جەنگی هەشت ساڵەی ئێراق و ئێران و کاریگەریی بەسەر دەڤەری برادۆست
بێخال برادۆستی
جەنگی هەشت ساڵە چییە؟ ئەو جەنگە بوو لەنێوان (ئێران و ئێراق) کە لە ئێران بەناوی (جەنگی سەپێنراو، بەرگری پیرۆز، جەنگی هەشت ساڵە) و لەلایەن سەدامەوە بە (جەنگی قادسیە) و لەلایەن سەرانی عەرەبەوە بە (جەنگی کەنداوی یەکەم) دەناسرێت. ئەم جەنگە درێژترین جەنگی ڕووبەڕووی سەدەی بیست بوو و دووەمین درێژترن جەنگ بوو دوای جەنگی ڤێتنام و هەشت ساڵی خایاند، جەنگەکە لە 22ی ئەیلولی 1980 دەستی پێکرد و لە 20ی ئابی 1988 کۆتایی پێهات واتە (حەوت ساڵ و 10 مانگ و دوو هەفتە و یەک ڕۆژ) .
هەڵکەوتەی جوگرافیای شارۆچکەی #سیدەکان#: شارۆچکەی سیدەکان (برادۆست) کەوتۆتە سەر سێگوشەی (ئێراق، ئیران، تورکیا) ناوچەیەکی شاخاوییە لە باکوور، وڵاتی تورکیا و لە باکووری ڕۆژهەلات وڵاتی ئێران و لە باشوور شارەدێی (#دیانا# سەربە شارۆچکەی #سۆران#) و (سمێلان سەربە شارۆچکەی #چۆمان#) لە ڕۆژاوای شارەدێی (پیران) و (مەزنێ) سەربە شارۆچکەی #مێرگەسوور# ڕووبەری سنووری دەڤەری برادوست (1616کم 2) دووری لە سەنتەری شارۆچکە (34کم ) دووری لە سەنتەری پارێزگا (142کم) لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزەدا بە فەرمانی والی عوسمانی بەناوی شارەدێی (برادۆست) ناوی هاتوو. لە ساڵی (1932) لەلایەن حکومەتی ئێراق بەڕەسمی کراوەتە شارەدێ بەناوی (شارەدێی برادوست) (251) گوندی ئاوەدانی هەبوو. حکومەتی ئێراق لە سالی (1978) هەڵسا بە ڕاگواستنی زیاتر لە (160) گوندی سەر سنووری ئێراق و تورکیا بۆ کومەڵگە زۆرەملێکان بەهۆی دەست پێکردنی شەری نێوان ئێراق و ئێران لە سنووری سیدەکان.
لە 15-05-1985 دەڤەری (برادۆست) بووە بەرەیەکی جەنگی ئێراق-ئێران بەهۆی ئەو شەرە تووندە ڕووبەرێکی زۆری دارستانی سرووشتی و ژمارەیەکی زۆری ئاژەڵی کێوی لە ناوچوون. سنووری شارەدێی سیدەکان بە تەوای چۆڵکرا خەلکەکەی ئاوارەبوون لەسەر زاری خەڵکی برادۆستەوە باس لەو جەنگە دەکەین کە ناوچەکەی زۆری گرتەوە، دەڤەری برادۆست گەرمیان و کوێستان دەکەن بەشێکی خەڵکی ناوچەکە لە کوێستانەکان خەریکی مەڕ و ماڵاتیان بوون و بەشەکەی تریش لە ناو خانوەکانی خۆیان بوون چ لە شارەدێی سیدەکان هەروەها گوندەکانی دەورووبەری خەڵکەکە ئاگاداری جەنگەکە بوون، بەڵام ناوچەکەی نەگرتبووەوە، لە ساڵی 1985 ئاڕاستەی جەنگەکە بۆ ئەم سنوورە هات، حکومەتی ئێراق دەستی کرد بە ڕاگواستنی خەڵکەکە و چۆڵکردنی ناوچەکە، خەڵکی ناوچەکە بۆ ئێمەیان باسکرد کە ئەوان بەشێکیان لە کوێستانەکان بوون و خەریکی مەڕ و ماڵاتەکانیان بوون، بەشەکەی تر لە سەنتەری شارەدێ و کەمێکیش لە گوندەکان مابوونەوە، دەڵێن:- حەمید ئەفەندی هات بۆ لای ئێمە و پێی ڕاگەیاندین کە ئاڕاستەی شەرەکە بۆ ئام ناوچەیەیە و پێویستە چۆڵ بکرێ، بەشێکیان دەڵێن:- هەندێکمان مەڕ و مالاتەکانمان فرۆشت و بەرەو سۆران ڕاگواستراینەوە، لە باڵەکیان و هاودیان و مەجیداوە و دێلزیان و مەزنێ و سارداو نێیشتە جێ بووین و بارودۆخمان زۆر خراپ بوو، حکومەت هیچ هاوکاریەکیان نەکردین، بەڵام (عەبدوڵڵا ئاغا) ی سەرۆک عەشیرەتی بالەکیان و کەریم خان سەرۆک عەشیرەتی برادۆست هاوکاری زۆریان کردین. بەشێکی تری خەڵکەکە دەڵێن:- ئێمە بەرەو #قوشتەپە# و #مەسیف# و تۆپزاوە و #کەسنەزان# ڕاگواستراینەوە.
حکومەتی ئێران سەرەتا لەناوچەکانی هاوارجوو و میران و سەقەرە کوێستانەکانی کێلەشین، کانی خومار، خنێرە، هاتە ناو سنووری برادۆست و بە فڕۆکەی جەنگی و تۆپ و هاوەن ناوچەکەی کردە مەیدانی جەنگ، حکومەتی ئێراقیش لەبەشی باشوورەوە هاتە ناو ناوچەی برادۆست .جەنگێکی گەورە و یەکلاکەرەوە لە چیای گۆشینە ڕوویدا، خونکار عەزیز دەڵێت:- پاش نیوەڕۆ سوپای ئێران هاتە پێشەوە لە ناوچەکانی نێوان چیای بەربزین و چیای هەلگورد تا نزبک بوویەوە لە چیای گۆشینە واتا ناوچەکانی (زین و پرەشین) ئیجا سوپای ئێراق زانی ئێران بەرەوە پێشەوە هاتووە، لەبەر ئەو جەنگە خەڵکەکە خۆیان ماڵ و حاڵیان جێهێشت زێدی خۆیان چۆل کرد، بەم شێوەیە باسی دۆخی خۆیان دەکەن و دەڵێن: بە هەزار دەردەسەری و ترسەوە ناوچەکەیان جێ هێشتووە و بە پێی پەتی و لە ڕۆژ و شەودا لە ڕێگادا بوون بۆ دەربازکردنی گیانی خۆیان و ماڵ و منداڵەکانیان و بە برسیەتی و تێنویەتی ڕێگایان بڕیوە. بەشێکیان لە خێوەتگەو بەشێکی دیکە لە خانووی خەڵکی ئەو ناوچەیە نیشتەجێبوون و بەشێکیشیان خۆیان خانویان بۆ خۆیان درووست کرد، بەردەوامیان بە ژیانیان دا تا کۆتایی هاتنی جەنگەکە، خەڵکەکە هەر چاویان لەوە بوو بگەڕێنەوە بۆ سەر زێدی خۆیان، بەڵام نەیاندەزانی کەی جەنگەکە بەکۆتا دێت، ترسی ئەوەیان هەبوو ئێران بۆ فراوانکردنی سنوورەکەی ناوچەکە بەتەواوی بگرێت و زێدی خۆیان لەدەست بدەن.
دوای ئەوەی ئێراق توانی ئێران لە ناوچەکە دەربکات و تا سنووری کێلەشین بیکێشێتەوە کە بووە دوا خالی سنووری نێوان هەردوو وڵات. خەڵکەکە ئاگادارکرایەوە کە شەڕ لە زێدەکەیان وەستاوە و ڕەوشی ناوچەکە بەرەو ئارامبوونەوە دەچێت، خەڵکەکە بەترسەوە بڕیاری گەڕانەوەیان دا بۆ ناوچەکەیان. هەروەها بەشێکی خەڵکی برادۆست نەگەڕانەوە بۆ ناوچەکە و لە کەسنەزان و تۆپزاوە و مەسیف….هتد نیشتەجێبوون. یەکێک لە کەسە بەتەمەنەکانی ناوچەکە دەڵێت:- هەر لە کۆنەوە ناوچەی برادۆست مەیدانی جەنگ بووە بەهۆی هەڵکەوتەی ناوچەکە، لەم جەنگەشدا زیانی زۆرمان پێگەیشت و دەربەدەر بووین و ناوچەکەمان بەتەواوی شێواو بوو.
زیانەکانی جەنگەکە:- ئەم جەنگە کاریگەریی خۆی بەقوولی بەجێ هێشت بۆئەم ناوچەیە. ئەم جەنگە کەڵک و زیانی بۆ ناوچەکە هەبوو، پاشماوەی تەقەمەنی زۆری لێیماوە، خەڵکی برادۆست باس لە پاشماوەکانی جەنگەکە دەکەن و دەڵێن:- کاتێک گەڕاینەوە بۆ سەر زێدی خۆمان پاشماوەی جەنگەکە مابوو، وەک مین و تەقەمەنیەکانی تر. ئەوەی زیاتر زیانی پێگەیاندین و تا ئێستاش هەر بەردەوامە مینە کە چەندین کێلگەی مینی لە ناوچەکەمان هەیە و قوربانی زۆرمان داوە، ئێمە واهەستەکەین جەنگەکە لە ناوچەکەمان هەر ماوە بەهۆی ئەو کێلگە مین و پاشماوە جەنگییانەی کە ساڵانە قوربانی گیانی و مادیمان هەیە. لەسەرووی هەموویەوە بەشێکی زۆری خاکی برادۆست کەوتە ژێر دەسەڵاتی ئێران بەتایبەتی لە ناوچەکانی نێوان چیای سپی ڕێز تا چیای بەربزین کەوتە ژێر دەستی ئێرانەوە، سوودێکی ئەم جەنگە ئەوەبوو ڕێگاوبان بۆ سەر هەموو گرد و چیاکان و بەشێکی زۆری ناوچەکان چوو.[1]
$لیستی سەرچاوەکان$
1- جەلال عومەر ڕەسوڵ، گوندی ئاڵانە، چاو پێکەوتن کراوە 15-01-2023.
2- سادق برایم مەلیل، 28-12-2022 گوندی ئاڵانە، چاوپێکەوتن کراوە.
3- خونچە ئەبابەکر عەبدولخالق گوندی ئاڵانە، 02-01-2023 چاوپێکەوتن کراوە.
4- قودرەت ڕەشید ڕەسوڵ، گوندی ئاڵانە، 05-01-2023 چاوپێکەوتن کراوە.
5- سەلیم حەمەد ڕەشید، گوندی ئاڵانە، 26-12-2022 چاوپێکەوتن کراوە.
6- عەزیز عومەر ڕەسوڵ، سیدەکان، 16-01-2023 چاوپێکەوتن کراوە.
7- سەباح محەمەد عەبدولخالق گوندی جەڕا، 19-01-2023 چاوپێکەوتن کراوە.
8- حەسەن حمدمین سیدەکان، پەیوەندی تەلەفۆنی 18-01-2023.
9- حەمەد ئەحمەد، گوندی ئالەکان، 20-01-2023 پەیوەندی تەلەفۆنی.
10- سۆران خونکار عەزیز چاوپێکەوتن لەگەڵ خونکار عەزیز کەریم ، 05-02-2023 لە گوندی بانەدێر.
11- سۆران خونکار عەزیز ، چاوپێکەوتن لەگەڵ عەبدوڵڵا حەمەد ، 05-02-2023 لە گوندی بانەدێر .