$ئەگەر ئۆمەرمەندان شێت بوو، دەیبەن بۆ کوێ؟$
#عارف قوربانی#
ڕەنگە زۆربەی خوێنەران ئاشنایەتیان لەگەڵ ئەم ناونیشانە هەبێ و لەناو کۆڕی بە تەمەنەکاندا دەیانجار گوێبیستی ئەو دەستەواژەیە بووبن (ئەی ئەگەر ئۆمەرمەندان شێت بوو، دەیبەن بۆ کوێ) ؟ ئەگەر لە ڕووی مانا و مەبەستی بەکاربردنییەوە، تێگەیشتن لێی ئاسان بێت، بەڵام پێناچێت زانیارییان دەربارەی ناو و شوێن و چیرۆکی پشت ئەم ئیدیۆمەوە هەبێت. بۆیە پێش ئەوەی هۆکار و مەبەستم لە بەکاربردنی ڕوونبکەمەوە، کەمێک لەبارەی چیرۆکی ئۆمەرمەندانەوە دەنووسم.
ئۆمەرمەندان: (گۆڕ، نزرگا) یەکە، کەوتووەتە دامێنی چیای (خاڵخاڵان) ەوە لە ناوچەی شوان نزیکی پارێزگای #کەرکووک#. دەماودەم و لە زاری پیاوە بەتەمەن و خوێنەوارەکانی ناوچەی شوانەوە دەیگێڕنەوە، کاتی هاتنی لەشکری عەرەب بۆ ناوچەکە بەبیانووی بڵاوکردنەوەی ئایینی ئیسلام، لەوێ تووشی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەخت دەبن لەلایەن دانیشتووانی ناوچەکەوە. دوای ئەوەی لەشکری عەرەبەکان شەڕەکە دەبەنەوە، سەرداری کوردانی بناری ئەو چیایە بەدیل دەگرن و دەیکوژن. ژن و کچەکانی وەک (کەنیزەک) دەبەخشنە شەڕکەرە عەرەبەکان. یەکێک لە کچەکانی بە ناوی خاڵخاڵان کە دەگوترێت زۆر جوان بووە، دەبەخشرێتە فەرماندەکەیان کە ناوی (عومەر) بووە. ئەویش لە پشتی خۆی سواری ئەسپەکەی دەکات و بە لەشکرەکەیەوە گوندە وێرانبووەکەی کوردەکان جێدەهێڵن.
خاڵخاڵان، لەژێر پشتوێنی سەر جلە کوردەوارییەکەیدا خەنجەرێکی حەشار داوە، دوای ئەوەی هەندێ لە گوندەکە دوور دەکەونەوە خەنجەرەکەی دەردەهێنێت و عومەری پێدەکوژێت. لە تۆڵەی کوشتنی فەرماندەکەیان لەوێ خاڵخاڵان و کچ و ژنە سەبایەکان دەکوژن. له و کاتەوە ئەو شوێنە بۆ (عومەر) دەکرێتە نزرگا. خەڵکی ناوچەکەش ناوی چیاکە بەناوی خاڵخاڵان دەبەن. وەک دەگوترێت تا نیوەی سەدەی ڕابردوویش لە کێلی سەر گۆڕەکە نووسرابوو (عمر بن یکرب بن معد، من اصل یمنی، قتل بخنجر مصموم) .
لە زۆر شوێنی دیکەی کوردستان لە #هەڵەبجە#، لە ناوچەکانی پشدەر، گۆڕی هاوشێوە هەن و کراون بە (نزرگا) . ئەم گۆڕەی (عومەری یەمەن) یش لە دامێنی چیای خاڵخاڵان، وەک نزرگایەک و بەپێی ڕۆژگار بووە بە ئۆمەرمەندان و گوندەکەش هەر ئەو ناوەی وەرگرتووە. خەڵک بۆ نزاکردن و چاکبوونەوەی نەخۆشی دەچن سەردانی دەکەن، بەتایبەتی کەسانی بەخشراو دەبەن و داوای لێدەکەن چاکی بکاتەوە. لە کەرکووک و ناوچەکانی دەوروبەری ئەم دیاردەیە وەک پەندی پێشینانی تەنزئامێزی لێهاتووە، دەڵێن (کەسێک شێت بێت دەیبەنە ئۆمەرمەندان، ئەی ئەگەر ئۆمەرمەندان خۆی شێت بوو، دەیبەن بۆ کوێ) ؟
منیش لێرەدا ئەم پەندە تەنزئامێزەم بۆ (دادگای فیدراڵی ئێراق) بە گونجاو زانی، لە کاتێکدا ئەرکی سەرەکی و خەسڵەتی کارەکەی چاودێریی دەستووریبوونی یاساکانە، واتا ئەرکی پلە یەکی ئەوەیە هەر یاسایەک لە پەڕڵەمان دەردەچێت ئەم دادگایە مافی ئەوەی هەیە بڕیار لە دەستوورییبوون و نادەستووریێتی یاساکە بدات، دەتوانێ یاسا هەڵوەشێنێتەوه، تەنانەت ئەگەر هەموو پەڕڵەمانیش دەنگی بۆی دابێت. جا ئەمە لەبەر ڕۆشنایی چاودێرکردنەکانی خۆیان بێت یاخود پشتبەستن بە سکاڵای هەر کەسێک پەنای بۆ دادگاکەیان بردبێت. ئەوەی لێرەدا جێی هەڵوەستە لەسەرکردنه، خودی ئەو یاسایەی دوو ساڵ لەمەوبەر ئەم دادگایەی پێکراوەتە ڕەقیب، خۆی نادەستوورییە. پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە ئەگەر یاسای کاری هەر وەزارەت و دەستەیەک، یا هەر یاسایەکی دیکەی ئێراق و بەپێی دەستوور لە هەرێمەکان دەردەچن، هەر کەسێک پێی وابێت لەگەڵ دەستوور ناکۆکن، دەتوانێت پەنا بەرێتە بەر ئەم دادگایە، بەڵام کەس بیری لەوە نەکردووەتەوە ئەی ئەگەر ئەو یاسایەی ئەم دادگایە کاری پێدەکات لەگەڵ پرەنسیپ و ناوەرۆکی دەستوور ناکۆک بوو، خەڵک ڕوو بکاتە کوێ؟
وەک کورد دەڵێت (دۆم بێ و کڵاش بۆ خۆی بچنێت) ، لە بەهاری ساڵی 2021 کە بەهاری دەسەڵاتی زۆرینەی شیعە بوو، هەمواری یاسای دادگای فیدراڵیان کردەوە، کە پێشتر لە ساڵی 2005 بە سازان و لەسەر بنەمای درووستکردنی دڵنیایی کورد و سوننە، دادگاکە بە جۆرێک پێکهات کە نەک هیچ لایەنێک نەتوانێت دژ بە پێکهاتەکانی دیکە بەکاری بەرێت، بەڵکوو وەک جۆرێک لە زەممانی مافە دەستوورییەکانی پێکهاتە جیاجیاکان وێنا دەکرا، چونکە نوێنەری هەر پێکهاتەیەک جۆرێک لە مافی ڤیتۆی هەبوو لە چوارچێوەی ئەو بڕگە یاساییەدا، کە دەبوو هەموو بڕیارەکانی ئەم دادگایە بە دەنگی سەرجەم ئەندامەکانی بێت.
بەڵام لە ئازاری 2021 لایەنی شیعی بە سوودوەرگرتن لە ناکۆکی نێوان هێز و گرووپە کوردی و سوننییەکان، بە جۆرێک یاساکەیان هەمووارکردەوه، کە بتوانن وەک دەستکەلاو ئامرازێک لە کێشە و ململانێ سیاسی و مەزهەبی و نەتەوەییەکانی ئێراق بۆ بەرژەوەندی شیعی بەکاری بەرن. بەپێی هەمواری یاساکە کە ئێستا ئەم دادگایە کاری پێدەکات، بڕیارەکان بە زۆرینەیە. نەک هەر نوێنەری کورد و سوننە مافی ڤیتۆیان نییە، شیعە حسابی ئەوەشیان کردووە تەنانەت لە ئەگەری وەرگرتنی هەڵوێست و بایکۆتی نوێنەرەکانی کورد و سوننە لە دانیشتنەکانی دادگا، چوار ئەندامی یەدەگیان داناوە تا شوێنی ئەوان پڕبکەنەوە. ناکرێت گرووپێکی نۆ کەسی کە دەسەڵاتێکی ڕەهای له و جۆرەی پێبدرێت، هیچ کەس مافی تانەدان و ڕەتکردنەوەی بڕیارەکانیانی نەبێت، بەڵام هیچ مەرج و ڕێسایەک نەبێت بۆ ئەوەی بڕیارەکان پێویستی بە ڕەزامەندی هەموو ئەندامەکانی بێت.
ئێستا ئەوەی لەم دادگایە دەگوزەرێت به و جۆرەیە: زۆرینەی شیعی لە کوێدا پێویستی بە هەر بڕیارێک بێت دژ بە کورد یاخود سوننە، دەتوانێت لەم دادگایە بڕیاری لەبارەوە بدات و کەس مافی ڕەتکردنەوەی نییە. دەسەڵاتی جێبەجێکردنیش پابەندە بەوەی بڕیارەکانی جێبەجێی بکات. ئەو بڕیارانەی لە دوو ساڵی ڕابردوودا لەم دادگایەوە دەرچوون، زۆربەیان لەژێر کاریگەریی کێشە سیاسییەکاندا بوون، بەتایبەتی ئەو بڕیارانەی ئەم دادگایە لە ماوەی ئەم خولەی ئەم دادگایەدا دەرکراون و پەیوەندییان بە کورد و هەرێمی کوردستانەوە هەیە، ئەڵقەیەکی گرێدراوی ئەو کێشە و ململانێیانەن لەگەڵ کورد لە ئێراق و ناوچەکە لە ئارادایە. بۆ تێگەیشتن لەم ڕاستییەش بە سادەترین دەربڕین تەنیا خستنەڕووی ئەم دوو بڕیارە ( بڕیاری نادەستووریبوونی یاسای نەوت و غازی هەرێمی کوردستان و نادەستوورییبوونی ناردنی هەر بڕە پارەیەک بۆ مووچەخۆرانی هەرێم لەلایەن بەغداوە) بەسە بۆ ئەوەی له و ڕاستیە تێبگەین کە بڕیارەکانی دادگا بەشێکە له و ئەجێندایەی بۆ نەهێشتنی قەوارەی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەبرێت.
تەماشا بکەن لە ڕۆژی #16-02-2022# بڕیار دەدات هەرێمی کوردستان نابێت نەوت بفرۆشێت. لە ڕۆژی #25-01-2023# بڕیار دەدات ئێراق نابێت هیچ بڕە پارەیەک بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت. بە دڵنیاییەوە ئەگەر ئەم دادگایە هەڵنەوەشێندرێتەوە و یاساکەی بەشێوەیەکی دادپەروەرانە هەمووار نەکرێتەوە، بڕیاری سەیر و سەمەرەی دوژمنکارانەی دیکەش دژی کوردستان دەردەکات. ڕەنگە کەسانێک پێیان سەیربێت کە دەڵێم بڕیاری (سەیر و سەمەرە) ، ئەگەر وانییە ئەی ئەمە ناودەنێن چی؟ لەلایەک بڕیار دەدات هەرێمی کوردستان نابێت نەوت بفرۆشێت، بەدوای ئەوەشدا بڕیار دەدات بەغداش نابێت پارە بداتە هەرێمی کوردستان. دوور نییە ماوەیەکی دیکە بڕیاری ئەوەش بدات نابێت بەغدا خۆراک و دەرمانیش بۆ خەڵکی کوردستان بنێرێت. [1]