$خۆشکردنی زەمینەی شەڕ$
#عارف قوربانی#
هەر کەسێک لەم نزیک بە بیست ساڵەی رابردوودا چاودێریی حوکمڕانیی شیعەی ئێراقی کردبێت، تێدەگات لەوەی شیعەکان زۆر بە پلان لەسەر هەموو ئاستەکانی ئایینی و ئیداری و کۆمەڵایەتی بەشێوەی هاوتەریب و هەنگاو بە هەنگاو چوونەتە پێشەوە. لە هیچ هەلومەرجێکدا وێستگەیەک نابینیت ئیدارییەکانیان کە ئەرکی بەڕێوەبردنی کاروباری حوکمڕانییان لە ئەستۆ بووە، بە جۆرێک کاریان کردبێت پێچەوانەی وتار و ئایدیای ناوەندە ئایینییەکانیان بووبێت. یاخود لە بەڕێوەبردنی حوکم بڕیارێک یان کارێکیان کردبێت دژ بە شەپۆلە کۆمەڵایەتییەکەیان کەوتبێتەوە. هەر حیزب یاخود کارەکتەرێکی سیاسییان چووبێتە سەر تەختەی شانۆی حوکمڕانی، ئەو هاوسەنگییەی ڕەچاو کردووە.
بێگومان لە پشتی ئەم سێ ئاڕاستەیەوە ناوەندی گرنگتر هەن، مەرج نییە ناوەندی دیار و ئاشکرابن، دەشێت لە ساڵانی زۆر دواتردا ڕوون ببێتەوه، چۆن ئەم قۆناخەی ئێراق کە بۆ شیعە هەستیارترین دەرفەت و کاتە بۆ ئامانجە ستراتیجییەکانیان لە ناوچەکە، بەڕێوەبراوە و چۆن بەسەر ئاستەنگ و لەمپەرەکانی بەردەم پڕۆسەی چەسپاندنی حوکمی شیعی سەرکەوتوون، بەڵام ڕوونە کە عەقڵێک بە پلان و بۆ ئامانجی دوورمەودا ئیدارەی ئەم پڕۆسەیە دەدات و ئەولەویەتەکانیان دیاریدەکات.
جۆری مامەڵەیان لەگەڵ ئەمریکا، چۆنێتی مامەڵەکردنیان لەگەڵ سونەی ئێراق، دوو ئەزموونی سەرکەوتووی حوکمی شیعەن بەسەر ڕکابەرەکانیاندا. سونە بە درێژایی نزیکەی سێ چارەکە سەدە حاکم و حوکمڕانی ڕەهای ئێراق بوون، ڕاستە ئەمریکا ڕژێمی بەعسی حوکمڕانی لەسەر کار لابرد، بەڵام ئەوەی هەژموونی سونەی بەسەر جومگەکانی حوکمڕانیی ئێراقەوە لە ڕیشەوە هەڵکێشا، شیعەکان خۆیان بوون نەک ئەمریکا. تەنانەت ئەوەی ئەمریکای ناچار بە کشانەوە کرد و نەک هەژموون خەریکە سێبەریشیان بەسەر حوکمڕانی ئێراقەوە ناهێڵێت، هەر شیعەکانن. بە کارکردن لەسەر ئەو سێ ئاڕاستە هاوتەریبە، مەترسیی سونە و ئەمریکایان لەسەر خۆیان ڕەواندەوە.
ئەوەی مەبەستمە لێرەدا بیوروژێنم، زەنگی بەئامانجگرتنی کوردە لەلایەن شیعە هاو قوربانییەکانی سەدەی ڕابردوویەوە. وەکوو چۆن سەرەتا لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی لە (شەقام) و دواتر لە ناوەندە ئایینییەکانەوە و بەدوای ئەویشدا لە ناوەندەکانی دەسەڵات، ئەمریکا و سونەیان کردە ئامانج. ماوەیەکی زۆریشە قۆناخی یەکەمیان کە شەقامە، ئامادە کردووە بۆ وێناکردنی کوردستان وەکوو لەمپەر لە بەردەم ئامانجەکانی شیعە. ئێستا نۆرەی ئەوەیە کوردستان وەکوو مەترسی و هەڕەشە لەسەر شیعە بخەنە پێشچاو. بۆ ئەمەش لە میدیا و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەڵمەتی چڕ بەڕێوەدەبرێت. تازەترین دەرکەوتەی گواستنەوە بۆ قۆناخی دووەم لە میدیاوە بۆ ناوەندە ئایینییەکان، وتاری هەفتەی ڕابردووی (ئیمام جومعەی نەجەف) بوو، کە لە وتارێکدا ئاماژەی بەوەدا شیعەکانی کوردستان لە بەردەم هەڕەشەدان و بانگەشەی ئەوەی کرد کە کوردستان بووەتە ناوەندی بڵاوبوونەوەی فکری تەکفیری، شەپۆلێکی زۆر تووندی تائیفی و مەترسیدار دژ بە شیعە لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا وتی شیعەکانمان پەیاممان پێدەگەیێنن و دەڵێن، لە مەترسیداین لە کوردستان و لە بەردەم خەتەرداین. گەرچی ئەو بە ڕووکەش ڕووی لە حکومەتی کوردستان بوو بەوەی ڕێگە لە و مەترسییانەی سەر شیعە بگرێت، بەڵام پەیامی پشتەوەی ئەم بانگەوازە بۆ ناوەندەکانی شیعە و ئەو هێزەیە کە بە پاساوی پاراستنی شیعە لە ئێراق درووستیان کردووە.
ئەمەش هەمان ئەو شتەیە کە بەرانبەر بە سونە و ئەمریکا کردیان، لە وێناکردنیان وەکوو کۆسپی بەردەم ئامانجەکانی شیعە، دواتریش گۆڕینی وێناکە لە کۆسپ و لەمپەرەوە بۆ هەڕەشە و مەترسی نیشاندان. ئەمەی ئێستا بەرانبەر بە کوردستان لەناو ماڵی شیعی دەگوزەرێت، ئەو قۆناخەیە کە کوردستان وەکوو هەڕەشە لەسەر شیعە دەبینن.
پارتی و یەکێتی وەکوو دوو هێزی حوکمڕان لە کوردستان و بەرپرس لە چارەنووسی میللەت و ئاییندەی بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە ئێراق، کە ئێستا لەبەر ناتەبایی نێوان خۆیان سەرنجیان لەسەر ئەوە نییە کوردستان بەرەو کوێ دەڕوات و بەهۆی ململانێ و ناکۆکییان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆککۆمار لە بەغدا، ئەو مەترسییانە نابینن، کە وەکوو هەڕەشەیەکی ستراتیجی خەریکە بەر دەرگا بە کورد دەگرێت. دەبوایە ئەم وتارەی (ئیمام جومعەی نەجەف) ببوایەتە زەنگی بەئاگاهێنانەوەیان، کە وتارەکە خۆشکردنی زەمینەی شەڕە دژ بە کوردستان.
بەڵام پێناچێت هێشتا لە واقیع و مەترسییەکە تێگەیشتبن، چونکە وەکوو ئەوەی هیچ ڕووینەدابێت، بەردەوامن لەسەر ناکۆکی و ململانێکانیان. ئەگەر چاودێریی میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییە ئاشکرا و سێبەرەکانی پارتی و یەکێتیی بکەیت، دەگەیتە ئەو باوەڕەی کە یان ئەوەیە هێشتا هەست بە هەڕەشە و مەترسییەکان ناکەن، یان ئەوەیە خۆیان کراون بە بەشێک لە و پڕۆسەیە، چونکە ئەوەی ئێستا لەنێوان پارتی و یەکێتیش دەگوزەرێت، هەر خۆشکردنی زەمینەی شەڕە. کوردستان لەم هەلومەرجەدا بەرگەی هیچ شەڕێک ناگرێت، نە شەڕ لەگەڵ بەرانبەرەکانی و نە شەڕی خۆبەخۆی نێوان خۆیان. بۆیە ئومێدەوارم ئەوانەی دەربەستی ئاییندەی کورد دێن و نایانەوێت داهاتووی کوردستان وەکوو ڕابردووی خوێناوی بێت، ڕۆڵ بگێڕن لە تێپەڕاندنی ئەو مەترسییانەی وەکوو بۆمبی تەوقیتکراو لە بەردەم پێی کورد چێندراون. [1]