$ئیگۆرەکانی چین وەک ئامرازی گۆڕینی دیمۆگرافیای کوردستان$
#عارف قوربانی#
ساڵی 2003 لەکاتی پڕۆسەی سەربازیی هاوپەیمانەکان بۆ ڕووخانی سەدام و ڕژێمەکەی، لە دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی تایبەت بە بەعەرەبکردن لە کەرکووک ژمارەیەکی زۆر بەڵگەنامەم کۆکردەوە، ساڵی دواتر لەژێر ناونیشانی (کەرکووک و پاکتاوی ڕەگەزیی لە بەڵگەنامەکانی بەعسدا) لە دوو بەرگی پەڕتووکێکدا بژاردەیەک لە و بەڵگەنامانەم بەچاپ گەیاند و جگە لە زمانی کوردی، بە عەرەبی و بە زمانی ئینگلیزیش هەردوو بەرگەکەی چاپکراون. لەناو یەکێک لە و بەڵگەنامانەدا کە زۆر جێگەی سەرنج بوو، بەشداریپێکردنی عەرەبی میسر بوو لە پڕۆسەی بەعەرەبکردنی کەرکووکدا.
ژمارەیەک عەرەبی میسری کە پێشتر بۆ کرێکاری ڕوویان لە ئێراق کردبوو، لە شاری بەسرە داوای مافی هاووڵاتیبوون لە ئێراق دەکەن. حکومەتی ئێراقی ڕەزامەندیی لەسەر دەردەبڕێت بەمەرجی ئەوەی ئامادەییان تێدابێت بچن لە کەرکووک نیشتەجێببن. هەمان ئەو ئیمتیازاتانەی کە پێشتر بە بڕیاری ژمارە (42) ی (مجلس قیادە سەورە) بۆ عەرەبی هاوردە بڕیاری لەسەر درابوو، لە زەویی نیشتەجێبوون و پاداشتێکی 10 هەزار دیناری، دەدرێتە ئەو عەرەبە میسرییانە و دەبنە بەشێک لە ئامرازی داگیرکاری لە پڕۆسەی بەعەرەبکردنی کەرکووکدا.
پێشتریش لە ساڵی 1994 ئەوکاتەی پارتی و یەکێتیی لە گەرمەی شەڕی ناوخۆدا بوون، سەدام پلانێکی ئامادە کردبوو بە پاساوی پڕۆسەی وەرگرتنی ئاوارەی فەلەستین و نیشتەجێکردنەوەیان لە ئێراق، دەیوست ئاوارە فەلەستینییەکانیش بکات بە بەشێک لە ئامرازی داگیرکاری و لە پڕۆسەی گۆڕینی دیموگرافیای کوردستاندا بەکاریان بەرێت و لە کەرکووک شوێنی نیشتەجێبوونیان بۆ دەستەبەربکات.
ئەم دوو نموونەیەم بۆ ئەوە هێنایەوە تا لە ئاستی فاشیەتی دەسەڵاتدارانی نەتەوە سەردەستەکانی ناوچەکە تێبگەین. سەدام هەموو دامودەزگا دەوڵەتییەکان و سەروەت و سامانی ئێراقی خستبووە خزمەتی پڕۆسەی بەعەرەبکردنەوە، هەموو عەرەبی شیعە و سوننەی لەبەردەست بوو وەک ئامرازی گۆڕینی دیموگرافیا بەکاری دەبردن، دڵی هەر بەوەندە ئاوی نەدەخواردەوە پەنای بردووەتە بەر ئەو عەرەبە میسرییانەش، کە بۆ کرێکاری ڕوویان لە ئێراق کردبوو. یان دەیویست ئەو ئاوارە فەلەستینییانەش کە خۆیان قوربانیی سیاسەتی داگیرکاری بوون، بیانکات بە ئامراز بۆ داگیرکردنی ماڵی کورد.
ئێستاش تورکیا بەهەمان ئەو ڕێگەیەدا دەڕوات، کە سەدام پێیدا تێپەڕی. بەدەر لە و سیاسەتانەی لە 100 ساڵی ڕابردوو بە قۆناخی جیاجیا بەرانبەر بە کوردی باکوور پەیڕەویانکردووە، دەستیان خستووەتە ناو هەناوی ڕۆژاوای کوردستانیش، لە عەفرین و سەرێکانی و ئەو هێڵە سنوورییەی نێوان ڕۆژاوا و باکووری کوردستان، ئەوەی تورکیا دەیکات لە پڕۆسەی گۆڕینی دیمۆگرافیای کوردستان، گەیشتووەتە ئاستێکی زۆر مەترسیدار. ڕۆژانە دەیان خێزانی کورد دەربەدەر دەکرێن و تورک و عەرەب دەهێنرێنە شوێنیان. دەست بەسەر ڕەز و باخ و زەویوزار و ماڵ و خاڵی گوندنشینانی کورددا دەگیرێت و دەدرێت بە و خێزانانەی بە ئامانجی لە کوردیخستنی ناوچەکە براونەتە ئەوێ. جیاواز لە و ستراتیژەی بەناوی گەڕانەوە و نیشتەجێکردنەوەی ئاوارە سوورییەکانەوە بەنیازن سەتان هەزار خێزانی عەرەب و تورکمان لەسەر خاکی کوردستان و لە و هێڵە سنوورییە نیشتەجێبکەن. ئەردۆغان تەنیا دڵی بەوە ئاو ناخواتەوە، کە چەند ملیۆنێک ئاوارەی عەرەبی سووری لەبەردەستدایە، نیازی وایە ئەو موسڵمانە ئیگۆرانەی چین، کە بەهۆی سەرکوتکارییەکانی چینەوە پەڕاگەندە و ئاوارەی تورکیا بوون، ئەوانیش لە ڕۆژاوای کوردستان لە پڕۆسەی گۆڕینی دیمۆگرافیای کوردستاندا بەکاریان بەرێت.
ئیگۆرەکان کە ژمارەیان دەیان ملیۆن کەس دەبێت، لەگەڵ تورکەکان هاونەژادن و بە زمانی تورکی قسە دەکەن، زۆر خەسڵەت و هاوبەشی لەگەڵ تورک پێکیان دەبەستێتەوە. لە چین بەهۆی موسڵمانبوونیانەوە کەوتوونەتە بەردەم پڕۆسەی پاکتاوکردن، تائێستا دەیان هەزار کەسیان لەترسی مردن لە چین هەڵهاتوون و گەیشتوونەتە تورکیا و وەکوو ئاوارە یان پەنابەر داڵدە دراون. کردنەوەی دەرگەیەک بۆ نیشتەجێکردنیان لەسەر سرووشتێکی جوان و خاکێکی بەپیتی وەک ڕۆژاوای کوردستان، ڕێگە بۆ سەتان هەزار ئیگۆری دیکە خۆش دەکات کە لە و میحنەت و دۆخە دۆزەخییەی چینەوە ڕە و بکەن بۆ کوردستان.
وەک چۆن لە سەدەکانی ڕابردوو چەند خێڵێکی مەغۆل ڕوویانکردە ناوچە بەپیت و بەرەکەتەکانی ئەنادۆڵ و لەسەر خاکی کورد و ئەرمەن و یۆنان دەوڵەتێکیان بۆ خۆیان بنیات نا و بوونە سەرچاوەی کێشەی گەورە بۆ گەل و نەتەوەکانی ناوچەکە. ئەگەر ڕێگە لە و نیازەی ئەردۆغان نەگیرێت، پڕۆسەی هێنانی ئیگۆرەکان لە چینەوە بۆ ڕۆژاوای کوردستان دووبارەبوونەوەی هەمان ئەو مێژووە دەبێت و دەبێتە مەترسییەکی گەورە لەسەر داهاتووی کورد لە و ناوچەیە. هەمان ئەو خەسڵەتانەی لە کۆمەڵگەی خێڵەکی عەرەبدا هەیە بۆ زیادکردن و گەشەی ناسرووشتی خێزان، بەهۆی کولتوور و ئایینەکەیانەوە، ئیگۆرەکانیش بە و جۆرەن. ئەگەر وەک تورکیا بەنیازە سەرەتا پەنجا هەزار کەسیان لە ڕۆژاوای کوردستان نیشتەجێبکات، ئەمە جیا لە و مەترسییەی دەبێتە هاندەر و هۆکار بۆ پەلکێشکردنی سەتان هەزاری دیکەیان، بەڵام هەر نیشتەجێکردنی ئەو ژمارەیەش پاش چەند دەیەیەکی دیکە دەبێتە سەتان هەزار.
بۆیە پێویستە کورد لە کەناڵ و ڕێگەی جیاجیاوە کار بۆ ڕێگری لە و ئامانجەی تورکیا بکات، لە ڕێگەی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و ڕێکخراوە جیهانییەکانی مافی مرۆڤ، تا ئاستی ئەوەی لەسەر ئەرزی واقیع ژیانی هەر کەسێک بخاتە مەترسییەوه، کە بیەوێ وەک ئامرازی داگیرکاری لەسەر خاکی کوردستان نیشتەجێبێت. [1]