بابەت: وتار
نووسین: حەمە غەفور
$کۆنگرەی ناودارانی کورد، چەواشەکارییەکی دیکەی جمهوری ئیسلامی و نۆکەرانییەتی لە کوردستان$
بارودۆخی سیاسی ئێران و بنبەستی زیاتر لە پێشووی جمهوری ئیسلامی، ئەم ڕژێمە تاوانکارەی خستووەتە خۆ بۆ بەرەوڕوو بوونەوەی هەلومەرجی دژواری خۆی. وەک دەزانین لە کوردستان کە جمهوری ئیسلامی لە هەر پێشهات و ئاڵوگۆڕێکدا ئەگەری یەکلاکردنەوەی کار لەگەڵیدا لە هەر جێیەکی دیکە خێرا تر دەبێت، ئاماژەکان لە وەخۆ کەوتنی زیاتری ڕژێم دەری دەخات کە لە بنەڕەتەوە بۆ بەر پێ گرتن و پووچەڵ کردنەوەی بەرەنگار بوونەوەی کۆمەڵگەیە لە دژی ئەو ڕژێمە خۆی.
ڕۆژێک بە بەڕێوەبردنی کۆنگرەی کوژراوانی بەکرێگیراوی خۆی هەوڵئەدات ورەی بەکرێگیراوانی محەلی و شەریکە تاوانەکانی خۆی ڕابگرێت، وە ڕۆژێک بە هەڵکردنی چرای سەوز بۆ ئەحزابی ناسیۆنالیستی کورد و دانووستان لەگەڵ ئەوان هەوڵئەدات فەزای خەباتکارانەی کۆمەڵگە و شەپۆلی نەفرەتی خەڵکی کوردستان لە دژی خۆی دووچاری دوودڵی و ساردبوونەوە بکات.
کۆنگرەی ناودارانی کورد چەواشەکارییەکی دیکەی تەڵەکەبازانەی جمهوری ئیسلامییە کە بڕیارە ڕۆژەکانی 2 و 3 ئەم مانگە (تەمموز) بە ئامادە بوونی کۆمەڵێک ئاخوندی کۆنەپەرست و دژ بە کەلتوور و هونەر و ئەدەب لە زانکۆی سنە بەرگوزار ببێت. لێرەدا هەروەها ئاگرخۆشکەرانی ئەم جەنگە ڕیسوایە کە بە بەشداری وەزیری فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی و چەند کەسی دیکە لە مەقاماتی ڕژێم بەرپادەبێت، هونەرمەندانی دەربار و مەرایی کەرانی چل ساڵەی ڕژێمی سەرکوتگەری جمهوری ئیسلامی ئامادە دەبن. نەک تەنیا گرووپی بێ ئابڕووی بنەماڵەی کامکارەکان، ئەمانەی کە شانازی بە دەست ماچکردنی خومەیینییەوە دەکەن، بەڵکوو بەزمی ئامادەبوونی #مەزهەری خالقی# گۆرانیبێژی ناسراوی کوردستان و کۆمەڵێک لە هونەرمەندان و پلەداران لە کوردستانی ئێراقەوە بە دەڵاڵی #قوباد تاڵەبانی#ش بەرگوێ دەکەوێت. بە کوورتی لە هەموو لایەکەوە ئەڵقە لە گوێیان ڕیزیان بەستووە هەتا گیانێک بکەن بەبەری ئەم بۆنە مەزهەبییەدا کە لە واقعدا دەستسازی دەورو دووکانی پارێزەرانی ڕژێمی ئیسلامی خۆیانن.
بەڵام جمهوری ئیسلامی چل ساڵە لەم ڕێگایەدا شکست دەهێنێت. چل ساڵە بە کۆمەکی خێڵی چڵکاوخۆرانی محەلی لە کوردستان، بە دەستگیر کردن و زیندانی کردن و ئیعدام کردن، بە ناردنی ئیسڵاح تەڵەب و هەواڵساز و ژوورنالیستە کۆنە پاسدار و سەرکوتگەرەکان و بە بەرپاکردنی کۆڕ و کۆنگرە لە هەوڵی ئەوەدان فەزای سیاسی و خەباتکارانەی کۆمەڵگەی کوردستان پووچەڵ بکەنەوە و ئەمن و ئاساییش بۆ خۆیان درووست بکەن. ئەنجام چی بووە؟
ئەمڕۆ مەیدانی سیاسی کوردستان لەبەرانبەر بە جمهوری ئیسلامیدا لە هەر کاتێک زیاتر جەمسەربەندی کردووە لە دژی ڕژێم. جمهوری ئیسلامی هەر وەک جاران لەسەر ئاگری ژێر خۆڵەمێش و تەنیا بە زەبری تۆپ و تانک و کوشتار و سەرکوت بەپێوە ماوە و ڕەوشی ڕژێم لە هەر کاتێک زیاتر قابیلی تێکشاکاندنە. ئەمانە واقعیاتێکن کە بەرپاکردنی ئەم کۆنگرە و کۆبوونەوە کۆنەپەرستانەیەی پێویست کردووە. بەڵام کاری جمهوری ئیسلامی لەمانە گوزەراوە. هونەرمەند و کەسایەتیی فەرهەنگی و علمی و سیاسی و هونەری عەمامەبەسەر و بێ عەمامە کە چل ساڵە بە حکومەتی ئیعدام ئەمڕۆ بە سبەی دەگەیەنن و تەنیا هونەریان سکووتی بێ شەرمانە و چاو داخستنیانە بەرانبەر بە تاوانکارییەکانی ڕژێم لە کوردستان کارێکیان لە دەست نایەت.
کەسایەتییە هونەرییەکانی چەشنی مەزهەری خالەقی و ئەوانی دیکە بە هاتنیان بۆ ناو ئەم جەنگە دۆڕاوە تەنیا خۆیان ناشیرین دەکەن. لێ گەڕێن دەڵاڵانی بنەماڵەی تاڵەبانی و ئاگرخۆشکەرانی دیکەی ئەم جەنگە دۆڕاوە لەم نۆکەرایەتییەدا بە دەستی بەتاڵ بگەڕێنەوە. بۆ ئەمانە نۆکەری کردن بۆ جمهوری ئیسلامی یەک شوغڵی هەمیشەییە و مەهێڵن ئێوە بکەن بە قوربانی ئەو نۆکەرییەی خۆیان.
خەڵکی شەرەفمەندی کوردستان!
خەڵکی تێکۆشەری #سنە#!
هونەرمەندان و هونەردۆستانی عەدالەتخواز!
بە ڕیسواکردنی ئەم کۆنگرە دەستسازەی جمهوری ئیسلامی و ڕیسواکردنی سیاسەت و مەبەستەکانی ئەو، ڕێگر بن لە بەشداری هونەرمەندان و خەڵکی شەرافەتمەند لەم بۆنە کۆنەپەرستانەیەدا. ئەم چەواشەکارییە بە تەنیا بەجێ بهێڵن بۆ بەکرێگیراوان و بەناو هونەرمەندانی ڕژێم لە چەشنی کامکارەکان و زیکر و سەڵاواتی مەلا هونەرمەندەکانی ئەهلی سوننە. جمهوری ئیسلامی و بەکرێگیراوانی جارێکی تریش ڕیسوا بکەن. یەک جاری تریش پیشانی بدەن کە ناوداران و هونەرمەندانی واقعی لە ڕیزی خەڵکی خەباتکاردان لە دژی ڕژێمی دژی هونەر و دژی شادی جمهوری ئیسلامی.
کۆمیتەی کوردستانی حزبی حیکمەتیست
1 تەمووز 2019
[1]