ناو: ئەبوبەکر
نازناو: ئەبوبەکر ئەفەندی
ساڵی لەدایکبوون: 1814
شوێنی لەدایکبوون: دەڤەری خۆشناوەتی
$ژیاننامە$
زانای ئایینیی کورد ئەبوبەکر ئەفەندی ساڵی 1814 لە دەڤەری خۆشناوەتی لە باشووری کوردستان لەدایکبووە، لە گوندی خۆیان خوێندنی سەرەتایی تەواوکردووە، پاشان بۆ خوێندن ڕووی لە ئیستانبوڵ کردووە و پێنج ساڵ لەوێ ماوەتەوە، ماوەیەکیش لە بەغدا خوێندوویەتی و دواتر لەوێوە بە خێزانەوە کۆچیان کردووە بۆ ئەرزەڕووم.
باشووری ئەفریقا کە لە ساڵی 1805وە کەوتبووە ژێر دەستی ئینگلیزەکان، کەمینەیەکی مسوڵمانی بە ڕەچەڵەک هیندستانی و مالیزیی تێدا دەژیا، ئەو مسوڵمانانە بەهۆی جیاوازیی بیروبۆچوونیان سەبارەت بە چۆنییەتیی پەیڕەویکردن لە ئایین، بەردەوام کێشەی ناوخۆییان هەبوو.=KTML_Photo_Begin=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2023/474603/0001.JPG=KTML_Photo_Alt=ئەبوبەکر ئەفەندی خۆشناو=KTML_Style=width:25%;height:20%;float:right;=KTML_Photo_Target_Link=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2023/474603/0001.JPG=KTML_Photo_End=
لەبەر ئەوە ڕۆژی 16-04-1862 داواخوازینامەکیان بۆ فەرمانڕەوای ئینگلیزی باشووری ئەفریقا بەرزکردەوە، تیایدا داوایان کرد لە ئیمپراتۆریای عوسمانییەوە زانایەکی ئایینییان بۆ بنێردرێت.
فەرمانڕەوای ئینگلیز لەندەنی لە بابەتەکە ئاگادار کردەوە، شاژن ڤیکتۆریا بێ دواکەوتن نامەیەکی بۆ سوڵتان عەبدولعەزیز نارد و داوای زانایەکی ئایینی لێ کرد.
نەزارەتی خارجیە وەزارەتی دەرەوەی دەوڵەتی عوسمانی ئەحمەد جەودەت پاشای ڕاسپارد بۆ دەستنیشانکردنی زانایەکی ئایینیی شیاو و لێهاتوو، دیوانی ئەحکامی عەدلیە ڕۆژی 26-04-1862 بە بڕیارێک ئەبوبەکر ئەفەندی بۆ ئەو ئەرکە هەڵبژارد و سوڵتانیش واژۆی لەسەر بڕیارەکە کرد.
بەپێی ئەو بڕیارە، مووچەیەکی 25 لیرەیی بۆ ئەبوبەکر ئەفەندی جێگیرکرا، 7500 قروش بۆ گەشت و یاریدەرێک و کۆمەڵێک پەرتووکی پێویستیشی بۆ دابینکرا.
ئەبوبەکر ئەفەندی ڕۆژی 03-09-1862 لە ئیستانبوڵەوە بەرەو پاریس و لەوێشەوە بۆ لەندەن بەڕێکەوت، پاش دوو مانگ مانەوە لەوێ، لە لیڤەرپولەوە دەستی بە گەشتەکەی کرد، ڕۆژی 17-01-1862 گەیشتە کەیپ تاون لە باشووری ئەفریقا.
ئەبوبەکر ئەفەندی لە کەیپ تاون ژیانی هاوسەرێتی لەگەڵ کچێکی هۆڵەندیی پێکەوەنا و پاش ماوەیەکیش کچێکی جێریمیا کوکی خزمی دەریاوانی بەناوبانگی ئینگلیز جەیمس کوکی خواست.
لە هاوسەری دووەمی، سێ کوڕی هەبوو بە ناوەکانی: ئەحمەد عەتائەڵا، هیشام نیعمەتوڵا، عومەر جەلالەدین، ساڵانی دواتر ئەحمەد عەتائەڵا کرا بە باڵیۆزی دەوڵەتی عوسمانی لە سەنگاپورە.
ئەبوبەکر ئەفەندیی پاش مردنی، شەش منداڵی لە پاش بەجێما، کە پێدەچێت سیانەکەی تریان کچ بووبن، بۆیە ئاماژە بە ناوەکانیان نەکراوە، نەوە و نەوەزاکانی لە ئێستادا لە: باشووری ئەفریقا، ئەمریکا، ئوسترالیا و چەند وڵاتێکی ئەوروپایی دەژین.
حکومەتی باشووری ئەفریقا ساڵی 1978 بە بۆنەی یادی 115 ساڵەی گەیشتنییەوە بۆ کەیپ تاون (مۆزەخانەی ئەبوبەکر ئەفەندیی) کردەوە بۆ پاراستنی کەلوپەل و بەڵگەنامە و هەموو شتێکی تایبەت بە ئەبوبەکر ئەفەندی و منداڵ و نەوەکانی.[1][2]