ناونیشانی چیرۆک: مەزهەب و پشیلەکەی حوجرە
ئامادەکردن: #شەماڵ محەمەد محەمەدئەمین#
مامۆستاکە خەریکی گوتنەوەی وانە بو لە حوجرەکەی، پشیلەیەکی جوانیش کە هۆگری کۆڕی خوێندن ببو بە هێمنی دەهات و دەچو لەنێو قوتابییەکان، مامۆستا هەستی کرد پشیلەکە سەرنجی قوتابییان بەلایەکی تردا دەبات بۆیە داوای کرد لەکاتی خوێندن پشیلەکە لە سوچێکی حوجرەکە ببەستنەوە.
بەردەوامبوون لە بەستنەوەی پشیلەکە تاماوەیەکی زۆر، مامۆستا کۆچی دوایی کرد و قوتابییان ڕۆیشتن و هی تر هاتن ، پشیلەکەش مرد، پشیلەیەکی تریان هێنا بە هەمان شێوە لە شوێنی پشیلەکەی پێشو دایاننا.
دوای چەند نەوەیەک کۆمەڵێک قوتابی هاتن کەوتنە قسەکردن لەسەر پشیلەکە و گەورەیی و پیرۆزیی و حیکمەتی ڕۆحی و زانستیی بەستنەوەی لەم شوێنە، لەنێوان خۆیاندا بوو بە مشتومڕیان لەسەر چۆنییەتیی بەستنەوە و جۆر و شێواز و ڕەنگی گوریسەکە . سەرەنجام پێک نەهاتن و دابەشبوون بەسەر چەند گرووپێک و هەر گرووپێکیان ئەوانی تری بە گومڕا ناوزەد دەکرد و دوژمنایەتی کەوتە نێوانیان.
ڕۆژێک میوانێک هاتە لادێکە و پرسیاری مەسەلەی پشیلەکەی کرد ، دوای ئەوەی گوێبیستی چیرۆکەکە بو پێی گوتن کە خوێندنی ئەوان هیچ پەیوەندیی بە بەستنەوەی پشیلەوە نییە ، بەڵام ئەوان بە گومڕا و بێباوەڕ ناوزەدیان کرد و سەریان سوڕما کە چۆن میوانێک کە هیچ لە زانست نازانێ قسە لە قسەی مامۆستا نەمر و مەعسومەکەی ئەواندا دەکات! ئەوان لەسەر مەزهەبی مامۆستاکەیانن و چۆنیان بینیوە لە پەڕتووکەکانیان بە تەواوی دەبێ شوێنی بکەون و نابێ یەک پیتیشپشتگوی بخەن.
سەرەنجام هەر گرووپێک پشیلەی تایبەت بەخۆی هێنا، بو بە شەڕیان و پشیلەکانیش کەوتنە شەڕ و لە حوجرەکە جێگایان نەبوەوە و ناچار بوون هەر گرووپێک بچێت حوجرەی تایبەت بەخۆی درووست بکات.
ئەو لادێیە هێمنەی کە چەندین ساڵ بو تەنیا یەک حوجرە و یەک مامۆستای هەبو، ئێستا چەندین حوجرە و مامۆستا و گرووپی جیاجیای تێدایە و هەموشیان دوژمنی یەکترن.
مەسەلەی درووستبوونی مەزهەبەجیاوازەکان لە ئایینەکان هاوشێوەی ئەم چیرۆکەی سەرەوەیە ، جیاوازییەکان زۆر بچوک و لاوەکین بەڵام لەسەر ئەم جیاوازییانە سەدان جەنگ و هەزاران کێشەبە بەردەوامی بەرۆکی باوەڕداران دەگرن و ژیانیان لێ تاڵ دەکەن. [1]