$پارتی پەتی خستە گەردنی خۆی$
#عارف قوربانی#
$سەرەڕای ئەو گوشارە ناوخۆیی و هەرێمایەتییانەی لەدوای گشتپرسیی خەڵکی کوردستانەوە خراونەتە سەر پارتی دیموکراتی کوردستان و دەیانەوێ بەهەموو جۆرێک لە قاڵبی بدەن و ڕۆڵ و پێگەی لاواز بکەن، بەڵام هەڵبژاردنی ساڵی ڕابردووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئێراق بۆ پارتی کردنەوەی دەرگەی دەرفەت بوو، کە هاوکێشەکان بە جۆرێک هەڵگێڕێتەوە، پارتی بکاتەوە بە کارەکتەرێکی سەرەکی و یەکلاییکەرەوە لە بڕیارەکاندا، ئەویش لە لایەک بەهۆی ئەو ڕێژە و ژمارە کورسییەی بەدەستی هێنا و لە لایەکی دیکەشەوە بەهۆی جۆرێک لە وابەستەیی زۆرینەی سوننەکان بە دونیابینی بارزانییەوە$
لەوەش گرنگتر بۆ پارتی، تێکچوونی ماڵی نەیارە سەرسەختەکەی بوو، هەڵوەشانەوەی هاوپەیمانێتیی هێزە شیعییەکان و دابەشبوونیان بەسەر دوو ئاڕاستەی تەواو دژ بەیەک، (مالیکی و سەدر) . بەتایبەتیش بەهۆی ئەوەی هیچکام لە و دوو بەرەیەش زۆرینەی پەڕڵەمانی بەدەستنەهێنابوو، ئەمەش شانسێکی زیاتری دایە پارتی کە هەردوو ئاڕاستەکەی شیعە ڕوویان لە بارزانی بێت.
ئەوکات دەرفەتی زێڕین بۆ پارتی هاتبووە پێش، بە خوێندنەوەی وردی هەلومەرج و هاوکێشەکان، ڕۆڵ و پێگە و کاریگەریی هەریەک لە دوو ئاڕاستەکەی شیعە، هەروەها بە هەڵسەنگاندنی ئەو ئەگەرانەی لە درووستبوونی حکومەت بە بەشداری لایەکیان و ئۆپۆزیسیۆنبوونی لایەنەکەی دیکە، لە بەغدا درووست دەبوون، کەڵک و زیانەکانی بۆ هەرێمی کوردستان چی دەبوو؟ بەتایبەت بە ڕەچاوکردنی ئەوەی هەرێمی کوردستان کێشەی لەگەڵ کام لایەنیان هەبوو، لە داهاتوودا بە ئۆپۆزیسیۆنبوونیان کام تەرەفەیان دەبوونە مەترسی لەسەر هەرێمی کوردستان و کامیان دەبووە کێشە بۆ بەغدا. دەیتوانی دەستکەوتی گەورە بۆ هەرێمی کوردستان بەدی بهێنێت.
بەڵام پارتی ئەمەی نەکرد، بێخوێندنەوەیەکی ورد و بێهەڵسەنگاندنی دەرئەنجامەکانی، بە هاوپەیمانێتی لەگەڵ سەدر، نەک هەر کارتە بەهێزەکەی دەستی خۆی سووتاند، بەڵکوو دەرفەتی دایە ئێران و تەرەفەکەی دیکەی شیعە کە سزای هەرێمی کوردستان بدەن. لەبەرئەوەی پارتی دەسەڵاتدارە لە هەرێمی کوردستان، هەموو سیاسەتەکردنێکی پارتی، تەنانەت ئەگەر لە ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیش بێت، ئەنجامەکەی لەسەر خەڵکی کوردستان ڕەنگ دەداتەوە. هەموو دونیا دەزانێ موشەکبارانکردنی هەرێمی کوردستان و ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی دەکرێن، کە بووەتە پێگە و بنکەی ئیسرائیل و نەیارەکانی ئێران، دوورن لە ڕاستییەوە، ئەسڵی کێشەکە هاوپەیمانێتیی پارتی بوو لەگەڵ سەدر، هەروەها هەموو ئەو ڕێکارانەی لە لایەن دادگەی فیدراڵییەوە دژ بە هەرێمی کوردستان گیراونەتەبەر، هەر پەیوەندی بە هەڵوێستی پارتی لە پرسی سەرۆککۆمار و هاوپەیمانێتییەکەی بوو لەگەڵ سەدر.
ئەوەی بۆ کورد گرنگ بوو لە دوای هەڵبژاردنەکانی #10-10-2021#، شکاندنی زۆرینەی پەڕڵەمانی بوو لە لایەن شیعەکانەوە. هیچ پۆستێک بۆ کورد هێندەی ئەوە گرنگ نەبوو کورد کاری لەسەر ئەوە بکردایا ئەو ناکۆکییانەی ماڵی شیعی بە و جۆرە بەردەوام بوایە، کە هاوپەیمانێتیی نێوان شیعەکان خۆیان نەبنە زۆرینەیەک بتوانن لە ڕێگەی پەڕڵەمان و دەرچوواندنی یاساوە ئامانجە ستراتیجییەکانی تەشەیوع بەڕێوەبەرن. ئەو درزەی لەنێوان بەرەی سەدر و چوارچێوەی هاوئاهەنگی درووستبوو، نە ئێران و نە حیزبوڵڵای لوبنان نەیتوانی یەکیان بخاتەوە. لێرەدا مەبەستم لە یەکخستنەوەی هێزە پەڕڵەمانییەکەیانە ئەوەی بۆ داهاتووی کوردستان دەبێتە هەڕەشەیەکی مەترسیدار. هێشتنەوەی ئەو درزە لەنێوان کوتلەکانی شیعی لە پەڕڵەمان بەس بوو وەک جۆرێک لە دڵنیایی کە لانی کەم بۆ خولێکی پەڕڵەمانی ستۆپ بە مەترسییەکی ستراتیجی دەکرا، بەڵام پارتی لێرەشدا هەڵەی گەورەی کرد.
کورد قسەیەکی هەیە دەڵێت (هەڵە، بە هەڵە چارەسەر ناکرێت) پارتی سەرەتا هەڵەیکرد لەنێوان سەدر و چوارچێوەی هاوئاهەنگی، سەدری هەڵبژارد، بەڵام لەوەش هەڵەی گەورەتر ئەوەیە دوای کشانەوەی سەدر، ڕێگەی ڕێککەوتنی لەگەڵ چوارچێوەی هاوئاهەنگی گرتەبەر. ئەو ڕۆژگارەی پێویست بوو لەگەڵ سەدر نەبێت، لەگەڵ سەدر چوون و ئەوکاتەی پێویست بوو لەگەڵ سەدر بن، لەگەڵ مالیکی چوون.
پارتی و بەهۆی سیاسەتی پارتییەوە هەرێمی کوردستانیش باجی ئەو هەڵەیەیان دایەوە، کە بەرەی ئێرانیان فەرامۆش کرد، وەک تۆڵە کردنەوە و سزای ئەوەی پارتی کردی لە هەوڵی پەراوێزخستنی ئێرانییەکان لە ئێراق، تەنیا شتێک کە تاران و بەغدا ماوە بیکەن، هەر ئەوەیە هێز بنێرن و پەلاماری سەربازیی هەرێمی کوردستان بدەن. لەژێر هەر پاساو و گوشارێکدابێت کاتێک سەدر کشایەوە و پارتی و سونەکانی وەک نێچیرێک لە بەردەم کەڵبەی نەیارەکانیان بەحێهێشت، نەدەبوو ئاوا بە ئاسانی پارتی و سوننەکان بێهەنگاوی کرداری پێشوەختە بۆ ڕەواندنەوەی مەترسییەکانی سەر کورد و سونە، ڕێگەی ڕادەست بوون بە ئێران بگرنەبەر.
ئێستا ئەوەی پارتی و سوننەکان کردیان نەک هیچ دڵنیایی و گریمانەیەک نییە بۆ کۆتایهێنان بە گوشارەکانی سەریان، بەڵکوو بەدەستی خۆیان دارێکیان دا بەدەستی چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە تاوەکو تۆڵەشیان لێبکاتەوە. بەهیچ جۆرێک نەدەبوو پارتی و سوننە وا بە ئاسانی ڕێگە بدەن پەڕڵەمان کۆببێتەوە بۆ پڕکردنەوەی شوێنی پەڕڵەمانتارەکانی سەدر، ئەگەر ئەوەیان نەکردایا هێزی ئێران تەنیا ئەو ڕێژەیە بوو وەک (پەکخەر) دەستیان پێوە گرتبوو. سەدر کاتێک پارتی و سوننەکانی بەجێهێشت، چەکێکی بەهێزی پێبەخشین کە بتوانن وەک کارتێکی بەهێز بەکاری ببەن بۆ چەسپاندنی داخوازییەکانیان، ئەو چەکەش کۆبوونەوەی پەڕڵەمان بوو بۆ سوێندخواردنی شوێنگرەوەکانی سەدرییەکان. پارتی و سوننە دەیانتوانی بە پەکخستنی پەڕڵەمان چۆک بە چوارچێوەی هاوئاهەنگی دابدەن، سازشی زۆری پێبکەن، چونکە شوێنگرەوەی سەدرییەکان بەشی هەرە زۆریان ئەندام و نزیکەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگین و لەپێناوی ئەوەی 60 بۆ 65 کورسی پەڕڵەمانیان زیاد بکات و ڕێگەی ئەو زیادکردنەش بە دەرگەی پارتی و سوننەدا تێپەڕێت، هیچ گومانی تێدا نییە ئامادەی باجی گەورە بوون.
پارتی و سوننەکان ئەم چەکە بەهێزەشیان خراپ بەکاربرد. هەرچەندە دەگوترێت ڕێککەوتن لەنێوانیان هەبووە و گوایە بەشێک لە مەرج و داخوازییەکانیان لەلایەن ئێران و چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە پەسەند کراون، بەڵام ئەزموونی ڕابردوو ئەوەی بۆ سەلماندووین هیچ ڕێککەوتنێکی پێشوەختە بەبێ ڕەخساندنی زەمینە و هەلومەرجی پێشوەختەی جێبەجێکردنی، لە ئێراق و بەدیاریکراوی لەگەڵ شیعەدا جێبەجێ ناکرێت. کورد بە ئیمزای تاڵەبانی و بارزانی ڕێککەوتنی چوارقۆڵی لەگەڵ شیعە ئیمزاکردبوو، لە پێکهێنانی هەموو کابینەکانی شیعەشدا ڕێککەوتنی دیکە لەنێوان کورد و شیعە هەبوون و لە کارنامەی کابینەکانیشدا جۆرێک لە پابەندێتی جێبەجێکردنیان دەخستەڕوو، بەڵام بە کردار ئەوەی ڕوویداوە پێچەوانەی ڕێککەوتنەکان بوون.
هەمووان دەزانین دادگەی فیدراڵی چۆن بەکار دەبرێت، لانی کەم دەبوو پارتی دڵنیایی ئەوەی بەدەستبهێنایا کە بڕیارەکانی دادگە دژ بە هەرێمی کوردستان پێشوەختە هەڵبوەشێنەوە، ئەوکات دەرگەی بۆ ئەوە بکردایەتەوە کە 65 ئەندام بچێتە سەر ژمارەی کورسییەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، بەڵام تەنیا بە گفت و بەڵێنی کەسانێکی چەندین جار تاقیکراوە کە بێبەڵێنن، مەعلوومە هەر قسەیە و ئەحمەد موختار واتەنیش قسە ناچێتە گیرفانەوە، نەک مەرج و داواکارییەکانی جێبەجێناکرێن، دواجار بڕیارەکانی بەغدایشی بەسەردا دەسەپێنرێت. بۆیە ئەوەی ئێستا پارتی کردوویەتی وەک ئەنجامی سیاسەتێکی هەڵە، پەتێکە و بەدەستی خۆی خستییە گەردنی خۆی، بەهۆی ئەو وابەستەبوونەی کوردستانیش بە پارتییەوە، پەتەکە لە ملی خەڵکی کوردستان دەئاڵێت. [1]