ناو: عوسمان
نازناو: شەیدا
ساڵی لەدایکبوون: 1953
شوێنی لەدایکبوون: #سلێمانی#
ڕۆژی کۆچی دوایی: #04-04-2005#
شوێنی کۆچی دوایی: سلێمانی
$ژیاننامە$
عوسمان شەیدا ناوێکی دیار و پرشنگداری نێو ئەدەب و هونەری کوردستانە، ئەو لەناو گوڵزاری هەڵبەست و شانۆدا بە پەنجە ڕەنگینەکانی چەند گورزەیەک بەرهەمی جوانی چنی، ماڵی هونەر و ئەدەبی وڵاتی کوردەواری پێڕازانەوەو وەک دوو ئامڕازی کاریگەریی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی و نیشتمانی، لە سەردەمی خۆیدا ڕۆڵی خۆیان وازی کرد. بەرهەمەکانی لەئامێزی مێژوودا بەنەمری دەمێننەوە.
عوسمان شەیدا، ساڵی 1953 لە گەڕەکی #گۆیژە#ی شاری سلێمانی لەدایک بووە. قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لەو شارە تەواوکردووە.
ئەو لەتافی لاویدا خولیای خوێندنەوە بوو، ئیدی دوای قاڵبوونی لە دنیای ئەدەبدا، بەهەڵبەست تەعبیری لە ئەندێشەی مێشک و دڵ و درەوونی کرد. خەمەکانی ناو هەناوی خەڵک و کۆمەڵ هێندە قووڵ و بەئازار بوون، بەتەنیا بە هەڵبەست دەرەقەتیان نەهات، هەر بۆیەش شانۆ و تەمسیلی بەکایەیەکی کاریگەرتر و هێلێکی گەرم و نزیکتر لە خەڵک زانی، لەوێوە پەیامەکانی خۆی گەیاند.
شەیدا لەسەرەتای حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا، چووە ناو دنیای هونەری شانۆ و نواندن، بۆ یەکەمجار لە تەمسیلی (باوەژن خوا بناسە) ، وەک ئەکتەر ڕۆڵی دکتۆر دلێری بەجوانی بینی، ئیدی لەو کاتەوە زیاتر ناسرا.
شەیدا تەنیا وەک ئەکتەر خزمەتی نەکرد، بەڵکوو وەک نووسەر و وەرگێڕ لە بواری هونەری شانۆدا خزمەتی کرد و شوێن پەنجەی ڕەنگینی دیارە.
شەیدا شانۆنامەی (ژن بەژنی) نووسی و تیشکی خستە سەر دیاردەیەکی دزێوی کۆمەڵایەتی و لەدەقێکی شانۆییدا بەرجەستەی کرد.
شەیدا لە بواری وەرگێڕانیشدا شارەزا بوو، هەر بۆیەش شانۆنامەی (کەللە سەری) ی نووسراوی ناوداری تورک ( نازم حیکمەت) ی بۆ سەر زمانی کوردی وەرگێڕا و ساڵی 1982 وەک شانۆگەری لەھۆڵی چالاکی قوتابخانەکان نمایش کرا.
عوسمان شەیدا، شانبەشانی هونەر، لە بواری ئەدەبیشدا خزمەتی کرد، بە هەڵبەست تەعبیری لەخەمە کۆمەڵایەتی و نیشتمانییەکان کرد. هەڵبەستەکانی لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانی سەردەمی خۆی بڵاو کردەوە و وەک دەنگێکی نوێ و جیاوازی هەڵبەستی خۆی ناساند.
ساڵی 1977 هەڵبەستەکانی لە دوو توێی دیوانێکدا بەناوی (شەختە) چاپ و بڵاوکردەوە، ئەو دیوانەی دەنگدانەوەیەکی زۆری لەو سەردەمەدا هەبوو.
دواتر بایەخی بەکاریکاتێرە هەڵبەست دا و لەو ڕێیەوە وەک بروسکە پەیامەکانی دەگەیاند، (گرانەتا و سێبەڕۆ) دوو بەرهەمی ناوازەن، کاتی خۆی وەک شێوازێکی نوێ و کاریگەریی هەڵبەست، پێشوازییەکی گەرمیان لێکرا.
شەیدا چووە شاخیش وەک پێشمەرگە بەشداری شۆڕشی نوێی کوردستانی کرد. لەوێش بایەخی بە ئەدەب دا، و ساڵی 1984 لەوێ کۆمەڵە هەڵبەستی سروودی بەرەنگاری چاپ و بڵاوکردەوە.
(نزا سپییەکانی من) دوا دیوانی هەڵبەستی عوسمان شەیدای نەمرە، کە هەڵبەستەکانی لەئاستێکی بەرزی ئەدەبیدان و ئەزموون و قاڵبوونی ئەدەبیی شاعیری پێوە دیارە.
پاش خزمەتێکی زۆر بەرشتەکانی ئەدەب و هونەر، عوسمان شەیدا، ڕۆژی 4ی نیسانی 2005 لە تەمەنی 52 ساڵیدا بۆ دواجار چاوەکانی لێکنا و لەگردی سەیوانی سلێمانی بەخاک سپێردرا و چووە دنیای نەمرانی نیشتمانەوە. [1]
=KTML_Bold=من خۆشەویستێکم هەبوو
سپی وەک شیری دایکم
ورد وەک شەپۆلی ئەستێرەی
پشت زێی باران
شیرین وەک گەمەی مناڵ=KTML_End=