چەوساندنەوەی کوردەکان لە ئەرمەنستان و ئازربایجان
هۆشیار جەمال
$مێژووی کوردەکان$
مێژووی کوردەکان لە ئەرمەنستان و ئازربایجان و جۆرجیا ناسراوە و دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی حەوتەم. لەسەردەمی نوێ دا بەهۆی کۆچی دانیشتووانەوە بەڕێژەیەکی زۆر لەسەدەی نۆزدەهەمدا و لە هاتنی قەیسەر و حوکمڕانی قەوقاسدا، بەشێکی زۆری کوردەکان کەوتنە ژێر حوکمڕانی ڕژێمی ڕووسیاوە، لەکۆتایی سەدەی نۆزدەهەمدا و سەرەتای سەدەی بیستدا، پاشماوەی کوردی ئێزیدی سەردەمی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، یەزیدییەکان زیاتر لە ئەرمەنستان و جۆرجیاوە هاتبوون، زیاتر لەو ناوچانەدا دەژیان کە کریستیانیەکان تیایدا دەژیان.
لەسەردەمی ستالییندا دیاردەی ڕاگواستن هەبوو، ئەوکاتەی کە یەکێتی سۆڤیەت لەبەریەک هەڵوەشا، زۆر لەو گرووپە کوردییانەش پەرت و بڵاو بوون، ئەم پڕۆسەیە نەک هەر لەگەڵ نەتەوەی کورد پیادەکرا، بەڵکوو هەندێ لە گرووپەکانی تریشی گرتەوە.
لە دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەر ساڵی 1917 گۆڕانکاری بەسەر زۆر شتدا هاتوو ئەو گوڕانکاریانەش دوو ئەنجامی لێکەوتەوە:-
یەکەم: ئەو کوردانەی کە هەمیشە لە کۆچی بەردەوامدا بوون، شوێن و جێگای خۆیان بۆ دیاری کرا.
دووەم: لە ساڵی 1923 تا ساڵی 1929 لە سەردەمی (لینیین) دا خوێندنگای تایبەت بە زمانی کوردی کرایەوە، هەروەها ڕۆژنامە و بڵاوکراوە بە زمانی کوردی بڵاوکرایەوە.
$کۆتایی سیاسەتی کولتوورە هەمەجۆرەکان چەوساندنەوەی کورد و کەمینەکان$
لە ناوەڕاستی ساڵانی سییەکان، ئیدی کۆتایی بە پیادەکردنی سیاسەتی کولتوورە هەمەجۆرەکان هات و لەو کاتەوە سیاسەتی مەرکەزیەت پیادەکرا و هەموو بڕیارەکان لە ئاستی سەرەوە دادەبەزینە خوارەوە، دووبارە کێشەی نێوان هاووڵاتییە ڕووسەکان و کەمینەکان سەریهەڵدایەوە، ئەم دیاردەیە دژی کەمینەی کوردەکانیش بوو، بە هەزاران کورد سەرلەنوێ لە کازاخستان و قیرغیزستان و سیبیریا نیشتەجێکرانەوە و بەرەو ئەو ناوچانە ڕاگوازرانەوە، بارزانی و ئەو کوردانەی لەگەڵیدا بوون، لەدوای ڕووخانی (کۆماری مەهاباد) بەرەو یەکێتی سۆڤیەت ڕۆشتن ڕاستەوخۆ دابەشکران بەسەر چەند ناوچەیەکی جیاواز لە کۆمارەکانی سۆڤیەتدا، دوای هەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤیەت لە هەموو ئەو هەڵسوکەوتانە لەبەرانبەر کەمینەکان بەکاری نایاسایی و تاوان پێناسەکراو ئاماژەیان بە چاککردنی ئەو بارودۆخە دەدا، بەڵام هەتا ئەمڕۆش چاکسازییەکی ئەوتۆ ئەنجام نەدراوە، ژمارەی کوردەکان لە یەکێتی سۆڤیەتی ئەوسادا نزیک دەبۆوە لە چەند سەدهەزار کەسێک، نیوەیان لە ئەرمەنستان و ئازربایجان دەژیان و نیوەکەی تریان لە جۆرجیا و ناوچەی باشووری ڕووسیاو مۆسکۆ دەژیان.
لە ساڵی 1988_1989دا لە شاری (سومگایت) پڕۆسەی پاکتاوی نەژادی ئەنجام دراو ڕەشەکوژی ئەرمەنیەکان کرا، ئەوە پڕۆسەی کوشتن و بڕین و تاڵانکردنی زۆرینەی خەڵک بوو بۆ کەمینەکان، ئەنجامی ئەم کوشت و کوشتار و گرژی و ئاڵۆزییە ئازربایجانییەکانی بەرەو ئەرمەنستان و ئەرمینیەکانی بەرەو ئازربایجان برد، لەگەڵ هەڵاتنی ئازربایجانیەکان لە ئەرمەنستانەوە، موسوڵمانە کوردەکانیش بەشێک بوون لەو گرووپە دەربەدەرانە، لە دوای کۆتایی هاتنی شەڕی (ناگۆرنی کاراباخ) ئەو ناوچەیە کەوتە دەست ئەرمەنییەکان و جارێکیتر نزیکەی 18000 کورد ئەو ناوچانەیان بەجێهێشت، کوردەکان بەهێز بوون لە ناوچەی تورکی ئازەریداو پێیان وابوو چارەنووسیان گرێدراوە بە ئازەرییەکانەوە، بە مەبەستی ئەوەی زیاتر بەهێزتربن، زیاتر هەستیان بەوە دەکرد کە ئەمان تەنیا چەند گرووپێکن لە نەتەوەیەک و هیچیتر، زۆربەی کوردەکان پێیان وابوو، لە حاڵەتی پەنابەریی و ترس و دڵەڕاوکێدان، نەیاندەزانی چۆن بژێوی ژیان و هەلیکار مسۆگەر بکەن لەپەنای شەڕکردن لەگەڵ ئەرمەنستانی دراوسێدا، بنەمای ئابووری و کۆمەڵگە بەخێرایی لە گۆڕاندا بوو. لەبەر ئەوە بیرکردنەوە لە کولتوورو شێوە زارەکەیان ئەوەندە مەبەست نەبوو، ئەم حاڵەتە گونجاو بوو بۆ ڕژێم و لە کەڵک و قازانجی ئەودا بوو، بوونی مەڵبەندێکی ڕۆشنبیری کوردی بۆ کوردەکان، ئەو مەڵبەندەش نوێنەری کوردەکان بوو هەروەها ڕۆژنامەیەکیان هەبوو بە ناوی (دەنگی کوردەکان) ، بەڵام ئەو مەڵبەندە بە شێوەیەکی دیارو بەرچاو زۆر کاری نە بۆ زمانی کوردی و نە کولتووری کورد نەدەکرد. ئەمەش بۆ ڕژێم کارێکی باش بوو، هەر بۆیە ئەمان پێویستیان بەوە نەبوو کار بۆ ئەوە بکەن، کوردەکان نیگەران بوون لە کارەکانی ئەو مەڵبەندە و ئەیانویست لەپێناو بەرژەوەندی گەلی کورد دا کار بکات، هەروەها کوردەکان پێیان وابوو کە ئەو مەڵبەندە دەستەمۆی ڕژێمی دەسەڵاتدارە، ڕژێم وەها بیری دەکردەوە کە زۆر ڕێگەپێدانی ئەو مەڵبەندە لە پیادەکردنی مافە ڕۆشنبیرییەکان دەبێتە هۆی ئەوەی کوردەکان بیر لە دەوڵەتێکی سەربەخۆ بکەنەوە.
بۆیە ئەو مەڵبەندە سەربەست نەبوو هۆکاری ئەو ترس و نائارامییەش ئەوە بوو ئازربایجان و تورکەکان هاوڕێ و دۆستی یەکتر بوون و متمانەیان بە جوڵەو چالاکییەکانی کورد نەبوو، لە ڕاستیدا ئەیانویست کوردەکان لە ئازربایجان هیچ شتێک نەکەن. ئازربایجان بۆ کوردەکان بە ڕاستی نیشتمان بوو، بەڵام تێڕوانینیان بۆ دواڕۆژێکی ڕوون لەو وڵاتە ئەوە پرسیارێکیتر بوو، ئەمەش هەر بە تەنیا بۆ کەمینە کوردەکان وا نەبوو. کوردەکان لە ئازربایجان تا ڕادەیەکی کەم سەربەستیان هەبوو، بۆ نموونە: وتنەوەی زمانی کوردی لە خوێندنگای تایبەت بەخۆیاندا، ئەو مافە پێشتر لە ئەرمەنستانیش هەبوو، سیاسەتێکی باش بوو بۆ کەمینەکان، بەڵام ڕەوشەکە ڕووی لە خراپ بوون کرد، بۆ ماوەیەکی زۆر کوردەکان لە ئەرمەنستان بەئارامی مانەوە، بێگومان ئەمەش چاوەڕوان نەکراو بوو، چونکە پێشتر لە سەدەکانی نۆزدەو بیستدا کوردەکان ژمارەیەکی زۆر ئەرمەنییان کوشت بۆ دەستبەسەرداگرتنی ناوچەکە، لە ساڵی1920دا و ساڵی1930دا هەریەکە لە ڕێکخراوە ئەرمەنییەکان و کوردە نەتەوەییەکان پێکەوە لە دژی کۆماری تازە دامەزراوی تورکیا جەنگین، ئەمەش تێگەیشتنێکی باش بوو لە یەکتر.
$دەرکردنی ڕۆژنامە لەلایەن کوردەکانەوە$
لەدوای ساڵی1955ەوە کوردەکان دیسانەوە توانیان گەشە بەکولتوورەکەی خۆیان بدەن و سەر لەنوێ ببنەوە خاوەنی ڕۆژنامەی خۆیان.
بەڵام ئەو ڕۆژنامەیە بەپیتی (کیریلی) چاپ ئەکرا، بۆ ئەمڕۆ ئەو چاپە زۆر ناسراو نییە. لە ساڵی شەستەکاندا ڕادیۆی (یەریڤان) هەبوو، پەخشی ئەم ڕادیۆیە بە زمانی کوردی بوو کە دەگەیشتە وڵاتانی دەوروبەریش، هەر بۆیە کوردەکان هۆشیاری سیاسی و کلتوری خۆیان زیاتر گەشەپێدا.
$دۆخی کورد لە دوای هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی سۆڤێت$
لە دوای لە بەریەک هەڵوەشانی یەکێتی سۆڤیەت باری ژیانی کوردەکان باشترو ئاسانتر نەبوو، بەڵکوو بە پێچەوانەوە لە ناوچەکانی (ناگۆرنی کاراباخ) کە ناوچەیەکە لە ئازربایجان، ژمارەیەکی زۆر لە ئەرمەنییەکان لەو ناوچانەدا دەژیان و کێشەو ناکۆکییەکانی ئەم ناوچەیە کوردەکانیشی گرتبۆوە.
$کۆچی کورد$
نزیکەی 50000بۆ80000 هەزار لە کوردەکانی ئەرمەنستان (ئێزیدین) و ئەو کوردانەش کە مسوڵمان بوون لە ئەرمەنستانەوە بەرەو ئازربایجان بەڕێکەوتن، سەرەتا کوردی موسوڵمان و کوردی ئێزدی ئەوەیان دەزانی کە ئەمان سەر بە هەمان کەمینەو کولتوورن، بەڵام زیاتر موسوڵمانە کوردەکان زیاتر هەستیان بەلای کولتووری ئازەرییەکاندا دەڕۆشت و پێیان وابوو کە ئەمان لە کەمینەی ئازەرییەکانەوە نزیکن، هەرچی ئێزدییەکانیش بوو پێیان وابوو لە ئەرمەنییە کریستیانەکانەوە نزیکن و دەچنەوە سەر ئەوان، ئەو ئێزیدییانەی لە خواروی ڕۆژهەڵاتی تورکیا دەژیان، دەبوایە لەو ناوچانەدا نەمانایەو ئێزدییەکانی ئەرمەنستان لە دژی دەوڵەتی تورکیا کاریان دەکردو هاوکاری (p.k.k) یان دەکرد، دواتر ئەرمەنییەکان کاریان بۆ نەتەوایەتی بوونی خۆیان دەکرد و ئێزیدییەکانیش بەو ئاڕاستەیە کاریان دەکرد کە ئەمان سەر بە نەتەوەی کورد نین.[1]
$سەرچاوە$
1/ کورد لە سووریا و ئازەربایجان و ئەرمەنستان، نووسینی، م.شترۆهمایەر، ل. یاڵچین هێکڵمان، وەرگێڕانی لە ئەڵمانیەوە، ڕێبوار تۆفیق بەنگینە، چاپی یەکەم، ئەکادیمیای هۆشیاری و پێگەیاندنی کادیران سلێمانی ساڵی 2011