$گڵۆپی سەوزی نەتەوە یەکگرتووەکان$
#عارف قوربانی#
لە چوار دەیەی ڕابردووی تەمەنی دەسەڵاتدارێتیی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، چی لەنێوخۆی وڵاتەکە و زۆر ڕووداویش لەدەرەوەی ئێران ڕوویانداوە، کە دەستی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی لە پشتی ڕوودانیان بوون و جێی نیگەرانیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بووە، بەڵام هیچ کات ئێران گوێی بە ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان و نیگەرانیی دامەزراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان نەداوە و، سڵی لە ئەنجامدانی هیچ تاوانێک نەکردووەتەوە، یان دەستی نەپاراستووە بەهۆی ئەوەی پێی وابووبێت کار و ڕەفتارەکانی کاردانەوەی جیهانی بەدوای خۆیدا دێنێت.
لە ماوەی 45 ڕۆژی ڕابردووی ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانەکانی ئەمجارەشدا، کە بەهۆی کوشتنی (ژینا) وە، گەلانی ئێران بە فارس و ئازەری و کورد و عەرەبەوە بە درووشمی ژن. ژیان. ئازادی لە سەرتاسەری ئێران ڕژاونەتە سەر شەقام، کەمی پێنەکردوون و بەپێی ڕاپۆرتە جێمتمانەکان ڕۆژانە خوێنی هاووڵاتیی ناڕازی دەڕێژرێت و بە سەتانیان خراونەتە کونجی زیندانەوە. سەرەڕای ناڕەزایەتی و کاردانەوە جیاجیاکانی ئەمریکا و ئەوروپا و ڕەوەندی ئێرانی لە وڵاتانی جیهان دژ بە تووندوتیژییەکانی کۆماری ئیسلامی، بێباکانە کەوتووەتە سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان.
چەند جارێک لە ئاستی باڵای دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە، خۆپێشاندەرانیان بە گێرەشێوێن و تێکدەر و دەستی دەرەکی ناوبردووە، دوێنێش لە زاری فەرماندەی سوپای پاسدارانەوە هەڕەشە و هۆشداری ئەوەی دا بە خۆپێشاندەران، کە ئەمڕۆ دوایین ڕۆژیانە بێنەوە سەر شەقام. ئەمەش ئاماژەی ئەوەیە دەسەڵاتدارانی ئێران نەک گوێ بە خواست و داخوازیی جەماوەر نادەن، بەڵکوو چاوەڕوان دەکرێت تووندوتیژتر لە جاران بکەونەوە سەرکوتکردنی ئازادییەکان و چەوساندنەوەی گەلانی ئەو وڵاتە.
ئەوەی لێرەدا جێی سەرنج و هەڵوەستەلەسەرکردنە، هەڵوێستی ناوەندە نێودەوڵەتییەکانە، بەتایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە لە ڕابردوودا ئەم ناوەندە نێودەوڵەتییە بەرانبەر کۆی ئەو ڕووداو و ڕەفتار و تووندوتیژییانەی وڵاتانی ستەمکار بەرانبەر بە گەلانی خۆیان ئەنجامیان داوە، لاوازترین هەڵوێستی هەبووە یان داوای لە دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە کردووە ڕێز لە مافی مرۆڤ بگرن، یا لە باشترین دۆخدا سەرکۆنەی سەرکوتکارییەکانی کردووە. پەیوەست بەم ڕووداوانەی ئێستای ئێرانیش، لە شەش هەفتەی ڕابردوودا هەڵوێستی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەی شەرمنانە تێنەپەڕیوە، بەڵام ئەوەی دوێنێ لەگەڵ چوونە ناو هەفتەی حەوتەمی ناڕەزایەتییەکاندا لە زاری جێگری گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لە ڕێگەی کەناڵی ڕووداوە وە بەگوێی جیهاندا درا، پێچەوانەی هەموو چاوەڕوانییەکان و تەنانەت پێچەوانەی ئەو تەقلیدە بەردەوامەی خۆیشیان بوو، کە مرۆڤایەتی لەسەری ڕاهاتووە بەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان هەمیشە بە دەربڕینێکی لاواز و شەرمنانەوە داوا لە دەسەڵاتداران دەکات ڕێز لە خۆپێشاندەران بگرن، یاخود هێز لە دژیان بەکارنەهێنن. کەچی دوێنێ لە هەڵوێستێکی بێپێشینەدا داوای لە ئێران کرد هێزی زیاد لەپێویست دژی خۆپێشاندەران بەکارنەهێنن.
ئەم دەستەواژە و شێوازی دەربڕینە لە زمانی دیپلۆماسیدا ئاماژەیەکی مەترسیدارە، دەربڕینی ئەوەیە کە نەتەوە یەکگرتووەکان هەق بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەدات بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتی و کۆتاییهێنان بە خۆپێشاندانەکان، تەنیا ڕێنمایی و داواشی لە ئێران ئەوەیە کە هەر بە و هێزانەی تاوەکو ئێستا سەرکوتی خەڵک دەکەن، کۆتاییان پێبهێنێت و هێزی زیاتر نەبات بۆ سەرکوتکردنیان. کاتێک وەڵامی دەربڕینی لێکۆڵەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکانیش کە حکومەتی ئێران بە بەرپرسیار لە کوژرانی خۆپێشاندەران ناو دەبات، بەوە دەداتەوە کە ئەوە ڕای تایبەتی خۆیەتی و من هەڵوێستی خۆمانم ڕاگەیاند کە مەبەستی نەتەوە یەکگرتووەکانە، هیچ گومانێک لەوەدا نامێنێتەوە ئەمە هەڵکردنی گڵۆپی سەوزە بۆ ئێران کە بە هەموو شێوەیەک ناڕەزایەتییەکان سەرکوت بکات.
وەک چۆن لە جەنگی کەنداودا لە ساڵی 1991 کاتێک سوپای ئێراق لە کوێت دەرکرا و گەلانی ئێراق ڕاپەڕین، بەشی زۆری شارەکانی ئێراق کەوتنە دەستی جەماوەر و هێندەی نەمابوو کۆتایی بە دەسەڵاتی سەدام بهێندرێت. کۆشکی سپی لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوەدا ڕێگە بە ئێراق دەدرێت ئاسمانی وڵاتەکەی بەکاربەرێت بۆ هێلیکۆپتەر. کۆدی ئەم دەربڕینە ئۆکەی ئەمریکا بوو بۆ سەدام کە ئەمریکا ڕێگەی پێدەدات کۆتایی بە ڕاپەڕینەکان بهێنێت. ئەوەبوو لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا بە تووندترین شێواز کەوتە سەرکوتکردنی خەڵک و دەستی بەسەر شارە ڕزگارکراوەکانی خوارووی ئێراق و کوردستان گرتەوە.
کۆدی ئەم لێدوانەی نەتەوە یەکگرتووەکانیش بۆ ئێران بە هەمان شێوەیە، بۆیە کەمتر لە چەند کاژێرێک دوای ئەم لێدوانە، فەرماندەی سوپای پاسداران لە ڕێوڕەسمی ناشتنی ئەوانەی لە هێرشەکەی شاهیجرانی شیراز کوژرابوون، هەڕەشەی ئەوەی کرد کە دەبێت ئەمڕۆ دوایین ڕۆژی خۆپێشاندانەکان بێت. چاوەڕوانی ئەوە دەکرێت لە ئەمڕۆوە تووندوتیژی و سەرکوتکارییەکانیش پێبنێنە قۆناخێکی دیکەوە.
هیچ گومان لەوەدا نییە شێوازی دەربڕینی جێگری گوتەبێژەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە و کۆدە بۆ دەسەڵاتدارانی ئێران، کە دەستکراوەن لە بەکاربردنی هێز بۆ سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان، بەڵام مەبەست و پشتەوەی ئەم لێدوانە بۆچی ئامانجێکە، ئەوەیان دەبێت چاوەڕوانی ڕۆژانی داهاتوو بین. دەتواندرێت دوو ئەگەر وەک ئامانجی شاراوەی ئەم لێدوانە ببینرێت، یەکیان ئەوەیە کە نەتەوە یەکگرتووەکان مەترسی ئەوەی هەبێت زیاتر پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکان دۆخی ئێرانیش وەک سووریا لێبکات، کە بە ملیۆنان ئاوارەی لێکەوتەوە و ڕەوشێکی مرۆیی پڕ لە تراژیدی بەدواداهات و ڕژێمەکەش لەسەر حوکم مایەوە، بەتایبەتیش کە دەسەڵاتی ئێران لە دەسەڵات لە سووریا بەهێزترە و بە کەڵک وەرگرتن لە هاوکێشە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان، ئێران جەمسەرێکی گەورەیە و ناتواندرێت کۆدەنگییەکی نێودەوڵەتی لە دژی درووستبکرێت بۆ ڕووخاندنی، بۆیە مانەوەی دەسەڵات بە بەهێزی و بەردەوامی ناڕەزایەتییەکان، بە مانای خراپتربوونی ڕەوشی مرۆیی دەکەوێتەوە.
ئەگەری دووەم، بەهۆی ناکۆکییەکانی ڕۆژاوا و ئێران و مەترسیی دەستڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی، گریمانەی ئەوەش دەکرێت ئەو لێدوانەی جێگری گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ خزاندنی ئێران بێت بە هاندانی بۆ ئەنجامدانی تووندوتیژیی زیاتر بۆ ئەوەی کێشە ناوخۆییەکانی قوڵتر ببنەوە، شەڕ و کوشتار زیاتر پەرەبستێنن بە مەبەستی زیاتر ورووژاندنی جیهان لەبەرانبەری و ڕەخساندنی دەرفەت بۆ دەستوەردان لە ناوخۆی ئێران.
هەرکام لەم دوو ئەگەره، سەرەڕای ئەوەی کارێکی نائەخلاقییە، ئامانجی شاراوەی پشتەوەی لێدوانە بێپێشینەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان بێت، دەرئەنجامە ڕوونەکەی ئەوەیە لە ئێران تووندوتیژیی و زووڵم و ستەم و سەرکوتکردنی ئازادی، زیاتر پەرە دەستێنێت. دەرئەنجامی ئەمەش بۆ هەموو لایەک ڕوونە کە زووڵم تاسەر بۆ کەس نەچووەتەسەر، وەک پەندە کوردییەکە دەڵێت هەموو شت لە باریکیدا دەپچڕێت، تەنیا زووڵم لە ئەستووریدا. [1]