شەوانە ئەو دەمانەی شەو دەگاتە کاتی نیوەی شەو
خەڵک نوستوون، لە چاوی من کەسەر دیسان ڕەواندی خەو
سکووتێکی بەسام سەرتاسەری ئەم دێیە دادەگرێ
دەڵێی هەر زیندەوارێکی هەیە لەو دێیەدا دەمرێ
لە هیچ لا خشپەیەک نایە، چرای ماڵێکی ناییسێ
بە ئەسپایی لە ماڵ دێمە دەرێ، دەخوشم وەکوو نیسێ
تەک و تەنیا بە ئارامی دەچم بۆ گردەکەی بەر دێ
بە دڵتەنگی و کز و خەمناکی رادەکشێم لە سەر بەردێ
دەکەم جا سەیری ئەستێران و ﮪەڵدەمژم شنەی شەوبا
شەو و بێدەنگی چەند خۆشە، هەمیشە خۆزگە هەر شەو با
وەکوو ئاواڵی چاک ئەستێرەکان گوێ ڕادەدێرن بۆم
هەتا بۆیان بەیان کەم موو بە موو ڕازی دەروونی خۆم
کوڵم هەڵدەستێ ئەو جارە و لە بەر دەردم داناڵێنم
ﮪەتا ئاوری دڵم دەکوژێتەوە ئەسرین دەبارێنم
شەوانە گەر نەکەم ئەو شیوەن و ناڵین و گریانە
دەسووتێنێ وجوودم ئاگری ئەم جەرگە بریانە
بەڵێ گریانی نیوەی شەو دەکا ناسۆری دڵ مەرهەم
کوڵ و کۆم دادەمرکێنێ و بەجێ دێڵێ دڵی من خەم
#هێمن موکریانی#