک کە پێشتر دامەزرابوو، توانی ئەو هەلە بقۆزێتەوە چ بۆ بەرژەوەندی خۆی و چ بەدژی وڵاتە ڕۆژاواییەکان.
د. پێشڕەو حەمە جان: بێگومان لەڕوانگەی یاسای نێودەوڵەتییەوە دواجار پڕۆسەی ڕێکەوتننامەی نێودەوڵەتی سیڤەری پڕۆسەی پەسەند کردنە، یاخود تەسدیق کردنە، هەر بۆخۆی پڕۆسەکە پڕۆسەیەکی ئارەزوومەندانەیە، واتە پڕۆسەی پەسەندکردن جۆرێک لە ئارەزوومەندانەی داوەتە دەست دەوڵەتان. دەوڵەتان ئەو ڕێککەوتننامانەی لە سەرەتادا واژۆیان کردووە، دەتوانن ئارەزوومەندانە لەڕوانگەی یاساییەوە پەسەندی نەکەن، بۆ؟ چونکە ئەمە جۆرێک لە ئازادی داوە بەدەوڵەتەکان بۆ ئەوەی ڕێکەوتننامە یەک لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ئیمزا دەکەن، کە گەڕانەوە بۆ وڵاتەکەی خۆیان بەپێی بەرنامە و ستراتیژ و سیاسەتی خۆیان لەیەکدانەوەیەک بکەن ئایا تا چ ڕادەیەک ئەو ڕێکەوتننامەیە لەگەڵ بەرنامە و بەرژەوەندییەکانی ئەماندا یەک دەگرێتەوە، واتە بۆ خۆی ڕێکەوتننامەیەک ئیمزاش کرابێت ئارەزوومەندانەش ئیمزا کرابێت، دواجار ئارەزوومەندانە دەتوانیت پەسەندی نەکەیت و نەیخەیتە بواری جێبەجێ کردنەوە. ڕاستە ئەم دەوڵەتانە ئیمزایان لەسەر کرد، بەڵام دواجار بەرژەوەندی ئەمانی تێدا نەبووە ئەم ڕێکەوتننامەیە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە بۆیە دواجار لەڕوانگەی یاساییەوە پەسەندیان نەکرد بەبێ ئەوەی بەرپرسیارییەتییان لەسەر درووست بێت، بەڵام دەتوانین بڵێین لەڕوانگەی سیاسی و ئەخلاقییەوە جۆرێک لەبەرپرسیارییەتییان لەسەر درووست بووە لە بەرانبەر ئەو بەڵێنانەی کە داویانە و ئەو ڕێکەوتننامەیەی ئیمزایان کردووە. زۆر جار بەڵگەنامە مێژووییەکان جەخت لەوە دەکەنەوە ئەم ڕێکەوتننامەیەی ئیمبراتۆریەتی عوسماتنی بەستی بێگومان دۆڕاوی جەنگی یەکەمی جیهانی بوو، دواجار لەناو تورکیادا بزووتنەوەیەکی نیشتمانی تورکی بەسەرپەرشتی ئەتاتورک سەری هەڵدا، کە زیاتر بزووتنەوەیەکی نیشتمانی تورکی بوو، گومانی تێدا نییە ئەم بزووتنەوەیە کە ئیمبراتۆریەتی عوسمانی گۆڕی بۆ کۆماری هەر لە سەرەتاوە کاری لەسەر ئەوە دەکرد ڕێکەوتننامەی سیڤەرە نەچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە، دواجار کە کۆماری تورکیاش درووستبوو جۆرێک لەئیستیغلالی کردنی ئەو ململانێ نێودەوڵەتییەی کرد بەتایبەت لەنێوانی بەریتانیا و ڕووسیا کە زیاتر ئەو کاتە بزووتنەوەیەکی ئیشتراکی تێدا دەرکەوت بەسەر پەرشتی لینین، جۆرێک لەململانێی نێوان ئەوانیان ئیستیغلال کرد، جۆرێک لەدیبلۆماسییەت و سیاسەتی خۆی بەکابرهێنا تا ئەم ڕێکەوتننامەیە نەچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە. بەتایبەتیی لە سەرەتادا بزووتنەوەکەی ئەتاتورک خۆی وادەردەخست کە نوێنەرایەتی تورک و کورد دەکات و کوردەکان لە چوارچێوەی تورکیاداپارێزراون، لە لایەکی ترەوە فەرەنساش هەرچەند ئەندام بووە و قسە لەسەر ئەوە دەکرێت هەر لە سەرەتاوە ڕازی نەبووە بەرێکەوتننامەی سیڤەر بە شێوەیک کە دەوڵەتێکی کوردی درووست بکات بۆ کوردەکانی کوردستان لە لایەکی ترەوە لە ئەنجامی بەرژەوەندییەکانی بەریتانیا و بەرژەوەندییەکانی فەرەنسا و دواجار سەرهەڵدانی بزووتنەوە ئەتاتورک لەناوتورکیادا ئەمانە بۆ خۆی کۆمەڵێک هۆکار بوون دواجار گەیشتە ئەوەی واقیعی کۆمەڵی دەولی بەئاڕاستەیەکدا ڕۆیشت ڕێکەوتننامەکە لە ڕووی یاساییەوە پەسەند نەکرا، ئیتاڵیا تەسدیقی کرد و ئەویش دواجار تەسدیقەکەی کێشایەوە، لەئەنجامدا بەرژەوەندییەکانی ئەو کاتی کۆمەڵی نێودەوڵەتی بێگومان بەو ئاڕاستەیەدا ڕۆیشت ئەم ڕێکەوتننامەیە نەچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.
$کورد سەرکردەی نەبوو$
مامۆستا گۆران برایم: لەو کاتەدا کورد لەسەر ئاستی نێوخۆیی خاوەنی سەرکردەیەک نەبوو کە سەرکردایەتی بزووتنەوەیکی ڕزگاریخوازی نەتەوایەتی کورد بکات، ئەمە بەپێچەوانەی فارسەوە بەنموونە لە ئێران ڕەزا شای پەهلەوی توانی سەرکردایەتی ئێران بۆ درووستکردنی ئەو دەوڵەتە کە ئەمڕۆ لە چوارچێوەی ئێراندا هەیە، لە تورکیا ئەتاتورک هەبوو، عەرەبەکان لە لایەکی دیکەوە خاوەنی سەرکردایەتی خۆیان بوون بۆ درووستکردنی دەوڵەتی عەرەبی، بەڵام کورد خاوەنی سەرکردایەتییەک نەبوو کە هەموو کورد لەژێر ئاڵایەکدا کۆبکاتەوە، و سەرکردایەتی بزووتنەوەیەکی نەتەوایەتی بکات بۆ درووستکردنی دەوڵەتێکی کوردی، دوای ئەوە ئەو ڕێکخراو و ئەو کۆمەڵانەی لەو کاتەدا هەبوون ڕاستە لەهەوڵێکی گەورە زۆردابوون بۆ ئەوەی تواناکانی کورد یەکبخەن، چ ڕۆشنبیرەکان و چ عەشیرەتەکان، چ کەسایەتییە (نوخبە)کان، بەڵام ئەوانیش هێشتا سەرکەوتوو نەبوون، چونکە ئەو ڕێکخراوانەی لەو کاتەدا هەبوون بەتایبەتیی کۆمەڵەی تەعالی کوردستان و کۆمەڵەی تەعالی کورد، جەعیەتی تەشکیلاتی ئیجتیماعی و پارتی میللی کورد هەموو ئەمانە کە لەو کاتەدا هەبوون بەڕاستی یەکەم پەیوەندییەکی پتەو و تەنسیقێکی بەهێز لەنێوانی خۆیاندا نەبوو، دوای ئەوە تەنسیقێکی بەهێز لەنێوانی ئەوان و خەڵکی خوارەوەدا نەبوو، یەکێک لەبەڵگەنامەکانی بەریتانیا لە دوای پەیمانی سیڤەرەوە باسی لەوە کردووە کورد نەیتوانیوە پەیمانی سیڤەر بۆ خۆی بقۆزێتەوە، یەکێک لەهۆکارەکانی ئەوە بوو کە سەرکردایەتییەک لەکوردا نەبووە هەموو کورد لەژێر چەتری خۆیدا کۆبکاتەوە بۆ درووستکردنی دەوڵەت، ئینجا ئاماژەشی بەوە کردووە کوردەکان خۆشیان لە ناوخۆیاندا ناکۆکن، ئەم عەشیرەت لەگەڵ ئەو عەشیرەت ڕێکناکەوێ، ئەگەر دەسەڵات بدرێ بە هەر لایەنێک لایەنەکەی تر قبووڵی ناکات.
د. پێشڕەو حەمە جان: وەکوو ئەوەی بتوانین لەڕوانگەیەکی یاساییەوە تورکیا ناچاربکەین، بێگومان ناتوانین، بەڵام گومانی تێدا نییە وەک بەڵگەنامەیەکی سیاسی و مێژوویی کە ڕۆژگارێک هەبووە ئیمبراتۆریەتی عوسمانی دانی ناوە بەوەی ناوچەیەک هەیە پێی دەوترێ کوردستان و کوردی تێدا نیشتەجێیە، دەتوانین لەم ڕێگەیەوە کاری لەسەر بکەین، بەڵام ئەمە بەزۆرەملێ نابێ بەتایبەتیی ئەمڕۆ دەوڵەتێک هەیە ناوی دەوڵەتی تورکیایە، بەڵام ئەگونجێ لەگەڵ یەکانگیرکردنی بەرژەوەندی دەوڵەتی تورکیا و دەوڵەتانی دراوسێ و دەوڵەتانی زلهێز، بێگومان هیچ ڕێگرییەکی یاسایی نییە ئێمە ئەگەر بتوانین کاری لەسەر بکەین.
$هەنگاوێکی تر بۆ سەربەخۆیی$
مامۆستا گۆران برایم: ئەگەر سەیر بکەیت ئەو ئۆتۆنۆمییە کە بەو ناوچانە ئەبەخشرا زۆرینەی دانیشتووانەکەی کوردن ئەمە خۆی لەخۆیدا هەنگاوێک بوو بەرەو سەربەخۆیی، ئەگەر ئەو ئۆتۆنۆمییە بە کورد ببەخشرایە لەو کاتەدا و ساڵی دوای ئەوە لە ڕێگەی ڕیفڕاندۆمێکەوە زۆرینەی کورد دەنگی بدایە بەسەربەخۆیی ئەو کاتە ئەیتوانی سەربەخۆیی بەدەست بهێنێ و لەگەڵ ویلایەتی موسڵ و ئەو سنوورەی دیاریشکراوە.
$لە ئاستی درووستبوونی دەوڵەتی کوردیدا ڕێگر هەبوو$
د. پێشڕەو حەمە جان: من ئەمەوێت بە چەند خاڵێک وەڵام بدەمەوە یەکێک لەو خاڵانە ئەوەیە ئێمە پێمان وانەبێت کە هەموو ئەو نەخشە سیاسییانەی دەوڵەتانی پێدرووست بوون لە دوای جەنگی جیهانی یەکەم هەمووی لە ئەنجامی ڕێکەوتننامەی سیڤەر درووست بووبێ، چونکە لەناوەڕاست و کۆتایییەکانی جەنگی جیهانی یەکەمدا لەنێوان دەوڵەتانی هاوپەیماندا چەندین ڕێکەوتننامەی نێودەوڵەتی بەسترا لەوانە ڕێکەوتننامەی سایکس پیکۆ، ڕێکەوتننامەی سانڕیمۆ و چەندین ڕێکەوتننامەیان بەستبوو کە هەندێکیان تایبەت بوون بەدابەشکردنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی عوسمانی، واتە لەم ڕێکەوتننامەانەدا کاری زۆریان لەسەر کردبوو نەک تەنیا لەرێکەوتننامەی سیڤەردا، بێگومان خاڵێکی تریش کە دەمەوێت لەسەری بدوێم، ئیمبراتۆریەتی عوسمانی لەو کاتەدا دۆڕاوی جەنگی جیهانی بوو بۆیە دەوڵەتانی هاوپەیمان هەرچییەکیان بویستایە ئیرادەی خۆیان زۆر بەئاسانی فەرز دەکرد بەسەر ئەم دەوڵەتەدا، بۆیە نیازیان وابوو چەندین دەوڵەت درووست بکەن، یەکێکیش لەو دەوڵەتانە دەوڵەتی کوردی بوو، بەڵام دواجار ئەم ئیرادەیە وەکوو خۆی نەمایەوە، دەوڵەتەکانی تر درووستبوون، بەڵام ئیرادەی دەوڵەتە کوردییەکە نەمایەوە. خاڵێکی تر ئەمەوێت قسەی لەسەر بکەم ئەو دەوڵەتەی کە بووە جێگرەوەی دەوڵەتی عوسمانی کۆماری تورکیا بوو کە بەسەرپەرشتی ئەتاتورک ئیشی تێدا ئەکرا، بێگومان هەندێ شوێنی وەک ئێراق و سووریا و حیجاز ئیشیان بۆ دەکرا تا ببن بەخاوەنی دەوڵەتی خۆیان، ئەگەر ڕێگرێک نەبووبێ، بەڵام لەئاستی درووستبوونی دەوڵەتی کوردیدا ڕێگر هەبوو، بەتایبەتیی کۆماری ئەو کاتی تورکیا کاری لەسەر ئەوە کرد ئەم دەوڵەتی کوردییە نەچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە، بۆیە ئەوانی تر چوونە بواری جێبەجێکردنەوە و کورد نەچووە بواری جێبەجێ کردنەوە، خاڵێکی تر فەرەنسا هەر لە سەرەتاوە ڕازی نەبوو بەدرووستبوونی دەوڵەتێکی کوردی لەم ناوچەیەدا، بەڵام بەرانبەر شوێنەکانی تر ڕازی بوو، خاڵێکی تر کە ئەمەوێت ڕوونکردنەوەیەکی لەسەر بدەم، ئەو کاتە واقیعی دەوڵەتانی زلهێز و بەرژەوەندییەکانیان نەیانویستووە دەوڵەتی کوردی درووست ببێ، بەڵام لە ڕووی واقیعییەوە بەلایانەوە مەبەست بووە، ویست و ئیرادەیان لەسەر ئەوە بووە کە دەوڵەتانی سووریا و ئێراق و حیجاز درووست بکەن. بەتایەبەتی کە کۆمەڵێک بەرژەوەندی تایبەتیان هەبوو کە دواجار سووریا لەژێر ئینتیدابی فەرەنسا بوو، ئێراق لەژێر ئینتیدابی بەریتانیا بوو، کەواتە کۆمەڵێک بەرژەوەندیان هەبوو لەم ناوچانە، بەڵام پێدەچێ بەرژەوەندیان لە دەوڵەتی کوردیدا نەبووبێ.
مامۆستا گۆران برایم: مەسەلەی کورد لەو کاتەدا خۆی لاوازبوو، وەک پێشتریش ئاماژەمان پێکرد کورد سەرکردایەتییەکی وای نەبووە، کە هەموو کورد لەبزووتنەوەیەکی نەتەواتیدا کۆبکاتەوە بۆ ئەوەی ئەو هەلە بقۆزێتەوە، عەشیرەتەکان لە ناوخۆیاندا نارێک بوون، ئەو ڕێکخراوانە کوردییانەی لەو کاتەدا هەبوون نەیانتوانی هەلەکە بقۆزنەوە بۆ درووستکردنی ئەو دەوڵەتە، بەڵام تۆ نابێ لەو کاتەدا چاوەڕێی دەستی وڵاتە هاوپەیمانەکان بیت بۆ ئەوەی دەوڵەتێکت بۆ درووست بکات، ئەگەر تورکیای کەمالی چاوەڕێی وڵاتانی هاوپەیمان بوایە ئەوە کوردستان کرا بەچوار پارچەوە، تورکیا ئەکرا بەپێنج بەشەوە، ئەو چاوەڕێی ئەوەی نەکرد، بەڵکوو ئەوان دوای ئەو هەوڵ و ماندووبوونەی ئەوان هەرچەندە بەشێکی گەورەی لەسەر حیسابی کوردبوو و زەرەرێکی گەورەشی لەبزووتنەوەی ناسیۆنالیستی کوردی دا لەو کاتەدا، بەڵام ئەوان توانییان سەرکەوتنێکی گەروە بەدەست بهێنن، بەڵام هەڵوێستی وڵاتانی هاوپەیمانیش هەر وەک پێشتر ئاماژەمان پێکرد هەموویان پاشەکشێان لەپەیماننامەکە کرد دوای ئەوە یەکێتی سۆڤیەت دژایەتی پەیماننامەکەی کرد، دوای ئەوەی ئەرمەنەکان و یۆنانییەکان ئەوانەی لەناو خاکی تورکیادا مابوون ئاگادارکران بۆ ئەوەی پاشەکشە بکەن لەخاکی تورکیادا، دوای ئەوەش مەسەلەی کوردیان بەلاوە خست، ئەگەر بە شێوەیەکی گشتی سەیری بکەیت ئەو بارودۆخەی لەنێوانی پەیماننامەی سیڤەر و لۆزاندا هاتووەتە کایەوە زۆرینەی زۆری لەبەرژەوەندی تورکدایە، بەریتانیاش ئەویست کورد بەکاربهێنێ بۆ بەرژەوەندی خۆی دژ بەتورکیا.
$لۆزان شوێنی سیڤەری گرتەوە$
د. پێشڕەو حەمە جان: لەڕوانگە یاساییەکەوە ئەگەر ڕێکەوتننامەیەک نەچووبێتە بواری جێبەجێکردنەوە من پێم وایە پێویست ناکات باس لەهەڵوەشاندنەوەی بکەین، مادام ئەم ڕێکەوتننامەیە هێشتا لە ڕووی یاساییەوە ئیلتیزامی پەیدا نەکرد و نەچووە بواری جێبەجێ کردنەوە و پەسەند نەکرا کەواتە پێویست ناکات بڵێین با هەڵوەشێتەوە، بەڵام بیرمان نەچێ هەمان ئەو دەوڵەتانەی ڕێکەوتننامەی سیڤەریان بەست ڕێکەوتننامەیەکی تریان بەست لەسەر هەمان بابەت ئەویش ڕێکەوتننامەی لۆزان بوو. ئەم ڕێکەوتننامەیە دەتوانین بڵێین بەنزیکی هەمان دەوڵەتانی ناو ڕێکەوتننامەی سیڤەر سازدرابوو، تەقریبەن لەسەر هەمان بابەت بوو، بۆیە ویستیان بەکۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بڵێن ئەم ڕێکەوتننامەیە جێگەرەوەی ڕێکەوتننامەیەی پێشووە کە نەچووەتە بواری جێبەجێ کردنەوە، بەڵام بەداخەوە دواجار ڕێکەوتننامەی لۆزان چووە بواری جێبەجێکردنەوە، دەتوانین بڵێن بەتەواوی شوێنی ڕێکەوتننامەی سیڤەری گرتەوە، ئەو واقیعەشی کە ئەمڕۆ ئەیبینین ڕەنگدانەوەی ئەو ڕێکەوتننامەیەیە کە کوردستانی دابەشکرد بەسەر کۆمەڵێک ناوچەدا بەم شێوەیەی کە ئێستا هەیە.
$تورکیا بەتەواوەتی پارچەپارچە کرابوو$
مامۆستا گۆران برایم: ئەگەر سەیری بەشی ئەنادۆڵ بکەین لەو پەیمانەدا دابەشکرابوو بۆ سێ بەش، بەشێکی بۆ فەرەنسا، بەشێکی بۆ ئیتاڵیا، بەشێکی بۆ بەریتانیا. لەگەڵ ئەوەی پەیماننامەکە پشتگیری درووستبوونی کیانێکی کوردی دەکرد لە چوارچێوەی ئۆتۆنۆمیدا، دوای ئەوە ئیزمیر درابوو بەیۆنان، واتە تورکیا بەتەواوەتی پارچەپارچە کرابوو. هەر لەبەر ئەوە بوو ئەتاتورک ئەوەی بەلەسێدارەدانی تورکی لە قەڵەمدا.
د. پێشڕەو حەمە جان: ئەگەر ڕێکەوتننامەیەک نەبووبێ بە ڕێکەوتننامە بۆ قسە لەسەر هەڵوەشاندنەوەی بکەین؟ کاتێ ئێمە قسە لەسەر هەڵوەشاندنەوە دەکەین واتە ئەبێ ڕێکەوتننامەیەک هەبێ پەسەند کرابێ، چووبێتە بواری جێبەجێ کردنەوە، بەڵام شتێک کە نەبووبێ بە یاسا بەرێکەوتننامە، من پێم وایە نابێ قسە لەسەر هەڵوەشاندنەوەکەی بکەین بۆیە دەبینین لەرێکەوتننامەکانی تردا دەوڵەتان بە هیچ شێوەیەک خۆیان لە قەرەی قسەکردن لەسەر ئەو ڕێکەوتننامەیە نادەن.[1]