نەورۆزەکەم ..
بزەی لێوی،
ساوایەکی گرێنراوە..
تاسەی دڵی مرۆڤێکی، بەزیندوویی مرێنراوە..
نەخشەیەکی بێ سنووری، پێش تەواوبوون دڕێنراوە..
هاژەی لێشاوی خوێنێکی، بە ناڕەوا ڕژێنراوە..
کڵپەو گڕی لادێیەکی، بە ناپاڵم سوتێنراوە..
قرچەی جەرگی دایکێکی، کۆرپە بە زۆر لێ سێنراوە..
کینەو داخی جەرگبڕی، ئابڕوویەکی تکێنراوە!
بۆیە ئەبێ نەورۆزی من..
پێکەنینی هەتا سەری، منداڵە گریاوەکان بێ..
گەشانەوەی بێ سیس بوونی، خونچە وەرێنراوەکان بێ..
بەهارێکی بێ خەزانی، باخە سوتێنراوەکان بێ..
دەستخستنەوەی بست بە بستی، خاکە زەوت کراوەکان بێ..
پچڕانی پەتی گەردنی، کوردە خنکێنراوەکان بێ..
دوایی ستەم .. هەرەسی زیندانە ئاخنراوەکان بێ..
دەنگی بانگی ڕزگاری کورد.. سەربەخۆیی کوردستان بێ..!
#جەمال عەبدول#
ئەم شیعرە ساڵی 1977 بەناوی (هەور)ەوە نووسراوە کە ناوی خوازراوی جەمال عەبدول بووە و لە سەروبەری نەورۆزی ساڵی 1980 لە ئێزگەی (دەنگی شۆڕشی عێراق/ دەنگی گەلی کوردستان) بەدەنگی #فەرهاد سەنگاوی# خوێنراوەتەوە.[1]