$کورد چۆن پۆستی سەرۆککۆمار وەربگرێت؟$
#عارف قوربانی#
ئەگەر چاوێک بە مێژووی ئێراقدا بگێڕین شانبەشانی ئەو چەوساندنەوە و پێشێلکردنانەی هەر لە درووستبوونی دەوڵەتی ئێراقەوە بەرانبەر بە هاووڵاتییانی کورد ئەنجام دراون، لە درووستبوونی یەکەم بناخەی ئەم دەوڵەتەشەوە تاوەکو ئێستا هیچ کابینەیەکی حکومەتی ئێراق نەبووە کە کورد تێیدا بەشدار نەبووبێت. تەنانەت لە ساڵی 1920 تا ساڵی 1925 ، ماوەی ئەو پێنج ساڵەیش کە هێشتا باشووری کوردستان بەشێوەی فەرمی بەشێک نەبووە لە ئێراق، لەو پێنج ساڵەدا شەش حکومەت پێکهێندراون، لە هەر شەش کابینە وزارییەکەدا کورد تیایدا بەشداربووە و لە ساڵی 1923 کوردێکیش (جەعفەر عەسکەری) بووە بە سەرۆکوەزیران.
لە و کاتەیشەوە کە کۆمەڵەی گەلان چارەنووسی ویلایەتی موسڵ بە و جۆرە یەکلادەکاتەوە ببەسترێتەوە بە ئێراقەوە، واتا لە ساڵی 1925وە بەردەوام کارەکتەری کورد لەناو جومگەکانی دەسەڵاتی ئێراقیدا بەشداریکردووە، هەموو حکومەتەکان ئەگەر چەند کوردێک پۆستی وەزیریان پێنەدرابێت ئەوە بەلانی کەمەوە کوردێک هەر کراوە بە وەزیر. لە چارەکی کۆتایی سەدەی بیستەمیشدا کە رەشترین ڕۆژگارەکانی کوردە لە ئێراق، کورد جێگری سەرۆککۆماری هەبووە، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەبووە و چەندین وەزیری کورد لە بەغدا بوون. تەنانەت لەو کاتانەی پڕۆسەی ئەنفال بەسەر کورددا سەپێنرا و بە گازی کیمیایی لە #هەڵەبجە# درا، نزیکەی 10 وەزیری کورد هەبوون. هەردوو تەهای کورد (تەها جەزاروی و تەها محێدین) جێگری سەرۆککۆمار و جێگری سەرۆکوەزیران بوون. لە دوای کەوتنی سەدامیشەوە تاوەکو ئێستا کورد لە هەر حەوت کابینە یەک لەدوای یەکەکانی حوکمی شیعەدا بەشداربووە.
دەمەوێ ئەوە بڵێم کە تەنیا بوونی کورد لە پۆستەکانی بەغدا بەس نییە بۆ ئەوەی کورد پێی وابێت بەشدارە لە حوکمڕانی ئێراق، یا بەمانایەکی دیکە تەنیا بوونی کورد لەو پێگە و پۆستانەی بەغدا یەکسان نییە بە دڵنیایی بوون لەوەی بەغدا مافەکانی کورد دەستەبەر دەکات یا لانی کەم کۆتایی بە ستەم و زووڵمەکانی سەر کوردستان دەهێنێت. مێژوو ئەوەی بۆ سەلماندووین بەدرێژایی ئەو ماوە دوورودرێژە کە کورد بەشداری دەسەڵاتیش بووە، بەڵام زۆرترین ستەمکاری بەرانبەر بە کورد ئەنجام دراون. ئەمە نەک تەنیا بۆ ئەو هەلومەرج و سەردەمانەی سەردەمی مەلیک تا ڕووخانی سەدام نییە، بەڵکوو بۆ ئەم 18 ساڵەی حوکمی شیعەکانیش هەر ڕاستە. بۆیە گرنگە کورد بزانێت چۆن بەشداری دەکات، وە کێ دەکات بە نوێنەری کوردستان لەو پۆست و پێگە حوکمڕانیانەی بۆ کورد دەستنیشانکراون. لەوانەش گرنگتر ئەوەیە جۆری مامەڵەی هەرێمی کوردستان چۆن دەبێت لەگەڵ ئەو گرووپەی دەچنە بەغدا بە پەڕڵەمانتار و ئەو کارەکتەرانەشەوە پۆستەکانی پشکی کورد وەردەگرن، چونکە ئەگەر باشترین کارەکتەریش بنێردرێن و باشترین پۆستەکانی بەغداش پڕ بکەنەوە، ئەگەر لە هەرێمی کوردستانەوە پشتیوانیی نەکرێن و هەماهەنگی لەنێوانیان نەبێت، ناتوانن هیچ پێشکەش بە کورد بکەن.
ئێستا دوای ئەوەی هەڵبژاردن ئەنجام دراوە، دوای ئەوەی لەلایەن کۆمیسیۆنەوە ئەنجامەکان ڕاگەیێندراون، ماوەی چەند ڕۆژێکی دیکە ئەو وادە یاساییەش کۆتایی دێت کە بۆ تانەدان لە ئەنجامەکان و وەڵامی تانەکان دیاریکراون، دوای ئەوەش ئەنجامەکان دەخرێنە بەردەستی دادگەی فیدراڵی بۆ پەسندکردنیان. واتا کەمتر لە مانگێکی دیکە دەست بە و ڕێکارانە دەکرێت کە بۆ کۆبوونەوەی پەڕڵەمان و دیاریکردنی سەرۆککۆمار و پێکهێنانی حکومەت پێویستن. ئەوەی جێی تێڕامانە ئەوەیە لەنێو هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، تەنانەت لەنێو میدیا و گفتوگۆی نوخبەی سیاسی و ڕۆشنبیرانی کوردیشدا هەموو سەرنجەکان خراونەتە سەر ئەوەی کەی شیعەکان لەنێو خۆیاندا ڕێکدەکەون بۆ دیاریکردنی بەربژێری سەرۆکوەزیران و چاویان لەوەیە لەگەڵ کەسی دەستنیشانکراو بکەونە گفتوگۆوە بۆ وەرگرتنی پۆست و پشکەکانی کورد. کە هەق وابوو کوردیش لەنێو ماڵی خۆی سەرقاڵی تاوتوێکردنی ئەوە بێت چۆن بەشداری دەکات و چاوی لە کام پۆست و جومگەی دەسەڵاتدارێتیی ئێراقە، تا بتوانێت دڵنیایی ئەوەی هەبێت دۆخی هەرێم لەگەڵ بەغدا لە ئێستا باشتر بێت.
دوای کەوتنی سەدام ئەو دابەشکارییەی لەنێوان پێکهاتەکان کرا وەک بەرکەوتەی دەسەڵات بۆ هەریەک لە پێکهاتەکانی (کورد و شیعە و سونە) بەوەی کورد سەرۆککۆماری بدرێتێ و سوننە سەرۆکی پەڕڵەمان و شیعە سەرۆکوەزیران، لە بنەڕەتدا ئەمە وەک جۆرێک لە دڵنیایی بوو بۆ هەر یەکەیان کە لە ترۆپکی حوکمڕانیی وڵاتدا بەشدارن و بە هاوبەشی ئێراق بەڕێوەبەرن، بەڵام بەشێوەیەکی ناهاوسەنگ دەسەڵاتەکان بەشی هەرە زۆری خرایە دەستی سەرۆکوەزیران، واتە: دەسەڵات کەوتە دەستی شیعە. گەرچی ئەو دابەشکارییە نە بە یاسایی کرا و نە لە دەستوور باس کراوە، بەڵام وەک عورفێک تاوەکو ئێستا پەیڕەودەکرێت.
ئەوەی لێرەدا مەبەستمە باسی بکەم پشکی کوردە لەو دابەشکارییە، واتا پۆستی سەرۆککۆمار. هەرچەندە تا ئەندازەیەک پۆستێکە تەشریفاتییە ئەوەندەی پەیوەندی بە کاروباری ڕۆژانەی بەڕێوەبردنی حوکمڕانییەوە هەبێت، بەڵام ئەگەر ڕێگە بدرێت مومارەسەی ئەو دەسەڵاتانەی بکات کە لە دەستووردا بۆی دیاریکراوە، دەتوانێت ڕۆڵی زیاتری هەبێت لەوەی تاوەکو ئێستا گێڕاوێتی، بەڵام شیعە بۆ ئەوەی بتوانن ستراتیج و ئامانجی تەشەیوع لە ئێراقدا بچەسپێنن، ڕێگە نادەن پۆستی سەرۆککۆمار ڕۆڵێکی ئەوتۆ بگێڕێت، دەریشکەوت شیعەکان لە نووسینەوەی دەستووردا لە کورد و سوننە وریاتر بوونە بۆ داهاتووی پێگەیان لە حوکمڕانی، چی بەوەی زۆرترین دەسەڵاتەکانیان وابەستە کردووە بە سەرۆکوەزیرانەوە، هەروەها لە هەردوو خولی یەکەمی سەرۆکایەیتی کۆماریشدا کە دەیانزانی کاریزمایەکی وەک #مام جەلال# ئەو پۆستە وەردەگرێت، بۆ ئەوەی نەهێڵن توانای جێبەجێکردنی ئەجێنداکانی خۆی هەبێت لە بەرژەوەندیی کوردستان، لەلایەک دوو جێگریان بۆ دیاریکرد و لەلایەکی دیکەشەوە بۆ پرس و بابەتە چارەنووسسازەکان دەسەڵات درابووە هەردوو جێگرەکەیشی کە مافی ڤیتۆیان هەبێت لە ڕەتکردنەوەی بڕیاردا. تەنانەت بۆ دوای مام جەلالیش بەهۆی ئەوەی کە #داعش# سەری هەڵدابوو، بەشی زۆری جوگرافیای سوننە کەوتبووە دەستی داعش، کوردیش دەستی گەیشتبووە سەر بەشی زۆری جوگرافیاکەی، لەوکاتەشدا بۆ ئەوەی سەرۆککۆمار کەڵک لە لاوازیی دەسەڵاتی ئێراق وەرنەگرێت بۆ بەرژەوەندیی کوردستان، سێ کەسایەتیی بەهێزی وەک نووری مالیکی، ئەیاد عەللاوی و ئوسامە نوجێفی کرانە جێگری سەرۆککۆمار، بەڵام لەبەرانبەردا بە بیانووی چاکساییەوە نە کورد و نە سونەیان لە جێگری سەرۆکوەزیران نەهێشت، بۆ ئەوەی عەبادی بە تەنیا حوکم بکات، بەڵام لە خولی دواتردا کە د. #بەرهەم ساڵح#، بووە سەرۆککۆمار، هیچ جێگرێک بۆ سەرۆککۆمار دانەنرا، ئەمە هیچ پەیوەندی بەوەوە نەبوو کە سیاسەتی شیعە بەرانبەر بە کورد گۆڕابێت و لێبگەڕێن کورد بتوانێ لە پۆستی سەرۆککۆماری ڕۆڵی زیاتر بگێڕێت، بەڵکوو پەیوەندی بەوەوە هەبوو کورد لەنێو ماڵی خۆی یەک هەڵوێست نەبوون لە دیاریکردنی سەرۆککۆمار، ئەو ململانێیەی لەنێوان پارتی و یەکێتی و لەنێوان #هەولێر# و بەغدا هەبوو، بەس بوو بۆ ئەوەی سەرۆککۆمار نەتوانێت هیچ ڕۆڵێکی هەبێت. ئەگەر کورد پێکەوە سەرۆککۆماریان دیاری بکردایا، بەدڵنیاییەوە شیعە کەسێکی وەک نووری مالیکی یان عەبادی دەکردە جێگری سەرۆککۆمار تاوەکو ڕێگری لەوە بکات کورد بتوانێت مومارەسەی دەسەڵاتە دەستوورییەکانی سەرۆککۆماریی بکات.
مەبەستمە ئەوە بڵێم پۆستی سەرۆککۆمار سەرباری ئەوەی دەسەڵاتێکی کەمیشی پێدراوە، بەڵام شیعە ناهێڵێت کورد ئەو پۆستە تەشریفاتییەش وەک ئەوەی لە دەستووردا هاتووە بەڕێوەبەرێت. پرسیار ئەوەیە ئەی کەواتا کورد ئەو پۆستەی بۆ چییە؟ یاخود چۆن دەتوانێ وابکات ئەو پۆستە بە مەرجی ئەوە وەربگرێت کە بتوانێ کار بکات. با گریمانەی ئەوە بکەین ئەگەر ئەو پۆستە لای سوننەکان بێت چی لە هاوکێشەکان و هاوسەنگیی هێز دەگۆڕێت؟ ئەگەر سیاسەتی شیعە لە بێڕۆڵکردنی سەرۆککۆمار لەوەش خراپتربێت کە بەرانبەر بە کورد کردوویانە، بەڵام لانی کەم بەهۆی ئەوەی چەند وڵاتێکی عەرەبیی سوننی و بەشی زۆری جیهانی ئیسلامی لە پشتی سوننەکانن، لە ڕێی بایەخپێدانیانەوە بە سەرۆککۆمار وادەکەن ئەو سیما شیعییەی بەسەر ئێراقدا بڕاوە، لابدرێت کە شیعە و ئێران زۆر مەبەستیانە ناسنامەی ئێراق بەرەو وڵاتێکی شیعی بەرن. هەروەها ئەگەر پۆستی سەرۆککۆمار لای سوننەکان بێت، دەبێتە ئامرازێک بۆ بەهێزکردنەوەی پێگەی سوننە. بەمەش ناکۆکیی نێوان سوننە و شیعە قووڵتر دەبێتەوە و بەهۆیەوە کورد ڕۆڵی زیاتری دەبێت.
ئەوەی لێرەدا ڕوونە ئەوەیە کە نە ئێران و نە شیعە بەوە ڕازی نابن پۆستی سەرۆککۆمار بدرێتە سونە، ڕازیش نابن کورد دەستبەرداری پۆستی سەرۆککۆماری بێت و سەرۆکی پەڕڵەمان وەربگرێت. شیعە دەیەوێ ئەو پۆستە هەر لای کورد بمێنێتەوە بە ڕووکەشی و نەتوانێت هیچ دەسەڵاتێکی کرداری هەبێت لە بەشداریکردنی بەڕێوەبردنی وڵات، بۆ ئەوەی نەکەوێتە دەستی سوننەکان و پێگەیان بەهێزنەبێتەوە بەرانبەر بە شیعە. پرسیار ئەوەیە کورد لەبەرانبەر چی ئەم شەڕە بۆ شیعە دەکات؟ ئایا چی دەستکەوتووە لەوەی ببێتە هۆکاری ئەوەی سوننە بەلاوازی بمێنێتەوە و گۆڕەپانەکە بۆ سیاسەتی تەشەیوع کراوەبێت؟
کاتی ئەوە هاتووە کورد بە دیدێکی واقیعی و بۆ بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان چاو بە و هاوکێشەیەدا بخشێنێتەوە. ئەگەر هەر بڕیارە موراعاتی دۆستایەتیی ئێران بکات و ناچاری ئەوەیە لەبەر دڵی شیعەکان نەهێڵێت سوننەکان بەهێزەوە بێنەوە گۆڕەپانەکە، خۆ دەبێت کورد لەم هاوکێشەیەدا شتێکی دەستکەوێت، بۆیە ئەم باسە دەوروژێنم بە و هیوایەی هێزە کوردییەکان خوێندنەوەیەکی وردی بۆ بکەن، لانی کەم بتوانن کۆمەڵێک مەرج بەسەر شیعەکاندا بسەپێنن کە ئەگەر کورد هەر مەحکوم بێت بەوەی سەرۆککۆمار وەرگرێت، دەبێت سەرۆککۆمارێکی بە دەسەڵات وەربگرێت. ڕێگە بدرێت بتوانێت مومارەسەی ئەو دەسەڵاتانەی بکات کە دەستوور بۆی دیاریکردووە.
بۆ ئەوەی کورد بتوانێت ئەم مەرجە بەسەر لایەنی شیعیدا بەسەپێنێت، بێگومان دەبێت لەناوماڵی کوردستان یەک هەڵوێست بن، بەتایبەتی پارتی و یەکێتی. بڕیاری ئەوەش بدرێت سبەینێ هەر کارەکتەرێکیان ناردە بەغدا هەردوو حیزبەکە پشتیوانی لێبکەن، مافی ئەوەی بدرێتێ نوێنەرایەتیی گەلی کوردستان بکات لە بەغدا. ئەگەر ئەمە بکەن ئەگەری زۆر هەیە جۆری بەشداریی کورد لە حوکمڕانی لە ئێراق بچێتە قۆناخێکی دیکەوە کە جۆرێک لە دڵنیایی دەستەبەر بکات بەشێک لە خواست و مافەکانی کورد بەدی بهێندرێن. ئەگەر ئەوە نەکات، بە دڵنیاییەوە هەریەک لەو پۆستانەی وەک پشکی کورد وەریان دەگرن و هەرکەسێکیان بۆ دیاری بکرێت، پێگە و ڕۆڵیان بە و جۆرە دەبێت جگە لە ئیمتیاز و مووچە بۆ خۆیان، هیچی بۆ خەڵکی کوردستان لێناچننەوە. [1]