ناونیشان: من و دوعاکانی مامۆستا
ئامادەکردن: #شەماڵ محەمەد محەمەدئەمین#
لە وتاری هەینی دانیشتبوم، مامۆستا زۆر بەتوندی هێرشی کردەسەر وڵاتانی کافر و تاوانی برسییەتی و دواکەوتن و تەنانەت کێشە ناوخۆییەکانی هەمووی خستە ئەستۆی ئەوان، هێندەی دوعا لێکردن گوتم ڕەنگە هەموو وڵاتە کافر و بێدینەکان نەگەنە نوێژی عەسر و سەردەمی خەلافەت بگەڕێتەوە.
نوێژ تەواو بوو، لە ماڵەوەش خەیاڵم هەر لای قسەکانی مامۆستا بوو، لەپڕ شتێک بە بیرمدا هات. باشە ئەگەر کافر و بێدینان لەناوبچن وەک مامۆستا دوعای کرد تۆ بڵێی دونیا خۆشتر بێ؟
باشە خۆ ئەگەر ژاپۆن لەناوبچێ مامۆستا بێ ئۆتۆمبێل دەمێنێتەوە، ئەگەر چین و کۆریاش لەناوبچن من و مامۆستا و هەموو خەڵکیش بێ تەلەفۆن و کۆمپیوتەر و تەنانەت هەندێکمان بێ جلوبەرگ و پێڵاویش دەبین! بیرم کەوتەوە، خۆ ئەگەر ئەوان لەناوبچن ئینتەرنێت و کەناڵەکانیش نامێنن.
شارێک بێنەبەرچاوت ئۆتۆمبێل و ئینتەرنێت و تەلەفۆن و کۆمپیوتەر و کامێرای تێدانەبێت، باسی جلوبەرگ ناکەم، هەرچەندە زۆربەی جلوبەرگەکانیشمان کافر و بێدینان درووستیان دەکەن، وەڵا خۆ گەر دوعاکانمان بەڕاست بگەڕێن ڕاستەوخۆ دەگەڕێینەوە چاخی بەردین!
هەینیی داهاتوو زوو چومە مزگەوت و چومە لای مامۆستا، کۆمەڵێک پیاوی خواناس و بەتەمەنیش لەلای دانیشتبوون، هەر چاوەڕێی دەرفەتێک بووم بتوانم بە تەنیا بیدوێنم ، بوار نەبوو، سەرەنجام قسەم کرد:
مامۆستا وتاری هەفتەی ڕابردووت زۆر جوان و بەهێز بوو بەڵام بیرم لە دوعاکانت کردەوە، ئەگەر ئەو دوعایانە قبووڵ ببن خۆ مالمان وێران دەبێ.
مامۆستا: چۆن؟
من: مامۆستا گیان ئاخر ئێمە خۆمان هیچ بەرهەممان نییە ئەگەر کافر و بێدینان لەناوبچن کێ ئۆتۆمبێل و تەلەفۆن و کۆمپیوتەر و تەیارە درووست بکا؟
مامۆستا: پێویستیمان بەو شتانە نییە، سەردەمی پەیامبەریش د.خ ئەو شتانە نەبوون و خۆشترین ژیانیشیان هەبوو.
من: ئاخر مامۆستا ژیان پیش دەکەوێت ناکرێ هەموو دنیا پێشکەوێ تەنیا ئێمە لەدواوەبین وەک ئێستا!
مامۆستا: ئێستا ئێمە زۆر پێشکەوتوین و پێشکەوتن هەر تەکنۆلۆجیا نییە، ئەوان دنیایان هەیە و ئێمە قیامەت.
من: مامۆستا گیان خوا فەرموویەتی با دنیا و قیامەتیشت هەبێ...
مامۆستا: نەخێر شتی وا نییە...
من: مامۆستا خوا لە قورئاندا فەرموویەتی (داوای قیامەت بکە و بەشی خۆشت لە دونیا لەبیر مەکە) .
مامۆستا: تەفسیری ئەم ئایەتە بەو شێوەیە نییە ، پاشان تۆ چۆن ڕێگە بەخۆت دەدەی قورئان تەفسیر بکەی؟
من: مامۆستا من زمانەوانم، پاشان خودا لە قورئاندا فەرموویەتی (هدی للناس) ، واتە قورئان ڕێنیشاندەرە بۆ هەموو خەڵکی نەک هەر پیاوانی ئایینی....
مامۆستا قسەکەی پێ بڕیم: کاکە واز لەو بابەتانە بێنە، ئەوە کاری تۆ نییە...
تێگەیشتم من و مامۆستا لە دوو جیهانی جیاواز دەژین، من لەسەر ئەرز و مامۆستا لە ئاسمان .... من لەگەڵ مرۆڤەکان و مامۆستا بەخەیاڵی خۆی لەگەڵ هاوەڵان...
کاتی نوێژ هات و چووین بەرەو هۆڵی نوێژکردن، خەیاڵی من ئاڵۆز بە کۆمەڵێک پرسیاری بێ وەڵام و خەیاڵی و مامۆستاش بە کۆمەڵێک دوعای بەهێزتر لە هەینیی ڕابردوو بۆ لەناوبردنی عەرشی کافر و بێدینان. [1]