$د.بەرهەم، قوربانییە یان سەرنەکەوتوو؟$
#عارف قوربانی#
ئەگەر #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# ئەم ئەنجامەی لە پرسی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماردا وەک ئەمری واقیع بەسەریدا سەپێنرا، لە سەرەتاوە ئەمەی پەسەند بووایە، رەنگە 10 مانگ پێش ئێستا و لە دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەڕڵەمان، لەتیف ڕەشید ببووایەتە سەرۆککۆمار و ئێراقیش ئەم دە مانگەی ڕابردوو بە و هەموو قەیرانەدا تێنەدەپەڕی.
هۆکاری چەقبەستنی پڕۆسەی سیاسیی ئێراق و ئەو گێرمە و کێشانەی لە دوای هەڵبژاردنی ساڵی ڕابردووی ئێراق هاتنە ئاراوە کە ماوەی یەک ساڵ بەسەر هەڵبژاردنەکاندا تێپەڕین و نەدەتوانرا ڕێکارەکانی پێکهێنانی حکومەت بگیرێتەبەر، بەهۆی ئەوەوە بوو کە یەکێتی موکڕبوو لەسەر ئەوەی تەنیا د.بەرهەم بەربژێر دەکەن بۆ سەرلەنوێ وەرگرتنەوەی ئەو پۆستە. لەبەرانبەر داواکاری پارتیی دیموکراتی کوردستان بۆ گۆڕینی د.بەرهەم بە کەسێکی دیکە لەناو یەکێتی کە پارتیش ڕەزامەندی لەسەری هەبێت، یەکێتی ئەمەی بە بەزاندنی هێڵی سوور ناو دەبرد و دەیانگوت پارتی و هیچ حیزبێکی دیکە مافی ئەوەیان نییە بەربژێر بۆ ئێمە دیاری بکەن، بەڵام دواجار ئەوان دیاریانکرد.
لە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانەوە لە ئۆکتۆبەری ساڵی 2021 وە تاوەکو چرکەساتی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار لە #13-10-2022# یەکێتی دەیان کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی و ئەنجوومەنی سەرکردایەتی کردووە، لە ڕاگەیێندراوی هەموو کۆبوونەوەکان و ئەو دیدار و چاوپێکەوتنانەش کە پەیوەستبوون بە پرسی سەرۆککۆمارەوە، یەکێتی هەر جەختی لەوە کردووەتەوە #بەرهەم ساڵح# تاکە بەربژێرمانە. وەڵامی ڕوون و ڕاشکاویشیان بۆ هەموو ئەو کەسایەتی و لایەنە سیاسیانەی نێوەندگیرییان دەکرد بۆ لێک نزیککردنەوەی لایەنەکان و دیاریکردنی بەربژێرێکی هاوبەش، هەر جەختکردنەوە بووە لەوەی بەهیچ جۆرێک د.بەرهەم ناکشێنینەوە. تەنانەت کە باس لە مەترسی تێکچوونی هەرێمی کوردستان و ئەگەری بەریەککەوتنی پارتی و یەکێتیش دەکرا بەوهۆیەوە، بێباک بوون لەوەی چی دەبێت با ببێت. واتە تاوەکو ئاستی شەڕیش ئامادەی هیچ سازشێک و دەستبەرداربوونی د.بەرهەم نەبوون. بۆیە ئەو تۆمارە دەنگی و ڤیدیۆییانەی لە دوای پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بڵاودەبنەوە کە گوایە ئەمە جۆرێک بووە لە تاکتیکی یەکێتی خۆی و لە و ڕێگەیەوە ویستوویانە لەتیف ڕەشید بکەنە سەرۆککۆمار، ئەمە جۆرێکە لە خۆهەڵخەڵەتاندن و تەنانەت پەڕڵەمانتارانی یەکێتیش دەنگیان بە د.لەتیف ڕەشید نەداوە. خۆ ئەگەر ئەمە ڕاست بووایە کە تاکتیکە، ئەوە خیانەتێکی گەورەیە لە بەرهەم ساڵحیان کردووە پێش هەر کەسێکی دیکە.
هەرچەندە ماڵپەڕە ئەلیکترۆنی و پەیجەوانەکانی نزیک لە د.بەرهەم زۆر تەرویج بۆ ئەوە دەکەن و دەیانەوێ ئیستسماری بکەن تاوەکو بەرهەم ساڵح وەک قوربانییەک دەرکەوێت کە خیانەتی لێکراوە، نەک ئەوەی دۆڕابێت لە هەڵبژاردن. وەک چۆن بۆ یەکێتی ئەوە ڕاستییەکەیە کە بەوجۆرە تەنیا خۆی هەڵدەخەڵەتێنێت نەک خەڵک، ئەمە بۆ خودی د.بەرهەمیش وایە کە ئەویش خۆی هەڵدەخەڵەتێنێ ئەگەر خۆی بە قوربانی بزانێت و هەست بەوە نەکات دۆڕانێکی زۆر خراپ دۆڕاوە. ئەو لە خولی پێشووتری هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار لە 2018 ماوەی شەش ساڵ بوو هیچ پلە و پۆستێکی کرداریی نەبوو، دابڕاو بوو لە هاوکێشە ناوخۆیی و هەرێمایەتییەکان و بە پێگەیەکی سیاسی لاوازەوە چووە کێبڕکێی هەڵبژاردنەوە و بووە سەرۆککۆمار. ئەم جارە بە چوار ساڵ تەمەنی سەرۆککۆماری و بە بوونی بە جەمسەرێکی گەورەی هاوکێشەکان لە ناوچەکە و ئێراق، بە پەیوەندییەکی فراوانی سیاسی و بە توانایەکی دارایی زۆرەوە و بە پشتیوانییەکی سەرسەختانەی یەکێتی و بەشێک لە هێزە شیعییەکان، بە پشتیوانیی ئێران و هەندێ لە ناوەندەکانی ئەمریکا و وڵاتە هەرێمییەکان، لەبەرانبەر بەربژێرێک شکستی هێنا کە تاوەکو یەک ڕۆژ بەر لە هەڵبژاردنەکەی هیچ کەس بە ئاشکراو بە نهێنی پشتیوانی نەدەکرد. بۆیە دۆڕانی د.بەرهەم، شکستێکە بۆ ئاییندەی سیاسییەکەی یەکجار زۆر کاریگەرە.
هۆکاری سەرەکی ئەم شکستەش پێش هەر کەس و لایەنێکی دی، خودی د.بەرهەم خۆیەتی، لە هیچ ئاماژە و پەیامێک تێنەگەیشت کە دەیانەوێ سەری بە بەردی گەورەدا بدەن، ئەوە هەر پارتی نەبوو کە بە ڕوون و ئاشکرا دەیانگوت نابێت د. بەرهەم ببێتەوە سەرۆککۆمار، سەرکردەی هەموو سوننەکان و بەشێک لە سەرکردەی شیعەکانیش ئەو پەیامەیان بە یەکێتی دەدا کە بە قسەی ئێران ناکەین و دەنگ نادەینەوە بەو، بەڵام خۆی ئەمەی دەویست. پەندی لە ئەزموونی ساڵانی ڕابردوو وەرنەگرت و تەنانەت نەیتوانی یەک هەنگاو بەشوێن پێی #مام جەلال#ی مامۆستایدا بڕوات کە ئێراقییەکان ئێستاش شانازی بەسەردەمی ئەوەوە دەکەن. لە کوردستانش هەر ئاخ بۆ ئەو ڕۆژگارانە هەڵدەکێشن کە مام جەلال لە بەغدا بوو.
کەچی پارتی و بەشێک لە یەکێتی و خەڵکانێکی زۆر لەدەرەوەی ئەو دوو حیزبەش پێیان وایە لە و (نەخشە و پلانە ستراتیژیانەوە کە بۆ گۆڕینی ڕێڕەوی بازرگانی نێودەوڵەتیی ئێراق لە ئارادایە، هەروەها بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی دژی ستراتیژی خاوەنداریێتی کوردستان بۆ نەوت و تەنانەت ئەو مووشەک و درۆنانەش کە بە کوردستانەوە دەنران، تاوەکو ڕاگرتنی ئەو سەدەقەیەش کە لەلایەن کازمییەوە کە پێشتر عەبادی و عادل عەبدولمەهدی بۆ کۆمەکی مووچەی هەرێمی کوردستان بڕیبوویانەوە) ، د.بەرهەم لە پشتی هەموو ئەمانەوەیە. ئەگەر ئەمە تۆمەتیش بووبێت خرابێتە پاڵی، نە خۆی و نە بازنەکەی دەوری هیچ وەڵامێکیان نەدەدایەوە. بگرە هەندێ جار لەبەرانبەر ئەو هەموو پێشێلکارییە دەستوورییانەی ئەنجام دەدران، بێ هەڵوێستی و بێدەنگی سەرۆککۆماریان دەبەستەوە بەوەوە کە بارزانی دژایەتی دەکات و ئەویش بۆچی شەڕیان بۆ بکات. ئەمەش بە و مانایە دەهات ئەگەر بارزانی پشتیوانی بکات، کوردستانی دەبێت و ئەگەر بارزانیش دژی بێت، ئەوە پشتیوانی لە میللەتەکەی ناکات. د.بەرهەم چوار ساڵی ڕابردوو بەم تێزە کاری کرد. بۆیە ئێستا لە سیمای خەڵکدا نەک نیگەران نین لە شکستەکەی، شادی دەخوێنێتەوە.
ئەگەر تاکە شتێک لەم هاوکێشەیەدا جێگەی پرسیاربێت ئەوەیە د.بەرهەم زۆری کرد بۆ ئێران و بۆ شیعەکان، کە هێشتا مانشێتی (مقاوەمەتل مەکە) لە زهنی تاک بەتاکی شیعەی ئێراق و ئێران دا بە تۆخی ماوەتەوە، چۆن ئاوا بە ئاسانی لە دوا ساتدا دەستبەرداری بوون؟ ئەوەش هەر پەیوەندی بە خراپ یاریکردنی خۆیەوە هەیە لەنێوان دوو لایەنە ناکۆکەکەی شیعە. یاریەکانی لەنێوان سەدر و مالیکی، بە ئەندازەیەک بێ متمانەی کردبوو کە مالیکی وەک دۆخی ناچاری پشت بکاتە دۆستە ڕاستەقینەکەی کە یەکێتییە و دەست بخاتە ناو دەستی ڕکابەرە لە مێژینەکەی، بارزانی.
تازە زەمەن ناگەڕێتەوە و ڕۆژگار یارمەتیدەری د.بەرهەم نابێت کەڵک لە هەڵەکانی خۆی وەرگرێت، بەڵام دەکرێت بۆ خەڵکی دیکە ببێتە وانە. [1]