ڕانانی ڕەخنەی چاودێر بۆ پەڕتووکی مێروولەکان بەژێر ڕووناکی مانگدا دەڕۆن
کاتێک خەریکی وەسفکردنی شەوێکی پڕئەستێرەی، هەر تەنیا لە جوانیی ئاسمان و جریوەی ئەستێرە زۆرەکان لەو ئاسمانەدا وەک گەوهەری ڕەش، مەدوێ. لە پارچەشووشەیەکی شکاودا، درەوشانەوەی مانگ وەسف بکە، ئەو کاتەی لە ناکاو گورگێک، لەو شەوەدا وەک تارمایی بەبەر چاوتدا تێدەپەڕێت.
ئەمە نامەیەکی ئەنتۆن چێخۆفە بۆ نیکۆلای برای، کە لە دەستپێکی کتێبی مێروولەکان بەژێر ڕووناکیی مانگدا دەڕۆندا هاتووە. تەنیا دوای خوێندنەوەی ئەم چیرۆکانەیە، کە تێ دەگەین، #بەختیار حەمەسوور#ی چیرۆکنووس چۆن جەخت لە نیشاندان و خستنەڕووی شتەکان و ڕووداو و بابەتەکان دەکاتەوە و خۆی وەک فیلمسازێک بە تەنیشت هەموو پێکهاتە و وردەڕووداو و کارەکتەری نێو چیرۆکاکەنەوە دەوەستێت. ئەو وەک چیرۆکنووسێک نایەوێت هیچ قەرار و ڕێوشوێنێک بۆ چیرۆکەکان دابنێت، بەڵکوو وا دەخوازێت ڕووداوەکان بە سروشتی خۆیان ڕوو بدەن و ئەدەبیات تەنیا وەک وێنەدانەوەیەک دەبینێت.
#مێروولەکان بەژێر ڕووناکیی مانگدا دەڕۆن# یەکەمین کتێبی بەختیار حەمەسوورە، کە 96 لاپەڕەیە و لە حەوت چیرۆک بە ناوەکانی پشیلەی ناو کێڵگەی قەرسیل، لە سووچێکی ئاوێنەدا، وێنەیەکی تۆزلێنیشتوو، شەقامی ژمارە 23، پشیلەی ژێر باران، ئاوڕدانەوە لە دواپلیکانەدا و کوپی قاوە پێک هاتووە. ئەم چیرۆکانە بە زمانێکی وشک و سادەی بێ تیفتیفە و بە شێوازێکی مینیماڵییانە نووسراون و هەوڵیان داوە بە ڕوونی و لە سادەترین وشەکان و ئاساییترین ڕووداوەکاندا خۆیان دەربخەن.
یەکێک لە ئادگارەکانی ئەدەبیاتی مینیماڵی ئەوەیە، کە هەرزانترین و بێبایەخترین ڕووداوەکان لەنێو چیرۆکدا بەهایەکی تر وەردەگرن و بۆ یەکەمجار کە لە ئەدەبیاتدا هەمان ڕووداوی هەرزان و بێبایەخ دەبینین، سەرنجمان بەکێش دەکەن و مەودایەکی ترمان نیشان دەدەن. ئەمە تایبەمەندییەکی ئەم چیرۆکانەیشە و لە زۆربەیاندا بە دی دەکرێت و چیرۆکنووسیش هەوڵی داوە جێبەجێی بکات.
بەختیار حەمەسوور سەبارەت بە چاپی یەکەمین کتێبی خۆی، نووسیویەتی: چاپکردنی کتێب لە دنیای کوردیدا، هەم ڕیسکە و هەم کۆمیدیا. ڕیسکە، زۆر جار باجەکەی کەوتنە و پەشیمانی. کۆمیدیایە، بەر لەوەی گەڵاڵەی کتێب بە زەینی نووسەردا تێپەڕ بێت و بنووسرێت، بە تۆمەتی دزی و لاساییکردنەوە و هیچپێنەبوون، دەدرێتە بەر شەقی هەڵسەنگاندن و نەخوێندنەوە و پووچەڵکردنەوە! هەروەها دەخوازێت ئەمە دەستپێکێک بێت بۆ زیاتر بایەخدان بە دنیای چیرۆک. [1]
ئەم کتێبە لە چاپکراوەکانی ناوەندی غەزەلنووسە.