#سوداد ڕەسووڵ#
بە دەگمەن هەڵدەکەوێت کوردێک ژیننامە یان سەفەرنامەی خۆی نووسی بێتەوە، بەتایبەت ئەو کوردانەی کە لە سەدەی نۆزدەم لەنێودەوڵەتی عوسمانیدا کارمەند و فەرمانبەر بوون، ڕۆشنبیر و ئەهلی قەڵەم بوون، لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانی ئەو سەردەمە نووسین و وتاریان هەیە، پەڕتووکی چاپکراویان هەیە، دەیانتوانی ژیننامەی خۆیان لە ڕووداوەکانی ئەو سەردەمە بنووسنەوە، یان کاتێک سەفەریان کردووە بۆ ئەوروپا و ئەفەریقا سەفەرەکانیان بنووسیبایەوە، کە بۆ ئەمڕۆ ئەم ژیننامە و سەفەرنامانە دەبوون بە مێژوویەکی گرانبەها بۆ مێژووی کورد و کۆمەڵێک دیوی تاریکی ئەو ڕووداوانەی ئەو سەردەمەیان بۆ ئێمە ڕووناک دەکردەوە. بۆ نموونە هەتا ئێستا ژیانی یەک شاعیری کورد، کە لە پێش سەدەی یستەم لەنێودەوڵەتی عوسمانیدا ژیاون، دیار نییە، هیچ بەڵگەنامەیەکی نووسراو لەسەر ژیانیان نییە. چەندە گرنگ بوو ئەگەر نالی خۆی بە هەر زمانێک بوایە چەند لاپەڕەیەک لە ژیننامەی خۆی نووسی بایەوە، ئەوسا ئەوەندە ژیانی نادیار نەدەبوو کە ئێستا دەبێ لە کون و قوژبنی بەڵگەنامە عوسمانییەکان بگەڕێی هەتا هەواڵێکی ژیانیان دەدۆزییەوە. ئەمە دیارە ئەوان لایان گرنگ نەبووە باسی ژیانی خۆیان بکەن، یان باو نەبووە ژیننامەیان بنووسنەوە، بەڵام ئێستا بۆ ئێمە زۆر گرنگە مێژووی ژیانیان بەڕاستی بزانین نەک بە داستانی خەیاڵی و گێڕانەوەی دەماودەم کە نازانرێ چەندی ڕاستە.
لەم ڕووەوە خۆشبەختانە عومەر لوتفی سەفەرنامەی خۆی نووسیوەتە؛ ناوبراو برازای ئەبوبەکر ئەفەندی (1814-1880) بووە و بە ڕەچەڵەک دەگەڕێنەوە بۆ گوندی سیساوەی ناوچەی خۆشناوەتی لە باشووری کوردستان. عومەر لوتفی لە سەفەرەکەی یاوەری ئەبوبەکر ئەفەندی بووە کە لە ساڵی 1862 هەردووکیان لەلایەن دەوڵەتی عوسمانییەوە بۆ کەیپ تاون نێردراون، بۆ ئەوەی ڕێنمایی دینی بە موسڵمانەکانی ئەوێ بدەن. عومەر لوتفی بۆ ماوەی چوار ساڵ لە کەیپ تاون لەگەڵ ئەبوبەکر دەمێنێتەوە، لەم ماوەیەدا هاوکاری دەبێت و لە مەدرەسە دینییەکان و مزگەوتەکان وانە دەڵێتەوە. دواتر لە مانگی ئایاری 1866 ئەبوبەکر بەجێ دەهێڵێ و خۆی بە تەنیا بە کەشتی لە کەیپ تاونەوە بەڕێی دەریای سوور دەگەڕێتەوە بۆ ئەستەنبوڵ. لە دوای گەڕانەوەی بۆ ئەستەنبوڵ سەفەرەکەی بە تورکیی عوسمانی دەنووسێتەوە لە دوو توێی پەڕتووکێکی 112 لاپەڕەیی بە چاپی گەیاندووە.
ئەم پەڕتووکە لە ساڵی 1991 لە کەیپ تاون بۆ ئینگلیزی تەرجەمە کراوە؛ لەمێژ بوو بە دوای ئەم تەرجەمە ئینگلیزییەدا دەگەڕام و دەستم نەدەکەوت، خۆشبەختانە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر کۆپیەکی پی دی ئێفی ئەم سەفەرنامەیەم لەلایەن محەمەد زۆبری ئەفەندی (نەوەی سێیەمی ئەبوبەکر ئەفەندی لە کەیپ تاون) پێ گەیشت، و یەکسەر دەستم بە خوێندنەوەی کرد؛ چیڕۆکی سەفەرنامەکەی ئەوەندە سەرنجکێش و بەپێزە ناتوانی وازی لێ بێنی هەتا هەمووی تەواو دەکەی.
سەفەرەکەیان لە ئەستەنبوڵەوە بە کەشتی دەست پێ دەکات، بە دەریای ناوەڕاست، سەرەتا دەچن بۆ جەزیرەی کۆرسیکا، ئەوجا بۆ شاری مێسینا لە ئیتاڵیا، ئەوجا لەوێوە بۆ جەزیرەی سەردینیا، لەوێشەوە بۆ پاریس و ئەوجا بۆ لەندەن. دوو مانگ لە لەندەن لە هۆتێل دەمێننەوە، ئەوجا دەچن بۆ لیڤەرپول و سواری کەشتی دەبن بەرەو کەیپ تاون. بۆ ماوەی چل ڕۆژ لە کەشتی دەبن هەتا دەگەن بە بەندەری کەیپ تاون کە ناوی جەمسەری هیوای خۆشی (رأس الرجاء الصالح) بووە لە ئەفەریقیای باشوور.
ئەم سەفەرنامەیە بایەخێکی یەکجار زۆری هەیە، بێجگە لەوەی کە سەفەرەکە بەجوانی دەگێڕێتەوە و ڕووداوەکان بە ڕێککەوتی کاتژمێر و ڕۆژ و مانگ و ساڵ باس دەکات، ئەمە لایەکی سەفەرنامەکەیە، لە لایەکی دیکەوە، بۆ ماوەی چوار ساڵ ژیننامەی ئەبو بەکر ئەفەندی دەگێڕێتەوە و باسی هەموو چالاکی و کارەکانی لە کەیپ تاون دەکات. باسی ژیان و دابوونەریتی موسڵمانانی کەیپ دەکات کە کۆمەڵێک دابوونەریتی سەیریان هەبووە، لە هەندێک بنەمای دینی ئیسلام لایان دابوو، ئەبوبەکر هەوڵی داوە ئەوانە بگەڕێنێتەوە بۆ سەر ڕێگەی ڕاستی شەریعەتی ئیسلام.
هەروەها باسی ئەوەش دەکات لەگەڵ کۆمەڵە خەڵکێک زیاتر لە 500 کەس پێکەوە چوون بۆ سەری چیای تەیبل Table Mountain کە چیایەکی بەرزە لە کەیپ تاون و لووتکەی نییە و سەرەکەی تەختە، هەر بۆیە بە چیای مێز ناو براوە، چونکە وەک مێز سەرەکەی تەختە؛ بە سێ کاتژمێر گەیشتوون بە سەرەکەی، شەو لەو چیایە دەمێننەوە، بۆ ڕوژی دواتر و لە گەڕانەوەیان ڕێگەیان لێ ون دەبێت و پەراگەندە دەبن، چەند کەسێکیان لێ ون دەبێ و سۆراخیان نازانن.
چیڕۆکی گەڕانەوەی بە کەشتی بۆ ئەستەنبوڵ، ئەویش بەجوانی باس دەکات، وەک بەسەرهاتێکی خۆش و پڕ لە ڕووداو سەفەرەکەی دەگێڕێتەوە. ئەم جارە لە گەڕانەوەی بە کەشتییەک دەگەڕێتەوە کە لە ڕێی ئۆقیانووسی هیندییەوە دەچێت بۆ تەنگەی باب المندب ئەوجا بۆ دەریای سوور بەرەو میسر. لە ڕێگە کەشتییەکە تووشی گێژەڵووکەی دەریایی دێت و شەپۆلی دەریا کەشتییەکە بەتوندی بەم لاو بەو لادا دەبات، کە هەموو سەرنشینەکان ترسی ئەوەیان هەبووە نوقوم بێت. لە ڕێگە لە دەریای سوور لە جەددە دادەبەزێت و دەچێت بۆ مەککە بۆ زیارەتی حەج، ئەوجا سوار کەشتییەکە دەبێتەوە بۆ بەندەری سویس، لەوێ هەموویان دێننە خوارەوە بۆ ماوەی 15 ڕۆژ کەرەنتینە دەکرێن، دوای ئەوە بە شەمەندەفەر دەچێت بۆ قاهیرە، بۆ ماوەی چوار مانگ لە قاهیرە دەمێنێتەوە و چووە بۆ ئەزهەر، لەوێ دەست بە خوێندن بکات، کتوپڕ دوچاری نەخۆشی دەبێت و هەموو لەشی ئەستوور دەبێت و ناتوانێت ڕێ بکات، دەیبەن بۆ خەستەخانە، دوو مانگ لەوێ دەرمان وەردەگرێ هەتا چاک دەبێتەوە. دوای ئەوە دەچێت بۆ ئەسکەندەرییە، لە بەندەری ئەو شارە سواری کەشتی دەبێت بەرەو ئەستەنبوڵ، بە سەلامەتی دەگاتەوە ئەو شارەی کە چوار ساڵ لەمەوبەر بەجێی هێشت بوو لە سەفەری بۆ کەیپ تاون.
ئەم پەڕتووکە بەداخەوە هەتا ئێستا تەرجەمەی کوردی نەکراوە، بە هیوام یەکێکی تورکیی عوسمانی باش بزانێت خۆی لە تەرجەمەی بدات و ئەم سەفەرنامەیە بخاتە ناو پەڕتووکخانەی کوردییەوە، چیڕۆکی ئەم دوو کەسایەتییە کوردە بە خوێنەری کورد ئاشنا بکات. ئەگەر کەس نەبێت لە تورکیی عوسمانییەوە بیکات، خۆم دەتوانم لە ئینگلیزییەوە بیکەم، بەڵام تەرجەمە لە زمانی یەکەمەوە بکرێ تاموچێژی زیاتر دەبێ هەتا لە زمانی دووەم کە ئینگلیزییە، و زمانێکە بە کولتوور دوورە لە زمانی تورکیی عوسمانی کە پڕیەتی لە وشە و زاراوە و کۆدی کولتووریی ئیسلام و موسڵمانان.[1]