بە بۆنەی هاتنی 16ی ئازار، یادی کارەساتی کیمیابارانی شاری هەڵەبجەی شەهید، ئەم هۆنراوەیە پێشکەشە بە کەسوکاری سەربەرزی هەموو شەهیدانی کوردستان و بەتایبەتی شەهیدانی شاری هەڵەبجەی شەهید.
هەڵەبجە
شانزەی سێ ڕۆژێکە کە ناچێت لە بیرمان
ناسراوە بە ڕۆژی مەرگەساتی کیمیاباران
هەر لەڕۆژێکی وەک ئەو ڕۆژە دا بوو
پێنج هەزار نەوەی گەلی کورد تیاچوو
ئەی هەڵەبجە ئەی بووکی تارا سووتاو
ئەی بووکی لە پەردەی بووکێندا کوژراو
ئەی بولبولی لەوەرزی بەﮪار تۆراو
ئەی بەهاری بێ گوڵی بەپایز گۆڕاو
ئەی پەپولەی جوانی باڵ هەڵپڕوزاو
ئەی کۆرپەی لەباوەشی دایکا خنکاو
هەڵەبجە ئەی شەهیدی دەستی ستەم
ئەی ئەو شارەی کە کۆڵانت پڕ بوو لەتەرم
بە بۆنی گازی کوشندە لە کۆڵانا لەناو شارا
لە ماڵا لە بازاڕا لەژێر سێبەری درەخت و دارا
هەزاران لاشەی هەر وەکوو خەوتوو
هەزاران پەپولەی بێگیان کەوتوو
دەم ناتوانێ بکات باسی ئەو کارەساتە
هەڵەبجە بەسەرﮪاتی تۆ مەرگەساتە
هەڵەبجە ئەی سومبولی بەرخودان
هەڵەبجە ئەی هێروشیمای کوردستان
تۆ سەرت بەرزە وەکوو لوتکەی چیاکان
دوژمنانت بەسەرشۆڕی لەزبڵدانی مێژوودان
بە خوێنی تۆ داری ئازادی وا ڕەنگی گەشە
بۆ ناوچاوانی دوژمن لە مێژوودا پەڵەی ڕەشە
هەڵەبجە ئەوانەی کە ستەمیان لە تۆ کرد
مژدە بێت کە خوا هەموویانی لەناو برد
تۆ هەوێنی سەربەخۆیی ئەم نەتەوەی
تۆ شایەنی هەزاران شیعر و هۆنراوەی
❃❃❃❃
#کەریم ئاغاوەیسی#
#کەلار# / شوباتی 2017 [1]