ناو: مستەفا
ناوی باوک: سڵێمان عەبدوڵڵا
ساڵی لەدایکبوون: 1938ز.
شوێنی لەدایکبوون: #سلێمانی#
ڕۆژی کۆچی دوایی: #27-02-2019#
شوێنی کۆچی دوایی: سلێمانی
$ژیاننامە$
مستەفا سڵێمان عەبدوڵڵا، کەسایەتییەکی دیاری زانستی و ڕووناکبیری کوردستانە و بەهێمنی وەک سەربازی ون، لە ڕێی بەرهەمە ئەدەبی و زانستییەکانییەوە خزمەتێکی زۆری بەکاروانی ڕۆشنبیری و زانستیی کوردستان کردووە.
ساڵی 1938ز. لە گەڕەکی #کانێسکان#ی شاری سلێمانی لەدایک بووە و لەئامێزی خانەوادەیەکی ڕووناکبیر و نیشتمانپەروەردا گەورە بووە.
قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە شاری سلێمانی تەواوکردووە.
خوێندکارێکی زیرەک و بەتوانا بووە، لە دوا قۆناغی ئامادەیی نمرەی بەرزی بەدەستهێناوە و لە کۆلێجی ئەندازیاریی زانکۆی بەغدا وەرگیراوە و بەسەرکەوتووانە تەواوی کردووە.
دواتر وەک ئەندازیار لە وەزارەتی پیشەسازی ئێراق و کارگەی شەکری سلێمانی خزمەتی کردووە و ئەندازیارێکی زیرەک و بەتوانا بووە.
مستەفا سڵێمان، هەر لە سەردەمی لاوی و لە ناوەڕاستی ساڵانی پەنجاکانی سەدەی ڕابردووەوە، خولیای جیهانی ئەدەب بەگشتی و هەڵبەست بەتایبەتی بووە و بەرهەمەکانی لەرۆژنامە و گۆڤارەکانی وەک (هەتاو، ژین، هیوا و ڕووناکی) بڵاوکردووەتەوە.
ئۆپەرێتیشی نووسیوە و ئۆپەرێتی (کوردستان) کە نەورۆزی 1958ز. نووسیوێتی یەکێکە لە بەرهەمە جوان و ڕەنگینەکانی کە تەعبیری هەر چوار پارچەی کوردستان کردووە و لەلایەن خۆی و خوێندکارانی زانکۆی بەغداوە نمایش کراوە.
بێ لە بواری ئەدەب، مستەفا سڵێمان بایەخی زۆری بە فەرهەنگی زانستی داوە و خاوەنی شاکارێکی زانستی گەورەیە، ئەویش (#فەرهەنگی زاراوەی زانستی#) یە کە بە زمانەکانی ئینگلیزی و کوردی و عەرەبی لە دووتوێی 550 لاپەڕەی قەبارە گەورەدا نووسراوە و ساڵی 2014ز. بۆ جاری دووەم چاپکراوە.
ئەم فەرهەنگە فەرهەنگێکی زانستیی گرنگە و ڕشتە زانستییەکانی وەک (بیرکاری، زیندەوەرزانی، فیزیا، کیمیا، پزیشکی، ئابووری، جیۆلۆجی، ئەندازیاری، یاسا، جوگرافی، گەردوونناسی و زمانناسی) لەخۆگرتووە و سەرچاوەیەکی بەنرخە بۆ خوێندکاران بەگشتی و خوێندکارانی بەشە زانستییەکانی زانکۆکان بەتایبەتی.
لە بواری کوردایەتی و نیشتمانپەروەریشدا ڕۆڵی دیار و پرشنگداری لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستاندا هەبووە، مامۆستایان (د.#جەمال نەبەز#، مەحمودی مەلا عیزەت و قادر میرزا کەریم) وەک هاوڕێی ئەو، لە نووسین و یاداشتەکانیاندا بەوپەڕی ڕێزەوە باسی ئازایەتی و جوامێریی لە تێکۆشانی کوردایەتیدا دەکەن.
پاش زیاتر لەنیو سەدە لە خزمەتکردن لە کایەکانی ئەدەبی و زانستی و کوردایەتیدا، ئەم کەسایەتییە هەڵکەوتووەی کوردستان، لە ڕۆژی 27ی شوباتی 2019ز. بۆ دواجار ماڵئاوایی کرد و لە گۆڕستانی #بەکرەجۆ#ی شاری سلێمانی بەخاک سپێردرا. [1]