لاچین، هەوڵێکی تری سەربەخۆیی کوردستان
ئامادەکردنی: بۆردی ئەکادیمی ناوەندی چاوی کورد
$کوورتەیەک لەبارەی جوگرافیا$
قەوقاز ناوچەیەکی شاخاوییە، دەکەوێتە سنووری نێوان ئاسیا و ئەورووپا. ناوچەی سێگۆشەی نێوان ڕووسیا و ئێران و تورکیایە. لەخۆرهەڵات و باکووری خۆرهەڵاتەوە بەدەریای خەزەر دەور دراوە، لەخۆراوایشەوە دەریای ڕەش لەباشوور و خۆر هەڵاتیشەوە، کوردستانی خۆرهەڵات و کوردستانی باکووری ژێردەستەی ئێران و تورکیا دەبنە سنووری.
ناوچەکە شاخاویە و بەرزترین لوتکەی شاخی “چیای ئەلبورز”ە. ئاو وهەواکەی لەهاویندا مامناوەند و لەزستاندا ساردە. ناوچەیەکی دەوڵەمەندە بەسامانی سەرزەوی و ژێرزەوی.
بەشێوەیەکی چڕ ڕەزو میوە و باخی هەیە. ڕووبەرێکی فراوان لەوەڕگای هەیە، ژمارەیەک ڕووباری بەناوبانگی تێدایە لەوانە “ڕووباری ئاراس” و”کۆرا”.
بەدرێژایی مێژوو مرۆڤ لە و ناوچەیە ژیاوە، لەئەشکەوتێکی نزیکی گوندی “ئەرینی” ناوچەی قەوقاز، پێڵاوێکی لەچەرم درووستکراو دۆزرایەوە، کەبە یەکەم پێلاو دادەنرێت کە مرۆڤ درووستی کردبێت، کە لە پێستەی گا درووستکراوە و، دەگەڕێتەوە بۆ هەزارەی چوارەمی پێش زاین، ناونراوە” چاروخ”.
$دیارترین شارەکان$
دیارترین شارەکانی ئەو بەشەی کوردستان: لاچین کەبووە پایتەختی کۆمارەکە و لەوێوە سەربەخۆیی ڕاگەیەنرا، قوبادلی، گوڵبەجار. لەئێستادا بەهەرێمی (ناگۆرنۆ کاراباگ) ناسراوە.
$کورد لە قەوقاز$
سەرۆکی (وەکیل مستەفایێف) سەرۆکی کۆماری لاچین، سەبارەت بە مێژووی کورد لەقەوقاز دەڵێت: بوونی کورد لە قەوقاز هەبوونێکی مێژووییە، بەڕادەی خودی مێژووەکە کۆنە، یەکەم کۆچی کورد بۆ قەوقاز لەسەردەمی میدییەکاندا بووە، ئەو دەم بەشێک لەمادەکان بەباشووری دەریای قەزوینەوە، بەرەو ناوچەی کەرەباگی ئێستا کۆچیان کرد. ئەوان پەیوەندییان کرد بە و کوردانەی ترەوە کە لە شاخەکانی زاگرۆس دەژیان. ئەوان بە و کۆچەیان ناوکی نەتەوەی کوردی ئێستایان پێکهێنا. لەدوای سەرکەوتنی مادەکان بەسەر ئاشوردا، بە کوردستانی قەوقاز دەگوترا میدیای بچوک.
هەروەها دەڵێت: بیروڕایەکیش هەیە لەسەر ئەوەی زەردەشتیش هەر لەو ناوچەیە لەدایکبووە.
لەدوای ڕووخاندی ئیمپراتۆریەتی میدیا، کوردستان بەگشتی کەوتە ژێردەستی فارسەکان. بەدەرکەوتنی ڕۆمانەکانیش، کوردستان بووە ستەیجی ململانێی نێوان فارس و ڕۆمان. بەڵام لەڕووی کردەییەوە، دەستەڵاتی داگیرکەر ڕاستەوخۆ نەبوو، بەڵکوو بەناڕاستەوخۆ حوکمی کوردستانیان کردووە.
لەکاتی بڵاوبوونەوەی ئیسلام، ناوچە کوردییەکان دووچاری چەندین نەهامەتی بوون، بەتایبەت لەهەردوو سەردەمی ئەمەوی و عەباسیدا. لەئەنجامیشدا چەندین شۆڕش و ڕاپەڕین لەدژی ئەو دوو دەستەڵاتە سەریان هەڵدا، کەبەناوبانگترینیان شۆڕشی (بابەکی خوڕەمی) بوو. کەعەباسییەکان توانییان بەشێوەیەک لەشێوەکان لەناوی بەرن.
لەنێوان ساڵانی 951-1199 دەوڵەتی (شاهدادیەکان) درووستبوو، کە عەرەبەکان بە (شەدادییەکان) ناوی دەبەن. ئەو دەوڵەتە لەسەدەستی (محەمەد کوڕی شاە داد) پێکهات و لەنێوان دەریان کورە و ئاراس حوکمی دەکرد. دەوڵەتەکە لەدژی پادشاکانی ئەرمینیا بوو بەهاوپەیمانیڕۆمە بێزەنتییەکان، بەڵام هێندەی نەبرد کەوت بەرهێرشی دێلەمییەکان و پاشان تورکە سەلجوقییەکان توانییان لەناوی بەرن.
لەوە بەدواوە، کوردستانی قەوقاز، بووەتە ستەیجی ململانێی نێوان عوسمان و سەفەوییەکان، لەڕووی ڕووبەریشەوە کوردستان بەرتەسکتر بووەوە، تاکو وای لێهات چەند ناوچەیەکی کەمی مایەوە، کەبریتی بوو لە: ناگۆرنی کەرەباگ، گوڵبەجار، کوباتلی، زەنگلیان، کارکۆشلاک، کوڕەحاجی، نەخش جوان…هتد.
$سایکس بیکۆ و شۆڕش بەلشەفی$
ئەم دۆخە بەردەوام بوو تاکو سەرهەڵدانی ڕێککەتنی شومی سایکس بیکۆ. لە و سەردەمەدا بەشی زۆری باکووری کوردستان و قەوقاز، کەوتە دەستی ڕووسیا، بەڵام لەدوای شۆڕشی ئۆکتۆبەر، ڕووسەکان کشانەوە، تەنیا کوردستانی قەوقازیان لەدەستدا مایەوە.
(حسێن حاجیێف) یەکێک بوو لەهاوڕێ نزیکەکانی لینین، هەر لەسەرەتای شۆڕشی بەلشەفییەوە هاوڕێی بوو، ئەوەش وایکرد بتوانێت کوردستانی سوور لە ساڵی 1923دا درووست بکات. بەهەمان هۆیشەوە لینین بایەخی بە کورد دا، ئەوەش لە نامەکانی نێوان لینین و (شێخ مەحمود حەفید) ەوە دەردەکەوێت.
لینین بڕی 33 ملیۆن ڕۆبڵی تەرخانکرد بۆ پەرەپێدانی کورستانی سوور، هاوکات دەیشی ویست (مستەفا کەمال ئەتاتورک) بهێنێتە ڕیزی خۆیەوە، ئەمەش وای لێکرد کوردستانی سوور بلکێنێت بە ئازەربایجانەوە.
لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، ئەو کۆمارە کۆرپەیە ساڵی 1929 لەسەردەستی ستالین هەرەسی هێنا.
$نەهامەتی کوردەکان لەسەردەستی ستالین$
لەو دەمەدا سەدان هەزار کورد ئاوارە و دەربەدەر کران. بەتانوپۆی سۆڤیەتدا بڵاوکرانەوە. سەدان هەزار کەسیشیان بەهۆی بارودۆخی ناهەموارەوە لەناوچوون.
ساڵی 1930 ئیدارەیەکی فراوان بۆ کورد درووستکرا، بەڵام سەرلەنوێ ستالین کەوتەوە وێزەی کورد، ساڵی 1944 سەدان هەزار کوردی لەناوبرد بەبیانوی ئەوەی نەژادیان ئارییە و هاوکاری ئەڵمانە ئاریاییەکان دەکەن.
دۆخەکە بەم جۆرە مایەوە تاکو (گۆرباتچۆف) سیستەمی (پیرۆسترۆیکا) ی ڕاگەیاند، لەئەنجامیشدا کۆمارەکانی یەکێتی سۆڤییەت لێکهەڵوەشانەوە.. کوردەکانیش سەرلەنوێ (کوردستانی سوور) یان دامەزراندەوە، ساڵی 1992 لە (لاچین) ەوە ئەو کۆمارەیان ڕاگەیاند، بەڵام کەمتر لەساڵێک تەمەنی کرد، بەهۆی ململانێی ناوخۆییەوە کۆتایی بە و کۆمارەش هات.
(وەکیل مستەفایێف) لەمیانەی ئاماژەدان بە ژیانی خۆی، باسی بەشێک لەنەهامەتییەکانی کوردەکانی قەوقاز دەکات.
ئەو دەڵێت: لە #20-06-1936# لە پایتەختی سەمەرقەند لەدایکبووم. برایەکی دایکم هەبوو، ئەفسەر بوو لە (کەی.جی. بی) ئەو سەرپەرشتی ئێمەی کردوو، منیشی بردە ڕیزەکانی سوپای سۆڤیەتەوە. خۆم ئارەزووم لەوەبوو لە هێزی ئاسمانیدا خزمەت بکەم. بەڵام ئەوان قبووڵیان نەکردم و لەتۆپخانە دایاننام.
بەشداری جەنگی مەجەڕم کردو، پلەکەم بەرزکرایەوە بۆ نەقیب، شانبەشانی ژیانی سەربازی، خوێندم و بڕوانامەم لەیاسادا بەدەستهێنا.
لەوماوەیەدا پتر لەجارێک دەستگیرکرام، دواجار هەڵاتم بۆ ئەرمینیا و لەنێو کوردەکاندا خۆم حەشاردا، تاکو لەلایەن سۆڤیەتەوە بڕیاری لێبوردنم بۆ دەرکرا. لە و ماوەیەدا دوو پەڕتووکم نووسی، یەکەمیان دەربارەی مێژووی کورد بەگشتی، دووەمیشیان دەربارەی مێژووی کورد لە قەوقاز.
$بەڵێنی ڕووسیا بۆ سەربەخۆیی کوردستان$
ئەو کە سەرۆکی کۆماری لاچینی کوردییە، دەنووسێت: پاش ماوەیەکی کەم لەهەرەسی یەکێتی سۆڤییەت، بەرپرسانی باڵای دەوڵەتی ڕووسیا بانگیان کردم.
سەرچاوەکان دەڵێن: بەرپرسانی باڵای ڕووسیا بە (وەکیل مستەفاییف) یان ڕاگەیاندووە کە ڕووسیا پاڵپشتی کوردەکانی لاچین دەەکات ئەگەر بیانەوێت دەوڵەتێک درووست بکەن، دەوڵەتێک کە ناوچەکانی لاچین و کۆباتلی و گوڵیجار بگرێتەوە. واتە هەمان ئەو ناوچانەی کە پێشتر (کۆماری کوردستانی سوور) ی لەسەر دامەزرابوو.
هەروەها بەرپرسانی ڕووسیا جەخت لەوە دەکەنەوە کە لەگەڵ بەرپرسانی ئەرمەندا ئەو باسەیان تاوتوێ کردووەو، بەڵێنی هاوکاری ئەرمینیاشیان بۆ کۆمارەکە وەرگرتووە.واتە کۆمارێکی کوردی لە قەوقاز درووست بکرێت.
$هۆکارەکانی پشتیوانی کردنی ڕووسیا لەسەربەخۆیی کوردستان$
ئەوان لەدورستکردنی ئەو کۆمارەدا ڕەچاوی فاکتەرە سیاسی و ستراتیژییەکان دەکەن، نەک تەنیا لەڕووی هاوسۆزییەوە بۆ کێشەی کورد، بەڵکوو ئەوان پێیان وایە کۆمارەکە دەبێتە گوزەرگایەکی ئارام لەنێوان ئەرمینیا و کارەباگ وخاکی کوردستانیش لە و ناوچەیەدا دەبێتە تاکە پردی نێوان هەرێمی کارەباگ و ئەرمینیا.
هاوکات کۆمارە کوردییەکە لەژێر هەژموونی ڕووسیادا دەبێت و خاوەنی پەیوەندییەکی زۆرباش دەبێت لەگەڵ مۆسکۆدا. ئەوەش دەبێتە بەربەستێکی بەهێز بۆ سڵەماندنەوەی ئازەربایجان و تورکیا کە هێزیان کۆکردبووەوە بۆ چاوترساندنی ئەرمینیا. لە هەمان کاتدا، کۆمارە کوردییەکە ڕێگە دەدات بەوەی ڕووسیا هێزەکانی خۆی لەخاکەکەیدا بڵاوبکاتەوە، ئەوەش بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ڕووسیاو پاراستنی ئاساییشی دانیشتووانی کوردی ناوچەکە.
کوردەکان ئەو بەڵێنانەیان بەجیدی وەرگرت، چالاکوانەکان دەستیان کردە خۆئامادەکردن و ئامادەکردنی خەڵکی ناوچەی “لاچین” لەپێناوی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستاندا. حکومەتی ئازەر هەستی بەمەترسی ئەو جموجوڵانەکرد، ڕاستەوخۆ کەوتەخۆی بۆ لەباربردنی هەوڵەکە، ئەویش لە ڕێگەی درووستکردنی چەندین یەکەی بەرەنگاربوونەوەی پڕوپاگەندە و هەندێک جاشی کوردەوە کەسەربە حکومەتی ئازەر بوون. ئەرکی ئەمانە ئەوەبوو پڕوپاگەندەیان بڵاودەکردەوە بۆ ساردکردنەوەی خەڵک لەسەربەخۆیی.
$ڕۆڵی شەرمەزارانەی کوردە جاشەکان لە لاچین$
ئەم گرووپانە شاربەشار دەگەڕان و، کوردەکانیان دەترساند لەوەی چارەنووسێکی ڕەش چاوەڕێیان دەکات ئەگەر بەردەوام بن لەکارکردن بۆ سەربەخۆیی.
یەکێکی تر لە و کۆسپانەی هاتنە سەر ڕێی پڕۆسەکە، بریتی بوو لە قەناعەتکردن بەزۆرترینی دانیشتووانی ناوچە کوردییەکان تاکو لە پڕۆسەکەدا بەشداری بکەن. ئەو ڕۆشنبیرانەی سەرقاڵی هەوڵدان بوون بۆ سەربەخۆیی، ناڕەحەتییەکی زۆریان هاتە ڕێگە تاکو بتوانن قەناعەت بەخەڵک بکەن مل بدەن بەسەربەخۆیی!.
ئەوان لەم پڕۆسەیەدا بەرەوڕووی ئەو کوردانە بوونەوە کە ماوەی چەندین ساڵ حکومەتی ئازەربایجان مێشکی شۆردبوونەوەو، شوناسی نەتەوەییان لەدەستدابوو.
تەنانەت ناچارکرابوون بە زمانی ئازەری بدوێن نەک بە کوردی. هەورەها ئازەرییەکان کاریان لەسەر ژێیی ئایینیش کرد، بەحوکمی ئەوەی ئەوان لەگەڵ کوردەکان هەردوولایان موسوڵمانن، بەڵام ئەرمەنەکان کریستیانن! بۆیە وایان بڵاوکردەوە کە جیابوونەوە لەئازەربایجان گوناهێکە لێخۆش بوونی ئەستەمە!.
لەلایەکی تریشەوە، هەندێ کەسایەتی کورد کەبوونە جاشی گەورە، وەک (ئەسکەندەر حەمیدۆف) کە کوردێکە و سەربەهۆزی کۆلانییەو، پێشتر جێگری وەزیری ناوخۆی ئازەربایجان بوو. ئەم پیاوە هەستا بەدرووستکردنی حیزبێک بەناوی (گورگە خۆڵەمێشییەکان) ئەو پارتە، پارتێکی ڕەگەزپەرستی ئازەری بوو. بەتوندی بانگەشەی بۆ نەتەوەی تورک دەکرد.
هەڵوێستی ئەم جاشە، هەڵوێستەکانی (عیسمەت ئینۆنۆ) مان بیر دێنێتەوە، کە ئەویش کوردبوو، بەڵام بووبە سەرمەشقی سەرکوتکردنی شۆڕشەکانی نەتەوەکەی خۆی لە تورکیادا. ئەو لەتورکەکان زیاتر خۆی بەتورک دەزانی. هەروەها (تەها یاسین ڕەمەزان) کە لە ئێراقدا لەدژی نەتەوەکەی خۆی ڕۆژێک لەڕۆژان کەمتەرخەمی نەکرد و، دەستی هەبوو لە بۆردومانکردنی نەتەوەکەی خۆی بەچەکی کیمیایی!.
هاوکات دەوڵەتی ئێرانیش دەستی کردە هەڕەشەکردن لە ئەرمینیا ئەگەر بێتو هاوکاری پڕۆسەی سەربەخۆیی لاچین بکات. ئەرمەنەکانیش پێیان وابوو ئێران تاکە دەروازەی ژیان و مانەوەیانە. لەلایەکی تریشەوە، سوپای تورکیا و ئازەربایجان خۆیان بۆ پەلاماردانی ئەرمینیا ئامادەکردبوو.
$ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستان$
سەرباری هەموو ئەو ڕێگرییانە، لەمانگی مایۆی ساڵی 1992 بەشێوەیەکی فەرمی سەربەخۆیی (کۆماری لاچینی کوردی) ڕاگەیەنرا. لەدوای دوومانگ لەڕاگەیاندنی سەربەخۆیی، بڕیاری درووستکردنی حکومەت درا. لە و کاتانەشدا بەردەوام میدیاکانی ڕووسیا باسیان لەوە دەکرد کە کوردەکان توانیویانە ئازەرەکان لەخاکی خۆیان دەربکەن و کۆمارێک بۆ خۆیان درووست بکەن.
$چۆنێتی ڕووخانی کۆماری لاچین$
بەهۆی ئەوەی ئەو ڕێگریانەی باس کران، هەروەها بەهۆی ئەوەی سوپای ئەرمینیا لەدژی ئازەربایجان سەرکەوتنی گەورەی تۆمارکردبوو، بەڵێنەکانی بۆ پشتیوانیکردن لە سەربەخۆیی کوردستان لەبیرکرد، ویستی زەوی زیاتر بەدەست بهێنێت، ئەوەبوو هێرشی کردە سەرناوچە کوردییەکان و لە #17-05-1992# توانی شاری لاچین پایتەختی کۆمارە کوردییەکە داگیربکات.
لەدوای ئەوەی سوپای ئەرمینیا لاچینی داگیرکرد، توانی لە #27-03-1993# دا ناوچەکانی تریش داگیربکات، سەرەتا هێرشی کردە سەر گوڵیجار، بەوجۆرە لە #22-05-1994#دا هەریەکە لە ئەرمینیا و ئازەربایجان ئاگربەستیان ڕاگەیاند. کۆماری لاچینی کوردیش هەرەسی هێنا.
لەئەنجامی ئەو شکستەدا، سەرۆککۆماری لاچینی کوردی (دکتۆر وەکیل مستەفاییف) داوای مافی پەنابەری لە ئیتالیا کرد. لەوێشەوە پەڕتووکێکی نووسی بەناوی (مێژووی قەوقازیی کوردستان) . لە و پەڕتووکەدا ئەم ئەزموونە تاڵەی نووسیوەتەوە کە ئێمە ئەم باسەمان لێوەرگرت.
بەداخەوە دەڵێین: هەمان مێژوو دووبارە بووەوە لەگەڵ کوردەکانی نەقشوان و گوڵیجار (کوردستانی سوور) دووبارە بووەوە کاتێ بیرۆکەی (کۆماری لاچین) یان ڕەتکردەوەو، پشتیوانی بیرۆکەی دەوڵەتێکیان بۆ خۆیان نەکرد. بەڵکوو پێیان باش بوو لەگەڵ ئازەرەکاندا بژین. بۆیە ئێستاش وەکوو پەنابەر لە ئازەربایجان دەژین.
هەمان ئەزموونی تاڵ ساڵی 1923 بەسەر کوردەکانی تورکیاشدا هات، کاتێ ئەندامە کوردەکان پەڕڵەمانی تورکیا، ئەو پێشنیارەی ئەورووپایان ڕەتکردەوە کە دەوڵەتێکی کوردی درووستبکەن لە ڕۆژهەڵاتی ئەنادۆڵ بەگوێرەی ڕێککەوتنی (سیڤەر) وایان پێباش بوو لەگەڵ تورکەکاندا بمێننەوە، کەچی دوای تەنیا دووساڵ، تورکەکان لێیان هەڵگەڕانەوە. تاکو ئەم چرکەیەش کوردەکان باجی هەڵەی بابو باپیرانیان ئەدەن کە ڕێککەوتنی سیڤەریان ڕەتکردەوە.
لەئەزموونی هەوڵدانی کوردستانی باشووریش بۆ سەربەخۆیی لە 2017دا، هەمان ئەزموونەکان بەوردەکارییەکانییانەوە دووبارە بوونەوە. [1]