$یەکێتی لە بەردەم بەرپرسیاریێتییەکی مێژووییدا$
#عارف قوربانی#
لە مێژووی کۆن و هاوچەرخی گەلی کورددا هیچ هێزێک بە ئەندازەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەنێوان ساڵانی 1976 تاوەکو 1991 داستانی پڕ لە قارەمانێتی و گیانفیدایی تۆمارنەکردووە. داهێنانەکانی شێوازی خەباتی پارتیزانی و شەڕی دەستەویەخەی ناودێهات، بۆسەنانەوە بۆ لەشکری داگیرکەر لەسەر زەوی و شەڕی فڕۆکە و کۆپتەر لە ئاسمان، چالاکی ناو شار و لووتکەی چیاکان، بە دەست و بازووی فیداکارانی ڕێی خەبات لە ڕیزەکانی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# تۆمارکراون.
بە ئەندازەی هەموو ئەو داستانە نموونەییانەی لە خەباتی چەکداریی و لە شاخ خوڵقێندراون، لەنێو دیوارە تەنگ و ژوورە داخراوەکانی زینداندا، کوڕ و کچە جەربەزەکانی سەر بە ڕێکخستنەکانی کۆمەڵە لەنێو یەکێتی ئەفسانەی گەورەتریان تۆمارکردووە. لە یەکەم دەستەی خاڵە شیهاب و هاوڕێکانییەوە تاوەکو وەستا ئەنوەری هەڵەبجە و تا شەهید مەلا عەلی و ملازم جوامێر و سەتان نموونەی دیکە، بەرەنگاربوونەوەیان لە بەرانبەر جەور و ستەم، بەگژداچوونەوەی جەلاد و قامچی و لێکۆڵەر و دادوەرە ستەمکارەکاندا لە هۆڵی دادگە مێژووییەکە مەگەر هەر مرۆڤە یاخییەکانی یەکێتی بە خوێن و بە هەڵوێستەکانیان تۆماریان کردبێت. سروودی کەم ژیان و کەڵ ژیان، دوایین درووشمی سەتان گەنجی پەروەردەی ئەو ڕێبازە بووە کە بەرەو مردن دەچوون. شیعرە وەک خۆی نەمرەکەی مەلا عەلی کە لەژووری سێدارەدا نووسیویەتی:
(مەرگی ئاوا ناگۆڕمەوە بە سەت ژین
ژینێک سەرم بۆ دوژمن ببێ بە پەرژین
سەربەرزییە کە پێڵاوم ئەبینن
بەسەر سەری دوژمنەوە لە بەرزین)
لە نموونەی کام گەل و نەتەوەدا جوامێری وا هەڵکەوتوون کە مردنی پەتی سێدارە بەسەربەرزی ببینێت لەبەر ئەوەی پێڵاوەکەی لە ئاستی سەری دوژمنەکەی بەرزترە. ئەم قۆناخەی خەباتی یەکێتی لەنێو زیندانەکاندا هی ئەوەیە نەتەوەیەکی لەسەر بینا بکرێت. ئەگەر خەباتی شاخ و پێشمەرگایەتی بەهۆی شەڕی براکوژی و ڕەفتاری نابەرپرسیارانەی هەندێک لە بەرپرسەکانی شۆڕشەوە کەوتبێتە ژێر پرسیارەوە، بەڵام هیچ کەس ناتوانێ لە گەورەیی هەڵوێست و پتەوی بیروباوەڕی ئەو نەمرانەی بەر پەتی سێدارە کەمبکاتەوە.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەگەر لە ڕۆژگاری شکست و شەوەزەنگی مەینەتی گەلەکەشماندا نەبووایەتە مەشخەڵی شۆڕش و هیوای هەستانەوە، ئەگەر بە تەنیا بە تەقاندنی یەک فیشەکیش بەشداریی شۆڕشی نەکردایا، هەر داستانەکانی ناو زیندانی بەس بوو بۆ ئەوەی بۆ هەتاهەتایە شانازی بەخۆیەوە بکات کە بۆ ڕزگاری میللەتەکەی موعجیزەی خوڵقاندووە.
بۆیە کاتێک خەباتی چەکداری بە ئاکام دەگات و یەکێتی دەبێتە حیزبی فەرمانڕەوا، بەهۆی ئەو سەروەرییەی لە مێژوودا بەهۆی قارەمانەکانی نێو زیندانەوە بۆی تۆمارکراوە، بەرپرسیارێتیی یەکێتی زۆر زیاتر دەبێت لە هەر هێز و دەسەڵاتێکی دیکە، تا ڕێگە لەوە بگرێت سەپاندنی دەسەڵات و ململانێی نەیارەکانی و تەنانەت ڕەفتاری بەرانبەر بە دوژمنەکانیشی لە قوربانییەوە نەیکات بە جەلاد. حیزبێک کە خاوەن سەتان نموونەی داستانی نێو زیندان بێت، نابێت هیچ کات لە حوکمڕانیدا ئەو مێژووە ڕەشەی دوژمنانی تۆمار بکاتەوە.
ئێستا زۆرێک لەو قارەمانانەی ڕۆژگارێک لە زیندانەکانی بەعسدا زیندان بوون و لە ژیاندا ماون، یادەوەریی خۆیان و هەڵوێستی هاوڕێ شەهیدەکانیان بۆ مێژوو دەنووسنەوە. هەرچەندە ئەم یاداشت و یادەوەرییانە ڕۆژژمێر و سەرگوزشتەی کەسەکانن، بەڵام دەبنە بەشێک لە مێژووی پڕ سەروەری بۆ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش، هەروەک دەبنە مێژوویەکی ڕەش و قێزەونیش بۆ دەسەڵاتدارێتیی بەعس و سەدام و تەنانەت بۆ دەوڵەتی ئێراقیش.
لە دادگەی باڵای تاوانەکانی ئێراقیشدا بینیمان کاتێک ئەم کەیسانە ڕووبەڕووی سەدام و دارو دەستەکەی دەکرانەوە کە لە زیندانەکانی ئەمن و ئیستیخبارات و دەزگا هەواڵگرییەکان بەچی شێوازێکی دڕندانە مامەڵە لەگەڵ زیندانییەکان کراون، بووتڵ و دار تێبڕین و دەستدرێژیی سێکسی بۆ سەر ژنان و پیاوان بۆ ناچارکردنیان و ئیعتراف پێکردنیان، سەدام واخۆی نیشاندا تووشی شۆک بوو بە بیستنی ئەو ڕەفتارانە، بەڵام هیچ کام لە پاکانەکانی بەوەی (ئەو ئاگاداری ئەو ڕەفتارانە نەبووە و دەشێت ڕەفتاری کەسی دەسەڵاتدارێک یان بەرپرسێکی ئەو دەزگایانە بووبێت) ڕووی ڕەشی دەسەڵاتە ستەمکارەکەی سپی نەکردەوە، لە مێژوویشدا لەسەر خۆی و دەسەڵات و حیزبەکەی و دەوڵەتەکەی تۆمارکران.
ئێستا بەهۆی ئەو کێشە و گیروگرفتانەی لەنێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەریان هەڵداوە، قسەوباسێکی زۆر لەنێو خەڵک و تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان دەستاو دەستیان پێدەکرێت، باس لە تاوانی جۆراوجۆری زیندانیکردن و ڕفاندن و سەرانەوەرگرتن لە دەوڵەمەند و سەرمایەداران دەکەن کە لەلایەن دەزگا جیاجیاکانی یەکێتی و بەرپرسەکانیانەوە ئەنجام دراون. لەوانەش زیاتر دەگوترێت لە دەستبرن بۆ ناموس و شکاندنی کەرامەتی خەڵک بەهۆی ململانێ و ناکۆکیی سیاسی یاخود وەک کارتی گوشار و ناچارکردنیان بۆ هەر بڕیار و بەرژەوەندییەک کە ئەنجامدەری تاوان مەبەستی بووە.
ئەوەی لەنێو خەڵکدا دەگوترێت لەو تاوانانە زیاترن کە ملازم موحسین بەهۆیانەوە بووەتە ڕەمزی ستەمکاری لە یادەوەریی خەڵکی #سلێمانی#دا. ئەم قسەوباسانە ئەگەر ڕاستبن یان درۆ، ئەگەر ئێستا ساخ نەکرێنەوە دەبنە لاپەڕەی زۆر قێزەون بە مێژووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە. هەر کەسێک لە هەر ڕۆژگارێکدا یەکێتی بووبێت ئەگەر ئێستا یەکێتیش نەبێت بە بیستنی ئەو قسەوباسانە ویژدانی ئازار دەچێژێت کە بە و جۆرە باس لە یەکێتی بکرێت.
لەبەرئەوەی بەشێک لەم قسانە لە کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا کراون، بەدڵنیاییەوە ڕۆژگارێک دێت لە یاداشت و بیرەوەریی بەشداربووانی ئەو کۆبوونەوانەدا دەنووسرێنەوە. هەروەها ئەگەر ڕاستبن قوربانییەکان ڕۆژگارێک دێت ئەم ڕەفتارانە بۆ مێژوو لەسەر یەکێتی تۆمار دەکەن. ئەگەر ناڕاستیش بن و بەشێک بێت لە ئامرازی ململانێی ئەم قۆناخەی نێو یەکێتی، لەبەرئەوەی زۆرێک لەو هەژمار و و پەیج و ماڵپەڕانەی ئەو شتانە بڵاودەکەنەوە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، خەڵک دەزانن لە نزیک جەمسەرەکانی ململانێی ناو یەکێتییەوەن و میدیای سێبەری یەکێتین، بۆیە بەدڵنیاییەوە هەر دەنووسرێنەوە و خەڵکانێک سبەی دەیکەنە پەڕتووک و وەک مێژوویەکی ڕەش دەچێتە نێو لاپەڕەکانی مێژووەوە.
لەنێو هەموو ئەو شتانەی باس دەکرێت، لە هەموویان قێزەونتر ئەوەیە کە دەگوترێت دەست بۆ ناموسی خەڵک براوە وەک کارتی گوشار، یان دەستدرێژیکراوەتە سەر کەسانێک و تۆمارکراوە وەک ڕێگەیەک بۆ ناچارکردنیان بۆ ئەنجامدانی کارێک. هەر کەسێک یەکێتیی خۆش بووێت نابێت قبووڵی بکات ئەم قسانە ببنە بەشێک لە مێژووی پڕ شکۆی یەکێتی.
بۆیە پێویستە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک حیزب ئەمە ساخ بکەنەوە، ئایا ئەو حاڵەتانەی باس دەکرێن ڕاستن یان نا؟ ئەگەر ڕاستە دەبێتە لە هەر ئاستێک ئاگاداری ئەو ڕەفتارانە بوون و بەرپرس بوونە لە ئەنجامدانی، ڕووبەڕووی یاسا بکرێنەوە. ئەگەر ناڕاستیشن دەبێت ناڕاستییان بسەلمێندرێت بۆ ئەوەی خەڵکی دیکە لە دژی یەکێتی نەیباتە مێژووەوە.
تازە یەکێتی ناتوانێ بگەڕێتەوە بۆ پێش هەڵدانەوەی ئەو لاپەڕانە، ئەو قسە و باسانە بوونەتە بنێشتە خۆشەی سەر زاری هاووڵاتییان، بۆیە پێویستە یەکێتی دەرگەیەک بۆ سەلماندنی ڕاستییەکان بکاتەوە، لە ئاستی باڵای حیزبەکە لیژنەیەک پێکبهێنێت و داوا لە خەڵک بکات لە هەر قۆناخێکدا ئۆرگان و بەرپرسی یەکێتی هەر جۆرە ستەم و زووڵمێکی لەو جۆرەیان لە هەرکەسێک کردووە بتوانێت بە نهێنی سکاڵا لای ئەو لیژنەیە تۆمار بکات. ئەگەر هەر ڕەفتارێک و بڕیارێکی کەسی لە ئۆرگان و دەزگاکانی یەکێتی سەرچاوەی ستەم بووبێت، بۆ کەسانێک کە بوونە قوربانیی تاوانێکی لەو جۆرە، دەبێت یەکێتی سڵ نەکاتەوە لەوەی ڕەوانەی دادگەی بکات و پەرێزی خۆی پاکبکاتەوە لەو تاوانانەی ئەنجام دراون. دەرئەنجامەکانی هەرچییەک بن لەو سزایەی مێژوو کەمترە کە بۆ یەکێتی تۆماری دەکات. [1]