دوای پەیماننامەی سیڤەر کورد دەیتوانی دەوڵەتی کوردی ڕابگەیەنێت
هەڤال محەمەد
پەیماننامەی (سیڤەر) لە ساڵی 1920 ڕێگەیەکی تایبەتیی بۆ کورد کردەوەو بەپێی ئەو پەیماننامەیە کورد مافی ئەوەی هەبووە ببێتە خاوەن کیانێکی سەربەخۆ و دەوڵەتی کوردستان ڕابگەیەنێت، لە چەند بەندێکیدا ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ باس لەو مافەی کورد کراوە. هەندێک لە مێژونووسانیش ئەو پەیماننامەیە بە یەکەم بەڵگەنامەی نێودەوڵەتی دادەنێن کە بە شێوەیەکی ڕوون ئاماژەی بە مەسەلەی کورد کردووە، بۆیە ڕەهەندێکی نێودەوڵەتی وەرگرتووە و ڕێگەی پێداوە لە باکوور و باشووری کوردستاندا کورد دەوڵەتی سەربەخۆ پێکبهێنێت. هەرچەندە پەیماننامەی (سیڤەر) تایبەت بووە بەدابەشکرددنی میراتی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە دوای جەنگی یەکەمی جیهانی، بەڵام لە سێ بەندی (62، 63، 64) بەڕوونی ئاماژەی بەداخوازی و مافەکانی گەلی کوردستان کردووە. ئەمە سەرەڕای ئەو کەموکوورتییانەی لەپەیماننامەکەدا هەبووە، لەوانە فەرامۆشکردنی خۆرهەڵاتی کوردستانی ژێر دەسەڵاتی ئێران، واتا ئەو پەیمانە دابەشکردنی کۆلۆنیالانەی کوردستانی بەرجەستە کردووە و تەنیا باسی ئەو بەشەی کوردستانی کردبوو کە لەژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا بووە، بۆیە کورد مافی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی لەو دوو بەشەی کوردستاندا هەبووە.
دکتۆر ڕێبوار تاڵەبانی لە نووسینێکیدا دەڵێت: درووستکردنی دەوڵەتێکی کوردستانی سەربەخۆ خەونی هەمیشەیی کورد بووە، پەیماننامەی (سیڤەر) ی نێودەوڵەتی بۆ ماوەیەکی کەمیش بێت ئەو خەونەی لە واقیع نزیککردەوە، بەڵام بەرژەوەندی ئابووری و ستراتیژی دەوڵەتە زلهێزەکان لە ناوچەکە، بەتایبەتیی هیی بەریتانیا بوونەکۆسپ لە بەردەم دامەزراندنی ئەو دەوڵەتە.
د. ڕێبوار تاڵەبانی لە مانگی (6) ی ساڵی 2011 دا لەژێر ناونیشانی (کورد و مافی دیاری کردنی چارەنووسی خۆی) وتارێکی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند کورد لەوێدا کە مەبەستی نووسەر ڕێککەوتننامەی (سیڤەر) ە. وەک نەتەوەیەک لە نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێناسەکراوە، پێشنیاری دامەزراندنی قەوارەیەکی سیاسی لە شێوەی حوکمێکی زاتی لەو ناوچانەی کە کورد زۆرینە پێکدێنن، تێیدا بڕیاری لەسەر دراوە.
تاڵەبانی دەیگێڕێتەوە: لە کۆنفرانسێکی قانوونی کە لە ڕۆژانی 20 و 21ی مانگی نۆڤەمبەری ساڵی 1999 لە واشنتۆن بەسترا، کە لۆرد (ئێڤبری) یاساناس و سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ لە پەڕڵەمانی بەریتانیا ئامادەی بوو، لەو کۆنفرانسە پێشنیازی ئەوەم کرد بڕیارە نێودەوڵەتییەکانی ساڵی 1966 باشووری کوردستان بگرێتەوە، چونکە لە ساڵی 1918ەوە تا کۆتایی 1925 بەشی زۆری باشووری کوردستان ڕاستەوخۆ لەژێردەستی وەزارەتی کۆلۆنیالی بەریتانیا بووە و لەشکری بەریتانیا حوکمی ئەو ناوچانەیان کردووە.
شارەزایەکی بواری پەیوەندییە گشتییەکان دەڵێت لەسیاسەتدا بەرژەوەندی هەیە، نەک دۆستی هەمیشەیی، زۆربەی ڕێککەوتنەکانیش لەگەڵ کورد بە زارەکی بووە بۆیە هەمیشە سەبارەت بەخواستەکانی پشتی تێکراوە ئەمە جگە لەوەی کورد هەمیشە لە ناوخۆدا ناکۆک و ناتەبا بووە و شکستهێنانی شۆڕشەکانی بەدەستی لایەنەکانی ناوخۆیی گەواهی ئەو ڕاستییەن، ئەمەش گوزارشت بووە لە ئەقڵیەتی ئەو سەردەمەی کورد، لەگەڵ ئەوەشدا ڕێککەوتننامەی سیڤەر تەنیا ڕێککەوتننامەیەکە بەڕوونی باس لە درووستکردنی کیانێکی سەربەخۆ بۆ کورد دەکات.
دکتۆر بەهادین ئەحمەد مامۆستای کۆلێژی پۆلى تەکنیکی لە سلێمانی کە بڕوانامەکەی لە بواری (پەیوەندییە گشتییەکان) ە، لە ئاخافتنێکیدا بۆ میدیا وتی هەموو ئەو ڕێککەوتننامانەی دەربارەی کورد هەبووە سەبارەت بە کیانێکی سەربەخۆی خۆی، لە لایەن وڵاتانی زلهێزی وەک فەرەنسا و بەریتانیا و وڵاتانی دی لەباربراوە، وتیشی شۆڕش وەکوو شەپۆلی دەریا وایە، ئەو وڵاتانەش چاویان لە هەرێمی کوردستانە لەوە دەترسن شۆڕشەکە بگوازرێتەوە بۆ پارچەکانی تریش کە ئێستا ڕۆژاوا و باکوور زۆر نزیکن لە درووستبوونی حکومەتی کوردی.
ئەو کەسایەتییە ئەکادیمییە جەختی لەوە کردەوە کە ڕێککەوتننامەی سیڤەر زۆر بەڕوونی باسی لە درووستبوونی دەوڵەتی کوردی کردووە، ئەمەش بۆ ئەوە بوو دەروونی کورد سارد بکاتەوە و بۆ مافەکانی نەجەنگێت، ئەو کاتەش ژەنڕاڵ ئیحسان نووری پاشا کە پێشتر باڵیۆزی دەوڵەتی عوسمانی بووە لە وڵاتی سوید، کە لە کۆنگرەی پاریس نوێنەری کورد بووە، توانیویەتی مافی کورد لەپەیماننامەی سیڤەردا دەستەبەربکات.
دکتۆر بەهادین سەبارەت بە لێژنەی ئامادەکاری کۆنگرەی نەتەوەیی کورد، وتی سەرەتا بەگومان بووم لێی، چونکە خەریک بوو بەرژەوەندی حزبی تێیدا دەخوێنرایەوە، بەڵام دواتر بەشداری هەموو حزبەکانم بەبێ جیاوازی و ئایدیۆلۆژی بینی، ئەو هەستەم نەما، بۆیە پێم وایە ئەگەر بە شێوەیەکی سیستماتیک کاربکەن و هەوڵ بدەن بۆ ئەوەی بەڕاستی کۆنگرەی نەتەوەیی بێت، ئەوا ئەنجامی زۆر ئەرێنی دەبێت، بەڵام ئەگەر ببێتە کارێکی بنیاتنەر ئەوا پێویستی بەهەوڵ دانی زۆر هەیە، بەوەی هەر کەسە و کاری خۆی و شێوازی ئیشکردن و ئەدای ئیشکردنی دیاری بکرێت.[1]