$لێکەوتە سیاسییەکانی دوایین بڕیاری دادگەی فیدراڵی لە بەغدا و هەولێر$
#یاسین تەها محەمەد#
دادگەی فیدراڵی بە بڕیارێکی نوێ (170/اتحادیة/2023) گورزێکی گەورەی لە ڕێککەوتنێکی سیاسی نێوان حکومەتی سوودانی و حکومەتی هەرێمی کوردستان دا (بەتایبەت پارتی دیموکراتی کوردستان) ، چونکە دادگەکە ڕەوانەکردنی گوژمەپارەی وەک پێشینە لە بەغداوە بەیەکجاری و بەشێوەیەکی بنجبڕ ڕاگرت. ئەم بڕیارە کە هاوشێوە و پشتڕاستکەرەوەی بڕیاری دژ بە یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستانی کوردستانە #15-02-2022# ، دەرگەی لەسەر چارەسەرە کاتییەکان بۆ کێشە داراییەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان داخست، بەمەش لە ڕووی تیۆرییەوە چارەی دیکەی نەماوە جگە لە هەوڵی چارەسەری کێشە کەڵەکەبووەکان لە ڕێگەی یاساکانی بودجە و نەوت و گازی فیدراڵی.
بڕیارەکەی دادگە ئەگەرچی حوکمێکی دادوەرییە، بەڵام دوور نییە لە کەشی سیاسی و باسی سیاسەت و بە ناڕاستەوخۆ باس لەوە دەکات کە ڕێککەوتنە سیاسییەکان و تەنانەت بڕیارە حکومییەکانیش سەنگ و بەهایان نییە، ئەگەر لە یاسا پەسەندکراوەکانەوە سەرچاوەیان نەگرتبێت کە نەخشەڕێی بەردەمی دەسەڵاتی جێبەجێکردنن. لە وردەکاری جێبەجێکردنی یاسا داراییەکانیشدا دادگەکە وەزارەتی دارایی سەرپشککردووە، بەگوێرەی خەمڵاندن و داتاکانی بەردەستی بڕیار لە خەرجییەکان و گوژمەی پارەکان بدات، بەمەش بۆ لەمەولا قسەی یەکەم لە پرسە داراییەکان بۆ تەیف سامی، وەزیری دارایی دەبێت کە بە کردەیی هەر ئەوەی کردووە.
هەمیشە بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی جێگەی مشتومڕن، ئەم بڕیارەی دواییش بەشێوەیەکی زیاتر، چونکە باسی ڕێکاری کارگێڕییە کەچی لە دادگەی فیدڕاڵییەوە دەرچووە و هەندێک پێیانوایە پسپۆڕی دادگەی کارگێڕی یە، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەگوێرەی دەستوور بڕیار و حوکمەکانی دادگەکە قابیلی تێهەڵچوونەوە نییە، هەموو ڕەخنە و تانەکان هیچ لە بارودۆخەکە ناگۆڕن و لەپاش دەرچوونی بڕیارەکەش پرسیاری سەرەکی لەڕووە سیاسییەکەیەوە چارەنووسی پەیوەندییەکانی بەغدا و هەولێر و، بارودۆخی ناوخۆیی هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەتە کە بنکەی سیاسی حکومەتی محەمەد شیاع سوودانی و ڕاگرە پەڕڵەمانییەکەیەتی. ئەم هاوپەیمانییە جگە لە ڕەوتی سەدر سەرجەم لایەنە شیعە سەرەکییەکان و هەردوو هێزە کوردییە سەرەکییەکە (پارتی و یەکێتی) و هەردوو هاوپەیمانییە سوننەکە (سیادە و عەزم) ی تێدایە.
لە یەکەم کاردانەوەدا لەسەر بڕیارەکە، بارزانی، داوای لەلایەنەکانی هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت کردووە هەڵوێستیان لەمەڕ بڕیارەکەی دادگە هەبێت لە سۆنگەی ئەوەی کە شێوێنەری کەشی ئەرێنی نێوان هەولێر و بەغدایە. هەروەها کاتەکەی ناسازەو لەنێوەڕۆکیشدا دژی مافی هەرێمی کوردستانە، بەڵام لەبەر گوشاری شەقام و لەبەر هاوبۆچوونی زۆربەی لایەنەکان لەگەڵ نێوەڕۆکی بڕیارەکەی دادگە، چاوەڕوان ناکرێت هیچ یەک لەلایەنە کاریگەرەکان بچنە ژێر باری ڕەخنە و گازندە لە بڕیارەکە یان لەگەڵ دادگەکەدا بکەونە کێشەوە، بەتایبەت کە ئەرکی سەرشانی هێزە حوکمڕانەکانی ئێراقی ئاسان کردووە بۆ دەربازبوون لە هەر پابەندییەک کە لەکاتی تەنگانەی پێکهێنانی حکومەت و لە میانەی قۆڵ بادانی ڕەوتی سەدردا لەسەر خۆیان دانابوو. لەم حاڵەتەشدا چاوەکان لەسەر ئەوەن کە پاش ئەوە هەنگاوی دووەمی بارزانی چی دەبێت؟ ئایا دەگاتە کشانەوە؟ یان هەوڵ دەدرێت لە یاسای بودجە و یاسا چاوەڕوانکراوەکانی نەوت و دادگەی فیدراڵی، لێکەوتەی بڕیارەکان کاڵ بکرێنەوە وەک لە یەکەم کاردانەوەی ئەمینداری عەسایب قەیس خەزعەلیدا ئاماژەیەکی دووری پێ کراوە؟
هەر لەم میانەیەشدا دەرکەوتن و یەکلابوونەوەی ڕای فەرمی و یەکلایی یەکێتی وەک لایەنی کوردی دووەمی ناو هاوپەیمانییەکە، گرنگی و بایەخی خۆی هەیە بەتایبەت کە ئێستا بڕیاری کوردی لە هەولێر و بەغداش وەک جاران یەکگرتوو نییە.
بەرلە دوایین بڕیاری دادگەی فیدراڵی هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت خۆی لە دۆخێکی باشدا نەبوو، لەنێو ماڵی شیعیدا ناکۆکی زۆر لەبارەی دابەشکردنی پۆست و چنینەوەی ئیمتیازەکان سەریهەڵداوە بە جۆرێک سەرۆکوەزیران ناچاربووە جگە لە ڕاوێژکارە دامەزراوە جێگیرەکان، 13 ڕاوێژکاری ئاشکرای دیکە بۆ خۆی دابمەزرێنێت، لە کاتێکدا کە بە گوێرەی یاسا تەنیا مافی شەشی هەیە. لەولاشەوە لەسەر پۆست و جومگە هەستیارەکان ناکۆکییەکان بەردەوام لە پەرەسەندان، بەڵام هێندە هەیە فاکتەری ئێرانی و سێبەری سەدر ڕێگرن لە هەڵوەشانەوەی هاوبەندییە شیعییەکە. لەسەر ئاستی دیکە، سوننەکانیش خۆیان لەلایەنی کوردی زیاتر خۆیان بە مەغدوور دەزانن. هیچ لەو گفتانەیان بۆ جێبەجێنەکراوە کە بەهۆیەوە پشتیان کردە سەدر و حکومەتی چوارچێوەی شیعەیان خستە سەرپێ. بەمدواییانەش ئەوە دەرکەوت کە هەندێک لەو گفتانە لەڕوووی کردەییەوە ئێستا جێبەجێ ناکرێن. لەوانەش کشاندنەوەی حەشد لە شارە سوننەکان، هەڵوەشاندنەوەی دەزگای لێپرسینەوە و دادگەری (ریشەکێشکردنی بەعس) ، گێڕانەوەی ئاوارەکان و ئاشکراکردنی چارەنووسی بێسەروشوێن کراوەکان و قەرەبووکردنەوەی کەسوکاریان و...هتد. ئەگەر ئێستا ئەم بڕیارەی دادگە، کوردیش بخاتە حاڵەتی کشانەوە لە هاوپەیمانییەکە، ئەوە هێندەی دیکە دۆخی شڵۆق و لەرزۆک دەبێت، لەکاتێکدا ئاستی پشتیوانی دەنگدەران لە کۆی نوێنەرایەتی سیاسی و پەڕڵەمانی لە خولی پێنجەمی پەڕڵەماندا زۆرزۆر نزمە.
لە بنەڕەتەوە و بەبێ هیچ کێشەیەکی ناوخۆیی، گرفت و لەمپەڕی زۆر دەوری بنکە سیاسییەکەی حکومەتی محەمەد شیاع سوودانیان داوە، لەلایەک قەیرانی دۆلار وەک شمشێری ڕاکێشراو لەسەر گەردنییەتی و هەڕەشەی تەقینەوەی جەماوەریی لێدەکات، بەتایبەت پاش خۆپێشاندانی بەردەم بانکی ناوەندی، لە لاکەی دیکە نیمچە کۆدەنگییەک هەیە کە گەڕانەوەی سەدرییەکان بۆ سەر شانۆ سیاسی حەتمییە و تەنیا لەسەر کات و دەرفەت وەستاوە، هەر هیچ نەبێت لە دەروازەی هەڵبژاردنی چاوەڕووانکراوی ئەنجوومەنی پارێزگاکانەوە، دیارە ئەگەر لە دەروازەی توڕەییەکانی دۆخی ئابوورییەوە نەبێت. ئەم دووو پێشهاتەش ئیرادەی سیاسی و چاکسازی و ئامادەکاریی زۆری دەوێت و ئەوەش بەتەنیا بە چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعە ناکرێت کە ئێستا لە دڵەخورتێی مەرج و کۆت و بەندەکانی ئەمریکا دایە.
بە گەڕانەوە بۆ لێکەوتەی بڕیارەکە لەسەر پەیوەندی هەولێر و بەغدا، سەرباری ڕەخنەکان، دەکرێت بڕیارەکە گوشارێکی بەهێز بێت بۆ بیرکردنەوە لە چارەسەری درێژخایەنتر و بەردەوام بۆ پرسی نەوت و بودجە، چونکە بە کردەوە سەلمێنراوە چارەسەرە کاتییەکان ئەگەرچی ئاسان و بەردەستترن، بەڵام نابنە زامنی سەقامگیری دارایی و ئابووری لە هەرێمی کوردستان و هەمیشە لەژێر نەشتەری سکاڵادا دەبن، بەڵام ئەوەش ڕوونە ئەو چارەسەرە درێژخایەنە ئیرادە و بڕیار و پشوو درێژی و متمانەی پێویستە، چ لە هەرێمی کوردستان و چ لە بەغدا و پرسیاری سەرەکی ئەوەیە ئایا لە هەردوولا دەرفەتی بۆ ڕەخساوە؟ [1]