$ڕەنجی دایکم و شۆڕشی ئێمە$
#عارف قوربانی#
$گەلی کورد نەک هەر مێژووی کۆن و دێرینی بەوردی نەنووسراوەتەوە، تەنانەت مێژووی هاوچەرخ و تازەیشی پڕن لە کەموکوورتی. بەهۆی نەبوونی دامەزراوەیەکی زانستییەوە کە ئەو ئەرکە بگرێتە ئەستۆ، دەرگە واڵا بووە بۆ جۆرێک لە نووسینەوەی مێژووی چەواشە، هەروەها بەهۆی دابەشبوونی کۆمەڵگەیش بەسەر چەند حیزب و ئایدۆلۆجیایەکدا، جۆرێکی دیکە لە نووسینەوەی مێژوویی نزیکی ڕووداوەکان سەریهەڵداوە، کە دەخوازن ڕووداوەکان لە مێژووی حیزب و ئایدۆلۆجیاکانیاندا بەرتەسک بکەنەوە. ئەوەشی زیاتر ئاو دەکات بە ئاشی ئەم شێوازە لە نووسینەوەی مێژوو، بڵاوکردنەوەی یاداشت و بیرەوەری بەشێک لە و کارەکتەرانەیە کە ڕۆڵیان لە درووستکردنی ڕووداوەکاندا هەبووە یان بەشداری ڕووداوەکان بوون.$
ماوەیەکە دیاردەی چاپکردنی پەڕتووکی یاداشت و بیرەوەری زۆر پەرەی سەندووە، بێگومان ئەگەر دور لە ڕق و کینە و بەدڵێکی پاک و واقیعییانە ڕووداوەکان تۆمار کرابن و ئێستا چاپبکرێن، خزمەتێکی گەورە بە نووسینەوەی مێژوو دەکات، چونکە هیچ کەس بە ئەندازەی کەسێک ئاگاداری ڕووداوێک نییە کە خۆی تیایدا بەشدارە، بەڵام لێرەشدا جێی داخە بەهۆی ناکۆکیی حیزبی و لەناو حیزبەکانیشدا بەهۆی بوونی ململانێی جۆراوجۆرەوە بەشێک لە و بیرەوەرییانە بۆ ئامانجی شکاندن و تۆڵەکردنەوە دەنووسرێن، یان بۆ خۆبەپاڵەوان کردن. هەرچەندە بەشێکیش لە و پەڕتووکانەی تاوەکو ئێستا بڵاوکراونەتەوە، زۆر دیوی شاراوە و نەزانراوی ناو ڕووداوەکانیان بۆ یاداشتکردووین و ڕاستگۆییانە نووسراون کە خزمەتی گەورە بە نووسینەوەی مێژوو دەکەن، دەبێت ستایشی خاوەنەکانیان بکرێت.
چەند ساڵێک لەمەوبەر پەڕتووکی یاداشتەکانی سەید کاکەم خوێندەوە، وەک کارەکتەرێکی ئاگادار و بەشداربوونی هەردوو قۆناخەکە ئەوەندە خاڵی گرنگ و سەرنجڕاکێشی تۆمارکردووە، گەیشتم بە و باوەڕەی لە وتارێکدا نووسیم پێویستمان بە سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی شۆڕش هەیە، چونکە ئەوەی سەید کاکە ڕاشکاوانە تۆماریکردووە، ئەو بزووتنەوە چەکدارییەی باشووری کوردستان لە (شەست و یەکەوە بۆ نەوەت و یەک) لە چەمک و پێناسەی شۆڕش بەتاڵ دەکاتەوە و دەبێت ناوێکی دیکەی لێبنرێت.
لەم ڕۆژانەشدا پەڕتووکی (رەنجی دایکم و شۆڕشی ئێمە) بەشی یەکەمی بیرەوەرییەکانی (شوان کادر) م خوێندەوە، لەبەر ئەوەی لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو لە گەڕەکی ئازادی کەرکووک دراوسێی دیوار بە دیوار بووین، لە کۆنەوە یەک دەناسین و بەخێزانی دۆستایەتی و ئاشنایەتیمان هەیە، بۆیە شایەتی بەشێک لە و مێژووەم تۆماریکردووە. دەتوانم بڵێم ئەم بیرەوەرییانەیش یەکێکە لە و پەڕتووکانەی پەردەی لەسەر زۆر ڕاستی لاداوە کە بۆ زۆرێک لە خەڵک و خوێنەران جێگەی پرسیارن.
شوان لە پەراوێزی ژیانی خۆی و خێزانەکەیدا، لە نەفیکردنیان بۆ نەجەف لە سەرەتای هاتنە سەر حوکمی بەعس و گەڕانەوەیان بۆ کەرکووک لەدوای ڕێککەوتنی ئازار، ئەو گۆڕانکارییانەی بەسەر کەرکووکدا هاتوون لە و حەوت ساڵەدا، وەک قۆناخێکی نوێی تەعریب بەوردیی تۆمارکردووە، کە لێکۆڵەر و نووسەران کەڵکی زۆری لێدەبینن بۆ نووسینەوەی مێژوو، هەروەها لە باسکردنی سەردەمی پێشمەرگایەتیی ناوچەی جەباری نزیکترین دەروازەی جەستەی کەرکووک، کەرتەکەی مامەڕیشە کە ئەم کادری ئەو کەرتە بووە، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی ئەو سەردەمە و ژیانی لادێ و پێشمەرگایەتی، دڵسۆزیی خەڵکی ئەو سنوورە و هاوکارییەکانیان بۆ پێشمەرگە، ناکۆکیی نێوان کەرت و تیپەکان، ئیرەیی بردن بە ئازایەتیی مامەڕیشە، سزا و زیندانیکردنی لەلایەن شۆڕشەوە تاوەکو تاشینی ڕیشەکەی و زۆر ڕووداوی دیکە، دەتوانرێت لەنێوان دێڕەکانیدا بە دیووە شارەوەکانی ئاشنابین.
پەیوەندی و دۆستایەتیی نێوان مامەڕیشە و تەحسین شاوەیس، دیدار و یەکتر بینینەکانیان، ئەوانەی ڕۆڵیان لە درووستکردنی ئەو پەیوەندییانەدا هەبوو، متمانەی مامەڕیشە وەک قوربانییەک بە جەلادەکەی، ئاگاداربوونی پێشوەختەی سەرکردایەتیی کۆمەڵە و یەکێتی لە پیلانی شەهیدکردنی مامەڕیشە، تاوەکو چۆنییەتیی شەهیدکردنی و ڕووداوەکانی پاش ئەو ڕووداوە، بۆ خوێنەر شۆکهێنەرن. ڕەنگە قوورس بێت خوێنەر باوەڕ بەوەبکات دوای شەهیدبوونی مامەڕیشە چەند پێشمەرگەیەکی مامەڕیشە بچن لەلای تەحسین شاوەیس ببن بە جاش.
کێشەی ئاڵای شۆڕش و سزا و زیندانیکردنی چەندین کادیر و پێشمەرگە لەلایەن شۆڕشەوە، لەکاتێکدا هەندێک لەوان لە و چرکەساتەدا کەسوکاریان لەلایەن بەعسەوە لە زیندان بوون. شوان خۆی وەک نموونەیەکی قوربانی ئەو ململانێ و ناکۆکییانە دەهێنێتەوە کە دوور و نزیک ئاگاداری ئاڵای شۆڕش نەبووە و وەک خۆی دەیگێڕێتەوه: لە دوای ساڵی 2002 بۆ یەکەمجار مەلا بەختیار دەناسێت کەچی لە ساڵی 1987 دەخرێتە زیندانەوە بە بیانووی ئەوەی لەگەڵ مەلا بەختیاردا خەریکی پیلانن لە شۆڕش. ئەو کاتەش کە دەستگیری دەکەن بۆ ماوەی شەش مانگ دایکی لە کوت و باوکی لە ناسرییە و برایەکی لە ئەبوغرێب لەلایەن بەعسەوە خراونەتە زیندانەوە، لەبەر ئەوەی کوڕەکەیان کادری کەرتەکەی مامەڕیشەیە، خۆیشی لەلایەن عومەر فەتاحەوە دەخرێتە زیندانەوە و تەنانەت ڕێگە نادەن دۆست و هاوڕێکانیشی سەردانی بکەن.
ئەوەی لەم گێڕانەیەدا مایەی هەڵوەستەیە تەنیا ئەو دوو دیمەنە نییە کە لەیەک کاتدا کوڕە پێشمەرگەکە لەلایەن شۆڕش و کەسوکارەکەی لەلایەن بەعسەوە لە زیندانن، بەڵکوو ئەوە جێی سەرسوڕمانە کاتێک شوان لە زیندانەوە نامەیەک بۆ د. هوسمان ناوێک دەنووسێت کە خاڵۆی خێزانەکەیەتی و لە یەکێک لە گوندەکانی ناوچەکە نیشتەجێیە، بۆی دەنووسێت: من ئێستا دەستگیرکراوم و لە زیندانم، ئەو ڕۆژەی هاتم کوڕە تاقانە و تازە لەدایکبووەکەم نەخۆش بوو، تکات لێدەکەم بچۆ خێزانەکەم و منداڵەکەم بەرە بۆ لای خۆت و چاوت لێیان بێت تاوەکو خۆم دێمەوە. هەروەها لە کۆتایی نامەکەیدا سڵاو بۆ دوو کەسی دیکە دەنێرێت کە کەسوکاری شەهیدن و وەک سەربازی هەڵاتوو و لە ماڵی د. عوسمانن. نامەکە بە پێشمەرگەکە دەگرن و لە بری ئەوەی سۆز و بەزەییان بۆ درووستبێت کە منداڵی نەخۆشی هەیە، کەچی بەبێ لێکۆڵینەوە بڕیار دەدەن دکتۆر عوسمان و ئەو دوو سەربازە هەڵاتوەش بخەنە زیندانەوە وا ئەم سڵاوی بۆ ناردوون.
ڕووداوی لەمانەش سەیرتر ئەوەیە دوای ئەنفال و مانەوەیان بۆ چەند مانگێک لە دەشت و هەردە کاکی بەکاکییەکانی گەرمیاندا، ژمارەیەک پێشمەرگەی یەکێتی، مەفرەزەیەکی پێشمەرگەی حیزبی شیوعی شەهید دەکەن و فەرماندەکەیان (ملازم سەعد) بەدیل دەگرن و بە هێلیکۆپتەر دەیبەن بۆ سلێمانی و ڕادەستی بەعسی دەکەنەوە. چیرۆکی پشت ئەم ڕووداوە و چۆنێتی درووستبوونی پەیوەندیی نێوان هێمنەڕەش سەرتیپی یەکێتی بە ئیستخباراتی ئێراقییەوە و چوونی بۆ سلێمانی و بەغدا و گەڕانەوەی بۆ گەرمیان، هاتنی نمایندەی ئیستخباراتیش بۆ هەردە و هەڵەتەکانی گەرمیان و شە و مانەوەیان لەلای تیپ. چیرۆکی شەهیدکردنی مەفرەزە پێشمەرگەکەی شیوعی و دەستگیرکردنی ملازم سەعد و بردنی بۆ سلێمانی، نهێنییەکانی پشت ئەم ڕووداوە و دواتریش، ئەو وردەکارییانەی لەم پەڕتووکەدا هاتووه، دەیان پرسیارت بۆ درووست دەکەن.
ناونیشانی پەڕتووکەکەش هەرچەندە پێدەچێت وەک وەفایەک بۆ دایکی کۆچکردووی ویستبێتی وشەی دایک بکاتە ناونیشانی پەڕتووکەکەی (رەنجی دایکم و شۆڕشی ئێمە) ، بەڵام لە ڕاستیدا بەهۆی ئەوەی ساڵانێکی زۆر پورە ئەلفی دایکیم دەناسی، ژنێک بوو کەموێنە لە ئازایەتی و خۆڕاگریی، خاوەن بیروباوەڕێکی پتەو، کوردێکی ساخڵەمی بێ غەلوغەش، بۆیە شایستەی ئەوەیە بۆی وەفاداربێت، بەڵام بە هێنانەوەی چەندین نموونەی بەراوردکاری ئەوەشی ڕوونکردووەتەوە کە دایکی ئەو و هەزاران شەهیدی ئەم کوردستانە، ڕەنج بەخەسار بوون. [1]