$نوێژی یەکگرتوویی و فاتیحای سەدر$
#عارف قوربانی#
هەرچەندە دیدو تێڕوانینی مەرجەعیەتی سەدر تا ئەندازەیەک سیمایەکی ئێراقیانەی هەیە، بەڵام هیچ گومانێک لەوەدا نییە لە چوارچێوەی ئامانجە گشتییەکەی شیعە لەناوچەکە و ستراتیجی تەشەیوع کە ئێران بەڕێوەی دەبات، موقتەدا سەدر جەمسەرێکی گرنگیەتی. لە دوای کەوتنی سەدامیشەوە بە کردار ئەو خزمەتەی سەدر لە ئێراق بە شیعە و بە ئێرانی کردووە، هیچ گرووپێکی دیکەی شیعە پێی نەکراوە. لە بەگژداچوونەوەی ئەمریکاوە بۆ پاکتاوکردنی نەیارەکانی شیعە و نەهێشتنی تارمایی سوننە بەسەر بەغدای پایتەختەوە، تا خۆشکردنی زەمینەی زاڵکردنی هەژموونی ئێران بەسەر بڕیاری بەغداوە، دیاری دەستی موقتەدا بووە بۆ ئێران. بەڵام ئێران حەز بە موقتەدا ناکات.
خەسڵەتی کارکردنی ئێران لەگەڵ ئەو هێز و گرووپانەی لە مەداری ئێراندا دەخولێنەوە بە جۆرێکە لەگەڵ پێگە و کاریزمایی و ڕابەرایەتیکردنی موقتەدا یەک ناگرێتەوە. ئێران نایەوێ ئەو هێز و کارەکتەرانەی لێوەی نزیکن خاوەن ئیرادە و ناوەندی بڕیاری بەهێز بن. بە سرووشت ئەو هێزە سیاسیانەی دەبنە پاشکۆی ئێران، لە هەناوی خۆیاندا دەبن بە گرووپ گرووپی جیاواز و ئێران دەست دەگرێت بەپشتی هەموویانەوە، وایان لێدەکات بەبێ ئێران نەتوانن هیچ بڕیارێک بدەن. هەموو ئەو حیزبانەی لە وڵاتانی ناوچەکە دۆستی ئێرانن، ئەگەر لە ڕابردوودا خاوەن سەرکردایەتی بەهێز و ناوەندی بڕیاری تۆکمەش بوو بن، ئێران بە شێنەیی وایلێکردوون وابەستەیی لەنێوانیاندا نەمێنێ، ناوەندی بڕیار و سەرکردەی کاریزمای نەمێنێت، هەستێکیان بۆ درووست دەکات کە ئەوەی پێکەوەیان دەبەستێتەوە، دەستگرتنە بە کەمەری ئێرانەوە.
موقتەدا سەدر وەک کارەکتەرێکی سیاسی و دینی، خاوەن کاریزماییەکی بەهێزە، شوێنکەوتووانیشی بە ڕەهایی وابەستەی ڕابەرەکەیانن، ئێران هەردوو ئەم خەسڵەتەی ڕەوتی سەدری پێناخۆشە. هەموو ئەو بەرزیی و نزمییە لە پەیوەندی نێوان سەدر و ئێران لە نزیک بە دوو دەیەی ڕابردوو پەیوەندی بەوەوە هەیه، نەک ئەوەی سەدر نەچێتە ژێر هەیمەنەی ئێرانەوە. ئەوەی سەدر دەیکات و خەڵکانێک بە دژایەتی ئێران لێکیدەدەنەوە، یا پێیان وایە سنووردانانە بۆ ئێران، بنەمایەکی درووستی نییە. ئەوەی موقتەدا دەیکات بۆ بەدەستهێنانی متمانەی ئێرانە، هەر گلەیی و نیگەرانییەکیشی لە ئێران هەبێت لەوەوە سەرچاوەی گرتووه، کە ئێران بۆچی بایەخ بە کەسایەتی ناکاریگەر دەدات و پشت بە سەدر نابەستێت.
ئێران هیچ گومانی لە دڵسۆزی سەدر نییە، تەنانەت کە هاوپەیمانیێتی ڕزگاری نیشتمانی لەگەڵ پارتی و سوننەکان درووستکرد، ئێران ترسی ئەوەی نەبوو بەوهۆیەوە لە ئێران دوورکەوێتەوە، بە پێچەوانەوە ئەوەشی دەزانی کە سەدر دەبێتە یارمەتیدەرێکی باش بۆ ئەوەی پارتی و سوننەکانیش بەرەو ئەو ئامانجانە ببات، کە ئێران دەیخوازێت، پڕۆژەیاسای بەتاوانناساندنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل نموونەیەکی ئەو بەخششەی سەدر بوو بۆ ئێران و ئەگەر هاوکێشەکان وەک پێشتر بمانایەتەوە ڕەنگە چەندین یاسا و بڕیاری هاوشێوەی دەرکردایە. بەڵام ئێران ئەوەی نەویست.
هیچ گومانێکیش لەوەدا نییە لەژێر گوشاری ئێران لە پەڕڵەمان کشایەوە و گۆڕەپانەکەی بۆ ئەو کارەکتەرە لاواز و هێزە ناکاریگەرانە چۆڵ کرد کە سەرچاوەی نیگەرانییەکانی سەدرن لە ئێران، تەنانەت ئەم نوێژە یەک ملیۆنییەشی (نوێژی یەکگرتویی) هەر بۆ ئێران کرد. بە هەموو ڕێگەیەک دەیەوێ بە ئێران بڵێت من پێگەم لە هەموو کارەکتەر و هێزە سیاسی و دینییەکانی دیکەی شیعە بەهێزترە و بۆچی لەبری هەموویان مامەڵە لەگەڵ من ناکەیت. ئەگەر ئامانجی سەدر لە نوێژی یەکگرتوویی بۆ دەرخستنی هێز و توانای ڕابەرایەتیکردنی بێت و لە و ڕێگەیەوە بیەوێ سەرنجی ئێران بۆ خۆی زیاتر ڕاکێشێت، ئێران نەک بە و جۆرە گوشارانە دەستبەرداری خەسڵەتەکەی خۆی نابێت، بیر لەوە دەکاتەوە چۆن ئەم نوێژی یەکگرتووییە بکاتە فاتیحای سەدر.
لەنێوان ئەم دوو تێڕوانینە جیاوازەی سەدر و ئێران، چاوەڕوانکراوە لەداهاتوودا ململانێکان لە ئێراق قوڵتر ببنەوە. لەلایەک سەدر بە شێواز و ڕێگە و ئامرازی جۆراوجۆر دەیەوێ ئەوە بکاتە ئەمری واقیع کە بەدیلی سەدر تەنیا سەدر خۆیەتی. ئێرانیش بە هێمنی و لەسەر خەسڵەتەکەی خۆی بەردەوام دەبێت و کار بۆ لاوازکردنی پێگە و ڕۆڵی سەدر دەکات. بەدووریش نازانرێت لەدوای پەیامەکەی نوێژی یەکگرتوویی، کە سەدر چەند مەرجێکی لە شێوەی داواکاری ئاڕاستەی بەرانبەرەکانی کرد، بۆ کەمکردنەوەی بایەخ و مەرج و داواکانی موقتەدا، ئێران بەوە یەکەمین گورز لە سەدر بدات پێچەوانەی داواکانی ئەو بکات لە پێکهێنانی حکومەت. بەتایبەتی کە سەدر سەرنجی لەسەر ئەوە بوو، نابێت ڕێگە بدرێت ئەوانەی پێشووتر لە دەسەڵات و بەرپرسیارێتی بوون لە ئێراق، دەسەڵات وەربگرنەوە، مەبەستەکەشی بەرهەم ساڵح و نووری مالکی بوو. کە مالیکی دوو خول سەرۆکوەزیران و خولێکیش جێگری سەرۆککۆمار بوو، دکتۆر بەرهەمیش جارێک وەزیر و دوو جار جێگری سەرۆکوەزیران و چوار ساڵیشە سەرۆککۆمارە.
پێچەوانەی ئەو بۆچوونانەی پێیان وایە ئێران کارێک ناکات سەدر تووڕە و نیگەران بکات و لە پێکهێنانی حکومەت و پڕکردنەوەی پۆستەکاندا ڕەچاوی خواست و داواکانی سەدر دەبێت. وای دەبینم ئێران پڕکردنەوەی پۆستەکان و پێکهێنانی حکومەت دەکاتە دەستپێک بۆ شکاندنی شکۆی سەدر و سەرباری پەیامە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆکانی بۆ ڕێگری لە وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆککۆمار لەلایەن بەرهەم ساڵحەوە، ئێران دەیباتەوە کۆشکی سەلام و ئەگەر مالکیش نەکاتەوە سەرۆکوەزیران، وەکوو سەرۆکوەزیرانی سێبەر سەرکردایەتی قۆناخی داهاتوو دەکات، کە بە پلەی یەکەم ئەرکیان پەڕوباڵکردنی سەدر دەبێت. هەرچەندە نە بۆ ئێران و نە بۆ هیچ لایەنێک لێدان لە سەدر کارێکی ئاسان نابێت، بەتایبەت بەهۆی ئەوەی هێزەکەی سەدر کە جەماوەرە هەژار و برسییەکەی ئەمڕۆی ئێراقن لە بەغدای پایتەختن، ئەو چینە فەرامۆشکراوەی کۆمەڵگەن کە ڕق و کینەیەکی پەنگخواردوو لە هەناوی هەر تاکێکیاندایە و تەنیا بانگەوازێک بەسە بۆ ئەوەی بە سنگی ڕووتەوە ڕووبەڕووی گوللە ببنەوە.
بەڵام نە ئێران گوێی لە ژیان و مەرگی ئێراقییەکانە و نە ئەو بەرپرس و دەسەڵاتدارانەی ئێراقیش، کە شەڕیان لەسەر دەستەبەرکردنی سەرچاوەکانی گەندەڵییە، دەربەستی خوێنی خەڵک دێن. بۆیە ئەگەرێکی چاوەڕوانکراوە نوێژیی یەکگرتویی دەرگە بۆ لێکترازانێکی فراوان بکاتەوە.
هەروەها بەتایبەتی دوای ئەو ڕێککەوتنەی دوو ڕۆژی ڕابردووی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ ڕێگری لە دەستڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆمی، ئێران پێویستی بەوەیە قەیرانێک لەدەرەوەی سنوورەکانی خۆی درووستبکات. ئێران دەستکەلای لە سیاسییەکانی ئێراق هەرزانتر دەستناکەوێت، هەلومەرجی ناوخۆی ئێراق، کات و بژاردەیەکی گونجاوە بۆ ئەو پێویستییەی ئێران. [1]