$بەرپرسیارێتیی کورد لەبەرانبەر تەعریبدا$
#عارف قوربانی#
ئەگەر زۆر نەگەڕێینەوە بۆ ناو قووڵایی مێژووی سەرهەڵدانی تەعریب و لکاندنی باشووری کوردستان بە ئێراقی عەرەبییەوە بکەین بە دەستپێک بۆ مێژووی نوێی تەعریب، واتا ساڵی 1925 بکەین بە خاڵێک بۆ بەراوردی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی بەعەرەبکردن و هەوڵەکانی کورد لە بەرەنگاربوونەوەی تا ئێستا، دەتوانین بڵێن لەم نەوەت و حەوت ساڵەدا کە ئەم بەشەی کوردستان خراوەتە ژێردەستی حوکمڕانی عەرەبەکانەوە، لە و ساتەوە تا ئێستا، هیچ کات بە ئەندازەی ئەم سێ چوار ساڵەی ڕابردوو کورد بێدەنگ و بێهەڵوێست نەبووە لە بەرانبەر ئەو پڕۆسەی داگیرکاری و تەعریبەی لە ناوچە کوردستانییەکانی ژێر قەڵەمڕەوی بەغدا بەڕێوە دەچێت.
ئەوەی لە مێژوودا بۆمان تۆمار کراوە وەک دەستپێکی کرداریی ئەم قۆناخەی تەعریب دوای بڕیاری عوسبەت ئومەم بە لکاندنی باشووری کوردستان بە ئێراقەوە، بە دوو ساڵ دوای ئەم پڕۆسەی پێکەوە لکاندنە، بەهۆی دۆزینەوە و دەرهێنانی نەوت لە کەرکووک، لە ساڵی 1927وە بە بڕیاری ئیداری حکومەتی ناوەندی دەستی بەهێنانی عەرەب کردووە بۆ کەرکووک. هەروەها ئەوەی مێژوو وەک هەوڵی ڕێگریی و بەگژداچوونەوەی کورد بۆ ئەم سیاسەتەی دەوڵەت تۆماری کردووە، لەکاتی هاتنی مەلیکی ئێراق بۆ کەرکووک محەمەد سەعید جاف وەک یەکەم ئاماژەی نییەتی داگیرکاری و هەوڵی گۆڕینی دیموگرافیا ڕووبەڕووی مەلیک بووەتەوە. لە ساڵی 1929 لەلایەن شەش نوێنەری کوردەوە یاداشتێک بەناوی گەلی کوردستانەوە پێشکەش بە سەرۆکوەزیرانی ئێراق کراوە، ساڵی 1930 محەمەد ئەمین زەکی بەگ یاداشتێکی بە داتا و ئاماری بەراوردکاری ئەو چوار ساڵە بۆ سەلماندنی پڕۆسەی تەعریب داوەتە مەلیکی ئێراق. ئەم سێ هەوڵەش وەک دەستپێکی خەباتی کورد و بەرەنگاربوونەوەی کورد دژ بە تەعریب تۆمار کراوە.
بە درێژایی ئەو ماوەیە تا بەرپاکردنی خەباتی چەکداری کورد، بە ڕێگەی پێشکێشکردنی یاداشت لەلایەن نوێنەرەکانی کورد لە ئەنجوومەنی نوێنەران، یا ئەو کوردانەی پۆست و پێگەیان هەبووە لە ناو حکومەتەکانی ئەو سەردەمە، پێشکەش بە دەسەڵاتی ناوەند کراوە وەک ناڕەزایەتی لە هێنانی عەرەب بۆ جوگرافیای کوردستان. لە دەستپێکی خەباتی چەکداریشەوە هەندێجار بە چالاکیی پێشمەرگانە و بەردەوامیش لە گفتوگۆی نێوان شۆڕشی کورد و دەسەڵاتدارانی ئێراق، بابەتی تەعریب یەکێک لە دۆسییە چارەنووسسازەکان بووە بەلای سەرکردایەتیی شۆڕشەکانی کوردەوە.
لە دوای ڕاپەڕین و پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشەوە تا کەوتنی سەدام، سەرباری شەڕی ناوخۆ و خراپیی دۆخی ئابووری، پرسی هەرە گەرم و سەرەکیی حکومەت و حیزبەکان، میدیا و نوخبەی ڕۆشنبیری ئەو سەردەمە، هەر بەگژداچوونەوەی سیاسەتی تەعریب و خەبات بۆ ڕزگارکردنی ئەو ناوچانەی کوردستان بووە. لەبەرانبەر ڕاگواستنی کورد لە و ناوچانە وەک لاوازترین هەڵوێستیش بووایە، ئەو ئیدارانەی بەناو پارێزگای کەرکووکەوە لە شارۆچکە و شارەدێ ئازادەکانی سەر بە کەرکووک دامەزرابوون، بەیاننامەیان بڵاودەکردەوە، نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەو ڕێکخراوانەی بۆ کاروباری ئاوارە لە کوردستان بوون، یاداشتیان پێدەدرا، ڕۆژنامە و ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنەکانی ئەوکاتەی کوردستان بەردەوام بە بایەخەوە باسی تەعریب و ڕاگواستنی ماڵی کوردیان دەکرد. سەرکردەکان لە دیدارەکانیان لەگەڵ وەفد و نێردەی بیانی باسی سیاسەتی تەعریب و دەربەدەرکردنی کوردیان دەکرد، لە وتار و لە بۆنەکاندا پەیامی تووندیان دژ بە و سیاسەتەی بەعس بڵاو دەکردەوە و ئومێدیان بۆ کوردە ڕاگوێزراوەکانی ئەو ناوچانە درووستدەکرد، کە هەر دەگەڕێنەوە سەر زێدی خۆتان. تەنانەت ئەو کاتەی بەعس پلانێکی هەبوو بۆ ئەوەی ئاوارەی فەڵەستینی بهێنێت لە و ناوچانە نیشتەجێیان بکات، سەرکردایەتیی کورد نەک هەر لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان کەوتنە گفتوگۆوە تەنانەت پەنایان بردە بەر یاسر عەرەفات سەرکردەی فەڵەستین، تا ڕێگریی لە و پڕۆژەیەی سەدام بکەن، کە ئامانجەکەی درێژەدان و ڕەوایەتیدان بە تەعریب بوو نەک پەرۆشی بۆ ئاوارەی فەڵەستین.
دوای ڕووخانی سەدام تا 16ی ئۆکتۆبەر هەرچەندە بە چەندین شێوازی دیکە کەم تا زۆر هاتنی عەرەب هەر بەردەوام بوو، بەهۆی ناسەقامگیریی دۆخی ئەمنی ناوچەکانی نێوەڕاست و خوارووی ئێراق، هەروەها بەهۆی کەمتەرخەمی لە جێبەجێکردنی ماددەی 140، بەهۆی دەرفەتی کار عەرەبێکی زۆر ڕوویان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان کرد، بەڵام بەهۆی ئەوەی پێگەی کورد لە و ناوچانە بەهێزبوون و بە جۆرێک لە جۆرەکان کورد حوکمی ئەو جوگرافیایەی دەکرد، حیزب و دەسەڵاتدارەکانی کورد وەک مەترسی لە هاتنی عەرەبیان نەڕوانیوە. بەڵام لەدوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە پڕۆسەی بەعەرەبکردن شێوازێکی ڕێکخراوی وەرگرتووە. ئیدارەی خۆجێیی ناوچەکان و سوپا و هێزە میلیشیاکان لە پشتی بەڕێوەچوونی پڕۆسەکەن، شانبەشانی هێنانی عەرەب و گواستنەوەی نفوسیان بۆ ئەم ناوچانە، بە ڕێگەی جۆراوجۆر کەوتوونەتە گوشارکردن لەسەر کورد بۆ چۆڵکردنی شوێنی بژێویی و ژیانی و عەرەب لە شوێنیان نیشتەجێ دەکرێت. دەیان گوندی کوردنشین بەیەکجاری چۆڵ کراون و عەرەب هێنراونەتە شوێنیان. لەناو شار و شارۆچکەکانیش ساڵ لە دوای ساڵ ڕێژەی عەرەبی تازە دامەزراو زیاتر دەبن، کە لە بەغداوە فەرمانی دامەزراندنیان بۆ دەدرێت و بە و هۆیەوە ماڵەکانیشیان دەهێندرێنە ئەم ناوچانە.
ئەم چوار ساڵەی ڕابردوو ژمارەی ئەو عەرەبانەی هێنراونەتە سەر ئەم جوگرافیایە، بە ئەندازەی 10 ساڵ زیاتری ئەو سەردەمانەن کە سەدام پڕۆسەی تەعریبی بەڕێوە بردووە. بەڵام بێدەنگی و نەبوونی هیچ کاردانەوەیەکی ناڕەزایەتی لەم چوار ساڵەشدا ئاماژەی مەترسیدارە، کە نەک حیزب و حکومەت و تەنانەت میدیا و نوخبەی دەستەبژێری کۆمەڵگە و ئەوانەشی کە پێشتر تا ئەندازەیەک وەک جۆرێک لە خاوەندارێتیی ئەم پرسە ناسرابوون، هەموو هەر بێدەنگییان هەڵبژاردووە. لە دەرەوەی ناوەندەکانی هەرێمی کوردستانیش لەناو دامودەزگە دەوڵەتییەکانی ئێراقدا ژمارەی کورد کەم نین، چی لە پەڕڵەمان و لە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بەم پرسە و تا ئاستی سەرۆککۆماریش کە هەریەک لەمانەش بەپێی یاسا و دەستوور بەرپرسیارێتییان لە ئەستۆیە بۆ ڕێگریکردن لەم پڕۆسەیە.
لە دوو بڕگەی دەستووردا بە ڕوونی ئاماژە بەوە دراوە نابێت ڕێگە بەهیچ نیشتەجێبوونێک بدرێت کە ئامانجی گۆڕینی دیموگرافیا بێت. پێم وا نییە هیچ کەسێکی بە ویژدان لەناو کورد و عەرەبیش هەبن ئەوە نەسەلمێنن ئەوەی دەگوزەرێت بە ئامانجی گۆڕینی دیموگرافیایە و بەشێکە لە پاکتاوی ڕەگەزی، کە دەستووری ئێراق قەدەخەی کردووە. کورد لە بەغدا وەک جۆرێک لە دڵنیایی کە مێژووی ستەمکارییەکان لەسەری دووبارە نەبێتەوە پۆستی سەرۆککۆماری لەبەر ئەوە پێدراوه، کە بتوانێ پارێزگاری لە دەستوور بکات. تەنیا ئەرکی سەرۆککۆمار ئەوەیە نەهێڵێت پێشێلکاریی دەستووریی ڕووبدات، کەچی بە بەرچاوی خوا و خەڵکەوە پڕۆسەی گۆڕینی دیموگرافیای نیوەی جوگرافیای کوردستان بەڕێوە دەبرێت و هیچ کاردانەوەیەکی نییە بۆ بەرگری لە دەستوور. تەنانەت سەرۆککۆمار ئەگەر کوردیش نەبووایە هەر ئەو ئەرکەی لەسەر بوو نەهێڵێت تەعریب درێژەی هەبێت. بەڵام جێی هەڵوەستە لەسەر کردنە سەرۆککۆمار کورد بێت و لە هێزێکی سیاسیی کوردستان بێت، کە خۆی وا ناساندووە هێزێکی کوردستانی و نیشتمانییە، لە رابردووشدا قوربانی زۆری بۆ بەگژداچوونەوەی سیاسەتی تەعریب دابێت، کەچی ئێستا بە مومارەسەکردنی ئەو دەسەڵاتانەی هەیەتی بۆ پارێزگاری لە دەستوور، بەڵام ئامادە نەبێت تەنانەت بە یاداشتێک بە پەیام و لێدوانێکیش ناڕەزایەتی لەم پێشێلکارییەی دەستوور دەربڕێت؟
دەبێت مێژوو بە ئامانەتەوە ئەو بەرپرسیارێتییانە تۆمار بکات، کە بەدرێژایی سێ چارەکە سەدە کورد قوربانیداوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی پاکتاوی ڕەگەزی، بەڵام ڕۆژگارێک ئەم پڕۆسەیە لەژێر دەسەڵاتی کوردەوە بە شێوازێکی ترسناکتر بەڕێوەچووە، نەک ئامادەی قوربانیدان نەبوون لە ڕێگریکردن لە تەعریب، تەنانەت وەک لاوازترین هەڵوێست، بە وتار و پەیامێکیش ناڕەزایەتییان دەرنەبڕیوە. [1]