$کێشەکە لە کوردستانە، نەک بەغدا$
#عارف قوربانی#
هەر کەسێک سادەترین (ئیدراکی سیاسی) هەبێت، دەزانێت دوای گۆڕانکارییەکانی هاتنی ئەمریکا بۆ ناوچەکە و رووخانی سەدام، زەمینەی ئەوە ڕەخسا شیعەکان دەسەڵاتی بەغدا بگرنە دەست، بەڵام زامن بوون و سەرکەوتنیان کەوتبووە سەر ئەوەی تاچەند شیعە لە بایەخی ئەو هەل و دەرفەتە تێدەگەن. دەرئەنجام و ئەزموونی دوو دەیەی ڕابردوو سەلماندی (ماڵی شیعی) لەوە هۆشیارترن تەنیا وەک مەلای عەمامە بەسەر لێیان بڕوانرێت، دەرکەوت پلانی ستراتیجیی دوورمەودایان هەیە نەک هەر بۆ چۆنێتی گرتنەدەستی دەسەڵات لە بەغدا، بەڵکوو بۆ کۆنترۆڵکردنی هەموو ئێراق و چەسپاندنی حوکمی شیعی بەسەریدا بە بەشە سونی و کوردییەکەشیەوە. لەوەش زیاتر ئێراقیان کرد بە ئەڵقەی پێکەوە بەستنەوەی شیعەکانی سووریا و لوبنان بە ناوەندی شیعەی جیهانەوە کە ئێرانە.
هیچ کام لە و ڕووداوە گەورانەی 20 ساڵی ڕابردوو، کە لە ئێراق ڕوویانداوە و سەرئەنجام ئاوی کردووەتە ئاشی بەهێزکردنی دەسەڵاتی شیعەوە، ڕووداوی خۆڕسک نەبوون و نین، بەڵکوو هەموویان بەشێکن لە و پلانە ستراتیجییەی بۆ تەشەیوعی ئێراق و ناوچەکە داڕێژراوە. هەنگاو و پلانەکانیان وەکوو جووڵاندنی (داشی شەترەنج) لەلایەن یاریزانێکی بەئەزموونەوە ئەزموون بکرێت، وایە. تەنانەت بەشی زۆری کێشە و ناکۆکییە ناوخۆییەکانی حیزبەکانی سونەی عەرەب و کوردستان، هەروەها ناکۆکییە سیاسییەکانی ناو هەرێمیش بەدەر نین لە و پلان و ئامانجانە. لە کوێدا پێویستی بەوە بووبێت نزیکی و یەکهەڵوێستییان خزمەت بە حوکمی شیعە بکات، ئاوی کردووەتە سەر ئاگری ناکۆکییەکانیاندا و پێکەوە پێگەی شیعەیان بەهێز کردووە، هەرکاتیش وای پێویست کردبێت ناکۆکیی ناو ماڵی کورد زەمینە بۆ هەژموونی شیعە خۆش بکات، کەلێنی خستووەتە نێوانیانەوە.
نەک هەر ڕووداوەکانی ئێراق، کاتێک وێنە گەورەکەی ناوچەکە دێنیتە پێشچاو، هەڵسەنگاندن بۆ تاکتیک و هەنگاو و جموجووڵەکانی شیعە لە یەمەن و لە سعودیی و لە عومان و هیندستان و پاکستان و ئەفغانستان دەکەیت، گومانی ئەوەت بۆ درووست دەبێت داینەمۆی ئەم پڕۆسەیە تەنیا ئێران نییە، دەشێ ناوەندی گەورەتری جیهانی لە پشتی ڕووداوەکانەوە بن. دوور نییە لە وێنەی گەمەیەکی گەورەتردا ئێران خۆیشی داشی شەترەنجێک بێت.
هەرێمی کوردستان وەکوو جوگرافیا و قەبارە، لەناو ئەم هاوکێشەیەدا بچووکە، بەڵام بایەخی گەورەی هەیە. شیعە وەکوو لەمپەر لە بەردەم پڕۆسەی تەشەیوع دەیبینێت و ترسی ئەوەشی لێی هەیە ببێتە دەروازەی هاتنە ناوەوەی نەیارەکانی، بۆیە دەیەوێت بیشکێنێت، چونکە خەڵکەکەی شیعە نین تاوەکو بە و هۆیەوە بە ئاسانی هەژموونی خۆی بەسەردا بسەپێنێت. جوگرافیاکەشی ڕاستە بەشێکی وابەستەیە بە ئێراقەوه، کە شیعە حوکمی دەکات، بەڵام هەرێمی کوردستان خاوەن تایبەتمەندیی ئەوەیە کە بەر لە درووستبوونی ئێراقی شیعی بە زیاتر لە 10 ساڵ وەکوو دیفاکتۆیەکی قبووڵکراو هەرێمێکی ئیداری و جوگرافیی جیاواز بووە لە ئێراق. دوای کەوتنی سەدامیش کە ئەوکات شیعە لە هەنگاوی یەکەمدا پێویستیان بە پشتیوانیی کورد هەبوو بۆ چەسپاندنی پێگەی حوکمی شیعە بەسەر بەغداوە، لە دەستووردا ئەم دیفاکتۆیەی کوردیان سەلماندووە.
هەرچەندە زۆر بەوردی کار بۆ لابردنی ئەو دوو بەربەستە دەکەن، ساڵانێکە لە ڕێگەی کڕینی هەندێک مەلا و شێخ و تیرە و تایەفەوە کە مەزهەبی خۆیان گۆڕیوە بۆ شیعە، دەیانەوێت بێنە ناو کۆمەڵگەی کوردییەوە. لە بەغداشەوە ئەوەی لە ڕێگەی دەسەڵاتی جێبەجێکردن و یاسادانانەوە بۆیان کرابێت، کردوویانە. ئەوەشی بەوان نەکرابێت، دەیانەوێت بە دەسەڵاتی دادگەی فیدراڵی بیکەن کە لە دوورمەودادا تاوەکو لێسەندنەوەی چەکی دەستی پێشمەرگەش لە پلانیاندایە.
بەڵام ڕاستییەک هەیە پێویستە لەبەرچاو بگیرێت، ئەویش ئەوەیە ئەگەر کورد خۆی زەمینە خۆش نەکات بۆ سەرکەوتن بەسەریدا، تایبەتمەندییەکانی وا دەکەن سەرکەوتن بەسەریدا زەحمەت بێت. ئەوەی لە ڕابردوو لە پەڕڵەمان و حکومەت و تائێستاش دادگەی فیدراڵی کردوویەتی، بە ڕاستەوخۆ بووبێت یان بە ناڕاستەوخۆ، کورد خۆی هۆکار و هاوکار بووە. لە داهاتووشدا ئەوەی لە پلانیاندا بێت ئەگەر کورد زەمینەکەی بۆ خۆش نەکات، بەدی نایەت.
کوورت و پوخت، ڕاستە بەغدا کێشەیە بۆ کوردستان، بەڵام کێشە گەورەکە لە کوردستانە و کورد خۆیەتی. حیزب و سیاسییەکانی ناو میللەتەکەی خۆمانن زەمینە بۆ ئەوە خۆش دەکەن زوڵم لە میللەتەکەمان بکرێت، هەر ئەوانیش دەتوانن پێچەوانەی ئەوە بکەن و ببنە مایەی خێر و خۆشی بۆ خەڵکی کوردستان. هەم دەردن و هەم دەرمان.
ئەوەی ئێستا بووەتە جێی نیگەرانی و تاوەکو ئەندازەیەک ترسیش لەوەی لە داهاتوودا بڕیاری مەترسیدارتر دژ بە هەرێمی کوردستان دەربکات، بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵین لەسەر پرسی نەوتی کوردستان و بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، کە هەردووکی بە زیانی هەرێمی کوردستان یەکلا کردووەتەوە. مەترسیی ئەوەش هەیە بە هەمان شێوە بڕیاری نەرێنی لەسەر بەشە خۆراک و دەرمان و پێداویستیی پزیشکیی هاووڵاتییانیش بدات.
ئەم دادگەیە پێشتر دەبوو بڕیارەکانی بە دەنگی تەواوی ئەندامەکانی بن، بوونی کورد لەناو دادگەکە تا ئەندازەیەک مایەی جۆرێک لە دڵنیایی بوو کە دادگەی فیدراڵی دژ بە هەرێمی کوردستان بەکارنەهێندرێت، هەر بۆیە لە دامەزراندنی ئەم دادگەیەوە لەدوای ڕووخانی سەدام تا دوو ساڵ لەمەوبەر هیچ بڕیارێک لەم دادگەیەوە دژ بە هەرێمی کوردستان دەرنەچوووە. بەڵام ساڵی 2021 لە ڕێگەی گۆڕینی یاساکەی و هەیکەلەکەیەوە بە ئامانجی ئەوەی بتوانن وەکوو ئامرازێک لە قۆناخەکانی داهاتوو بەکاریبەرن، لەوەشدا پێکەوەنەبوونی کورد و هەندێک کارەکتەری کورد زەمینەخۆشکەر و عەڕابی دەرچوواندنی یاساکە بوون، بە جۆرێک داڕێژرایەوە، بوونی دادوەری کورد هیچ ڕۆڵێکی لە پارێزبەندیی مافی هەرێمی کوردستاندا نەبێت، بۆیە دەبینین ئەم دوو ساڵە ئەم دادگەیەش کراوە بە ئامرازێکی دیکەی بەدیهێنانی ئامانجەکانی تەشەیوع.
لەگەڵ ئەوەی ئێستا ئەم دادگەیەش وەکوو بەرزترین دەسەڵات لە یەکلاییکردنەوەی کێشە یاسایی و دەستوورییەکان، بووەتە بەشێک لە و پڕۆسەیە، بەڵام هێشتاش ئەوەی دەبێتە هۆکار تاوەکو بە ئاسانی بتوانێت دەسەڵاتەکانی دژ بە ئاییندەی کورد و گەلی کوردستان بەکاربەرێت، دۆخی ناوخۆیی هەرێمی کوردستان و هەڵوێستی هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانە. پێکەوەبوونی کورد دەتوانێت لەمپەر لە بەردەم خواست و ئامانجە تائیفییەکانی پشتەوەی ئەم دادگەیە دابنێت، ناکۆکی و ململانێی هێزە سیاسییەکانیش دەستکراوەی دەکات لەوەی پڕۆسەی گەمارۆدانی هەرێمی کوردستان خێراتر بکات.
بۆیە پێویست ناکات خەڵکی کوردستان گلەیی و ناڕەزایەتی بەرانبەر بەغدا دەربڕن، ئەوەی پێویستە سەرزەنشت بکرێت کورد خۆیەتی. [1]