$هیچ سکاڵایەک مەبەنە دادگای فیدراڵی$
#عارف قوربانی#
دادگەی فیدراڵی وەک باڵاترین دەسەڵاتی دەستووریی لە ئێراق کە بڕیارەکانی بێ چەندوچوون یەکلاکەرەوەن، ئەگەر لەسەر بنەمای پسپۆڕیی دابمەزرابا و بڕیارەکانی لەسەر بنەمای ویژدانی دادوەریی بووبان، دەرفەتێکی زۆر باش بوو بۆ یەکلایکردنەوەی بەشێک لە و کێشە و گیروگرفتانەی ساڵانێکی زۆرە بەچارەسەرنەکراویی ماونەتەوە. بەڵام هەر لە بنەڕەتەوە ڕێگە نەدرا ئەم دادگەیە بە و جۆرە دابمەزرێت کە ئەرکە دەستوورییەکەی پیادە بکات و ئەو ڕۆڵە بگێڕێت کە بۆی درووستکرابوو.
لە درووستکردنی هەیکەلەکەیەوە تا پرەنسیپی بینیی دۆسییە و بڕیارەکانی، لەسەر بنەمای پشکپشکێنە و دابەشکاری نێوان پێکهاتە نەتەوەیی و مەزهەبییەکان و بە ڕێککەوتنی سیاسی و سازانی نێوان کوتلە سیاسییەکان هاتە ئاراوە. ئەمەش وایکرد لە خولی یەکەمیدا (2005 بۆ 2021) بەهۆی ئەو ڕێسایەی بۆ دەرچوواندنی بڕیار پەیڕەویان دەکرد، کە بڕیارەکانی پێویستی بە ڕەزامەندی هەموو ئەندامەکانی بێت، وەک ئەوە وابوو نوێنەری هەر پێکهاتەیەک جۆرێک لە مافی ڤیتۆی هەبێت. لەبەر ئەوەش کە ناکۆکی و ململانێ لەنێوان پێکهاتەکان ڕۆژ لەدوای ڕۆژ قوڵتر دەبووەوە، بە و هۆیەوە لە و خولەدا ئەم دادگەیە ڕۆڵێکی پەراوێزخراوی دەگێڕا، چونکە نوێنەری هەر پێکهاتەیەک ڕێگربوو لەوەی بڕیار بە زیانی پێکهاتەکەی ئەو بدرێت. بۆیە زۆرجار خۆیان لە بینینی هەندێ دۆسییە دەدزییەوە بە پاساوی ئەوەی (لە تایبەتمەندی ئەرک و کارەکانی ئەم دادگەیە نییە) .
لە ماوەی ئەو 16 ساڵەدا لە بوونی ئەو هەموو کێشە و ناکۆکیانەی هەبوون، تەنیا یەک بڕیاری دژ بە هەرێمی کوردستان دەرکردووە، ئەویش بڕیاری ڕەتکردنەوەی ئەنجامی گشتپرسییەکەی ساڵی 2017 بوو. لەوەشدا ناکۆکی نێوان پارتی و یەکێتی و ئەو هەلومەرجە سەپێنراوەی بەهۆی هێرشی سوپاوە بۆ سەر کوردستان، زادەی ئەو بڕیارە بوون، ئەگینا دوو ئەندامە کوردەکەی دادگە دەیانتوانی ڕێگە لە و بڕیارەش بگرن. لەبەرانبەر ئەوەشدا زۆر پێشێلکاری دەستووری هەبوون کە دەسەڵاتی جێبەجێکردن ئەنجامی دابوون، بەڵام بۆ هیچ کام لە و پێشێلکاریانەش کورد پەنای بۆ تۆمارکردنی سکاڵا نەدەبرد، چونکە ڕوون بوو کە نوێنەری ئەو پێکهاتەیەش ڕێگر دەبوون لەوەی بڕیار بە قازانجی کورد بدرێت.
ئەم دۆخەی دادگە خراپ بوو، بەڵام لەوە باشتر بوو ڕێگە بدرێت ئەم دەسەڵاتە ڕەها و باڵایە بکرێتە بەشێک لە ململانێکان و وەک ئامرازی سیاسی لە کێشە ناوخۆییەکان بەکار ببردرێت. بەداخەوە لە بەهاری هەژموونی ئێران بەسەر ناوەندەکانی دەسەڵاتی ئێراقەوە و لە بەهاری ساڵی 2021 یاسای دادگەی فیدراڵی بە جۆرێک هەموار کرا، بەکردار ئەم ناوەندە گرنگەی دەسەڵات کرا بە ئامراز بەدەستی ناوەندگەرایی شیعەی وەلائی ئێرانەوە.
ئێستا ئەوەی ڕوونە ئەوەیه، ئەم خولەی ئەم دادگەیە 2021 بۆ ئێستا، بەشێکە لە ئەجێندای تەشەیوع بەمانا فراوانەکەی. هەموو ئەو کەیسانەی دەیبینێت و بڕیاریان لەبارەوە دەدات، بێ هیچ شک و گومانێک دەبێت لە خزمەتی ئەو پڕۆژەیەدابن، جا ئەگەر سوودەکەی ئێستا و ڕاستەوخۆ بێت یان بە ناڕاستەوخۆ و بۆ دوورمەودا بێت.
لەم ڕۆژانەدا هەواڵی ئەوە بڵاوکرایەوە هەوڵێک هەیە (بەهۆی قەرەبوونەکردنەوەی قوربانییانی جینۆساید لە دادگەی فیدراڵی سکاڵا لە دژی حکومەتی ئێراق تۆمار دەکرێت) . هیچ گومان لەوەدا نییە ئەم داوایە ڕاست و هەق و ڕەوایە. لەدوای دەنگدان بە دەستووری هەمیشەیی و دواتریش لەدوای بڕیاری دادگەی باڵای تاوانەکانی ئێراق بۆ قەرەبووکردنەوەی قوربانییانی جینۆساید، دەبوو ئێراق بچوایە ژێر هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی تاوانەکەوە. لە ماوەی ئەم 15 بۆ 16 ساڵەدا دەسەڵاتی جێبەجێکردن خۆی لە و بەرپرسیارێتییە دزیوەتەوە. کە نەک هەر دەسەڵاتدارانی عەرەب لەمەدا بەرپرسن، ژمارەیەک کوردیش پۆستی جیاجیای دەسەڵاتدارێتیان هەبووە و دەبوو کاریان بۆ ئەو ئامانجە بکردایا. بەڵام لە و ڕووەوە هیچ نەکرا.
کورد مافی خۆیەتی و پێویستیشە کام ڕێگە کاریگەر و گونجاوە بیگرێتە بەر بۆ وەرگرتنەوەی ئەم مافەی. بەڵام پێویستە وریای ئەوەش بین لەکوێ داوای ئەم مافە دەکەینەوە. یا ڕوونتر ئەوەیە بڵێین لە چی کات و هەلومەرجێکدا داوای تەحقیقکردنی ئەم هەقە دەکەین. بیرمە لە گەرمەی ڕووداوەکانی دوای 16ی ئۆکتۆبەر چەند کەسێک لە پەرۆشی و دڵسۆزییان بۆ پرسی جینۆساید، دۆسێیەکیان ئامادە کرد بۆ تۆمارکردنی سکاڵا لەسەر هەردوو وڵاتی ئەڵمانیا و فەرەنسا کە لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو چەک و کەرەستەی کیمیاییان بە سەدام فرشتووە، لە میدیاکان بانگەوازیان بڵاوکردەوە و کات و شوێنی تۆمارکردنی سکاڵاکانیان دیاریکردبوو کە لە هەڵەبجەوە دەست پێدەکەن. ئەمە لە کاتێکدا بوو تەنیا ئەو دوو وڵاتە بۆ ڕاگرتنی هێرش و گەلەکۆمەی شیعی ئێران و ئێراق و لوبنان بۆسەر کوردستان هاتبوونە سەرخەت بۆ پارێزگاری لە مانەوەی قەوارەی کوردی. نەدەکرا لە و چرکەساتەدا لە میدیاکانی کوردستانەوە سەنگەر لە و دوو وڵاتەش بگیرێت، بەپەلە نامەیەکم بۆ کاک نێچیرڤان بارزانی نووسی و لە هەستیاری کات و دۆسییەکە ئاگادارم کردەوه، کە دەکرێت ئەو کەیسە لە ڕۆژگارێکی دیکەدا کاری لەسەر بکرێت نەک ئەمڕۆ کە تەنیا ئەو دوو وڵاتە لە پشتی کورد ماونەتەوە.
بۆ ئەمڕۆش دادگەی فیدراڵی وەک باڵاترین دەسەڵات کە بڕیارەکانی قابیلی ڕەتکردنەوە نین و دەسەڵاتی جێبەجێکردن پابەندە بەوەی جێبەجێیان بکات، ئەگەر ئەم دادگەیە لەسەر بنەمای ویژدانی دادوەریی کارەکانی بەڕێوە بەرێت، بێشک باشترین جێگایەک بوو کورد ڕووی تێبکات بۆ وەرگرتنەوەی هەریەک لە مافە زەوتکراوەکانی. بەڵام وەک سەرەتا ئاماژەم بۆکرد ئەم دادگەیە نە لەسەر بنەما ڕاست و درووستەکەی خۆی درووستکراوە و نە بڕیارەکانیشیان ئێستا لەسەر بنەمای هەق و ناهەق دەدرێت.
دۆسێیەکی هەستیاری وەک (قەرەبووکردنەوەی قوربانییانی جینۆساید) دەتواندرێت کورد بخاتە سەرپێی خۆی، لە دۆخێکی وەک ئێستادا و لەناو ئەو کەشەی ئێستای دادگەی باڵای فیدراڵی، چەند هەق و ڕەوابێت، ئەم دادگەیە کە هەمووی مانگێگ پێش ئێستابوو بڕیاری ئەوەیدا بەغدا نابێت هیچ کۆمەکێک بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکات، بڕیار لەسەر ئەوە نادات بە دەیان ملیار دۆلار لە ئێراقەوە بدرێتە خەڵکی کوردستان بۆ قەرەبووکردنەوەی قوربانیانی جینۆساید (هەڵەبجە و ئەنفال و کۆمەڵکوژیی بارزانییەکان و ڕاگواستنی کوردانی فەیلی و پاکتاوی ڕەگەزی کەرکووک) .
لەبەرئەوەی ئەم بابەتە تایبەتمەندی دەستووریی و یاسایی هەیە، دادگە ناتوانێ بەوەش خۆی لێ لابدات کە ئەو کەیسە لە تایبەتمەندی ئەرک و کارەکانی دادگەی فیدراڵی نییە. بۆیە بڕیاری ڕەتکردنەوەی دەبێتە کۆتاییهێنان بە و مافەی گەلی کوردستان بەسەر ئێراقەوە. مانەوەی ئەم کێشەیە باشترە لەوەی بەوە کۆتایی پێبهێندرێت کە کورد هەقی ئەو داوایەی نییە لە ئێراق.
زۆرجار مانەوەی کێشەیەک بە چارەسەرنەکراویی و هێشتنەوەی بۆ ئاییندەیەکی نادیار، زۆر باشترە لەوەی بە چارەسەرێکی بسپێریت کە ئەنجامەکەی ڕوونە بە زیانی تۆ دەکەوێتەوە. [1]