$مەترسییەکی دیکە لەسەر هەرێمی کوردستان$
#عارف قوربانی#
لەدوای ڕووخانی سەدامەوە، بەهۆی سەقامگیریی هەرێم و ناسەقامگیریی ناوچەکانی ئێراق، لە قۆناخی جیاجیادا عەرەبی سوننە و شیعە، ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کرد. بە دیاریکراویش لە هاتنی تیرۆریستانی #داعش# و دەستبەسەرداگرتنی ناوچە سوننەنشینەکان، لێشاوی هاتنی عەرەب شێوازێکی فراوانتری بەخۆیەوە بینی، لە شێوەی ڕەوێکی بەکۆمەڵ ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کرد، کە ژمارەیان بە نزیکەی دوو ملیۆن کەس دەخەمڵێندرا.
ئیدارەی هەرێم و ڕێکخراوە مرۆییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان وەکوو (ئاوارە) مامەڵەیەکی مرۆییان لەگەڵ عەرەبەکانی ئەم لێشاوەدا کرد، بەشی زۆریان لە کەمپی کاتی نیشتەجێ کران. دوای شەڕی داعش بەشێک لەم ئاوارانە گەڕانەوە شوێنی خۆیان، بەڵام بەشێکیشیان لەلایەک بەهۆی وێرانبوونی ناوچەکانیانەوە و نەبوونی دەرفەتی کار و ژیان لە زێدی پێشوویان، لە لایەکی دیکەشەوە بەهۆی ئەو دۆخە ناسەقامگیرەی حەشدی شەعبی لە ناوچەکانیان درووستیانکردووە، نەیانوێراوە بگەڕێنەوە و بە یەکجاری بڕیاری مانەوەیان دا و لەناو شار و شارۆچکە و لادێکانی هەرێمی کوردستان نیشتەجێ بوون.
ئەگەرچی هێشتا بەشێکی دیکەیشیان لە کەمپەکاندا ماونەتەوە و نەتوانراوە چارەسەر بۆ گەڕانەوە و نیشتەجێکردنەوەیان لە زێدی خۆیان بدۆزرێتەوە، بەڵام ماوەیەکە شێوازێکی دیکەی هاتنی عەرەب ڕووی لە هەرێمی کوردستان کردووە. لێشاوی ئەم جارە خەڵکە دەستڕۆ و خاوەن سەرمایە و دەوڵەمەندەکانی عەرەبن، بۆ کڕینی خانوو و شوقەی نیشتەجێبوون و موڵکی بازرگانی و بازاڕ، ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە.
بەپێی ئەو داتا و ئامارانەی سەرچاوە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان بڵاویاندەکاتەوە، بە سەتان هەزار خانوو، شوقە، ئوتێل، مۆڵ، چێشتخانە و بازاڕ، لەلایەن عەرەبەوە کڕدراون و وەکوو باسدەکرێت، هەندێک کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون هەن بە تەواوی خاوەندارێتییان بەناوی عەرەبەوە تۆمارکراون. ژمارەیان بە ئەندازەیەک زۆر بووە کە لە هەندێک ناوەندی شار و شارۆچکەکان ڕێژەیان گەیشتووەتە چارەکی دانیشتووان.
پرسیارەکە لێرەدایا، ئایا گومان دەکرێت ئەمە پلانێکی ورد و بەرنامە بۆ داڕێژراو بێت؟ یاخود هەر لە بنەڕەتدا هاتن و مانەوەی عەرەب بۆ ناو هەرێمی کوردستان، هیچ مەترسییەک لەسەر داهاتووی هەرێمی کوردستان درووست دەکات؟ دەکرێت ئەم لێشاوە وەکوو سەرەتایەک بۆ دەستپێکردنی پڕۆسەی تەعریب تەماشا بکرێت؟
بۆئەوەی وەڵامی ئەو پرسیارانەمان دەستبکەوێت، سەرەتا پێویستە لەوە تێبگەین کۆمەڵگەی عەرەبی ئایا هیچ نیازێکی داگیرکارییانەی هەیە؟ ئەگەر وەڵامی درووستمان دەستکەوێت کە عەرەب چاویان لە داگیرکردنی کوردستانە، ئەوە دەکرێت گریمانەی ئەوە بکەین، هەموو ئەوانەی ڕوو دەدەن پلان و بەرنامەی عەقڵێکی نادیارن لە پشتی پڕۆسەی ناردنی عەرەبەوە بۆ ناو هەرێمی کوردستان. خۆ ئەگەر بگەینە ئەو باوەڕەیش کە هیچ نییەتێکی وا لە ئارادا نییە، ئەوە دەکرێت وەکوو حاڵەت و دۆخێکی کاتی و ناچاری لێی بڕوانرێت کە لەم هەلومەرجە تایبەتەدا پەنایان بۆ کورد هێناوە و هەرکات دەرفەتی گەڕانەوەیان بۆ درووستبوو، دەچنەوە شوێنی خۆیان.
بۆ گەیشتن بە وەڵامی درووستی ئەم دوو لایەنەی ئەم کێشەیە، پێویستمان بەوەیە عەرەب بناسین. بە ئاوڕدانەوەیەکی کوورت و خێرای مێژووی عەرەب ئەو وەڵامەمان دەستدەکەوێت کە کۆمەڵگەی خێڵەکیی عەرەب لە بەرەبەیانی مێژووەوە تاوەکو هاتنی ئیسلام و لەدوای قۆناخی هاتنی ئیسلامیشەوە بە هۆکاری بڵاوکردنەوەی ئایین، بەردەوام هەوڵی داگیرکردنی دەوروبەرەکەی خۆیان داوە. لە جوگرافیایەکی بچووکی نیمچەدوورگەی عەرەبییەوە بوون بە خاوەنی جوگرافیایەکی فراوان لە نیشتمانی عەرەبی. ئەگەر سنوور بۆ هەژموون و دەسەڵاتەکانیان دانەنرایە، چاویان لەوە بوو دەست بەسەر هەموو جیهاندا بگرن. ئایین و عەقڵیەت و دونیابینیی کۆمەڵگە خێڵەکییەکەیان یارمەتیدەرە بۆئەوەی بەردەوام چاویان لە فراوانبوونەوە بێت.
ئەگەر مێژووی تەعریب و قۆناخەکانی ئەم پڕۆسەیەش لە کوردستان بهێنینەوە بەر نیگای خۆمان، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە لەسەر هەردوو ئاست (دەسەڵاتی عەرەبی و کۆمەڵگەی عەرەبی) ، هەردووکیان پێکەوە و بە جیاجیاش پڕۆسەی بەعەرەبکردنیان بەڕێوەبردووە. بۆیە بە دڵنیاییەوە ئەو وەڵامە لای من ڕوونە کە عەرەب نیازی داگیرکارییان هەیە. کاتێک لەم وەڵامەش دڵنیام کەواتە دەتوانم بڵێم ئەوەی دەگوزەرێت بە پلان و بەرنامەی ورد و هەنگاو لەدوای هەنگاو بەڕێوەدەچێت، ئیمکانیاتی ماددی و بەشەری بۆ جێبەجێکردنی دانراوە.
ئەگەر تەماشای مێژوویەکی نزیک بکەین ئەوکاتەی داعش پەلاماری ژمارەیەک شار و شارۆچکەی ئێراقی دا و لە ماوەیەکی زۆر کوورتدا دەستی بەسەریاندا گرت، بەشێکی زۆر لە و خەڵکەی ئاوارە بوون، ڕوویان کردە بەغدای پایتەخت، سەتان هەزار خێزان لە ڕومادییەوە گەیشتنە بەغدا. پلانەکە ئەوە بوو ئەم لێشاوە ڕووبکاتە هەرێمی کوردستان، بەغدا دەرگاکانی پایتەختی بۆ نیشتەجێبوون بەڕوودا داخستن، هەموویانی بردە ناو فڕۆکەخانەی بەغدا و لەوێوە بە فڕۆکە گوێزایانیەوە بۆ هەولێر. لەسەر زەمینیش ئاڕاستەی کاروانی ئاوارەکانی ڕووە و هەرێمی کوردستان گۆڕی.
ئەو ناوچانەی لە شەڕی داعشدا وێران نەکرابوون، بە پاساوی کێوماڵی داعشەوە لەگەڵ زەویدا تەخت کران، تەنانەت دوای کۆتایی داعش بە سەپاندنی حوکمی عورفیی دەسەڵاتی هەمەجیانەی حەشدی شەعبی، ڕێگەی گەڕانەوە و دەرفەتی نیشتەجێبوونەوەی لە زۆربەی خەڵکەکە گرت، ئامانجە کاتییەکە ئەگەر لە ڕووکەشدا ململانێی مەزهەبی بوو، بەڵام ستراتیژەکە بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەی تەعریبە لە هەرێمی کوردستان.
ڕەنگە کەسانێک بپرسن یاخود گومانی ئەوەیان هەبێت ئەگەر بۆ تەعریبە، بۆچی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم نیشتەجێی نەکردن، یاخود بۆ لێشاوەکەی ئێستا ڕووی لەوێ نییە و ڕووی لە هەرێمی کوردستانە؟ ئەگەر تەماشای قۆناخەکانی تەعریب بکەین لە موسڵ و کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی هەردوو پارێزگای کوت و دیالە، سەرەتا ژمارەی ئەو عەرەبانەی هێنراونەتە ئەو ناوچانە زۆر کەم بوون، بەڵام بەردەوامیی سیاسەتی تەعریب لەلایەک و خەسڵەتی تایبەتی خێزان و کۆمەڵگەی عەرەبیش بۆ زیادبوون و گەشەکردنی ناسرووشتیی خێزانەکانیان، ئەوە ئەنجامەکەیەتی کە هەندێک ناوچەی کوردستان بەتەواوی بەعەرەب کراون. ئێستا ئەو بەشەی باشووری کوردستان کە لەژێر قەڵەمڕەویی عەرەبەکاندایە، تەنیا ئەو ژمارە عەرەبەی لەوێن مانەوەیان و گەشەکردنی ناسرووشتییان بۆ چەند دەیەیەکی دیکە زامنی سەرکەوتنی پڕۆسەی تەعریب دەکات. بۆیە پێویستیان بەوەیە گەرای تەعریب بگوێزنەوە بۆ ئەو بەشەی باشووری کوردستان کە لەژێر قەڵەمڕەویی کورد خۆیدایە.
بۆ کەسانێک ئاگاییان لەبارەی مێژوو و قۆناخەکانی بەعەرەبکردنی کوردستانەوە هەبێت، دەزانن کە هاتنی عەرەب بۆ هەر ناوچەیەک ئەگەر بە ژمارە کەمیش بن، نەک لەناو کۆمەڵگەکەدا ناتوێنەوە، بەڵکوو لە داهاتوویەکی دوورمەودا دەبنە هەڕەشە لەسەر خودی کۆمەڵگەکە. هەموو ئەو ناوچانەی کوردستان کە تەعریبکراون، سەرەتا چەند خێزانێک و بنەماڵەیەک یان عەشیرەتێکی عەرەب ڕووی تێکردووە، ئەو پاڵنەر و هۆکارانەیش کە پێشتر باسمان کرد بۆ زیادبوونی ژمارەیان، وایکردووە بەخێرایی ببنە زۆرینە.
بۆ ئێستای هەرێمی کوردستانیش بوونی ئەم ژمارەیە لە عەرەب کە لە سەرووی یەک ملیۆن کەسەوەیە، چەند دەیەیەکی کەمی پێویستە ژمارەیان لە ڕێژەی کورد زیاتربێت و ببنە هەڕەشەیەکی مەترسیدار لەسەر گۆڕینی دیمۆگرافیای کوردستان و ناسنامەی نیشتمانەکەی. بۆیە هیچ نەبێت پێویستە هەرێمی کوردستان لە قۆناخی یەکەمدا دەرگا دابخات لە بەردەم هاتنی لێشاوی دیکە. بۆ ئەوانەشی لەناو هەرێمن، پێویستە بخرێنە ژێر باری یاسا و ڕێساکانی هەرێمەوە، کە یەکێک لە سیما دیارەکانی کۆمەڵگەی عەرەبی ئەوەیە کە چوار ژن دەهێنن. لەناو کەمپ و لەژێر خێوەتدایە لە هەرێمی کوردستان وەکوو کارگەی بەرهەمهێنانی بەشەر، ساڵی چوار منداڵ دەخاتەوە. دەبێت بەپێی یاسا کارپێکراوەکانی هەرێم ڕێگە لە فرەژنیی عەرەبیش بگیرێت لە هەرێمی کوردستان.
بە حوکمی ئەوەی هەرێم قەوارەیەکی دەستووریی دانپێدانراوە و زمانی فەرمیی هەرێمیش زمانی کوردییە، ئەو ڕێکار و ڕێنوێنییانەیان بەسەردا بسەپێندرێت کە لەگەڵ کۆمەڵگەی کوردی خۆیان بگونجێنن و فێری زمانی کوردی ببن. بە کوورتی و کوردییەکەی، پێویستە هەرێم سیاسەتێک پەیڕە و بکات یاخود لەناو کورددا بیانتوێنێتەوە، یاخود وابکات هەستبکەن بە هەڵە لە هەرێم دەژین و بیر لە چوونەوە بکەنەوە. [1]